بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عیراق
Tuesday, 06/06/2023, 19:08
زنجییرە بڕیارەکانی ئەمدواییەی دادگای باڵای فیدراڵی دژ بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵگەی ئەوەیە کەوا دەسەڵاتی پارتی وحکومەتەکانی هەمووی ( فشەخانە ) بووەو ، بە عەقلیبیەتی بازاڕی وعەشایەری چەندین ساڵە ئەم حوکمە بەڕێوە دەبەن و ، ئەوەندە غەڵەت وپەڵەتیان زۆرە کە بەزنجییرە بڕیاڕێکی ئەم دادگایە نەبێ راستەڕی نابێتەوە .
بۆیە وەک دەستپێک دادگای ئیتحیادی ئەم بڕیارانەی دەرکرد :
- بڕیاری نادەستووری هەناردەی نەوت .
- بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان .
- دەرهێنانی داهاتی ناوخۆو دەروازە سنووریەکان لەدەست حکومەتی هەرێم بەپێی یاسای بوودجە.
- گێڕانەوەی دەسەڵاتی سەرفکردنی پارە بۆ وەزارەتی دارایی عیراق .
- چەسپاندنی دەسەڵاتی چاودێری دارایی بەسەر مەسروفاتی حکومەتی هەرێم .
- دامەزراندنی کۆمپانیایەکی سەر بە بەغدا بۆ وردبینی داهاتەکانی نەوت .
- کردنەوەی حیسابی بانکی سەر بە بانکی ناوەندی عیراق .
ئەمانە هەمووی بەڵگەی ئەوەن کەوا حکومەتی هەرێم دەستێکی ئەمین نەبووە یۆ پاراستنی سامان وداهاتی کوردستان .
پێشبینی دەکەم ئەم زنجییرە بڕیارانەی دادگای ئیتحیادی بەردەوام بێت ولە ئاییندەدا ئەمانەش بگرێتەوە :
- هەڵوەشاندنەوەی نووسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و گواستنەوەیان بۆ ناو سەفارەتەکانی عیراق لەوڵاتان .
- گێڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ سەر وەزارەتی بەرگری عیراق ناساندنیان وەک پاسەوانی سنوور .
- کۆنتڕۆڵکردنی سنووری ئێران لەلایەن حەشدی شەعبی و سنووری تورکیاش لەلایەن جەیشی عیراقەوە .
- هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو یاسایەنەی ناکۆکن لەگەڵ دەستووری عیراق .
- راگرتنی یەکجارەکی هەناردەی نەوتی کوردستان وبەکارهێنانی بۆ پێداویستی ناوخۆ .
ئەمانەو جگە لەوەی بە دووری نازانم لەمەولا زۆربەی ئەو خەڵکە زەرەرمەندانەی دەسەڵاتی پارتی روو لە دادگاکانی عیراق بکەن بۆ گێڕانەوەی مافەکانیان .
پێشتریش وتوومە ، دەسەڵاتی بەغدا زۆر بە جیدی کار دەکات بۆ بچووککردنەوەی دەسەڵاتی هەرێم و گێڕانەوەی بۆ سەردەمی حوکمی زاتی کارتۆنییەکە ، کێشەکەش لێرەدایە دەسەڵاتی هەرێم هیچی بەدەستەوە نەماوە بتوانێ دیفاع لە وجوود وکیانی کوردی بکات بەهۆی ئەو هەموو خراپ ئیدارەدان و گەندەڵی و زوڵموزۆردارییەی لەمیللەتەکەی خۆی کرد ، بەمەش سۆزو پشتگییری میللەتەکەی لەدەست خۆی داوە .
هیچ کوردێک شەڕەفمەند نیە بە لاوازبوونی هەرێمەکەی کە بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات ودەریایەک خوێن وقوربانی میللەتە ، بەڵام ئەمەی ئەیبینیین عاقیبەتی ئەو مەغروری سیاسی وبێباکی دەسەڵاتە لەداخوازیەکانی میللەت و ئیدارەیەکی شاییستە بەم هەموو قوربانییە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست