کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نهێنییه‌كانی قه‌یرانی داوده‌رمان له‌كوردستان چیه‌؟

Monday, 15/05/2023, 20:29


ئێستا له‌دوای قاچاخچێتی به‌نه‌وت و تلیاك له‌ عێراق، گه‌وره‌ترین شێوازی دزی له‌ژیانی خه‌ڵك و بازرگانی به‌ته‌ندروستی، قاچاخچێتی ده‌رمان و ساغكردنه‌وه‌یه‌تی.
رۆژانه‌ هه‌زاران كه‌س سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كانی حكومه‌ت ئه‌كه‌ن، نه‌ك ده‌رمانی ئاسایی به‌ڵكو توشبوانی نه‌خۆشیه‌ درێژخایه‌نه‌كانی وه‌ك شه‌كره‌ و فشاری خوێن و دڵیش كه‌ زۆربه‌یان پیره‌مێرد و پیره‌ژنی بێ داهات و بێ موچه‌ن، سه‌دان مناڵی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت كه‌ مانگانه‌ ئه‌بێ چاودێری بكرێن، به‌نائومێدی له‌ده‌رمانخانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی حكومه‌ته‌وه‌ ئه‌نێردرێن بۆ ده‌رمانخانه‌ی سه‌رجاده‌كان كه‌ باشترین بازاڕی ساغكردنه‌وه‌ی بازرگانی ده‌رمانن. ئه‌م چه‌رمه‌سه‌ری و قه‌یرانه‌ گه‌وره‌یه‌ش زیاتر به‌رۆكی شار و قه‌زا و ناحیه‌كانی پارێزگا‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ی گرتۆته‌وه‌.  
نهێنیه‌كه‌ی ئه‌م تاوانه‌ ته‌ندروستیه‌ش له‌ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و  -د.رەهێڵ فەرەیدون- وەكیل وەزیری تەندروستیه‌ كه‌ له‌سه‌رپشكی یه‌كێتی ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتووه‌. ساڵ بۆ ساڵ دۆخی نه‌خۆشخانه‌ی حكومی له‌مه‌ترسیدایه‌، به‌ڵام مۆڵه‌تی به‌خشیوه‌ به‌ده‌یان نه‌خۆشخانه‌ی گه‌وره‌ و بچوكی كه‌رتی تایبه‌ت تا به‌دڵی خۆیان هاوڵاتیان بڕوتێننه‌وه‌. 
چونكه‌ خۆی شه‌ریكه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی ده‌رمان و مه‌دخه‌لێكی گه‌وره‌ی ده‌رمانیشی هه‌یه‌ كه‌ براكه‌ی خاوه‌نیه‌تی، به‌هاوكاری بنه‌ماڵه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵیش كۆنترۆڵی بازرگانی ده‌رمانیان كردووه‌ و ساده‌ترین ده‌رمان له‌نه‌خۆشخانه‌ی حكومی ده‌ست ناكه‌وێ، به‌ڵام ده‌گمه‌نترین ده‌رمان له‌ سه‌یده‌لیه‌كانی ناوبازاڕ هه‌یه!!.
دوه‌م تاوانی بریكاری ته‌ندروستی، ئاماده‌ نییه‌ هاوكاری و كارئاسانی بۆ هیچ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی شاره‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ بكات له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌ ته‌ندروستییه‌كانی جیهان كه‌ هاوكاری داوده‌رمان و پێویستی پزیشكی به‌دیاری ئه‌به‌خشن. بۆنمونه‌یش‌ مه‌ترسیه‌كانی هه‌ڵكشانى‌ توشبونی مناڵان به‌هه‌وكردنی په‌رده‌ی مێشك، هه‌ڕه‌شه‌ له‌گیانى هه‌زاران مناڵی پارێزگا‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌كات، چه‌ندین جار په‌یوه‌ندیمان كرد به‌ ((د.ره‌هێڵ فه‌ره‌یدون)) كه‌ ((به‌دكتۆر ره‌زیل)) ناسراوه‌، هیچ وه‌ڵامێكی نه‌بو، ته‌نانه‌ت بۆ یه‌ك جاریش ئاماده‌ نه‌بو كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی ببه‌ستێ له‌باره‌ی ئه‌و مه‌ترسییه‌ كوشنده‌یه كه‌ ژیانی هه‌زاران مناڵی چاوگه‌شی خستۆته‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی مردن‌. ئاماده‌ی كۆبونه‌وه‌ش نیه‌ له‌گه‌ڵ ستافی پزیشكانی ده‌رمانساز و نه‌خۆشخانه‌.
سێه‌م دۆسیه‌ كه‌ دزینی ئه‌و پاره‌ زۆره‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانی دڵسۆزه‌وه‌ به‌نه‌خۆشخانه‌ی هیوا به‌خشرا، مناڵ هه‌بوو ده‌خیله‌ی خۆی پێشكه‌ش كردبو، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستی به‌سه‌ر پاره‌كه‌دا گرت و تائێسته‌یش دۆسیه‌كه‌ هه‌رماوه‌ و بریكاری ته‌ندروستی ڕازی نیه‌ باس بكرێ‌.
لوتكه‌ی ڕیسوایی ئه‌وه‌یه‌ جه‌نابی وه‌زیر و بریكاری ته‌ندروستی خۆیان و مناڵیان له‌باشترین نه‌خۆشخانه‌ی ده‌ره‌وه‌ عیلاج وه‌رئه‌گرن، ئه‌وه‌ش مامه‌ڵه‌ و ویژدانیانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌زاران مناڵی نه‌خۆش  و تووشبوانی شێرپه‌نجه‌ و نه‌خۆشیه‌ درێژخایه‌نه‌كان و دۆخی ته‌ندروستی میلله‌تێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە