کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دوای روونکردنەوە ئەمجارە خەستکردنەوە

Tuesday, 23/05/2023, 15:20


خوێندنەویەک بۆ کەسییەتیی مەلا مستەفا، لە دەرەوەی پارتییەوە!
لە کتێبی (زوڵمەتی شۆڕش و ڕۆشناییی ئەدەب)ەوە


مەلا مستەفا، لەپاش ڕووخاندنی کۆماری مەهاباد و هەتا هەرەسی بزووتنەوەی ئەیلوولیش، سیمبۆلی بێهاوتای بزووتنەوەی موقاوەمەتی خەڵکی کورد بوو.  ئەو وەکو باوکێکی ڕووحی، تاپۆ و شکۆیییەکەی، لە ماڵی هەموو کوردێکدا و لە ناخی هەموو تاکێکدا، ئامادەییی هەبوو!
دەستەڵاتی ئەو باوکە ئەفسانەیییە، لە زەوینەی سایکۆلۆژیی سیاسیی کورددا، هێند بەهێز بوو، زریانی هەرەسیش نەیتووانی لە ڕەگەوە هەڵیبکەنێت! وەک دەیبینین، لە زەمان و هەلومەرجێکی دیکەدا، خۆی بەرهەم هێنایەوە. 
هەق وایە، ئێمە مل بەو ڕاستینەیە بدەین، کە مێژووی کورد، لە ڕابردوودا و ئێستاشی لەگەڵ بێت، پاڵەوانێکی زیندووی سەرکەوتووی بەرهەم نەهێناوە و پاڵەوانە مردووەکانیش، لەپاش مەرگیان، بەهەیبەتتر و ئەفسووناویتر خۆ دەنوێنن. ئێمە لە خوێندنەوەی مێژووی خۆماندا، ڕووبەڕووی قارەمانە مردووە ئەفسانەییەکانمان دەبینەوە. مەلا مستەفاش، تەختێکی لەو کاروانسەرای مێژووەدا بۆ خۆی گرتووە، جا با تەختێکی شاهانەی بەزێرنەخشێنراویش نەبێت!
مەلا مستەفا، بە خاڵی ڕەش و گەشییەوە، بە خەسڵەتی چاک و خراپییەوە. بە بزووتنەوەی بەرزان و چوونە مەهابادییەوە، بە پەڕینەوەی بۆ ڕووسیا و گەڕانەوەیەوە، بە ئەیلوول و ئازار و ئاشبەتاڵیەوە، ئەڵقەیەکە لە زنجیرەی خوێناویی مێژووی کورد، ڕەخنەلێگرتن و هەڵدانەوەی هەڵە و پەڵەی خەبات و تێکۆشانیشی، کارێکی زێدە پێویستە و هەر مێژوونووسێکی بەویژدانیش، ئەو کارەی بکات، خزمەتکردنە بە ساخکردنەوەی قۆناغێکی مێژووی ئێمە، بەڵام سووکایەتیپێکردنی، بێحورمەتیپێکردنی مێژووە!
من پێم وایە، مەلا مستەفا زیاتر پێوەندیی بە مێژووی کورد و ڕابردووی پارتییەوە هەیە، نەک ئێستا و داهاتوویان!

 کۆمێنتێکی ناو فەیسبوک:

دەستخۆش، حەیف ئەو کتێبەم نییە.
ئنجا ئێستا ئەوانەی حەزیان لە بیرکردنەوەی لۆجیکی و هی رەخنەگرانە نییە، دەست بە جوێندان و تۆمەت بەشینەوە دەکەن. خۆ لێرە لە قوتابخانەش بەو شێوازە رەخنەگرانە جۆرج واشنگتن دەخوێننەوە. هندیی بەڕێزم بینیوە رەخنە و خوێندنەوەی تەواو جیاوازی لە بۆچوونە باوەکە، لە غاندی هەبووە. بەڵام نازانم جوێنفرۆشی ئێمە بەس جوێن و تۆمەت ڕیز دەکەن!

لە Pishko Necmedinــەوە
بۆ Barzan Ardalan
سوپاس و ڕێز بۆ جەنابتان 
بەداخەوە ئیدی دۆخی نائاساییی سیاسەت توێژێكی جنێوفرۆشی خولقاندووە و هیچ خوێندەوارییەكی نییە

(تێبینی: دوای نووسینی ئەم کۆمێنتەی خوارەوە، کاک پشکۆ نەجمەدین کۆمێنتەکەی لابرد و کەسەکەشی بلۆک کرد)

لە Alan Merdiniــەوە
بۆ Barzan Ardalan
تاوەکو گەنجیت، لە ئیسلامیشدا هەموو شتێک بکە، وەک (دزیی، درۆزنی، دەستبڕین، داوێنپیسی و..هتد) دوای تەمەنێک بچۆ حەجێکی بکە بەسەردا و بۆ ئەو دنیاش شەوێکی (لیلة القدر)ت بە هەزار شەو بۆ حساب دەکرێت.
ئەوەتا لە سیاسەتیشدا خیانەت بکە، کوردبکوژە، ئاشبەتاڵ و هەموو خراپەیەکی دیکە بەرامبەر بە میللەتەکەت بکە، ئیتر نمونەی وەکو تۆ و کاک پشکۆش بە چوار پێنج دێڕ هەموویت بۆ دەسڕنەوە و خراپەکان دەهێننە سەر سفر، بۆ نووسینەوەی مێژووش مەترسە لە ئیستاوە کاک پشکۆ کە خۆی دەڵیت من مێژوو دەخوێنمەوە، بۆ ئەوەشیان چاوپۆشی لە هەموو خیانەتەکان دەکرێت. نمونەی ئەم کاک پشکۆیانەش کە بە جوانی بۆ خائینەکانی دەنووسنەوە، هەر ئەو وانییە ئیتر مێژوو ئاوا دەنووسرێتەوە، ئەوانەی کە کردوویانە و قوربانییان داوە، هەزار نەفرەت و پەشیمانیان بۆ دەمێنێتەوە، کە چۆن بوونە قوربانی و تیاچوون.
کاک پشکۆ روونکردنەوەی پێشووتان زۆر (روون) بوو، بەڵام ئەمجارە باشتان کرد، کە (خەست)تان کردەوە. دەستان خۆش بێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە