کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەرێمی كوردستان لەبەردەم گەردەلولی عینادی سیاسیدا

Thursday, 15/06/2023, 9:00


ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تا دێت پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی خراپ و خراپتر دەبێت، هەموو دۆسیەکان بە عینادی سیاسی داخراوە، دۆسیەی هاوکار جاف، دۆسیەی کورانی تاڵەبانی لە دادگای هەولێر، دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی لە دادگای ئاسایشی هەولێر، دۆسیەی کشانەوەی تیمی یەکێتی لە کۆبونەوەکانئ حکومەت، دۆسیەی بڕینی بودجەی دژەتیرۆری یەکێتی، دۆسیەی سزادانی سلێمانی و ئەمانە و چەندانی تر، سەرجەمیان بە عینادی سیاسی داخراون و تاوەکو ئێستا نە بەناو سیاسیە موغەزرەمەکانی هەردولا و نە پیاوە گەشبین و قسەخۆشەکان و نە دۆستەکانی سەر مێز، نەیانتوانیوە، گرێکان بکەنەوە و رۆژ بەرۆژ گرێکان زیاتر دەبن.
یەکێتی کە تیمەکەی حکومەتی بەجێهێشتوە، هەر بەناو لە حکومەت نەکشاونەتەوە و رەورەوەی حکومەت لەسەر ئەوان نەوەستاوە و وەها دەردەکەوێت هەموو شت بەرێگای خۆیدا دەڕوات، ئەوەش بۆ یەکێتی هیچ دڵخۆشکەر نیە، بۆیە بێزارن و بیر کە هەنگاوی قورستر دەکەنەوە، بەتایبەت قوباد تاڵەبانی زۆر نیگەرانە، کە مەسرور بارزانی، ئەو پیاوەی کە ئەو جێگری بوو، دوای ئەو هەموو ماوەیە لە پیشاندانی نیگەرانی، ئەوەندەی نەکرد تەلەفۆنێکی بۆ بکات و لە دەمی خۆیەوە بیبیستێت لەچی نیگەرانە؟ بۆیە پێش هەموان ئێستا قوباد تاڵەبانی، دەیەوێت یەکێتی هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە پیشان بدات.
بەرواڵەت وەها دیارە یەکێتی وەستاوە و جوڵەی تازە ناکات، وەک ئەوەی هیچ کارتێکی بەدەستەوە نەمابێت، بەڵام ئەوە هەموو راستیەکە نیە، بافڵ تاڵەبانی، دەیەوێت هەناگاو بە هەنگاو بچێتە پێشەوە، پێش هەرشتێک دەیەوێت دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی بەتەواوەتی دابخات، بۆ ئەمەش درێخی نەکردوە لە هەوڵەکانی لە بەغدا، تاوەکو دۆسیەکە لەروی یاساییەوە، بەدڵی ئەو بێت، ئەوەش یەکەم گورزی کوشندە دەبێت کە هەم لە لاهور شێخ جەنگی دەدات، هەم سوتانی کارتێکئی دەستی پارتی دەبێت، کە دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی دژی بافڵ تاڵەبانی دەجوڵێنێت.
هەنگاوی دواتر و هاوتەریبی بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی، بیرکردنەوەیە لەوەی ئەگەر دۆخەکە هەر ئاوا بەردەوام بێت، سلێمانی و زۆنی دەسەڵاتیان لە هەولێر جیابکەنەوە و راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا مامەڵە بکەن، ئەوەش ئەگەرچی ئاسان نیە، بەڵام یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی کارتی غازیان بەدەستەوەیە و ئیشەکەیان بۆ ئاسان دەکات.
لە لایەنی پارتیەوە، بەتایبەت خودی مەسرور بارزانی، جۆرێک بێمنەتی پیشاندراوە، وەک ئەوەی دڵنیابن لەوەی کارتەکانی یەکیتی لاوازن و هیچ دەرچەیەکیان نیە جگە لە رازی بون بەوەی مەسرور بارزانی دەیەوێت، یەکێتیش باش لەمە تێگەیشتوە، بۆیە وەڵامی هیچ کام لەو پەیام و نامانە ناداتەوە، کە ژێر بەژێر پێیان دەگات، کە زۆرجار زیاتر لە خواستی نێچیرڤان بارزانی دەچن، نەک مەسرور بارزانی، کە قسەی یەکەم و کۆتایی ناو پارتی ئێستا ئەو دەیکات.
ئەو گرێکوێرەی ئەم دوو هیزە دروستیان کردوە، ئا لەم کاتەدا هاوپەیمانەکانی کوردی نیگەران کردوە، بەتایبەت ئەمریکیەکان، کە داد و بێدادیانە بەدەست ئەم دوو هێزەوە و هیچ نەماوە نەیکەن بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە یەک بخەن بەڵام نایکەن، لە نوێترین لێدوانیشیدا کونسوڵی گشتی ئەمریکا وتی، زۆر نیگەرانن لەو پاشەکشە بێزارکەرەی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و بەتایبەت دەستگیرکردنی پەیامنێران، ئەوە جگە لەوەی ئەمریکا خوازیاری یەکگرتنەوەی پێشمەرگەیە نەک بونی هێزی ٧٠ و ٨٠ یەکێتی و پارتی.
هەرچۆنێک بێت،خەڵکی کوردستان راهاتون لەگەڵ ئەم قۆڵبادانەی نێوان ئەو دوو حیزبە، ئەوان گوێ نادەن بەوەی ئەم دوو حیزبە چی دەکەن و چیان بەسەر دێت، ئەوەی ئەوانی نیگەران کردوە، قۆڵبادانی ئەم دوو حیزبە، هەموی بوە بە قوڕبەسەری بۆ ئەوان، ئەوە خەڵکە موچەی دوا دەکەوێت و ئەوە ئەوانن خزمەتگوزاریان وەستاوە و بە زستان نەوت و کارەبایان نیە و بە هاوینیش بەدەست بێ ئاوی و بێ کارەباییەوە دەناڵێنن، خەڵکی کوردستان باش دەزانن، پێخەفی بەرپرسانی پارتی رۆژ بەرۆژ نەرم و گەرمتر دەبێت و کۆشکەکانیان بەرزتر و نەوەکانیان دەوڵەمەندتر و دەست وپێوەندەکانیان زیاتر و سەروەت و سامنیان بێسنورتر دەبێت. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە