کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا زەوی تەختە، یان گۆیی، بەڵگە زانستییەکان چیمان پێ دەڵێن؟

Tuesday, 06/06/2023, 23:09


بەشی دووەم: زەوی گۆیی و بەڵگە ماتماتیکییەکان

شێوە و خوولانەوەی زەوی لەگەڵ کامە بیردۆز دەگونجێت زەوی گۆیی، یاخۆ زەوی تەخت؟
هەر لە سەرەتاوە ئەگەر هۆکاری سەرەکی بڕیاردانمان بۆ تەختبوونی زەوی بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی شتێکە بەچاوی خۆمان دەیبینین، ئەوا دیسانەوە نابێتە بەڵگە، لەبەرئەوەی ئاشکرایە چاوەکانمان گەلەک جار دەتوانن فێڵمان لێ بکەن. ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە وێنە هەن لە ئەنتەرنێت بۆ هەڵخەڵەتاندی چاو، ئەوانەی بە بینین تەواو جیاواز بەدەر دەکەون لە شێوەی ڕاستەقینەیان، ئەم دیاردەیانە پێیان دەگوترێت فێڵی دیتەنی (Optical illusion).
بەڵام تاکە یەک شت هەیە دەبێ متمانەمان پێی هەبێ و هەرگیز هەڵە ناکات، ئەویش ماتماتیکە، گشت کاتێک یەک کۆ یەک دەکاتە دوو، ئینجا چی بە بینین و بیستن بێت، یان هەستی پێ بکەین، ماتماتیک ڕاستگۆترین زمانە لە گەردوون.
لەم بەشەدا بۆ زانینی شێوەی زەوی پەنا بۆ هیچ زمانێک نابەین جگە لە ماتماتیک، هەوڵیش دەدەین بەسادەیی ڕوونی بکەینەوە تا هەمووی تێی بگات. لێرەدا ئاماژە دەدەین بە چەند بەڵگە و ئەزموونێک کە زۆر لەمێژە کراون، هەریەکێک لە ئێمە بیەوێ دەتوانێ بەئاسانی خۆی ئەو ئەزموونانە ئەنجام بدات و بڕیار لەسەر سەلماندن و ڕاستبوونیان بدات.

دۆزینەوەی چیوە و قەبارەی گۆی زەوی

بیرۆکەی گۆیی زەوی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی گریکییە کۆنەکان، کاتێک بینییان ئەو کەشتییانەی دوور دەکەونەوە، سەرەتا بەشی ژێرەوەیان لەبەرچاو ون دەبێت، پاشان بەرەبەرە بەشەکانی دیکەی سەرەوە تا بەتەواوی نامێنن، ئەمەش واتاکەی ئەوەیە ئەو کەشتییانە لەسەر ڕووێکی چەماوە گەشت دەکەن. هاوکات بە سەر بەرزکردنەوەیان و وردبوونەوەیان لە جووڵە و شوێنی ئەستێرەکان و مانگ، هەڵاتن و ئاوابوونی خۆر، وایان لێ هات گومان پەیدا بکەن لە تەختی زەوی.
وەک لە بەشی یەکەمدا گوتمان، بابەتی شێوەی زەوی بەراورد بە چەقایەتی زەوی بۆ گەردوون بایەخێکی ئەوتۆی نەبوو چی لەلای خەڵکی بە گشتی و چی لەلایەن ئایندارانەوە.
ئەمە بەو شێوەیە مایەوە هەتا ئەو دەمەی فەیلەسووفی گریکی ئیراتۆستینس (Eratosthenes 194- 275 پ.ز.) هات و دیاردەیەکی سەیر ببووە جێی سەرنجی. ئەم فەیلەسووفە کاتێک وەک بەرپرسی یەکەمی کتێبخانە مەزن و ناودارەکەی ئەسکەندەریە لە میسر کاری دەکرد، بینی تیشکی خۆر لە ڕۆژێکی دیارکراوی هاویندا بەستوونی لە زەوی دەدات، بەڵام لەهەمان ڕۆژی ساڵدا لە شارێکی دی تیشکی خۆر بەلاری دەکەوێتە سەر زەوی و سێبەرێک بۆ شتەکان پەیدا دەکات. ئیراتۆستینس گوتی، ئەگەر خۆر هێندە دوور بێت بۆچی لەهەمان ڕۆژی ساڵدا تیشکەکەی بۆ هەردوو شارەکەی کە لێک نێزیکیشن ستوونی نییە؟ ئەوە تەنیا یەک ڕاڤەی هەیە، ئەویش زەوی چەماوەیە و تەخت نییە.
ئەوەی تێ ناگات بۆچی سەرچاوەکانی ڕووناکی ئەگەر زۆر دوور بوون تیشکەکەیان ستوونی دەبێت؟ با تاقیکردنەوەیەک ئەنجام بدات، شتێک بهێنیت و لەسەرەوەیدا سەرچاوەیەکی تیشکی (ڕووناکی تەلەفۆنەکەی) لێ نێزیک بکاتەوە، دەبینێت بە جووڵانێکی یەکجار کەمی سەرچاوەی تیشکەکە شتەکە سێبەر پەیدا دەکات، بەڵام چەندەی سەرچاوەکە دوورتر بکاتەوە و بەرەو سەرەوەی ببات ئەوا سێبەرەکەی کورتتر دەبێتەوە، تا وای لێ دێت بەتەواوی ستوونی دەبێ و سێبەر پەیدا ناکات.
 لەبەرئەوەی ئیراتۆستینس خۆی زانای ماتماتیک بوو، بە پشتبەستن بەم بنەمایەی دووری سەرچاوەی تیشکەکان، نەک هەر سەلماندی زەوی گۆیییە، بگرە توانی چیوە و نیوەتیرەکەشی لەسەر بنچینەی ئەو بابەتە بەوردی بپێوێت.
ئیراتۆستینس زانیاری لەسەر ئەوە هەبوو لە باشووری شاری ئەسواندا لە سەرەتای هاوین و ڕۆژێکی تایبەتی ساڵدا، چاڵ هەیە بەرەبەرە سێبەر تێیدا کەمتر دەبێتەوە، تا وای لێ دێت لە کاتی نێوەڕۆدا، تیشکی خۆر بەتەواوی ستوونی دەبێت و هیچ سێبەرێک لەناویدا دروست ناکات. کاتێکیش ویستی لە شاری ئەسکەندەریە، لە هەمان ڕۆژ و ساتی ساڵدا سەرنج بداتە ئەم دیاردەیە، بۆی بەدەر دەکەوێت تیشکی خۆر تەواو ستوونی نییە، بەڵکوو بە بڕێکی کەم سێبەرێک بە گۆشەیەکی چەند پلەیی پەیدا دەکات بۆ ستوونەکانی پەرستگاکەی ئەم شارە. ئەمەش بووە بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ گۆیەتی زەوی، چونکە گەر زەوی تەخت بێت، ئەوا لەو ڕۆژەی ساڵدا هیچ جیاوازییەک لە نێوان سێبەری خۆر لەو دوو شارەدا بەدی ناکرێت.
ئەم زانایە توانی گۆشەی بەرکەوتنی تیشکی خۆر بە زەوی، یان گۆشەی لاری سێبەری ستوونەکانی پەرستگای ئەسکەندەرییە بپێویت، بینی ئەو گۆشەیە نێزیکەی 7.2 پلە دەبێت. واتە ئەگەر لە ئەسوانەوە هێڵێک بکێشرێت تا چەقی زەوی، لە ئەسکەندەرییەش بەهەمان شێوە بۆ چەقی زەوی، ئەوا لە نێوان ئەم دوو هێڵەدا گۆشەیەک دروست دەبێت یەکسان بێ بە گۆشەی ستوونەکانی ئەسکەندەرییە. لەبەرئەوەی ئیراتۆستینس دووری نێوان ئەو دوو خاڵەی شاری ئەسوان و ئەسکەندەریەی پێوابوو کە نێزیکەی 800 کیلۆمەتر دەبوو. دەشیزانی گۆشەی هەر بازنەیەک 360 پلەیە، بەمەش بە پێوانەی گۆشەکان توانی چێوەی زەوی بپێوێت. چونکە ئەگەر 7.2 پلە بەرانبەر بە 800 کلم بێت، ئەی چەند بەرانبەر بە 360 پلە دەبێت؟
(800*360/7.2) = نێزیکەی 40.000 کلم، ئەمەش زۆر نێزیکە لە 40.075 کلم کە چێوەی ڕاستەقینەی زەوییە.
ئەم ئەزموونە هەر هەموومان دەتوانین زۆر بەئاسانی ئەنجامی بدەین. یان ئەوەتا یەکێک لەگەڵ هاوڕێیەکیدا لە دوو شاری جیاواز چاودێری ستوونبوونی تیشکی خۆر بکەن لە ڕۆژێکی تایبەتی ساڵدا، پاشان گۆشەی لاری تیشکی خۆر بپێوین، بە زانینی دووری نێوان دوو شارەکە دەکارن چیوە و قەبارەی زەوی بدۆزینەوە.
 
یاخۆ بە شێوازێکی دی ئەگەر خۆمان بەتەنیا بووین، پێویستە سەرەتا بچینە ئەم ماڵپەڕە (https://rl.se/sub-solar-point)، بۆ زانینی ئەوەی خۆر لە کاتی ئەزموونەکەماندا لەچی شوێنێکی جیهان بەتەواوی ستوونییە؟ دوای ئەوە دەچینە گووگڵ ئێرس (/https://earth.google.com/web)، بە بەکارهێنانی ئامرازی دووری، دەزانین ئەو شوێنە لەگەڵ شارەکەی خۆمان چەندە دوورە، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ ژمێرەکردن، گۆشەی بەرکەوتنی خۆرە لە شارەکەماندا. ئەمەشیان ئاسانە، دارێکی ڕاست دەچەقێنین دەزانین درێژییەکەی چەندە، دەبینین سێبەرێک پەیدا دەکات، سێبەرەکەش دەپێوین. پاشان لەسەر کاغەزێک وێنەی ئەو دوو درێژییەی دارەکە و سێبەرەکە دەکێشین و بەیەکیان دەگەینین تا سێگۆشەیەکیان لێ دروست دەبێ، بە گۆشەپێوێک دەزانین گۆشەی بەرکەوتن چەند پلەیە.
بە زانینی گۆشە و دووری نێوان دوو شارەکەمان دەتوانین ئێمەش چیوەی زەوی دیار بکەین. 
 لێرەدا دەشێ ئەو پرسیارە لە لایەنگرانی زەوی تەخت بکەین، ئەگەر زەوی گۆیی نەبێت، چۆن چیوە و قەبارەکەی دەدۆزرێتەوە و بۆ تێکڕای کەسانی جیهانیش هەمان ژمارەیە؟
لەگەڵ ئەو ئەزموونە نایاب و ژیرانەیە، پێویستە لەبیرمان نەچێت لایەنگرانی زەوی تەخت هێندە نەرم نین و دەڵێن، ئێوە پێتان وایە خۆر زۆر دوورە بۆیە تیشکەکانی تەریبن و بەستوونی بەر زەوی دەکەون، بەڵام ئێمە وا ناڵێن، چونکە خۆر نزیک و بچووکە و تیشکەکانی تەریب نین. لەڕاستیدا دەبێ دان بەوەدا بهێنین ئەگەر خۆر گەلەک نزیک بێت، ئەوا گوتەکەی ئەوان دروستە، وەک پێشتر نموونەمان لەسەر سەرچاوەی ڕووناکی هێنا، واتە تیشکی خۆر لە کاتێکی دیارکراودا هەمان گۆشەی لار لە یەکێک لەو دوو شارەدا دروست دەکات.
بۆ ئەوەی بکارین وەڵامی لایەنگرانی زەوی تەخت لەم خاڵەشدا بدەینەوە، دەبێ بسەلمێنین خۆر لەڕادەبەدەر دوورە، قەبارەکەشی یەکجار گەورەیە.

 دووری و قەبارەی خۆر و مانگ

خۆشبەختانە هەر لەو شوێنەی ئەسکەندەریە و نێزیک بەو سەردەمە فەیلەسووف ئەریستارخوسی سامۆسی (Aristarchus of Samos 230-310 پ.ز.) دێتە مەیدان وەک پاڵپشتییەک بۆ کارەکەی ئیراتۆستینس. ئەریستارخوس کاتێک دەروانێتە دیاردەی مانگ و خۆر گیران، دەبینێت خۆرگیران ئەو دەمە ڕوو دەدات مانگ دەکەوێتە نێوان زەوی و خۆر، بەمەش سێبەر لەسەر ناوچەیەکی زەوی دروست دەکات، مانگگیرانیش بەهۆی خۆشاردنەوەی مانگ لە پشت زەوی دێتە کایەوە، هەردوو دیاردەی مانگ و خۆر گیران بەندن بە سووڕانەوەی مانگ بەدەوری زەوی.
ئەریستارخوس لەم ڕووداوانەوە گەیشتە دوو زانیاری یەکجار گرینگ، یەکەمیان لەبەرئەوەی مانگ دەتوانێت بەری تیشکی خۆر لە زەوی بگرێت کەواتە خۆر دوورترە لە مانگ، دووەمیان لەبەرئەوەی مانگ لە پشت سێبەری زەوی خۆی دەشارێتەوە ئەوا دەبێ مانگ لە زەوی بچووکتر بێت. هەروەها بیری کردەوە و وتی، ئەگەر من بتوانم کاتی ونبوونی مانگ لە پشتی زەوی تا دەرکەوتنەوەی بەتەواوی بپێوم، ئەوا دەکارم تیرەی مانگ دیار بکەم. بۆی دەرکەوت تیرەی زەوی نێزیکەی دوو هێندەی تیرەی مانگە، ئەمەش بێگومان پێوانەیەکی ورد نییە، چونکە لە کاتی مانگ گیران ئەو سێبەرەی لەپشت زەویدا دروست دەبێت دوو شێوەی هەیە، یەکیان تەواو تاریکە دەیبینین و ئەوەی دیکە نیمچە تاریکە، بەڵام بە چاو بەچاکی نابیندرێت.
هەر چۆنێک بێت ئەریستارخوس بە زانینی تیرەی مانگ، بە ئەزموونێکی ئاسان هەوڵی دا دوورییەکەشی لە زەوییەوە بپێوێت.
ئەو دەمەی دراوێکی بازنەیی لە دەستماندا بەرانبەر بە مانگ ڕابگرین بەمەرجێک تەواوی مانگ دابپۆشێت، ئەوا بە ژمێرەی گۆشە و لایەکانی و یاسای سێگۆشەکان دەتوانین دووری مانگ بزانین. ئەوە بوو ئەریستارخوس دووری مانگی بە 200.000 کلم دەستنیشان کرد، ئێمە ئەمڕۆکە دەزانین دووری مانگ 384.400 کلم دەبێت، هۆکاری ئەم هەڵەیەش بۆ تیرەی مانگ دەگەڕێتەوە لەلای ئەریستارخوس کە بە نیو هێندەی تیرەی زەوی دانرابوو. ئێمە ئێستە بە بەکارهێنانی ئامرازەکانمان، دەزانین تیرەی زەوی 3.7 جاران لە تیرەی مانگ گەورەترە.
دوای ئەوە بە هەبوونی قەبارەی زەوی و مانگ دوورییان لە یەکدییەوە، جارێکی دی توانی دووری خۆریش بەهەمان ژمێرەکردنی یاسای سێگۆشەکان بپێوێت. ئەمەش لە ڕۆژی حەوتەمی دەرکەوتنی مانگ کە نیوەیە و لە کاتی خۆر ئاوابوون دەتواندرێ خۆر و مانگ پێکەوە ببیندرێن، ئەو دەمە بە سێیان گۆشەیەکی وەستاو پێک دەهێنن. لەبەر هەڵەی دووری مانگ ئەریستارخۆس دووری خۆریشی بە بیست هێندەی مانگ دیار کرد واتە 4 ملیۆن کیلۆمەتر. ئێمە بە پێوانەی گۆشەی تەواو و دوورییە وردەکەی مانگ، ئەمڕۆکە دەزانین خۆر نێزیکەی 400 جاران هێندەی دووری مانگە لە زەوییەوە.
لێرەدا دەکارین بڵێین، ئەگەر پێوانەکانی ئەریستارخوس بە هەموو هەڵەکانیشەوە وەربگرین، هەر دەگەینە ئەوەی خۆر 20 هێندە دوورترە لە مانگ و هەرگیز ناکەونە یەک ئاستی بەرزایی، ئەو 4 ملیۆن کیلۆمەترەش دوورییەکی یەکجار مەزنە. بەو پێیە تیشکی خۆر لەبەر دوورییەکەی ستوونییە لەسەر زەوی، ئەو لارییەشی پەیدا دەبێت بۆ تیشکی خۆر لەکاتی بەرکەوتنی بە زەویدا، هۆکارەکەی تەنیا و تەنیا بەندە بە گۆیییەتی زەوی.
کەواتە بە زانینی قەبارەی زەوی و دووری خۆر و مانگ، بە پێوانەیەکی گەلەک سادەیەی پتر لە دوو هەزار ساڵ پێش ئێستە، بۆمان بەدەر دەکەوێت تەختی زەوی و تیرە 50 کیلۆمەتری و دوورییە 5.000 کیلۆمەترییەکەی خۆر و مانگ بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ لۆژیک و ماتماتیکدا ناگونجێن.
دیسان دەیڵێینەوە کە تێکڕای ئەم ئەزموونانە بە بیرۆکە و ئامرازی یەکجار سادە و سەرەتایی ئەنجام دراون و هەرکەسێک لە ئێمە بیەوێ دەتوانێت دووبارەیان بکاتەوە، تا خۆی بڕوا بە دەرەنجامەکانیان بهێنێت.
 پاش ئەو سەردەمە بە پتر لە هەزار ساڵ، لە سەرەتای سەدەی دەیەم زانای فرە مەزنی موسڵمان ئەبو ڕەیحانی بەیرونی) 973 - 1084) جارێکی دیکە و بە شێوازێکی نوێی بلیمەتانە و جیاواز و ئاسانتر لەوەی ئیراتۆستینس، گەلەک بەوردی چیوەی زەوی بپێوێت. بەیرونی هەڵ دەستیت بە پێوانی بەرزی چیایەک لە ڕووی زەوییەوە لە ناوچەیەکی دەشتایی تەخت و دۆزینەوەی گۆشەی نێوان هێڵی ستوونی تێپەڕبوو بە لوتکەی چیاکە و هێڵی گەیشتووی نێوانی سەری چیاکە (هێڵی بەرکەوت بە زەوی) و هێڵی ئاسۆیی. پاشان بە بەکارهێنانی هاوکێشەی سێگۆشەی گۆشە وەستاو، بۆ ئەو سێگۆشەیەی دروست دەبێ لە خاڵی لوتکەی چیاکە و بەرکەوتە و چەقی زەوی، نیوەتیرەی زەوی دەپێویت. بەیرونی نیوەتیرەی زەوی بە نێزیکەی 6.340 کیلۆمەتر ژمێرە دەکات، ئەمەشیان تەنیا بە 31 مەتر جیاوازی هەیە لەگەڵ نیوەتیرەی ڕاستەقینەی زەوی دەکاتە 6.371 کیلۆمەتر. بێگومان ئەمەش گرینگییەکی تەواوی هەیە، بەوەی بۆ بابەتێک دوو ئەزموونی بە شێوازی جیا بەکار بهینێت و بگەیتە هەمان دەرەنجام.
دوای ئەوانە پێوانەی دووری خۆر لە زەوییەوە جارێکی دی بووە جێی بایەخی زاناکان، لەبەرئەوەی ئەو دوورییە بەبەردەوامی یەکێکە لە گرینگترین ئەو زانیارییانەی مرۆڤ هەوڵی بەدەستهێنانی داوە.
پێوانەکانی سەدەی حەڤدەیەمی زانای ئیتالیایی گيۆڤانی كاسينی (Giovanni Cassini 1625 - 1712)، ژمێرەکردنێکی یەکجار وردە لەو بوارەدا. دۆزەوەکەی ئەم زانایە یەکەمین ئاماژە بوو بۆ مەزنی قەبارە لەئەندازە بەدەرەکەی گەردوون و ئاستی فرە بچووکییەکەی زەوی. زاناکان و ئەستێرەناسانی پێشوو وای بۆ دەچوون ئەستێرەکان تەنیا چەند ملیۆن کیلۆمەترێک لێمانەوە دوورن، ئەوە بوو پاش کاسینی زانرا ئەستێرە نێزیکەکان نەک هەر ملیاران، بەڵکوو دەشێ لە ترلیۆنان کیلۆمەتریش دوورتر بن.
 هاوکێشەکانی کیپلەر بوونە پاڵپشتی کاسینی لە دیارکردنی دووری خۆر بەگوێرەی دووری زەوی و هەسارەیەکی دیکە. هەسارەی بارام (Mars) لەبەر نێزیکییەکەی هەڵبژاردەیەکی باش بوو بۆ کاسینی، بە پشت بەستن بە تەلسکۆپێک توانی دووری بارام لە زەوییەوە بپێویت. بەڵام لەبەرئەوەی نەگەیشت بە پێوانەیەکی ورد، ناچار بوو لە دوو شوێنی دوورەوە بڕوانێتە هەسارەی بارام. بۆ ئەمەش ئەستێرەناسێکی ناردە شاری کاینی گۆیانای فڕەنسایی لە ئەمریکای باشوور، خۆیشی لە پاریس مایەوە، لە شەوێکی دیارکراوی ساڵ و لە هەمان چرکەدا، بە هەردووکیان گۆشەی ڕوانینیان بۆ هەسارەی بارام ژمێرە کرد و بەتەواوی بەرانبەریان کردەوە لەگەڵ دیمەنی پاشخانی ئەستێرە دوورەکان. دەرەنجام کاسینی بە سوود وەرگرتن لە گۆشەکان و ئەندازەی سێگۆشەکان و دیارکردنی دووری بۆ بارام، توانی دووری زەوی لەخۆر بە نێزیکەی 140 ملیۆن کیلۆمەتر بخەمڵێنێت، بێگومان ئەم ژمێرەیە بۆ ئەو دەمە گەلەک نێزیکە لە دووری ڕاستەقینە کە خۆی لە 150 ملیۆن کیلۆمەتر دەدات. بە دۆزینەوەی دووری تەنەکانی دیکە، بۆی بەدەر دەکەوێت کە گەردوون لەڕادەبەدەر گەورەترە لەوەی زاناکانی ئەو سەردەمە بۆی دەچوون.

ئێستە دووری مانگ بە ناردنی تیشکی لەیزەر بۆ ئاوێنەکانی کە لەسەر مانگدا جێگیر کراون، بە وردایەتییەکی یەکجار زۆرەوە دەپێورێت، بە جیاوازی گۆشەی ڕوانینمان بۆ هەسارە و ئەستێرەکانیش دەکارین دوورییان دەستنیشان بکەین. هەروەها ئەمڕۆکە زانست پێی دەکرێ بە چەندان شێوازی جۆراوجۆری وەک ڕەنگ و ئاستی درەوشانەوە و شیکردنەوەی شەبەنگی تیشکی تەنەکانی گەردوون، تێکڕای تایبەتمەندییەکانیان لە تەمەن و دوورییان، چۆنەتی دروستبوون و لەناوچوون، قەبارە و بارستایی، تەواوی پێکهاتەشیان بزانێت.
بەڵام لێرەدا نامانەوێت لەمانە بدوێین، چونکە ئەم وردەکارییانە کاری پسپۆڕ و زانا هاوچەرخەکانە، ئێمەی کەسانێکی ئاسایی ئەو ئامرازانەمان لەبەردەست نییە کە خۆمان ئەزموونەکان ئەنجام بدەین بۆ بەدەستهێنانی زانیارییە ڕاستەقینەکان. (ئەوەی ئارەزووی خوێندنەوەیە لە کوردستانپۆست بە چەند بەشێک بابەتمان هەیە لەسەریان).
لە دوا دێڕی ئەم بەشە و پاش تێگەیشتن لەم چەند ئەزموونە مێژوویییە و بەدەستهێنانی بەڵگەکانی گۆیی زەوی، دەشێ هەندێ پرسیار بوروژێنین: خوێنەری بەڕێز، ئایا بۆ تاکە یەک جار گوێت لە ناوی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ناسا بوو؟ چونکە بەڕاستی تێ ناگەین شێوەی زەوی چی پێوەندییەکی بە ناساوە هەیە، لەپێناو چیدا ناسای (پیلانگێڕ) دەیەوێت بابەتی گۆیی بوونی زەوی بەسەر جیهاندا بسەپێنێت؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە