کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رۆڵی جاش له‌ ئه‌نفالدا

Monday, 17/04/2023, 18:50


ئۆپه‌راسیۆنی  ئه‌نفال به‌ به‌شداری  سوپای عێراق و  هێزه‌ تایبه‌ته‌كان و  ئه‌من و ئیستخباران و .... به‌ هاوكاری زیاتر له‌  366 فه‌وجی جاش و ده‌یان مه‌فره‌زه‌ خاسه‌ی جاشی كورد ئه‌نجامدران. هاشم سوڵتان له‌ وته‌یه‌كی به‌رگریدا له‌ پرۆسه‌ی دادگایی ئه‌نفالدا ژماره‌ی جاشه‌كانی به‌ 250000 كه‌س دیاریكردووه‌.
 له‌سه‌رجه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌كاندا دیده‌ره‌كان شایه‌دی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن, جاشه‌كان له‌ هه‌موو ئۆپه‌راسیۆنه‌كان پێش سوپا كه‌وتوونه‌, زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ چاوساغی و درۆی ئه‌وان ده‌ستگیركراون, به‌ پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان هیچ فه‌وج و مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌تی جاش نییه‌, به‌شداری چه‌ند پرۆسه‌یه‌كی ئه‌نفالیان نه‌كردبێت, له‌ ماوه‌ی ئه‌نفالدا به‌شدار نه‌بوبێت, یاخود هاوكات له‌ گه‌ڵ به‌شداری له‌و كات و شوێنه‌دا ئه‌ركیان پێ نه‌سپێردرابێت.

بۆچی جاشه‌كان هه‌موو تاوانباری به‌شداری ئه‌نفالن؟

له‌ رێكه‌وتی 8-9-1987 به‌ نووسراوی ژماره‌ 5731ی بیرۆی باكووری پارتی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالستی, بڕیار درا ته‌نها 50%ی پێكهاته‌ی فه‌وجه‌ خه‌فیفه‌كان له‌ باره‌گا جێگیره‌كانیان و ره‌بایه‌كان بمێننه‌وه‌, ئه‌وی دی به‌كار بهێنرێن بۆ په‌لاماری گونده‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان, بۆ ئه‌وه‌ی په‌لاماری پێشمه‌رگه‌و دانیشتووانه‌ سڤیله‌كه‌ی بده‌ن, له‌ هێرشه‌كاندا پێش سوپا كه‌وتن, به‌شداریان كرد له‌ په‌لاماری هاووڵاتیانی سڤیلی لادێ نشین, خانووی هاووڵاتیانیان روخاند, مزگه‌وت و قوتابخانه‌و نه‌خۆشخانه‌یان وێران كرد, له‌ تاڵانیش ده‌ستیان نه‌پاراست, بڕیاری 4008یش له‌و باره‌وه‌ ئازادیانی كرد له‌ تاڵانكردن. واتا به‌رده‌وام چاره‌كی كۆی ژماره‌ی فه‌وجه‌ خه‌فیفه‌كان  له‌ ماوه‌ی ئه‌و 364 رۆژه‌دا له‌ ئه‌ركدا بوون له‌ پانتایی جوگرافیای كوردستان, وێڕای چاره‌كێكی زیاتری دیكه‌یان به‌رده‌وام له‌ باره‌گاو ره‌بایه‌كاندا پارێزگاری حكومه‌تیان ده‌كرد و رێگاگانیان ده‌پاراست و بۆسه‌یان داده‌نایه‌وه‌ له‌سه‌ر رێگاكان بۆ پێشمه‌رگه‌و هاووڵاتیان, ده‌یان و سه‌دان تاوانی جه‌رگبڕیان له‌و بۆسانه‌ ئه‌نجامدا. له‌ ته‌واوی پرۆسه‌ی ئه‌نفاله‌كان و قۆڵه‌كانیه‌وه‌, سه‌ره‌تا جاشه‌كان چونه‌ته‌ گونده‌كان و هه‌ڵه‌ت و شیو دۆڵ و ناو ئه‌شكه‌وته‌كان و سه‌ر چیاكان دواتر سوپا, به‌مه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت ته‌واوی فه‌وجه‌ جاشه‌كان له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا لانی كه‌م چه‌ندین جار به‌شدارییان كردووه‌ له‌ تاوانه‌كه‌و هاوپشكن له‌ تاواندا تۆمه‌تبارن به‌ ئه‌نجامدانی جینۆساید, ناویان له‌ لیستی تۆمه‌تبارانی ئه‌نفال نووسرابێت  یان  نا.
ته‌نانه‌ت مندالانیان چه‌كدار ده‌كرد بۆ موچه‌كانیان, له‌و ئاسته‌دا ژماره‌یه‌كی زۆریشیانیان به‌ كوشتدا, ئه‌مه‌ش  تاوانێكی دیكه‌یانه‌ له‌ پاڵ تاوانی به‌شداری له‌ تاوانی جینۆسایدی ئه‌نفال.

پشكی جاش له‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاری 4008  

له‌ ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفالدا زۆربه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كان كه‌ به‌ده‌ست ده‌هێنران له‌ سه‌روه‌ت و سامان بۆ فه‌وجی جاشه‌كان و هێزه‌كانی حكومه‌تی عێراقی بوون به‌ پێی بڕیاره‌كه‌, هێزه‌كان عێراق به‌ ته‌واوی ده‌ستكراوه‌ كران بۆ فه‌رهودو تاڵانی, به‌ تایبه‌ت فه‌وجه‌كانی جاش.
خاڵی حه‌وت له‌ بڕیاری 4008, جاشه‌كانی سه‌رپشك كرد له‌ تاڵانكردن" هه‌موو ئه‌و شتومه‌كانه‌ی كه‌وا فه‌وجه‌كانی به‌رگری نیشتمانی جه‌نگاوه‌ره‌كانیان ده‌ستیان ده‌كه‌وێت بۆ خۆیان ده‌بێت, ته‌نها چه‌كه‌ قورسه‌كان و چه‌كی پشتیوانی و چه‌كی مام ناوه‌ندی نه‌بێت چه‌كه‌ سوكه‌كان بۆ خۆیان ده‌بێت, ئێمه‌ی لێ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌و ته‌نها ژماره‌كانیان تۆمار بكه‌ن. پێویسته‌ له‌سه‌ر فه‌رمانده‌ی جحافله‌كان چالاك بن و بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی هه‌موو موسته‌شاره‌كان و فه‌رمانده‌ی سرییه‌كان و مه‌فره‌زه‌كانیان, وه‌ به‌ وردی ئێمه‌ ئاگادار بكرێینه‌وه‌ له‌ چالاكییه‌كانی فه‌وجه‌كانی به‌رگری نیشتمانی".
له‌  ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفالی یه‌ك  70  فه‌وجی جاش  جگه‌ له‌ مه‌فره‌زه‌ خاسه‌كان به‌شداربوون, ئه‌نفالی دوو 77  فه‌وجی جاش, ئه‌نفالی سێ 70 فه‌وجی جاش, ئه‌نفالی چوار 55  فه‌وجی جاش,  ئه‌نفالی 5 و 6 و 7  چل و پێنج  فه‌وجی جاش  به‌شدارییان كرد.
هه‌رچه‌نده‌  ئه‌نفالی 1  و دوو و  چوارو هه‌شت به‌ ئۆپه‌راسیۆنی سوپا ناوزه‌د  كراوه‌, سێ و پێنج و شه‌ش و حه‌وت  به‌ ئۆپه‌راسیۆنی جاش و هێزه‌ ناوچه‌ییه‌كان , به‌ڵام له‌ ئه‌نفالی هه‌شتدا لانی كه‌م 163 فه‌وجی جاشی خه‌فیفه‌ كۆی گشتی65,375جاش  به‌شداری ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌یان كردووه‌.
به‌ پێی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك به‌ واژۆی سه‌ركرده‌ی ئۆپه‌راسیۆن لیوا روكن یوسف محه‌مه‌د ئه‌لزه‌رب, فه‌رمانده‌ی له‌شكری پێنج له‌جۆری (ئه‌و په‌ڕێ‌ نهێنی ‌و تایبه‌ت) به‌ ژماره‌ (ح2  2422) له‌ (25 ك. 1. 1988) بۆ فه‌رمانده‌یی گشتی سوپای ناردووه‌, دیاریكردووه‌ له‌و شاڵاوه‌ 13553 كه‌س ده‌ستگیركراون, كه‌ " 893 كه‌سیان تێكده‌رن"پێشمه‌رگه‌", 737 كه‌سیان تێكده‌ری خۆ به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌ر, 1489 پیاو, 3373 ژن, 6964 منداڵ" بوونه‌. هاوكات له‌ راپۆرته‌كه‌ ستایشی رۆڵی فه‌وجه‌ خه‌فیفه‌كانی كردووه‌ كه‌ له‌ هه‌موو قۆڵه‌كانه‌وه‌ پێش كه‌رته‌كانی سوپا كه‌وتوونه‌, به‌شداری روخاندنی لادێكان و تاڵانیه‌كانیان كردووه‌.
جاشه‌كان سه‌رباری ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ له‌ كرده‌ سه‌ربازییه‌كان پێش سوپا كه‌وتونه‌ و به‌هۆی شاره‌زایی و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیانه‌وه‌ هۆكاری گرتنی زۆرینه‌ی خه‌ڵك بوونه‌, هاوكات له‌ رێگای ئه‌وانیشه‌وه‌ خه‌ڵكێكی زۆر ته‌سلیم بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌یان پیاوی گه‌نج و زۆریان چه‌كدار بوونه‌, واتا له‌ كاتی ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفال و كاتی ئاساییدا رۆڵی خۆیان له‌ ئه‌نفالكردنی خه‌ڵكدا  گێڕاوه‌.
جاری واش رێك  كه‌وتووه‌ له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا جاشه‌كان رۆڵی پۆزه‌تیفیان گێڕاوه‌ وه‌ك له‌ ئامریه‌ی سه‌ربازگه‌ی ته‌ق ته‌ق به‌ هاوكاری جاشه‌كان هه‌ندێكیان ئازاد كراون له‌ چه‌مچه‌ماڵ و دوزیش جاشه‌كان هه‌ندێكی دیكه‌یان ئازاد كردووه‌, تاك و ته‌را لێره‌و له‌وێش  جاشه‌كان ژن و منداڵیان له‌ زۆر  جێگا به‌هۆی خزمایه‌تیه‌وه‌ به‌رداوه‌ .

دادگایی  كردن

له‌ پرۆسه‌ی دادگاییه‌كه‌ی دۆسییه‌ی ئه‌نفال حه‌وت تۆمه‌تبار وه‌ك تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی دادگاییكران, وه‌ 42 تۆمه‌تباریش له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا دیاریكرابوون بۆ دادگاییكردن لێ ئاماده‌ نه‌بوون وه‌ك له‌ دوو نامه‌ی دادگای باڵای تاوانه‌كاندا ناویان هاتووه‌ " به‌ پێی نووسراوی ف2  1445 رێكه‌وتی 18-12-2005 ی دادگای باڵای تاوانه‌كان, بڕیاری گرتن بۆ 24 كه‌س ده‌رچوو, كه‌ بریتی بوون له‌" نزار خه‌زره‌جی, یونس ئه‌لدرب, ئه‌یاد خه‌لیل زه‌كی 89-اللوائ الركن (ایاد خلیل زكی) قائد ق ق جح /د و /, ره‌مزی مه‌حمود 92-اللوائ الركن (رمزی محمود عبداللە) قائد فق مش /33, سه‌عید مه‌حمود باریكه‌, قاسم دڕه‌یی  216-قاسم رشید درەیی , معته‌سه‌م به‌رزنجی, یاسین ره‌ئوف, ته‌حسین شاوه‌یس, قاسم ئاغای كۆیه‌, بایز عه‌بدالڕه‌حمان, عه‌لی ئه‌حمه‌د ره‌شید, نیعمه‌ فارس 86-الفریق الركن (نعمە فارس حسین) معاون رئیس اركان الجیش للتدریب
 , حه‌مید شه‌عبان, نه‌جم عه‌بدوڵا دوری, عیسمه‌ت سابیر 94-اللوائ الركن (عصمت صابر عمر) قائد فق /4 ,عه‌دنان جه‌باری 179-سعید عدنان جباری, جیهان موسا, ره‌فعه‌ت گلی  شمال رفعت كلی امر سریە , عوسمان شێخ سه‌عید, شێرزاد ساڵه‌ح, تۆفیق جه‌بار قاره‌مان  159-توفیق جبار قارمان

حوسێن شێخ سه‌عید, حه‌سیب حه‌مه‌ ئینجه‌"

هه‌روه‌ها "له‌ رێكه‌وتی 21-12-2005, به‌ پێی نوسراوی دادگای باڵای تاوانه‌كان  ژماره‌ ف2  1474, داوای ناوی سیانی و ناونیشانی 18 تاوانبار ده‌كات  كه‌ بریتین له‌" سه‌عید مه‌حمود باریكه‌, عه‌دنان جه‌باری, شێخ ره‌ئوف, شێخ جه‌عفه‌ر 164-جعفر عبدالكریم البرزنجی محافز السلیمانیە, شێخ ره‌مه‌زان, قاسم دڕه‌یی, جیهان موسا, معته‌سه‌م به‌رزنجی, ره‌فعه‌ت گلی, یاسین ره‌ئوف, غه‌سان شێخ سه‌عید, ته‌حسین شاوه‌یس 409-تحسین شاویس سعید , شێرزاد ساڵه‌ح, قاسم ئاغای كۆیه‌  115-المستشار (قاسم فارس تاهر مصتفی اغا) ف د و /, تۆفیق جه‌بار قاره‌مان, بایز عه‌بدالڕه‌حمان, حوسێن شێخ سه‌عید, عه‌لی ئه‌حمه‌د ره‌شید, حوسێن حه‌مه‌ ئینجه‌".
-نزار خه‌زره‌جی, كه‌ به‌ وته‌ی خۆی راسته‌وخۆ فه‌رمانده‌یی ئه‌نفاله‌كانی 1 , 2, 4 , 8ی كردووه‌ ناوی له‌ لیسته‌كه‌دا نییه‌, وه‌ 25 كه‌س له‌ كۆی 42 كه‌سه‌ داواكراوه‌كه‌ ناویان له‌ لیستی تۆمه‌تباران نییه‌ كه‌ 21  یان كوردن و راسته‌وخۆش كه‌سوكاری قوربانیان له‌مانه‌و زۆری دیكه‌ سكاڵایان له‌ دژیان  تۆماركردووه‌, كاتی خۆی پێش دادگای باڵای تاوانه‌كان لیسته‌كه‌یانم بڵاو كرده‌وه‌.

زۆرینه‌ی تاوانبارانی ئه‌نفال كوردن

لیستی 423 كه‌سه‌كه‌ی تۆمه‌تبارانی دووه‌می ئه‌نفال به‌ تایبه‌ت كورده‌ جاشه‌كان له‌ سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی ده‌ست كه‌وتن له‌ به‌شداریان له‌ پرۆسه‌كه‌ نموونه‌ 163یان له‌ ئه‌نفالی 8, 77یان له‌ ئه‌نفالی یه‌ك و دوو كه‌ نیشانه‌ی ئازایه‌تیان وه‌رگرت, وه‌ هه‌ندێك بڕیاری دیكه‌ی وه‌رگرتنی نیشانه‌ی ئازایه‌تی دیاریكراون, وه‌ك بینیمان 21 كه‌س كه‌ راسته‌وخۆ كه‌سوكاری قوربانیان سكاڵایان له‌سه‌ریان تۆمار كردووه‌, ناویان له‌ لیسته‌كه‌ هه‌ر نییه‌, سه‌رباری زۆر ناوی دیكه‌ سكاڵایان له‌سه‌ر تۆمار كراوه‌, به‌ڵام دواتر به‌ هۆكاری نه‌زانراو ناویان نه‌چۆته‌ لیسته‌كه‌وه‌.
وه‌ كه‌سانێكی زۆریش هه‌ن له‌ میانی پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا تاوانی قێزه‌ونیان ئه‌نجامداوه‌ كه‌چی به‌هۆی نه‌بوونی هۆشیارییه‌وه‌ كه‌سوكاری قوربانیان سكاڵایان له‌ دژیان تۆمار نه‌كردووه‌.
ئه‌گه‌ر كورده‌كان  ته‌نها ئه‌و 258 كه‌سه‌ بن له‌ كۆی لیسته‌ 423 كه‌سییه‌كه‌ ئه‌وا 60,9%ی تۆمه‌تباران دیاریده‌كه‌ن, كه‌ زۆری دیكه‌ له‌ لیسته‌كه‌دا هه‌ن, وێرای لیسته‌ 21 كه‌سییه‌ داواكراوییه‌كه‌ی خولی یه‌كه‌م و ئه‌وانه‌ی سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماركراوه‌ له‌ لایه‌ن قوربانیانه‌وه‌ نه‌خرانه‌ هیچ لیستێكه‌وه‌و ئه‌وانه‌شی سكاڵایان له‌ دژیان هه‌ر تۆمار نه‌كرا.
كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌نفال بڕیاره‌كه‌ی له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشه‌وه‌ درابێت , ئه‌وا جێبه‌جێكاره‌كه‌ی به‌شێوه‌ی گشتی جاشی  كوردن, ئێستا هه‌موو له‌ سزا  نه‌ك رزگاریان بووه‌, بگره‌ كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر پاداشتی ده‌سه‌ڵاتی كوردی.

بۆچی  دادگایی ناكرێن؟

به‌ به‌هانه‌ی  لێبوردنی گشتی به‌ره‌ی كوردستانییه‌وه‌ تۆمه‌تبارانی ئه‌نفال هه‌موو له‌ سزاو لێپرسینه‌وه‌و به‌رپرسیارێتی رزگاریان بووه‌, لێبوردن ئه‌وانه‌شی گرته‌وه‌وه‌ تا دوای 2003 له‌ به‌غدا بوون, له‌ كاتێك تاوانی ئه‌وان گلانه‌ به‌ تاوانی جینۆسایدو تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی, لێبوردن ئه‌و جۆره‌ تاوانانه‌ ناگرێته‌وه‌, گوایه‌ رێگا دراوه‌ له‌ رێگای مافه‌ كه‌سییه‌كانه‌وه‌ قوربانیان سكاڵا تۆمار بكه‌ن, به‌ڵام ئه‌مه‌ راست نییه‌ هه‌موو ده‌زگاكانی حكومه‌ت له‌ به‌رده‌م سكاڵای كه‌سوكاری قوربانیان داخراوه‌, به‌ فه‌رمی سكاڵامان له‌ داواكاری گشتی ره‌تكراوه‌ته‌وه‌, ده‌سه‌ڵاتی باڵای كوردستان فه‌رمانیان داوه‌ ئه‌م كه‌یسه‌ نه‌جوڵێنرێت, هیچ  سكاڵایه‌ك له‌ دژی تاوانبارانی ئه‌نفال نه‌جوڵێنرێت. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە