کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا تۆ لە ئاوێنەی تورکیدا خۆت بینیوە، بۆیە وایت؟!

Tuesday, 06/06/2023, 21:33


تۆ، کە بە کوردی گریای کێ بە تورکی شیری پێدای؟!
تۆ، کە بە کوردی خوێندت، بۆ بە تورکی بیرت کردەوە؟!
تۆ، ئەو ڕۆژەی کە خۆت فریودا و بە بەرگی کوردییەوە نوێژت کرد، چی ڕوویدا کە وەڵامی نزاکانت بە تورکی ببیستەوە؟!
لە سنە پیاوێک هەبوو*، قۆڵی هەڵماڵی و گوتی: هەتا ئیستا هەر چیان پێ وتوون سەبارەت بە خوا و پەیامەکانی، سەرەوبن پییان گوتوون.
لێیان پرسی: تۆ پێمان بڵێ، ئایا ئێمە سەرەتا کوردین یا موسڵمانین؟!.
گووتی: گیانەکانم، ئێمە بەر لەوەی موسڵمان بین، کوردین.
گووتیان: چۆن؟!.
گووتی: کوردبوون، بوونی ئینسانی ئێمەیە، موسڵمان بوون، باوەڕە.
ئەم قسەیە بۆ هەمووان نوێ بوو، هیچ ڕێبەرێکی ئاینیی بەر لەو: یا بوێری وتنی نەبووە و نەی گوتووە، یا نەی زانیووە و نەی گوتووە، یا دەسبڕ و بازرگان بووە و نانەکەی لە چەواشەکردنی خەڵکدا بووە و نەی گوتووە.
ئێستا تۆ پێمان بڵێ: 
ناوێری بۆیە نایڵێت؟!.
یا ئازایی گوتنی ( حەق ) ت نییە؟!
یا بازرگانێکی دەستبڕی و نانەکەت لە چەواشەکردنی خەڵکدایە؟!
ئەگەر:
 - بوێر نیت، لە مەرگ دەترسی.
- ئەگەر ئازایی گووتنی (حەق)ت نییە، مانای وایە پەیڕەوی لە ناخوا دەکەیت.
- ئەگەر بازرگانێکی دەستبڕی، ئەوە لە خوای خەڵکەوە دووریت و یاوەری ستەمکاران و سەر بە تاقمەکانی ئەهریمەنی.
سەرکەووتنی (ئۆردوگان) ت لێ پیرۆز بێت. جلخواریی پیشەیەکی کۆن و ڕەگی ڕزیووی درەختێکی زڕە لە مێژووی هەندێ کەس و بنەماڵەی بەڕواڵەت کورددا، کورد دەیانناسێتەوە. 
 ئیمپراتۆرییەتی خەلیفە و پاشا و والییەکانی، تورک و عەجەم و تازی، یەک لە دوای یەک، نەمان و کورد هەر ما، چوونکە ئەم نەتەوەیە، حەقیقەتێکی زیندووی ئاهۆراییە و خۆشەویستییەکی خودایی.
پیرەمێردی دانای مە، ڕۆژێک نامەیەکی کەسێکی نزیک لە خۆی بە دەست دەگات، بە زمانێکی بێگانە بۆی نووسی بوو. بۆ بەیانی لە ڕۆژنامەی ( ژین) دا وەڵامی دەداتەوە، ئەو وەڵامەی پیری مە، پێشکەش بە تۆ و هەموو ئەو کەسانەی دەوری ( قۆری و کتری) یەکەی چایخانەکەتان، کە لە ڕۆژی سەرکەووتنی خەلیفەکەتاندا، بۆ موبارەک بایی، دەستی تۆیان گووشی!!.
پیرەمێردی ئێمە دەڵێت:
مستۆ! وادیارە تۆش جل خوارئەکەی 
داوێنت دەخورێ و مەیلی بار ئەکەی.  

سەرنج/ 
*ئەو پیاوە ڕاستگۆ و بوێر و ئازاد و حەق وێژە سنەییە، کاک ئەحمەدی موفتی زادەیە، سڵاوی خوای لێ بێت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە