قیادە مووەقەتەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ
Tuesday, 06/06/2023, 17:40
دوای نسکۆی (ئاشبەتاڵ) ساڵی ١٩٧٥ نەخۆشکەوتنی (مەلا مستەفای بارزانی ) بارزانیەکان تەنها و گۆشەگیر بوبوون و لە سیاسەت دابڕابوون و رۆژگاری تەمەنیان بە دەستبەسەرکراوی لە کەرەج بەڕێدەکرد ، بەڵام دواتر شای ئێران لە ڕێگەی ساواکەوە پەیوەندی دەکات بە کوڕانی بارزانی (ئیدریس و مەسعود ) کە خۆیان کۆبکەنەوەو پلانێک دابڕێژن بەناوی زیندوکردنەوەی شۆڕش و کوردایەتی کە سودی بۆ خۆیان و لەبەرژەوەندی شاو ئیراندا بێت ، ئەوانیش دەستیان کرد بە بەرنامە داڕشتن و دروستکردنی سەرکرادیەتیەکی کاتی بەناوی( قیادە مووەقەتە) ئیدریس بارزانی لە ناو خەڵکدا بە توندڕەو و مەسعود بارزانی برایشی بە میانڕەو خۆیان نیشاندەدا، نامەیان لە لایەکەوە بۆ پێشمەرگە ئازاو پاکەکان و لە لایەکی تریشەوە بۆ پیاوکوژو خیانەتکارو جاشەکان دەنارد !
سەرکردایەتی کاتی قیادە مووەقەتە پروپاگەندەی زیندووکردنەوەی شۆڕشی دەکرد ، بەڵام وەزیفەی سەرەکی قیادە مووەقەتە ڕێ ڵێگرتن و تێکدانەوەی شۆڕشی نوێ بوو کە یەکیتی دوای خۆبونیادنان چووه شاخ، چاپخانه و ڕادیۆ و تیپی موسیقاشی لهگهڵ خۆیدا بردبوو ، هەڵبەت ئەو سەردەمە خهڵك یهكێتی خۆشدهویست و چین و توێژه جیاجیاكان ههڵقوڵاوی یهكێتی بوون ،یەکێتیش خاوهنی رێكخستنێكی بههێز بوو ، یەکەمین ئەرکی (قیادە مووەقەتە) ئەوەبوو بە زوترین کات مەفرەزە دروست بکەن و بگەڕێنەوە کوردستان بۆ ڕێگەگرتن لە شۆڕشی نوێ کە یەکێتی دەیەوێت لە بادینان جێگیری بکات ، فەرماندەی میحوەری بادینان (جەوهەر نامیق و کەریم سنجاری) دەبێ و پارتی قورسایی سەربازیی خۆی دەخاتە سەر میحوەری بادینان و کارەساتێکی مرۆیی گەورە بۆ کورد و شۆڕشە نوێیەکەی یەکێتی دروست دەکات کە دواتر بە "کارەساتی هەکاری" ناوی دەرکرد.
دوای کارەساتی هەکاری قیادە مووەقەتە کەوتە گیانی هەموو ئەو پێشمەرگە پاکانەی لە ناو شارو لە شاخ کە بەقسەیان نەکردبوون و وەڵامی نامە و ڕاسپاردەکانیان نەدابونەوە بەشێکیان لە شیرینی خەودا کوژران و ئەوانەیشی نەکوژران هەلهاتن و زۆریشیان تەسلیم بە بەعس بونەوە ،فەلسەفەی قیادە مووەقەتە ئەوە بوو لەپێناو ڕێگرتن لە شۆڕشی نوێ کە یەکێتی خاوەنداریەتی دەکرد چەندیان پێکرا پێشمەرگە بکوژن یان ناچار بە تەسلیم بونەوە بە بەعسیان بکەن و ببن بە جاش ! ئەرکی پارتی و قیادە کاتیەکەی ئەوکاتە تێکدانی شۆڕش بوو نەک بە تەنها لە کوردستانی عێراق و بەڵکو لە کوردستانی ئێرانیش ببونە سورەی بەر پاسدار و بۆ قەڵاچۆکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات .
پەنجا ساڵ لەمەوبەر ئەرکی پارتی ئەوەبوو کە بەپەلە و لەژێر چەترو سێبەری شای ئیراندا سەرکردایەتیەکی کاتی دروست بکات کە خێری بۆ شای ئیران و شەڕی بۆ خەلکی کوردستانی تیدا بیت ، ئەمڕۆ دوای پەنجا ساڵ وەزیفەی قیادە مووەقەتەکان ئەوەیە کە دەستکەوت و دەرفەتەکان لە بار ببەن و بەناوی سەروەری یاساوە هەموو جەنایەتێكیان دژ بە كۆمەڵگای کوردی ئەنجام داوەو شێوازەكانی چەوساندنەوەی مرۆڤ و پرۆسەی لە مرۆڤخستن لە زیندانەکاندا بە چەندین شێوە دژ بە ئازادیخوازان و چین وتوێژەکانی تری کۆمەڵگا پیادەی دەکەن و کۆمەڵگایان لە قاڵب داوەو شەڕی نان و ئازادی دژ بە کۆمەلگا ئەنجام ئەدەن و بوونەتە کۆسپ لەبەردەم گەشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی وئابوری و پێشکەوتنی کۆمەڵگادا، ئەم هونەری ئیداردان و بەڕیوەبردنەی پارتی ئیفلاسێكی سیاسیی و ئەخلاقیی گەورەیە کە هەر ڕۆژەو حیکایەت و درۆیەکی بێبنەمان بۆ دەهۆننەوەو فەزیحەکانیان بە درۆی تر پینە دەکەن، نکۆڵی لەوە ناکرێت کە سیاسەت لای حیزبێکی وەکو پارتی هەمیشە پانتاییەکی بە پیت بووە بۆ درۆکردن کە دواجار بە تەنها پارتی لێی بەرپرسیار نییە و بەرپرسیارەتی هێزە سیاسییەکان تریش یەکسان نییە بە پارتی !
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست