ئەوەی کورد بۆ ئەردۆغانی کرد و ئەوەی ئەردۆغان بە کوردی کرد (بەشی دووەم)
Monday, 29/05/2023, 9:41
* کورد یان پەنابەری سوری؟
د. عەلی قەرەداغی لە وتووێژێکی لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، سەبارەت بە پشتیوانی ئەردۆغان و ئاکەپە لە هەڵبژاردنی 14ی 5 ی 2023 دا وتی: "بەداخەوە دەڵێم ئۆپۆزیسیۆن بەرنامەکەیان چەند کێشەیەکی گەورەی تێدا بوو، ئەو کێشانە بەلای ئێمەوە لائەخلاقییە، و بەلای دامەزراوەی دیموکراسیەوە کە یەکێک لە بەرنامەکەیان دەرکردنی ئاوارەکانی سوریا بوو لە تورکیا و بگەڕێندرێنەوە بۆ شوێنی خۆیان ئەمە بە ڕاستی بەلای ئێمەوە شتێکی جوان نەبوو، دەبووایە ئۆپۆزیسیۆن ئەو کارەی نەخستایەتە بەرنامەی خۆیەوە ئەمە هۆیەکی زۆر گرنگ بوو. سەبارەت بە ئێمەی موسڵمان و زانایان لەکاتێکدا ئێمە دەبینین 5-6 ملیۆن خەڵکی ئاوارە لە تورکیا هەن. باسکردنی ئەم بابەتە بەلامانەوە شتێکی باش نەبوو، دووەمیش ئێمەی زانایانی موسڵمانین و موسڵمانیش حەز ناکات خەڵکێکی تر بە ئاشکرا دژی دینەکە قسە بکات بەداخەوە ئۆپۆزیسیۆن بە تایبەتی (کلیچدار) بەئاشکرا تەبەنی- بانگەشەی ئەوەی دەکرد دژی ئاینی بەرزی ئیسلام و شارستانێتی ئەو وڵاتەیە کە چەند ساڵە لەگەڵیدا دەژی بە تەواوەتی بەرنامەکە بەشێک بوو لەوە."
خەمی د. عەلی و هاوئاوازە ئیخوانەکانی، خەمیان گەورە بوون و سەرداربوونی تورکە، خەمیان هەژموونی ئیخوانە، خەمیان ئاوارە عەرەبە سورییەکانە، لەو پێناوەدا بانگەشه بۆ ئەردۆغان دەکات، چونکە ئەردۆغان هاوکار و پشتیوانی ئاوارە عارەبە سورییەکان. خەم و تێکۆشانی ئەوان لە پێناو کورد دا نییە، کارکردن و بانگەشەیان لە پێناو کەمکردنەوەی ئازارەکانی کورد و دەستگەیشتن بە مافەڕەواکانی لە سەر خاکی داگیرکراوی خۆی نییە.
ئێمە لێرەدا تەنها بە ڕێککەوتنی سینان ئۆغان و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وەڵامێکی گونجاوی د. عەلی قەرەداخی دەدەینەوە و ئەوە ڕوون دەکەینەوە کە ئەردۆغان بۆ کورد باشە یان کوردکوژ و دژە کوردە.
سینان ئۆغان كاندیدی هاوپەیمانی "ئاتا" واتە "باپیران" بۆ سەرۆكایەتی توركیا كە لە خولی یەکەم دا ڕێژەی 5% ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە مەرجەکانی بۆ پشتیوانی (ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و کەمال کڵچدار ئۆغڵو) لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بریتی بوو لە:
1. دژایەتی کورد.
2. دژایەتی، یان ناردنەوەی پەنابەرە سورییەکان بوو.
ئەردۆغان، دژی کورد و هەدەپەیە، بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی خۆویستانەی پەنابەرە سورییەکانە، ئەوەش دوای ئەوەی دۆخی گونجاویان بۆ فەراهەم دەكرێت
کەمال، هاوپەیمانی هەدەپەیە، بە دەنگی هەدەپە توانی ڕکابەری بکات، بەڵام دژی پەنابەرانە لە تورکیا، دەیگوت: لەماوەی دوو ساڵ دا هەموو پەنابەرانی سوری دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەكەیان. سەرئەنجامیش دژە کوردە.(هاوپەیمانی میللەت و خودی جەهەپە و کەمالیش دژی کوردن! کڵچدار ئۆغڵو نەیدەتوانی ڕاستەوخۆ بڵێت دژی کوردم، چونکە زیاتر لە نیوەی دەنگەکانی دەنگی کوردە، بە دەنگی کورد توانی ڕکابەری بکات، بە وتنی من دژە کوردم دەنگی دووەمی لە دەست دەدا).
بابەتی پەنابەران
چەندینجار كلیچدارئۆغلۆ جەختی لەسەر ئەوە كردووە ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بباتەوە، ئەوان لەماوەی دوو ساڵی سەرۆكایەتیدا هەموو پەنابەرانی سوری دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەكەیان، تەنانەت وتی:" ئەم وڵاتەمان لەسەر شەقام نەدۆزیوەتەوە، بەجێی ناهێڵین بۆ عەقڵیەتێك كە زیاتر لە 10 ملیۆن پەنابەری بۆ هێناوین"، ئەم قسەیە بانگهێشتکردنی سینان بوو بۆ دانوستان.
بەڵام، لەڕاستیدا کێشەی سینان پەنابەرە سورییەکان نەبوو،
بەڵکو پەیوەندی كلیچدارئۆغلۆ بوو لەگەڵ هەدەپە. دەنگدانی هەدەپە بوو بۆ کڵچدار. کە بە دەنگی کورد توانی ڕکابەری بکات و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بکەوێتە خولی دووەمەوە.
*کێشەی سینان پەنابەرە سورییەکان نەبوو، بەڵکو دژایەتی ئەردۆغان بوو بۆ کورد و هەدەپە. سینان ڕێک ئەم بەرەیەیی دەویست (ئاکەپەی ئەردۆغان و مەهەپەی دەوڵەت باخچەلی و پارتە شوعییەکەی پیرەنچەک و حیزبوڵڵای تورکی). بەرەیەک دەست نەپارێزێت لە کورد کوژی!
كاتێك لە سینان ئۆغان پرسیار كرا لەبارەی ئەوەی ئایا لە گەڕی دووەمدا كام یەكێك لە كاندیدەكان هەڵدەبژێرێت، ئەو وتی:" تەماشای هەڵوێست و لێهاتویی نیشتیمانییان دەكەین، سەیر دەكەین بزانین لایەندارییان بۆ تیرۆر هەیە و داوای یارمەتی لە تیرۆرستان دەكەن. بە لۆژیك بڕیار دەدەین".
سینان گەر بچوایەتە پاڵ کەماڵ کڵچدارئۆغڵۆ واتەی ئەوە بوو سینان زۆر دژی پەنابەرە سورییەکانە لە تورکیا، بەڵام کە چووە پاڵ ئەردۆغان ئەوە ڕوون بوویەوە کە دژایەتی پەنابەرە سورییەکان بابەتێکی لاوەکییە، لەبەرئەوەی زۆرینەی ئاوارە سورییەکان عارەبی سونی ئیخوانین،
تورکیش کێشەی لەگەڵ کورد هەیە نەک عارەب...
ئەردۆغان جەخت لە سەر گەڕانەوەی خۆویستانەی پەنابەرانی سوری دەكات ئەمەش دوای ئەوەی دۆخی گونجاویان بۆ فەراهەم دەكرێت، ئەمە دۆخێكە رەنگە چەندین ساڵی تر بخایەنێت. بەڵام هێشتا سیان دەچێتە پاڵ ئەردۆغان!
* د. عەلی قەرەداغی سەبارەت بە کێشەی کورد لە وتووێژەکەی لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتی: "هەرچەندە لە سەردەمی ئەردۆغان تورکیا کێشەی لەگەڵ پەکەکە و پەیەدە هەیە، بەڵام ئەگەر بەراوردێک بکەیت لە نێوان جەهەپە کە مێژووی لەگەڵ کوردا مێژوویەکی بەلای کەمەوە ڕێکوپێک نەبووە، لەگەڵ ئەردۆغان بە ڕای ئێمە بۆ کورد ئەردۆغان باشتر بووە و باشتریش دەبێت لە کلیچدار. لە سەردەمی حزبی کۆماری و ئەتاتورک بە هیچ شێوەک داننەنراوە بەوەی کورد هەیە و بە کوردیان دەوت (أتراک الجبل) واتە تورکی شاخەکان و زمانی کوردی قەدەغەکراوبوو من خۆم ئەگەر کتێبێم پێبوایە تیایدا نووسرابێت کوردستان ئەو کتێبەیان قەدەغە دەکرد. ئەمەیە مێژووی حزبی کۆماری. بەڵام ئێستا و لە سەردەمی ئەردۆغان زمان و قوتابخانەی کوردی هەیە، تەلەفزیۆنی کوردی هەیهە. ئاکەپە لە جەهەپە باشترە، بۆ بەرژەوەندی گەلی کوردە، چونکە جەهەپە بە هیچ شێوەیەک دانی نەناوە بە کوردی تورکیا و بە کوردستان و بە زمانی کوردی، بەڵام ئاکەپە دەکرێت بە لایەنی کەم لە ڕووی ئیسلامەتییەوە قەناعەتی پێبکرێت بۆ بەدەستهێنانی داوای زیاتر".
بەڵام، مەرجی سینان ئۆگان بۆ پشتیوانی ئەردۆغان یان کلیچدار ئۆغڵو ئەوە بوو کە هیچ سازشێک بۆ کورد نەکەن. واتە دەنگ دەداتە ئەو لایەنەی کە سیاسەتە فاشیستەکانی ئەو دەرهەق بە کورد قەبوڵ بکات.
ئەردۆغان کە مەرجی سینانی قبوڵ کردوە، ئەوە سینان دژە کوردە و بابەتی پەنابەرانی لا ئاسایی و لاوەکییە.
ئەگەر کەمال مەرجی سینانی قبوڵ بکردایە، ئەوە سینان دژی پەنابەرانە و دژایەتی کوردی لا ئاسایی و لاوەکی بوو.
یان بە واتەیەکی دیکە، کە سینان چۆتە پاڵ ئەردۆغان، ئەوە ئەردۆغان دژی کوردە، چونکە ئەردۆغان لەگەڵ گەڕانەوەی خۆویستانەی پەنابەرانە، بەڵام دژی کورد و هەدەپەیە.
گەر سینان بچوایەتە پاڵ کەمال، ئەوە کەمال دژی پەنابەرانە، چونکە لەگەڵ هەدەپە هاوپەیمانی هەیە، بەڵام دژی پەنابەرانە لە تورکیا.
کە سینان بڕیاری دا بچێتە پاڵ ئەردۆغان، ئەوە یەکلایی بوویەوە کە ئەردۆغان دژە کوردە. ئیدی جیاوازی چییە لە نێوان ئاکەپە و جەهەپە دا؟ ئەم دوو فاشستە کامیان لە کامیان باشترە بۆ بەرژەوەندی گەلی کورد؟، چۆن دەکرێت لە ڕووی ئیسلامەتییەوە قەناعەت بە ئاکەپە بکرێت بۆ بەدەستهێنانی داوای زیاتری کورد؟ د. عەلی قەرەداخی خەمی گەورەی ئاوارە سورییەکانە کە ژمارەیان لە نێوان (5 -6) ملیۆنە، لەو پێناوە دا بانگەشه بۆ ئەردۆغان دەکات! کارکردنی لە پێناو نەتەوەکەی دا نییە، پشتیوانی ئەردۆغانێک کە دەست ناپارێزێت لە کورد کوژی لە سێ پارچەی باکور و خۆرئاوا و باشوری کوردستان کە ژمارەی کورد لەو سێ پارچەی نزیکەی (35)ملیۆنە! کوردی سێ پارچە بگۆڕەوە لە پێناو عارەبی سوری ئاوارە دا، ئەمەش تەنها لە پێناو هەژموون و دەسەڵاتی ئاکەپەی ئیخوانی دا! ئێستا ڕوون بوویەوە بانگەشەی دینداری لە پێناو چی و بۆ چییە؟ ئێمە کە بانگەشەی ئەوە دەکەین کە کورد لە باکور یان بایکۆتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بکردایە و نەبوایەتە دەنگدەری کەمال کڵچداری کاندیدی هاوپەیمانی میللەت. یان هێڵی سێیەمی هەڵبژاردایە و دروشمی نەکەمال نە ئەردۆغانی بەرزبکردایەتەوە و کاندیدی سەربەخۆی هەبوایە. بێدەنگ بوونیش بۆ د. عەلی قەرەداخی باشترین هەڵوێست بوو!
مەرجی سینان ئۆگان بۆ پشتیوانی ئەردۆغان یان کلیچدار ئۆغڵو ئەوە بوو کە هیچ سازشێک بۆ کورد نەکەن. واتە دەنگ دەداتە ئەو لایەنەی دژی کوردە.
سینان کە مەرجی بۆ ئەردۆغان دژایەتی کوردە، یان ئەردۆغان کە ئەو مەرجەی قبوڵ کردوە کە سیاسەتە فاشیستەکانی ئەو دەرهەق بە کورد قەبوڵ بکات. دەبێت (هوداپار)یش لە خۆی دووربخەتەوە، کە پارتێكی كوردی ئیسلامییە و دەنگەکانی بۆ ئاکەپە و ئەردۆغانە، رێژەی لایەنگرانی لەنێوان 0.5% بۆ 1%ە لەناوچەكانی باكوری كوردستان دا كارایە و لایەنگرانیشی لە خەڵكە كۆنەپارێزە ئیسلامییەكانی باكوری كوردستانە كە دژی پارتی كرێكارانی كوردستانن. گەر ئەردۆغان هودپار لە خۆی دوورنەخاتەوە، ئەوە دەبێت هوداپار برەوی زیاتر لە جاشایەتی و تورکچێتی بدات، بچێتەوە سەر پلێتە ئەسڵییەکەی کە حیزبوڵڵایە، دەست بداتەوە کورد کوژی.
ڕۆژی یەک شەممە 28ی 5ی 2023 گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، رەجەب تەیب ئەردۆغان: 52% و كەمال كلیچدار ئۆغڵو: 48% دەنگەکانیان بەدەستهێنا و بۆ جاری دووەم ئەردۆغان دەبێتەوە بە سەرۆک کۆمار. دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان سەڵاحەددین دەمیرتاش، لە زیندانەوە لە تویتێکدا رایگەیاند: "شکستمان نەهێناوە، بەردەوام دەبین لەخەبات. ئێمە شکست ناهێنین، با کەس بێهیوا نەبێت هەرگیز خۆمان رادەستناکەین، لەم خەباتە بەردەوام دەبین، بەردەوامی...بەردەوامی".
بەڵام لە باشوری کوردستانەوە بەم جۆره پیرۆزباییان لە ئەردۆغان کرد.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تویتێكدا، ڕایگەیاند: "پیرۆزبایی لە بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەم بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆک کۆماری تورکیا. هیوادارم لەم خولەی سەرۆکایەتیەکەیدا، زیاتر برەو بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا بدەین".
سەلاحەدین موحەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وتی: سەرکەوتنی بەڕێز ئەردۆغان بۆ ویلایەتی نوێی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، روداوێکی گرنگ وسەرەتای سەدەیەکی نوێی تورکیا و ناوچەکەیە..هیوادارم ببێ بەسەرکەوتنی گەلانی تورکیا و مایەی سەقامگیری ئەو وڵاتە و ناوچەکە. بەهیوای چارەسەری کێشەکان، وێڕای پیرۆزکردنی ئەم سەرکەوتنە، ڕێکوپێکی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە جێگای سەرنج وعیبرەتە".
د.عەلی قەرداغی کە فەتوای دا گەلانی تورکیا دەنگ بە ئەردۆغان بدەن، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی وتی: "سەرکەوتنی ئەردۆغان لە تورکیا پیرۆز دەکەم، پیرۆزە لە هەموو ئەوانەی پێشکەوتن و گەشە و ئاوەدانییان خۆشدەوێت، هیوادارین ئەوانەی بانگەشەی ڕەگەزپەرستی و دەرکردنی پەنابەرانیان دەکرد دەرس وەربگرن".
ئەردۆغان سۆزی جێگری سەرۆک کۆماری بە سینان داوە.
خۆ یەکلایکردنەوەی سینان بەلای ئەردۆغان دا پەیامێکی ڕوونە بۆ هەدەپە. کورد و هەدەپە بە قۆناغێکی مەترسیداردا تێدەپەڕێت!
لە سەردەمی ئەردۆغانی سەرۆک کۆمار و سینانی جێگر دا دەوڵەتی تورک بەرامبەر بەکورد فاشیزمتر و خوێنڕێژتر دەبێت!
با کوردیش هەر خەریکی شەڕ و چەلەحانێی چەپ و ئایین و ئایدۆلۆژیا بێت. با هەر دیوارێک بێت لە گۆشت و خوێن و ئێسقان بۆ پاراستنی دراوسێکانی!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست