کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەسەلەکە تەنیا فڕۆشتنی نەوت نییە لەلایەن سۆمۆوە!

Saturday, 08/04/2023, 14:09


هەنگاوەکانی نزیک بوونەوەی تورکیا لەگەڵ عیراق، تورکیا لەگەڵ سوریا، ئەمریکا و ڕوسیای لەپشتە. بەهێز کردنی دەسەڵاتی سەنتەر واتە بەغداد و دیمەشەق، بە ڕەزامەندیی و بەدڵی تاران و ئەنقەرەیە و هەموو لایەک لەسەر ئەو مەلەفە کۆکن. یەکەم هەنگاوی نزیک بوونەوە بە گرێبەستەی ئابووریی لەسەر بیناغەی قبوڵ کردنی مەرجی سیاسیی و سەربازیی ئیران و تورکیایە، بێ گومان ئەم هاوکێشەیە لەبەرژەوەندیی پرسی ڕەوای میللەتی کورد نییە و نابێت.
چارەکە سەدەیەکە تورکیا سوودمەندی یەکەم بووە لە نەوتی باشووری کوردستان، هەنووکە دۆخەکە وەک ٣٠ ساڵ لەوەپێش نەماوە، هاوکێشەی هێز و سیاسەتی ناوچەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەرژەوەندییەکانی تورکیا وا دەخوازێت کە لە عیراق نزیک ببێتەوە، ددان بەوەدا بنێت، کە بەغداد سەنتەری بڕیارە. سەرەڕای ئەوەی عیراق لە فرەنسا سکاڵای دژی تورکیا تۆمار کرد و کەیسەکەی بردەوە، لەوەی کە نەوتی هەرێم بەبێ ئاگاداری ئەوان فڕۆشراوە و لە بەندەری جیهانەوە هەناردەی دەرەوە کراوە.  لەبری ئەوەی تورکیا قەڵس بێت، دژی عیراق هەڵوێست بنوێنێت، کەچی ئەم سکاڵایە بووە هۆی خاڵی زێتر نزیک بوونەوەی ئەنقەرە لە بەغداد، لە ئەنجامدا تورکیا ڕازی بوو بە قەرەبو کردنی عیراق بە بڕە پارەیەک کەمتر لەو پارەیەی کە دادگەی فرەنسا دیاری کرد بوو، سەرباری ئەوە ئەردوغان بەڵێنی داوە کە چارەسەری قەیرانی ئاوی عیراق بکات بە زیاد کردنی تەوژمی ئاو بۆ دیجلە و فورات.
ئەردوغان لە میدیاکاندا جاری دا، کە ئەوان لەگەڵ بەغداد خەریکی پڕۆژەیەکی زەبەلاحی هاوبەشن ( ڕێگەی حەریری)،  کە دروست کردنی هێڵی وشکایی ئۆتۆمۆبیل و ئاسنییە بەدرێژای ١٠٠٠کم لە سنووری نێوانیان، کە لە بەسرەوە بۆ سێ گۆشەی نێوان عیراق و سوریا و تورکیا واتە فیشخاپوور دەچێت لەوێوە بۆ تورکیا، کە دەبێتە ڕێگەی سەرەکیی ئاڵۆگۆڕ کردنی بازرگانی و بەستنەوەی ئاسیا بە ئەوروپا. سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە دەرامەتێکی بێ هاوتا بۆ عیراق دابین دەکات، عیراق دەبێت بە وێستگەی سەرەکیی دوای تورکیا بۆ بەستنەوەی ڕێگەی بازرگانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا. واتە حکومەتی عیراق کۆنتڕۆڵی وێستگەی سەرەکیی فیشخاپوور دەکات لە خاکی کوردستاندا، کە لە ئەنجامدا خاڵی گومرگی ئیبراهیم خەلیل لاواز دەکات، تا بە خشکەیی حکومەتی عیراق کۆنتڕۆڵی ئەو خاڵەش دەکات، کە ئەمە لێدانێکە لەو بازرگانییەی کە لەو خاڵەوە دەکرێت و دەرامەتەکەی دەچێتە باخەڵی کوڕەکانی بارزانی و کوڕەکانی تاڵەبانی. 
 ئەم پڕۆژەیە هێشتا مەرەکەبی سەر کاغەزە، واتە چوار ساڵیان دیاری کردووە بۆ ئەوەی دەست بکەن بەو  پرۆژەیە، بەڵام ئەردوغان هەر زوو دەستی کردووە بە پروپاگەندە بۆ ئەو پڕۆژیە، کە بە دڵنیاییەوە دەیەوێت وەک کارتێکی تەماحی ئابووریی لە دوورەوە پێشانی حکومەتی بەغدادی بدات، بۆ ئەوەی بتوانێت بەهۆیەوە مەرجە سیاسیی و سەربازییەکانی بە هاوکاری حکومەتی بەغداد و سوپای عیراق بپێکێت.
ئەردوغان و سودانی لە میدیاکاندا بڵاوی دەکەنەوە، کە هەردووک لایان کۆکن لەسەر کۆمەڵێك پرۆژەی ئابووریی، بەڵام باسی مەرجەکانی نێوانیان، بەتایبەتی مەرجی تورکیا ناکەن، کە هەمیشە بۆ هەموو دانوستاندێک، ئەو مەرجی لێدانی پرسی کورد و لاواز کردنی پێگەی میللەتی کوردە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و ناوچەیی. گرنگترین مەرجی تورکیا بە دڵنیاییەوە بریتیە لە: 

یەکەم:

دەرکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە قەندیل و شەنگال و گشت ناوچەکانی دی کە لەنێو سنووری عیراقە. 

دووەم:

نەهێشتنی پەیکەری هەرێم، نەک لەبەرئەوەی دژی بنەماڵەی بارزانی و کوڕەکانی تاڵەبانییە، ئەڵبەتە مانەوەی ئەوان بەمجۆرەی ئەمڕۆ  و پەیکەرێکی لاوازی هەرێم، لە بەرژەوەندیی تورکیایە، بێ گومان ئەوانیش بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان، بە هەموو مەرجێکی ئەنقەرە ڕازی بوونە و دەبن، بەڵام تورکیا پاشماوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە، خاوەن ئەزموونێکی بەهێزە لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی نێونەتەوەیی و حوکمڕانی، ئەو هەمیشە داڕشتنی پلان و ستراتیژیەتی سیاسیی و سەربازیی و خوێندنەوەی داهاتووی ناوچەکە لەبەرچاو دەگرێت، واتە تورکیا لە ئایندە نیگەرانە، دوودڵە لەوەی تاسەر کوڕانی بارزانی و تاڵەبانی بتوانن جڵەوی ڕووداوەکانی باشووری کوردستانیان لەدەستدا بمێنێت، بەتایبەتی لە کاتێکدا لەسەر ئاستی شەقامی باشووری کوردستان ناڕەزایی و بێزاری لە لووتکەدایە، هەروها دوو هێزی کوردیی لە گەشەسەندنن کە (یەپەگە و پەکەکە)ن، خەریکە پێگەی جەماوەرییان، لە ڕۆژئاوا و باشوور و باکوور و ڕۆژهەڵاتی  کوردستان بەهێز دەبێت، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەژماریان بۆ  دەکرێت، ئەگەری هەیە لە ئایندەدا ببن بە بەدیل، بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی هەر چوار پارچەی کوردستان،  کە تورکیا دڵنیایە ئەوان جۆرێکی دی لەگەڵ پرسی کورد مامەڵە دەکەن، بۆیە ئەنقەرە زۆر لە بەغداد زێتر دڵخۆشە بە پتەو بوونی دەسەڵاتی سەنتەر و پاراستنی یەک پارچەیی سنووری جوگرافیای عیراق و گەڕانەوەی سیستەمی پارێزگان بۆ هەر سێ شاری ژێر دەسەڵاتی کوڕانی بارزانی و تاڵەبانی. 

سێیەم: 

ڕازی بوونی تورکیا بۆ لەمەودوا هاوکاری بەغداد بکات لە مامەڵە کردن بە نەوتی هەرێم، ئەم خاڵە هەم مەرجە و هەم دەستکەوتە بۆ تورکیا و عیراق. تورکیا دەزانێت بڕبرەی پشتی سەرکەوتنی هەموو دەسەڵاتێکی سیاسیی بەهێزی ئابووریی و سەربازیی دەبێت، بە مانایەکی دی، هەوڵی ئەوە دەدەن کە کلیلی ئابووریی باشووری کوردستان لە بنەماڵەی بارزانی و کوڕانی تاڵەبانی بسەنەوە، کە ئەویش دەرامەتی نەوتە، کە بڕبڕەی پشتی ئابووریی کوردستانە، کە چارەکە سەدەیەکە، نەوتی کوردستان قازانجی دەچێتە گیرفانی تورکیا، ئیران و بنەماڵەی بارزانی و خێزانی تاڵەبانی. عیراقیش بۆ تورکیا مەرجی ددانپێدانی گەڕانەوەی هەموو دەسەڵاتەکانی سەرتانسەری عیراقە بۆ بەغداد بەتایبەتی هەرێم، بۆیە ئەو جەخت لە پاراستنی سنووری جوگرافیی یەک پارچەی عیراق دەکات، یەکەم داواکاریشی، ڕێگری کردنی تورکیایە بۆ هەناردەی نەوتی باشووری کوردستان بۆ بەندەری جیهان بەبێ ئاگاداری دەسەڵاتدارانی بەغداد، کە تورکیا بەخۆشحاڵییەوە پێشوازیی لەو مەرجەی بەغداد کردووە. 
ڕێککەوتنی هەرێم لەگەڵ بەغداد بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە بە ناچاریە، دۆخ و پێگەی سیاسیی کوڕانی تاڵەبانی و بارزانیی وەک دوو دەیە پێش ئەمڕۆ نییە. ناڕەزایی خەڵک لە نەبوونی ناعەداڵەتی کۆمەڵایەتی لە لووتکەیە، دزینی دەرامەتی گشتی لەلایەن کوڕانی بارزانیی و تاڵەبانی بووە بە دیاردەیەک، کە نەک تەنیا گەلانی هەرێم دەرکیی پێ دەکەن، ئەڵبەتە لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێونەتەوەیش ئەمە بووە بە دیاردەیەکی زەق. کاتی خۆی حکومەتی سەدام بە دڕندەیی، نامرۆڤایەتی و کوشتنی بەکۆمەڵ ناسراو بوو، ئەمانە ببوون بە سیمای ناساندنی حکومەتی بەعس بۆ گەلانی عیراق و ناوچەکە و دنیا، بەڵام ئەمڕۆ سیمای ناساندنی دەسەڵاتی هەرێم سیستەمی خێڵەکی و خێزانی و گەندەڵی و دزینی سامانی گشتییە و بڵاوکردنەوەی بەدڕەوشتییە لەنێو گەلانی هەرێمدا. 
لەدەرئەنجامدا، دەردەکەوێت کە کۆنتڕۆڵ کردنی دەرامەتی نەوتی باشووری کوردستان لەلایەن بەغدادوە و فڕۆشتنی ئەو نەوتە لەلایەن سۆمۆوە، تەنیا هەنگاوێکی ئابووریی نییە، کە دژی دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەنجام دەدرێت، بەڵکو چەند هەنگاوێکی دی لە ئێستاوە ڕێگەی بۆ خۆشدەکرێت، بۆ ئەوەی خاڵی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ئیبراهیم خەلیلەوە لاواز بکرێت، یان بەتەواوی لەلایەن بەغدادەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت. ئەم هەڵوێستەی عیراق بەرامبەر بە هەرێم لەبەر مەسەلەی دزینی دەرامەتی گشتی نییە، چونکە حکومەتی عیراقیش دزێکی مەزنە، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە هەوڵ بدەن سیستەمی پارێزگا کردنی هەر سێ شار، سلێمانی و هەولێر و دهۆک بگەڕێنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە