ئایا ئێوە مەڕن ئاوا باوەڕ بە ناسا و ئەمریکا دەکەن کە باسی بابەتێکی زانستی وەک قەبارە و دووری خۆر دەکرێ؟ باشە ئەی نابێ لێیان بپرسن چۆن پێواتان و بەچی ئەو شتانەتان زانی؟
بەڵێ باوەڕ دەکەین چونکە زانست کە شتێک دەڵێت، ئەوا بە بەڵگەوە دەیسەلمێنێت و ئەزموونت بۆ ئەنجام دەدات کە دەشپرسی و دەتەوێ بزانیت چۆنە، بۆت ڕوون دەکاتەوە و دەتوانیت خۆت هەمان ئەزموون دووبارە بکەیتەوە بۆ ڕاستبوونی دەرەنجامەکان.
بەڵام مۆستا هەڵۆ ئاینەکەی تۆ دەڵێ، پێغەمبەرکەمان بەتەنیا و بەدزییەوە لە ئەشکەوتێکدا لەگەڵ فریشتەی خوا قسەی کردووە، دەبێ من نەپرسم و وەک مەڕ باوەڕ بکەم، ئەگەر کاتێکیش داوای بەڵگەم کرد، ئەوا فەرمانی کوشتنم دەدات!
ئاخر مەلا شوورەیی نییە لەم سەردەمەی ئەنتەرنێتدا ئەو پرسیارانە بکەی؟ بڕۆ بە هەر زمانێک لە گووگڵ بپرسە چۆن قەبارە و دووری خۆرمان زانی؟ ئەوا بەهەزاران سەرچاوەت پێ دەدات.
ئێستە بۆ تێگەیشتن زۆر بەئاسانی هەندێ زانیاری دەدەینە تۆ و گوێگرانت بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە، تا هەموو کاتێک نەزانی خۆتان دەرنەخەن.
1- چۆن دەزانین قەبارەی خۆر و زەوی و مانگ چەندە؟
2- ئاگر چییە و بەچی ئیش دەکات؟
3- ئایا زەوی بەدەوری خۆی و خۆر دەخوولێتەوە؟
1- فەیلەسووفی گریکی ئیراتۆستینس (Eratosthenes)، زیاتر لە 2200 ساڵ پێش ئەمڕۆکە (ئەمریکا و ناسا هەر نەبوون)، بە شێوازێکی یەکجار ئاسان و بە گۆشەی بەرکەوتنی تیشکی خۆر بە زەوی و دووری نێوان دوو شار، توانی چێوەی زەوی نیوەتیرە و قەبارەکەی بپێوێت. بۆ دووری و قەبارەی خۆر و مانگیش، فەیلەسووف ئەریستارخوسی سامۆسی (Aristarchus of Samos)، هەر لەو سەردەمەدا توانی بە دیاردەی مانگ و خۆر گیران و گۆشە و لایەکانی سێگۆشە ئەوانە بپێویت.
لە سەدەی حەڤدەیەمیشدا زانای ئیتالیایی گيۆڤانی كاسينی (Giovanni Cassini)، بە ڕوانینی لە دوو شوێنەوە بۆ هەسارەی بارام (المریخ - Mar)، توانی دووری زەوی لە خۆر بە نێزیکەی 140 ملیۆن کیلۆمەتر بخەمڵێنێت کە گەلەک نێزیکە لە دووری ڕاستەقینەکەی.
هەروەها ئەمڕۆکە زانست پێی دەکرێ بە چەندان شێوازی جۆراوجۆری وەک ڕەنگ و ئاستی درەوشانەوە و شیکردنەوەی شەبەنگی تیشکەکانی کە لە تەنەکانی گەردوونەوە دێن، تێکڕای تایبەتمەندییەکانیان لە تەمەن و دوورییان، چۆنەتی دروستبوون و لەناوچوون، قەبارە و بارستایی و تەواوی پێکهاتەشیان بزانێت.
تکایە هەروەک مەلاکانی دیکە لە کاتی ئاماژەکردن بە بابەتی زانستی هەر لەخۆتەوە ژمارەمان تێ مەگرە، چونکە قەبارەی خۆر سێ سەد ملیۆن ئەوەندەی زەوی نییە و سەد ئەوەندە ساڵی تیشکیش لێمانەوە دوور نییە، بەڵکوو خۆر 1.3 ملیۆن جار لە زەوی گەورەترە و نێزیکەی 8 خوولەکی تیشک لێمانەوە دوورە کە دەکاتە نێزیکەی 150 ملیۆن کیلۆمەتر.
ئەوەی ئارەزووی خوێندنەوەی هەبێت لە لینکەکەی خوارەوە هەموو شێوازەکان زۆر بەئاسانی ڕوون کراوەتەوە.
2- ئاگر یاخۆ سووتان لە کارلێکی کیمیایی نێوان دوو ماددە پەیدا دەبێت و دەبێتە هۆکاری وزەی گەرمی و دەردانی گازەکان کە گڕ و بڵێسەی لەگەڵە. ڕاستە ئۆکساندنەکە لەڕێی ئۆکسیجنەوە دەبێت، بەڵام ئۆکسیجن تاکە یاریدەری سووتان نییە، بۆ نموونە سیانە فلۆرایدی کلۆر دەتوانێت لم گڕ بدات.
پێویستە بزانین کە ئەوەی لەناو خۆردا ڕوو دەدات هیچ پێوەندییەکی بە ئاگر و سووتان و ئۆکسیجنەوە نییە، خۆر دۆخی چوارەمی ماددەیە و پێی دەگوترێ پلازما کە گازێکی بەئایۆنبووە و خاوەنی ئەلیکترۆنی ئازادە. سێ بەشی خۆر هایدرۆجینە و ئەوەی ماوە زۆربەی هیلیۆمە و بەشێکی یەکجار کەمی توخمە قوڕسەکانی دیکەیە وەک کاربۆن و نیۆن و ئاسن و هی دی.
خۆر لە زۆرینەی ژیانیدا بە کرداری بەیەکداچوون و یەکگرتنی ناوکەی گەردیلەکان بەشێکی زۆری هایدرۆجینەکەی دەگۆڕێت بۆ هیلیۆم، پاشان ئەویش بەشێکی بۆ توخمەکانی دیکە، دەرنجامی ئەو گۆڕینە بڕێکی لەڕادەبەدەر زۆری وزە دەهێنێتە بەرهەم، هاوشێوەی بۆمبە ناوکەییەکانی لە جۆری بۆمبی هایدرۆجینی.
باشە مەلا دەشێ پێم بڵێ کێ پێتی گووت کە لە بەرگەهەوا تێپەڕ بووی ئۆکسیجن نامێنێ، چۆن زانیشت کە ئاگر بە ئۆکسجین ئیش دەکات؟ ئایا ئەو زانیارییانە هی زانستن، یان سوونەتەکەی ئێوە؟
زۆر سەیرە مەلا خۆی گوتی خۆر ئاگرە، پاشان دەڵێ لە ڕۆژی قیامەت لەگەڵ مانگ پێکەوە دەخرێنە ناو ئاگرەوە و دەکوژێنەوە! لێرەشدا نەمان زانی شتێک بکرێتە ناو ئاگر گڕ دەگرێت، یاخۆ دەکوژێتەوە؟
3- بەڵێ زەوی جێگیر نییە و بەخێراییەکی یەکجار زۆر دەخوولێتەوە بەدوری خۆی و بە دەوری خۆر بۆ هەردوو جووڵەکەش بەسەدان بەڵگەی یەکلاییکەرەوەمان هەیە، ئێمە و هەموو شتەکانی سەر زەوی و بەرگەهەواکەشی لەگەڵ ئەودا دەخوولێینەوە، بۆیە هەست بەهیچ ناکەین و دەممان نائاوسێت.
تۆ ئەگەر لەناو شەمەندەفەرێک یان لەناو فڕۆکەیەک کە خێراییەکەی نەک هەزار بەڵکوو دەهەزار کیلۆمەتر پتریش بێت لە کاژێرێکدا، هەر هەست بە جووڵەکەی ناکەیت و ئەو پەرداخ ئاوەی لەبەردەمتە لەسەر مێزێک هیچی لێنایەت، بەمەرجێک فڕۆکەکە بە خێرایەکی نەگۆڕ و جێگیر بفڕێت، بەڵام لەکاتی پترکردنی خێرایی، یان کەم کردن هەستی پێ دەکەی و لەشت بۆ پێش، یاخۆ بۆ پاش دەڕوات، لەبەرئەوەشە لەدەمی بەرزبوونەوە و دابەزین دەبێ خۆت ببەستیتەوە، خواردن و خواردنەوە ڕێی پێ نادرێت.
بۆ زانیاری زیاتر و وردەکاریی ئەزموونەکان و چەند بابەتێکی دیکە، سەیری ئەم لینکە بکە؛
بۆ بینین و گوێگرتن لە قسەکانی مەلا هەڵۆ کلیک لەسەر ئەم ڤیدۆیەی خوارەوە بکە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست