سودانییەک بۆ کوردستان
Thursday, 04/05/2023, 22:36
لەدوای رووخانی رژێمی سەدام ، وەزعی عیراق و هەرێمی کوردستان لەزۆر رووەوە لێکچوون . لەوێ لەگەڵ نەمانی تارمایی رژێم حزبە دەسەڵاتدارەکان کەوتنە ناو گەندەڵییەکەی بێسنووری بێزارکەر لەمێژووی عیراقدا ، ئەویش لەبەر ئەوەی زۆربەی حکومەتەکانی دوای رووخانی رژێم لاوازو بێدەسەڵات بوون بەرامبەر بە حزبە خاوەن میلیشیا چەکدارەکان ، جگە لەوەی هەموو حکومەتەکان لەسەر ئەساسێکی تائیفی و پشکپشکێنە دادەمەزران ، ئەمەش رێگەی خۆشکرد بۆ بڵاوبوونەوەی گەندەڵی بەشێوە فراوانەکەی کە هەموو دامودەزگاکانی وڵاتی گرتەوە ، چونکە حکومەت لەبێدەسەڵاتی نەیتوانی محاسەبەی هیچ لایەنێک بکات بە حوکمی پشت قاییمبوونیان بە تائیفەو ئینتمای نەتەوەییەوە ، بەمەش نوخبە سیاسییەکان بەهەموو پێکهاتەکانەوە خزانە نێو گەندەڵی و کەس نەیدەتوانی محاسەبەی ئەویتر بکات . هەڵبەت کوردیش وەک بەشدار لەدەسەڵاتی بەغدا ئەویش بەشی خۆی بەرکەوت لەم گەندەڵییەو ئەویش بەبێ محاسەبە لێی دەرچوو .
ئەم گەندەڵییە کە سەرتاپای دەسەڵاتی عیراقی گرتبووەوە لەگەڵ دەرکەوتنی ناڕەزاییەکانی شارەکانی عیراق و خۆپیشاندانە فراوانەکانی تشرین ، ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بەخەبەر هێنایەوە لەئاست مەترسی لەدەستچوونی وەزعی عیراق . بۆیە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی کەوتنە داڕشتنی پلانێکی تازە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی وەزعی عیراق و پێشگرتن لەهەر رووداوێکی نەخوازراو کە بەرژەوەندییەکانیان بخاتە مەترسییەوە . سەرەتا فشاریان خستە سەر دەسەڵات کە بە هیچ شێوەیەک تووندوتییژی دژ بە خۆپیشاندەران بەکار نەهێنن ، ودواتر پلانیان دانا بۆ رێکخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعیراقدا .
ئیدی هەڵبژاردن سازکراو بووە خاڵێکی وەرچەرخانی زۆر گەورە لەهاوکێشە سیاسییەکەی دوای رووخانی رژێمی سەدام . بۆ یەکەمجار حزبە تەقلیدییە خاوەن نفووزەکانی عیراق شکستێکی زۆر گەورەیان تووشهات و جەماوەرێکی زۆریان لەدەستچوو . بەمەش دەسەڵاتەکانیان سنووردار کران و بە ناچاری چوونە ناو هاوپەیمانییەک بەناوی ( چوارچێوەی هەماهەنگی ) بۆ ئەوەی لانێکەم بتوانن بەشێک لەبەرژەوەندیەکانیان بپارێزن . سوونەکانیش هەمان شکستیان تووشهات و ئەوانیش رۆڵیان لەدەستداو بوونە بەشێک لەهاوپەیمانییە دەسەڵاتدارەکە .
هێنانی محمد شەیاع سودانی بەلای منەوە بەشێک بوو لەپلانەکەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی . چونکە دەبێ بزانین سودانی کە هیچ حزبێکی لەپشت نیەو تەنانەت کوتلەیەکی پەرلەمانیشی نیە ، چۆن توانی بەم هەموو هێزەوە بێتە مەیدانەکەو ببێتە یەکێک لەکاریگەرترین سەرۆک حکومەتەکانی عیراق ؟.ئـیستا هەموومان ئەبینین کەوا سەرکردە تەقلیدییەکانی وەکو مالیکی وعەبادی و حەکیم وخەزعەلی و تەنانەت موقتەدا صەدریش رۆڵێکی ئەوتۆیان نەماوە لەحوکمڕانی عیراقدا ، تەنانەت ئێستا لەراگەیاندنەکانیش دوور کەوتوونەتەوەو رێگایان پێنادرێ وەکو جاران دەرکەون. پێموایە ئەو پلانەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بۆ بەشەکەی عیراق دایانڕشتو بەرەو گۆڕانکارییەکەی گەورە دەبەن ، ئیجرائاتەکانی سودانیش بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و دادگاییکردنی گەندەڵکاران و گێڕانەوەی سامانە دزراوەکان و هەوڵدانی بۆ پێشخستنی ئابووری عیراق و گەشەپێدانی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان ، ئەمانە هیچیان بە بێ پاڵپشتی ئەمریکا سەری نەئەگرت . دەبێ دییقەت لەلێدوانێکی مالیکی بدەین کە رەخنەی تووندی لەسودانی گرت گوایە هەفتەی جارێک ودووان لەگەڵ بالوێزی ئەمریکا کۆ دەبێتەوە . ئەمەش مانای ئەوەیە سودانی تەنسیقێکی باشی لەگەڵ لایەنی ئەمریکا هەیە بۆ گۆڕانکارییەکانی لەعیراقدا .
پێموایە هەمان پلانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستانیش بەڕێوەیە . هیچ بەدووری نازانم ئەم هەڵبژاردنەی داهاتووی کوردستان هەمانشێوەی عیراق حزبە تەقلیدییەکان شکست پێبهێنێ و ، تاقمێکی نوێی سیاسی دەسەڵات بگرنە دەست .چونکە ناکرێ هەرێمی کوردستان لەم گۆڕانکارییە مەزنەی عیراق بەدەر بێت کە مەبەستی چارەسەری قەیرانی حوکمڕانییە لەوڵات ، هەڵبەت ئەمریکا باش ئەزانی ئەم نوخبە سیاسییە تەقلیدییەی کوردستانیش شکستی هێناوە لەحوکمڕانییەکی تەندروست ئەوانیش ئێکسپایەر بوونەو پێویستە هەرێمیش حکومەتێکی تازەی هەبێت و سودانییەکی کورد دەسەڵات بگرێتە دەست .
جارێ پێش هەمو شتێک هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستان تەگەرەی زۆری لەبەردەمدایە ، ئەگەری ئەوە هەیە یان هەڵبژاردنەکە نەکرێ ، یاخود ئەگەر بشکرێ حزبە کوردستانیە ناڕازییەکان بایکۆتی بکەن ، لەم حاڵەتەشدا ئەگەر پارتی جورئەتی ئەوەی کرد لەگەڵ پێکهاتەکان وهەندی حزبی ملشۆڕی خۆی هەڵبژاردنێکی تاکلایەنە بەڕێوە ببات ، ئەوسا ناڕەزایەتی شەقام زۆر تووندتر رووئەدات و دووریش نیە لایەنگرانی حزبە ناڕازییەکانیش بەشداری تێدا بکەن ، بەمەش وەزعێکی ئاڵۆزو تۆقێنەر دێتە ئاراوە کە پێموایە لەو کاتەدا پلانەکەی ئەمریکا زۆر پێشدەخرێ و هێنانی حکومەتێکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم دەبێتە چارەسەرێکی پێویست بۆ ئەوەی کاربکات لەماوەی ساڵێکدا هەڵبژاردنێکی راستەقیینەی پاکوبێگەرد لەهەرێم بەڕێوە بچێت . قەناعەتم وایە ئەم دەسەڵاتە تەقلیدییەی ئێستای کوردستانیش تەمەنی کۆتایی هاتووەو هەمان چارەنووسی حزبەکانی عیراق چاوەڕێیان دەکات ، نوخبەیەکی سیاسی نوێ دێنە سەر دەسەڵات . ئیدی با چاوەڕێ بین ..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست