کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

ئاسۆ حاجی

یەکێک لە نووسەر و قەڵەمفرۆشەکانی سەر بە دەسەڵات


بۆ مەسرور بارزانی کراوە بە ئامانج؟

Tuesday, 18/04/2023, 18:57


لە مێژووی هەموو میللەتان کاتێک وەچەرخانێک لە شێوازی حوکمڕانی و مێژوویی دروست دەبێت، ئەو وەچەرخانە گۆڕانکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت. گۆڕانکاریش بە ئاسانی و بە زوویی قبوڵناکرێت، بە تایبەتیش لەلایەن هەموو ئەو کەس و لایەنانەی وا هەست دەکەن، ئەو گۆڕانکاریانە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەوانن، ئەوە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی دووبارە بۆتەوە، لە چیڕۆکی پەیامبەر و فەیلەسوف و رابەرانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە روونی ئەو بۆچوونە دیارە و سەلمێندراوە.
ئێستا کە مەسرور بارزانی لەلایەن هەندێک کەس و لایەن بۆتە ئامانجی گوتاری سیاسی و میدیاییان، دووبارە بوونەوەی هەمان چیڕۆک و ئەزموون و مێژووە، ئەوان تەحەمول و تەقبوڵی ئەو گۆڕانکارییانە ناتوانن بکەن، کە دەوڵەتدارییەکەی مەسرور بارزانی لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی.
لەگەڵ بوونی بە سەرۆک وەزیران، ئەگەری گۆڕانکارییەکان لە شێوازی حوکمڕانی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵات، بووە باسی خەڵک و لایەنەکان، هەر یەکەو لە روانگە و تێگەیشتن و بەرژەوەندی خۆی پێشبینی خۆی دەخستە روو و بۆچوونی خۆی لەو بارەییەوە دەردەبڕی، هەندێک باسی هاتنی حوکمڕانییەکی توند و نەرێنیان دەکرد و هەندێکیش موژدەی وەچەرخانێکی ئەرێنیان دەدا، ئەوەی خاڵی هاوبەشی نێوان هەردوو بۆچوونە بوو، دەست پێکردنی قۆناغێکی نوێی سیاسی و حوکمڕانییە لە کوردستان.
دوای چوار ساڵ ئەوە روون بۆتەوە کە پێگەکانی حوکمڕانی لەلایەن مەسرور بارزانی لە سەر بنەمای شەفافەیەت و موجامەلەنەکردن و خاترنەگرتنی بەرامبەر بەڕێوە دەچێت، لە جیاتی ئەوانە بنەماکانی پێکەوە کارکردن و هەماهەنگی کردن بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی کارنامەی حکومەت لەلایەن لایەنە پێکهێنەرەکانی کابینەی نۆیەم.
ئەوەی ئێستا روودەدات، پاشەکشێ کردن و لادانی مەسرور بارزانی نیە لە کارنامەی حکومەت و ئەو رێکەوتنەی لەگەڵ لایەنەکان کراوە، بەڵکو لایەن و هاوبەشێکی سەرەکی پێکهێنەری حکومەت، بە هۆی هەڵە خوێندنەوەی هاوکێشەکان و تێنەگەیشتن لێیان، بەڵاڕێ داچووە و لە جیاتی کار کردن بۆ جێنەجێکردنی کارنامەی حکومەت ئەوە رێگریان لێدەکات و کۆسپیان بۆ دروست دەکات، لە باتی خۆی لە ناو گوتاری کوردستانیدا خۆی رێکبخاتەوە، بە تەواوی بۆتە بەشێک لە گوتار و کارنامەی هێزە ئیقلیمییەکان لە دژایەتی کردنی کوردستان و دامەزراوەکانی.
راست کردنەوەی هێلی خواری حوکمڕانی و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوە و داڕشتنەوەی چەمک و دەستەواژەکان، بە گوێرەی قۆناغی نوێی سیاسی و گۆڕانکارییە ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان، کات و ئیرادە و مکوڕبوون و پێداگری پێویستە، کە هەموویان ئەو کەرستانەن مەسرور بارزانی لە بنیاتنانی گوتار و قۆناغی نوێی حوکمڕانی بەکاریان دەهێنێ و دەستەبەرداریان نابێت، بۆییە ئەوانەی دژایەتی دەکەن و گرەو لە سەر شکست پێهێنانی هەوڵەکانی دەکەن، دەبێت لە جارێک زیاتر بیر بکەنەوە و تەماشای مێژووی پێشکەوتن و گەشەکردنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەوە بکەن، کە ناتوانن چەرخی مێژوو بۆ دواوە پاڵبدەن و ناشتوانن بەگژ حەتمیەتی گۆڕانکارییەکان دابچنەوە. بۆیە باشترە پەند لە وانە و ئەزموونەکان وەربگرن، مل بۆ حەق و حەقیقەت بدەن و ببنە بەشێک لەو گۆڕانکارییانە کە سوود و خێری گشتی تێدایە و کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دەباتە قۆناغێکی پێشکەوتوو و تر و بەهێزتر.
بە ئامانج گرتنی مەسرور بارزانی و هەوڵدان بۆ شکست پێهێنانی، دووبارە کردنەوەی مێژووێکی زیاتر لە شێست ساڵەیە و سەرەتا و سەرچاوەکەی دیارە و کارەکتەرەکانیشی دیار و ناسراون، ئەوەش دیارە دوای ئەو مێژووە بە چ گەیشتوون و چیان دەست کەوتووە، لە پەشیمان و پەنجە شکاندنەوە زیاتر بەرهەمیان نەبووە، ئەوانەی ئێستاش کە درێژە پێدەری هەمان عەقلیەتن هەر بە هەمان ئەنجام لێی دەردەچن. بۆیە ئەوانە عاقڵترن کە مار دووجار لە هەمان کوون پێوەیان نادا و وردتر و واقیعیانەتر مامەڵە لەگەڵ رووداو و پێشهاتەکان دەکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە