کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەترسیەكانی بۆشایی سیاسی و ئیداری لەسەر ئایندەی هەرێمی كوردستان لەچ ئاستێكدایە ؟

Monday, 15/05/2023, 20:17


سەرەتا بۆشایی سیاسی بە واتای چی دێت؟. 

بۆشایی سیاسی لەناو حیزبێكی سیاسیدا  بە مانای نەبونی یەكدەنگی و ناتەبایی و سەرهەڵدانی ڕاو بۆچونی جیاوازدێت  لە چۆنیەتی ئیدارەدانی حیزبەكەدا . یان بە واتایەكی ترلە ئەنجامی نەبونی مەرجەعیەت و مەركەزیەت  دێت لە بڕیارداندا . بەردەوام بونی ئەم بارودۆخەی ناو هەر حیزبێك سەردەكێشێت  بۆ دروستبونی باڵ باڵێن و كیتلەو كیتلەبازی ودواجار لێكترازانی ڕیزەكانی ناو حیزبەكە چونكە لە ئەنجامی ئەو ناكۆكیانە بەرژەوەندی تاكە كەسی زاڵ دەبێت بەسەر بەرژەوەندی گشتیداو لە بری ئەوەی سەركردەكانی حیزبەكە بیر لە بەرژەوەندی دواڕۆژی حیزبەكە بەكەنەوە هەر یەكەیان بیر لە ئایندەی خۆیان دەكەنەوە .
باشترین نمونە بارودۆخی ئیستای ناو یەكێتیە . سەیركەن  ئەو یەكێتیەی  ڕۆژگارێك جێگەی ئومێدو هیوای خەڵك بوو ، لەو پەڕی بەهێزیدا بو ، بزانن لە ئێستادا لەچ بارودۆخێكی خرابدایە . هەموان دەزانن كە ناكۆكیەكانی نێوان سەركردەكانی  یەكێتی لەسەر بەرژەوەندی گشتی و ئایندەی هەرێمی كوردستان نییە و هەموو گرفەتەكان لەسەر بەرژەوەندی خۆیانەو شەڕە لەسەر ئەوەی كامیان كەسی یەكەم بێت و دەست بگرێت بەسەر كۆی سامانی گشتیدا . 

بۆشایی سیاسی لە نێوان دوو یان چەند حیزبێكی سیاسیدا :

بۆ ڕونكردنەوەی ئەمەش باشترین نمونە  پەیوەندیەكانی نێوان پارتی و یەكێتیە كە چۆن بۆتە هۆكاری ئەوەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەرەو ئاكارێكی زۆر خرابدا بڕوات . ئەم دوو حیزبە  بەردەوام دژایەتی یەكتری دەكەن و هەوڵی لەناوبردنی یەكتری دەدەن . هەر لەبەر ئەو هۆكارانایە  لە ماوەی 30 ساڵی ڕابوردودا هەرگیز نەیان توانیوە حكومەتێكی یەكگرتوی بە هێز دروست بكەن .  بۆشایی سیاسیەكە لێرەوە دەست پێ دەكات : 
بە هۆی ئەوەی پارتی حیزبی باڵادەستەو زۆرینەی پەڕلەمانی هەیەو پۆستی  سەرۆك وەزیران و سەرۆكی هەرێمی لە دەستدایە ، دەیانەوێت هەرخۆشیان خاوەن بڕیاربن . پارتیش لە بری ئەوەی بەرژەوەندی گشتی  بخاتە پێش بەرژەوەندی خۆیانەوە بەردەوام  لە هەوڵی ئەوەدان خۆیان بكەنە خاوەنی هەموو شتێك .  لە ئەنجامی ئەوەدا هەرگیز حكومەتێكی بەهێزدروست نەبوە كەخاوەنی یەك بڕیاربێت و  كار بۆ بەرژەوەندی گشتی بكەن . تا ئێستاش كەس نازانێت ڕێكەوتنی 50 ساڵەی نێوان پارتی و حكومەتی توركیا چۆنەو كەسیش ئاگاداری دۆسیەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت نیێە . 
ئیستا بە چاوی خۆتان دەبینن  كە ماوەیەكی زۆرە جێگری سەرۆكی حكومەت كە لە پشكی یەكێتییە  بایكۆتی كۆبونەوەكانی ئەنجوكەنی وەزیرانی كردوە و تیمی وەزاری یەكێتیش بەشداری حكومەت ناكات . لە كاتێكدا ناكۆكی  سیاسی  لە ناو دوو حیزبی سیاسیدا دروست دەبێت ولە هەمان كاتیشدا بەیەكەوە حكومەتیان پێك هێناوە ، بۆشاییەكی سیاسی دروست دەبێت و گروپ و حیزب و لایەنی تریش كە لە مەیدانەكەدا هەن و بەشداری حكومەت نین و خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن سەریان قوت دەكەنەوەو ئەوانیش بە دوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن و دەبنە لایەنگرو پاڵپشتی ئەم یان ئەو حیزب . واتە بەرژەوەندیان لەگەڵ كام لایەنی حكومەتدا بێت لەگەڵ ئەو لایەنە نزیك دەبنەوە . 
گومانی تێدا نییە كە بەرژەوەندی حیزبی و تاكە كەسی زاڵ دەبێت بەسەر بەرژەوەندی گشتیدا . كەواتە تا دێت بارو دۆخەكە  خرابترو خرابتر دەبێت و بارودۆخی خەڵكیش زیاتر بەرەو خراپی دەچێت . بۆ نمونە حیزبە ئیسلامیەكانی  ئیستای هەرێمی كوردستان لە ئەنجامی ئەو بۆشاییە سیاسیەی نێوان  پارتی یەكێتی   دروست بون و گەشەیان كرد . هەرێمی كوردستان وڵاتێكی سەربەخۆ نییەو لە ئەنجامی شەڕی كەنداو نەمانی دەسەڵاتی حیزبی بەعس  بوو بە خاوەنی هەرێمێكی سەربەخۆی خاوەن حكومەت و پەڕلەمان  بەڵام لەناوچوار چێوەی حكومەتی عێراقیدا. 
ئەو بۆشاییە سیاسیەی بە هۆكاری ناكۆكیەكانی  نێوان پارتی و یەكێتی دروستبوەو تا ئێستا هەرێمی كوردستان نەبوۆتە خاوەنی حكومەتێكی یەكگرتوی بەهێز، ئەمەش ڕێگای خۆشكردوە بۆ ئەوەی زۆر بە ئاسانی وڵاتانی دراوسێ دەست بخەنە ناو كاروباری هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بۆشاییە سیاسیەكە بقۆزنەوە . بە ئاشكرا دیارە سنوری سەوز لە ئێرانەوە نزیكەو سنووری زەردیش لە توركیا . هەردو وڵاتی دراوسێش حەز بەوە ناكەن هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی حكومەتێكی بەهێزی خاوەن پێگەو دەسەڵات . 
ئەم بۆشاییەسیاسەی  لە هەرێمی كوردستان دروست بوە بە هۆی ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتییەوە  سەری كێشاوە بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بە تەواوی لەناو بچێت . لە ئەنجامی ناتەبایی  یەكێتی و پارتی و بڕیاری تاك لایەنەی بارزانی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەموو ناوچە دابڕینراوەكانمان بە كەركوكیشەوە لە دەستدا .
 ئەوەتا ئابوری هەرێمی كوردستانیش  كۆتایی هات و بەناچاری نەوت تەسلیم بە بەغدا كرایەوە . ئیستا كار گەیشتۆتە ئەوەی یەكێتی بە جیا دەچێتە بەغداو داوای بودجەی زونی سەوز دەكات . گومانی تێدا نییە  كە حكومەتی عێراقیش  خۆشحاڵە بە بونی ئەو ناكۆكیانەی نێوان  یەكێتی و پارتی و ئەو بۆشاییە سیاسیەی بە هۆی ئەوناكوكیانەی ئەوانە دروست بوە هەرێمی كوردستانی تەواو لاواز كردوە.
هەموو ئەو پەرتەوازەیی و لێكترازانەی لە نێو خۆی حیزبەكانی هەرێم و لەناوكۆی جەماوەری هەرێمی كوردستاندا ڕودەدات ، هۆكارەكەی ئەو بۆشاییە سیاسیەیە كە بە پلەی یەكەم  لە ئەنجامی ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی دروست بون و مێژوی ئەو ناكۆكیانەش  دەگەڕیتەوە  بۆ ئەو لێكترازانەی ساڵی 1964 لە نێوان مەلا مستەفاو  باڵی مەكتەبی سیاسی  پارتی دێموكراتی كوردستان ڕوی داو تا ئیستاش كاریگەرییە نەرێنی و خراپەكانی هەر بەردەوامە . 

بۆشایی ئیداری چییە ولە چییەوە سەرچاوە دەگرێت ؟.

 بۆشایی ئیداری  بە مانای نەبونی حكومەتێكی بە هێزی تەكنۆكرات  دێت . ئەوەش بە مانای ئەوە دێت كە ئەو حكومەتە لە لایەن كەسانی پسپۆڕو شارەزاو لێزانەوە بەرێوە ناچێت . واتە پڕنسیپی دانانی كەسی شیاو لە شوێنی شیاو دانەنراوەوبڕیاری حیزب و میزاجی شەخشی ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت لە دانانی بەرپرسانی باڵای حكومەت . ئەو كات لێپرسینەوەو بەدواداچون بۆ كارەكانی بەرپرسانی باڵای حكومەت ناكرێت و مەبەدەئی پاداشت و سزاش نامێنیت و حكومەت بە تاواوی دەكەوێتە برشاییەكی ئیداریەوەوڕۆتینیات زۆر دەبێت و كارو باری هاوڵاتیان بە باشی جێبەجێ ناكرێت و ڕێك وەكو ئیستا. واتە حكومەتێك لە بۆشایی ئیداریدا.

هۆكاری بونی بۆشایی ئیداری چییە؟.

زوربەی زۆری كێشەو گرفتەكانی بۆشایی ئیداری لە ئەنجامی كێشەی سیاسیەوە سەرچاوە دەگرن . كەواتە بۆشایی سیاسی و ئیداری پەیوەندی ڕاستەو خۆیان بە یەكەوە هەیەو هەر یەكەیان كار لە ئەوی تریان دەكات . زۆر جار لە وڵاتە زۆر پێشكەوتوەكان و دێموكراتەكانی دنیاش كێشەی سیاسی دروست دەبێت بەڵام  وەكو لای ئێمەو ناگاتە ئاستی مریشكە ڕەشە .
 بۆ نمونە زۆر جار لە ئیسڕائیل  كە لە كاتی هەڵبژارنەكاندا  حیزبێك زۆرینە بەدەست ناهێنێت  بۆپیك هێمانی حكومەت ، ناچار دەبن حكومەتێك لە چەند حیزبێك پێك بهێنن . ئەو كات زۆر دام و دەزگا توشی شەلەل دەبن و كارەكان وەكو چۆن پێویستە ئاوا ناڕوات بە ڕێوە  چونكە هەر حیزبە ئەجینداو داواكاری خۆی هەیە .
 بەڵام ئەگەر حیزبێك بە تەنیا بتوانێت حكومەت پێك بهێنێت ، بە ویستی خۆی دەتوانێت بەرنامەكەی خۆی  بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە . بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نییە حیزبی براوە بە ئارەزوی خۆی هەموو بڕیارێك بدات چونكە ئەودەوڵەتانە خاوەنی موئەسەساتی بەهێزن و كەس ناتوانێت لە هێڵە گشتییەكان لابدات  . سەرۆكی گەوەترین وڵاتی وەكو ئەمەریكا بەبێ ڕاوێژ ناتوانێت خۆی بەتەنها بڕیاری گرنگ و چارەنوس ساز بدات  كە پەیوەندی بە ئایندەی ئەمەریكاوە هەیە .  بۆشایی ئیداری لە هەموو وڵاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە جگە لە ئیسڕائیل . من لێرەدا دەمەوێت بە تایبەتی ئاماژە بەو بۆشاییە ئیداریە بكەم  كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیەو كاریگەریە نەرێنیەكانی لەسەر ئایندەی هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە ؟. 
ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بۆتە هۆكاری دروستبونی بۆشاییەكی سیاسی زۆر گەورە لە هەرێمی كوردستان و ئەم بۆشاییە سیاسیەش  بۆشایی ئیداری بەدوای خۆیدا هێناوەو لە ماوەی  زیاتر لە 30 ساڵی حوكمڕانی یەكێتی و پارتی بە یەكەوە ناشیرینترین  نمونەی حوكمڕانیان  نیشانداوە . سەرنجی ئەم نمونانەی خوارەوە بدە: 
ئەوەتا بە ئاشكرا لە دابەشكردنی  پارە بۆ مەبەستی موچەو خزمەت گوزاری جیاوازی دەكرێت و بەشی شێر  بۆ سنووری پارتییە . بەناو وەزارەتی پێشمەرگەو وەزیری پێشمەرگە هەیە ، بەڵام بەردەوام پارتی لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە هێزی تایبەت بۆخۆی دروست دەكات .  كەواتە  بۆشایی ئیداری لە هەرێمی كوردستان ئەوەندە گەورەیە ، نمونەی نییە لە جیهاندا . بۆشاییە ئیداریەكەی هەرێمی كوردستان ئەنجامە . ئەنجامی بۆشاییە سیاسیەكەی  هەرێمی كوردستانە كە یەكێتی و پارتی لێی بەرپرسیارن .  پێشم وایە تا پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی  بەم شێوەیەی ئێستا  بێت ،  كێشە ئیداریەكانیش چارەسەر ناكرێن و هەر وەكو خۆیان دەمێننەوە . 
مەترسیە گەورەكەی بۆشایی ئیداری لە هەرێمی كوردستان لێرەدایە :
حكومەتە پێشكەوتوەكانی دنیا خاوەنی موئەسەساتی بناغە بۆ داڕێژراون و لە ڕێگای ئەم موئەسەساتانەوە حكومەت بەڕیێوە دەچێت  نەك لە ڕێگای تاكە كەسییەوە . بۆ نەمونە : وڵاتێكی وەكو ئەڵمانیا وەزیری بەرگریەكەی  ئافرەتێكە  لەوانە بە درێژایی تەمەنی  فیشەكێكی نەتەقاندبێت .  جێنین پلاسخارت  كە ئێستا نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكانە لە عێراق و  هەرێمی كوردستان ، پێشتر وەزیری بەرگری وڵاتی هۆڵەندا بوە .  كەواتە  پۆستی وەزیرێك زیاتر پڕۆتۆكۆلییەو موئەسەساتی وەزارەتەكەیە  كە بەرنامەی بۆئایندەی  وەزارەتەكەی و  وڵاتە كە  دەدەنێت . 
بەڵام كێشەی گەورەی هەرێمی كوردستان ئەوەیە ، كە زۆربە دەگمەن  كەسی شیاو لە شوێنی شیاوی خۆی دانراوە . واتە  كەسانی شارەزاو پسپۆڕ نەدۆزراونە   بۆ پۆستە گرنگەكان و هەمویان لەسەر پشك پشكێنەی حیزبی دانراون هیچ لە كارەكەیان نازانن . كەواتە لە حكومەتەكەی ئێمەدا شوێن دەدۆزرێوەتەوە  بۆكەسێك نەك كەسێكی شیاو دەدۆزرێتەوە بۆشوێنێك . 
 كێشەكە هەر ئەوە نییە ئەو وەزیرانە  شارەزای كارەكانیان نین ، كێشەكە ئەوەیە بەرپرسەكانی خوار وەزیر تا خواری خوارەوە  ئەوەی سەرەداوێكی بەدەستەوە بێت  هەر حیزبین و لەسەر بنەمای حیزبی دانراون و هیچ نازانن . ئەوانەشی كە شارەزان لە كارەكانیاندا چونكە حیزبی نین بڕیار بەدەست نین و كەس حسابیان بۆ ناكات و ئەوانیش زۆر گرنگی بەكارەكانیان نادەن . بۆیە دەبینی كاروباری  فەرمانگەكان هەموی بۆتە ڕؤتینیات و ئیشێك  كە ماوەی هەفتەیەكی پێویست بێت لە فرمانگەیەك ، بە 6 مانگ تەواو نابێت .
لە هەمووئەمانە نمەترسیدارتر بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان ئەمەی خوارەوەیە :
ماوەی 10 ساڵ زیاترە ژمارەیەكی زۆر كەم نەبێت لە دام و دەزگاكانی حكومەت دانەمەزراون .   بەردەوامیش  ساڵانە ژماریەكی زۆر لە فەرمانبەرو مامۆستاو ئەندازیار و دادوەرو  واتە لە هەموو بوارەكاندا  خانە نشین دەبن كە ئەوانە بە حوكمی ئەوەی ماوەی چەندین ساڵ كاریان كردوە ، هەمویان پسپۆڕو شارەزان لە كارەكانیاندا .  لە كاتێكدا ئەم كەسە شارەزایانە لە بوارە جیا جیاكاندا خانە نشین دەبن ، كەس نییە جێگایان بگرێتەوە  چونكە  چەندین ساڵە كەس دانامەزرێنراوە بۆئەوەی  شارەزای كاری ئیداری بكرێن و جێگای ئەوانە بگرنەوە كە خانە نشین دەكرێن. خۆ ئەگەر خوانەخواستە كەسێكیش  دامەزێنرێت ئەوە  لەسەر بنەمای حیزبی بون و خزم خزمێنەی ناو حیزب دەبێت و هیچ شارەزاییەكی نییە .    
كەواتە دوای چەند ساڵێكی تر دام و دەزگاكانی حكومەت  بە تەواوی پەكیان دەكەوێت و ڕؤتینیات زۆر دەبێت هاوڵاتیان ماوەیەكی زۆر لە چاوەڕوانیدابن بۆ ئەوەی كارەكانیان بۆ جێبەجێ بكرێت . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە