کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نه‌خۆشییه‌کانی عه‌ره‌ب!

Saturday, 06/05/2023, 12:32


نۆبواکی نۆتۆ هارا گه‌ڕیده‌ و کۆمه‌ڵناسێکی یابانیه‌ که‌ زیاتر له‌ 40 ساڵی ته‌مه‌نی له‌نێو عه‌ره‌بدا به‌سه‌ر بردووه‌ . ئه‌و ده‌یان  شار ، دێهات و ناوچه‌ی وڵاتانی جۆراوجۆری عه‌ره‌بی  گه‌ڕاوه‌. سه‌رجه‌م سه‌رنج و تێگه‌یشتنه‌کانی خۆیی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ عه‌ره‌بیه‌کان و هۆکاری دواکه‌وتویی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی له‌ دووتوێی کتێبێکدا خستوه‌ته‌ ڕوو که‌ له‌ ساڵی 2003 ده‌زگایی ( جمل) به‌ زمانی عه‌ره‌بی چاپی کردووه‌.
گرنگترین تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی له‌ ڕوانگه‌ی (نۆبواکی) یه‌وه‌  بریتیه‌ له‌: 
- کێشه‌ی عه‌ره‌ب ( هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م حوکمه‌ سه‌رجه‌م موسوڵمانان ده‌گرێته‌وه‌) ئه‌وه‌یه‌ که‌ پێیان وایه‌ ئاینه‌که‌یان هه‌موو زانستێکی پێداون ، کتێبه‌ پیرۆزه‌که‌یان ( قورئان) هه‌موو زانستێکی تێدایه‌! کابرایه‌کم ناسی 20 ساڵی ڕه‌به‌ق جگه‌ له‌و کتێبه‌ هیچ شتێکی تری نه‌ ده‌خوێنده‌وه‌ ! دواجار که‌ بینیم هیچ نه‌گۆڕابوو، به‌رده‌وام هه‌رخه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی هه‌مان کتێب بوو!
- گرنگترین شتێك که‌ مرۆڤ هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ فێر ده‌کرێت ، ئاین و پابه‌ندی ئاینیه‌. که‌چی هه‌رگیز ئه‌م ئاینداریه‌ نه‌یتوانی به‌ر به‌گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقی بگرێت و ئاستی ڕێزگرتنی مرۆڤ له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌دا به‌رێته‌ سه‌ر! ئه‌وان چه‌نده‌ پابه‌ندی بنه‌ما ئاینیه‌کانن ، هێنده‌ش گه‌نده‌ڵن!
- بۆ ئه‌وه‌ی له‌ که‌سایه‌تی عه‌ره‌ب بگه‌یت ، ده‌بێت له‌ مه‌فهومی ( حه‌ڵاڵ و حه‌رام بگه‌یت) له‌ زۆر حاڵه‌تدا ئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌ حه‌رامی ده‌زانن باشتر و زانستی تره‌ ، ئه‌وه‌شی به‌ حه‌ڵاڵی ده‌زانن خراپتر و بێ ڕه‌وشتانه‌ تره‌!
- له‌ کۆمه‌ڵگه‌ عه‌ره‌بیه‌کاندا ده‌رکه‌وتنی تاڵێك مووی سه‌ری ژن یان به‌شێکی جه‌سته‌ی نیشانه‌ی بێ ڕه‌وشتیه‌! به‌ڵام ئاساییه‌ پیاوێك چوار هاوسه‌ری هه‌بێت له‌ یه‌ك کاتدا وناوه‌نجیه‌که‌یان له‌ ته‌مه‌نی کچه‌که‌یدابێت و  هیچ کێشه‌یه‌کی ڕه‌وشتیشی نیه‌!
- ڕه‌نگه‌ بۆ ئێمه‌ یابانیه‌کان زۆر قورسبێت تێبگه‌ین که‌ نوسه‌ر و ڕۆشنبیره‌ عه‌ره‌به‌کان هه‌میشه‌ پشتیوانی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن! به‌شێك له‌ به‌رهه‌مه‌کانیان پیاهه‌ڵدانی سه‌رۆك و کاربه‌ده‌سته‌ باڵا ده‌سته‌کانه‌! هه‌روه‌ها به‌بۆنه‌ و بێ بۆنه‌ وێنه‌ی سه‌رۆکه‌کانیان له‌ لایه‌ن ژماره‌یه‌کی زۆری خه‌ڵکه‌وه‌ به‌رزده‌کرێته‌وه‌، له‌ فه‌رمانگه‌ و شه‌قام و ته‌نانه‌ت له‌ ماڵه‌کانیشیانا هه‌ڵده‌واسرێت!
- کۆمه‌ڵگه‌ عه‌ره‌بیه‌کان سیخناخن به‌ یه‌ك بیروباوه‌ڕ و ڕوانگه‌ له‌سه‌ر تۆنی یه‌ك ده‌سه‌ڵاتدار تامردن. بۆیه‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن هه‌موویان وه‌ك یه‌ك بیربکه‌نه‌وه‌ و وه‌ك یه‌ك جلوبه‌رگ له‌به‌رکه‌ن ، له‌ زۆر بواردا جیاوازی جۆرێکه‌ له‌ تاوان!
- ئێمه‌ یابانیه‌کان ئه‌زموونێکی تاڵمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ جه‌نه‌ڕاڵه‌ سه‌ربازیه‌کان . عه‌ره‌به‌کان هێشتا تێنه‌گه‌شتون که‌ ده‌سه‌ڵات په‌یداکردنی سوپا به‌سه‌ر میلله‌تدا جگه‌ له‌وه‌ی ده‌بێته‌ هۆی به‌رپاکردنی جه‌نگی شێتانه‌ ، وڵاتیش وێران ده‌کات.
- به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخ زۆر له‌ توانای که‌سێك یان چه‌ند سه‌رکرده‌یه‌ك گه‌وره‌تره‌ ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ زۆر به‌هێز و تواناشبێت. لای عه‌ره‌به‌کان شتێك نیه‌ ناوی دامه‌زراوه‌بێت . سه‌رۆکه‌کان هه‌مه‌کاره‌ن ، بۆیه‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست لانکه‌ی ملهوڕی و ده‌سه‌ڵاته‌ تۆتیالیتار و دکتاتۆره‌کانه‌.
- پیاوی عه‌ره‌بی که‌ ده‌چێته‌ بازار و فه‌رمانگه‌کان مل به‌ هه‌موو فه‌رمان و ملهوڕیه‌کی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌کانی ده‌دات ، جۆره‌ها سوکایه‌تی و بێمافی قبوڵ ده‌کات، به‌ڵام له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌بێت به‌سه‌ر هاوسه‌ر و منداڵه‌کانیدا زاڵبێت و زۆرجاریش بۆ داسه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی کوته‌کاریان ده‌کات! ئه‌م دوو ڕوییه‌ مرۆڤگه‌لێکی گه‌نده‌ڵ ، درۆزن، بێ ئیراده‌ و چه‌پێنراوی لێده‌که‌وێته‌وه‌.
- له‌ کۆمه‌ڵگه‌کانی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ( یابان) هه‌موو ڕۆژێك شتی نوێ فێر ده‌بین و زانیاری نوێ به‌ خه‌رمانه‌ی زانیاریه‌کانمان زیاد ده‌که‌ین. به‌ پێچه‌وانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ عه‌ره‌بیه‌کان که‌ له‌سه‌ر زانیاریه‌کانی ڕابردوو ده‌ژین.
- له‌ جیهانی ئه‌مڕۆدا کۆمه‌ڵگه‌کان چاویان له‌ داهاتووه‌ و پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یانه‌ به‌س نیه‌ و ده‌بێت بۆ داهاتوو بژین. ڕێك به‌ پێچه‌وانه‌ی عه‌ره‌به‌کانه‌وه‌ که‌ پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆیان خراپه‌ ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ڕابردوو، چونکه‌ پێیان وایه‌ باوباپیرانیان له‌ هه‌موو بوارێکدا گه‌شتونه‌ته‌ حاڵه‌تی کامڵ بوون!!
- هه‌ست نه‌کردن به‌ لێپرسراویه‌تی له‌ سیما زه‌قه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ عه‌ره‌بیه‌کانه‌. ئه‌مه‌ وایکردووه‌ زۆر به‌ زه‌حمه‌ت خائن و نیشتمانپه‌روه‌ر ، قوربانی  و جه‌لاد ، جیاده‌که‌یته‌وه‌. 
- هه‌رگیزحکومه‌ت به‌ گرنگیپێدانه‌وه‌ هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ میلله‌تدا ناکات، به‌ڵکه‌ هه‌م فریویان ده‌دات و هه‌م گاڵته‌شیان پێده‌کات!
- هه‌ست به‌ ناڕه‌حه‌تی و نائارامی و توڕه‌یی سه‌راپایی کۆمه‌ڵگه‌ عه‌ره‌بیه‌کانی ته‌نیوه‌. به‌ڕاده‌یه‌ك نائارامی ، ڕق و کینه‌ و توندوتیژی له‌شه‌قامی شاره‌کاندا شه‌پۆلده‌دت!
- که‌ هاوڵاتیه‌کی عه‌ره‌بی موڵکی گشتی تاڵان و وێران ده‌کات ، پێی وایه‌ زیان به‌ حکومه‌ت ده‌گه‌یه‌نێت ! چونکه‌ ئه‌و پیوایه‌ سامانی گشتی موڵکی حکومه‌ته‌ نه‌ك ئه‌و!
- هێشتا له‌ سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بیدا  شکاندن ،سه‌رکوت، ترساندن ولێدان به‌شێکن له په‌روه‌رده‌ی منداڵان! که‌چی هه‌ندێك ڕۆشنبیریان ده‌پرسن داخۆ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکوتگه‌ر له‌ کوێوه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌؟!
- شه‌رف و شه‌رمه‌زاری دوو بنه‌مایی ئه‌خلاقین که‌ عه‌ره‌به‌کان زۆری جه‌ختی له‌ سه‌ر ده‌که‌نه‌وه‌ ، له‌ کاتێکدا هه‌رگیز پابه‌ندی نابن!  
- عه‌ره‌به‌کان بیرکردنه‌وه‌یه‌کی زۆر پێچه‌وانه‌یان هه‌یه‌ له‌سه‌ر سێکس ، به‌ ڕواڵه‌ت سێکس به‌ پیس ده‌زانن و ده‌بێت دوای سێکس له‌ش پیسبوونی خۆیان ده‌رکه‌ن ئینجا نوێژ بکه‌ن ، به‌ڵام به‌ کرده‌وه‌ په‌یوه‌ندی ژن و پیاویان تا ئاستی په‌یوه‌ندیه‌کی سێکسی بچوكکردوه‌ته‌وه‌. ئه‌وان ژن ته‌نیا به‌ که‌ره‌سته‌ی سێکس وێنا ده‌که‌ن و له‌ ئاوه‌زی خه‌وتویاندا سێکس پاڵنه‌ری زۆربه‌ی ڕه‌فتاره‌کانیانه‌! ته‌نانه‌ت له‌ بیروڕای ئاینیه‌که‌شیاندا ، پاداشتی خۆدا بۆ باوه‌ڕداره‌کانی جگه‌ له‌ سێکس شتێکی ئه‌وتۆی تر نیه‌!
- له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بیدا مردوه‌کان ڕێڕه‌وی ژیانی زیندوه‌کان دیاری ده‌که‌ن ! که‌ چی ڕۆژ تا ئێواره‌ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنیان باسی دیموکراتی ده‌که‌ن! 
-له‌ ڕاستیدا ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین ، هه‌موو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی (نۆبواکی) باسیان ده‌کات ، کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیش به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە