کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تێڕوانینێکی زانستی: ئایا مرۆڤ خاوەنی ویستێکی ئازادە، یان هەموو شتێکی بەسەردا سەپێندراوە؟

Wednesday, 05/04/2023, 16:50


ستیفن هۆکینگ: کاتێک دەڵێین مرۆڤ خاوەنی ویستێکی ئازدە، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئێمە ناتوانین پێشبینی کردەوەکانیان بکەین.


بەشی دووەم: فیزیازانی مشتومڕییەکان یەکلایی دەکاتەوە

لە بەشی یەکەمدا ئاماژەمان پێی دا کە زۆرینەی زاناکان بە فیزیازانەکانیشەوە پێیان وایە ویستی ئازاد بوونی نییە و تەنیا وڕێنەیەکە، ئەگەرچی هەستیش بکەین ئێمە بەتەواوی ئازادین لە هەڵبژاردنەکانمان، لەبەرئەوەی ئەو تەنۆلکانەی مێشک و لەشمان پێک دەهێنن دەکەونە ژێر کاریگەری یاسا و ڕێسا فیزیکییەکان.
ئەم بیروڕایە بەگوێرەی ئەم ڕیزبەندییە لۆژیکییە خۆی دەنوێنێت؛
- بژارەدەکان لە مێشکماندا سەرهەڵ دەدەن.
- کار و فەرمانەکانی مێشکمان دەوەستنە سەر دەمارەخانەکانی لەناویدا هەن.
- جووڵەی دەمارەخانەکان لەلایەن کارلێکە کیمیایییەکانەوە دیار دەکرێن.
- ئەو کارلێکە کیمیایییانە بەندن بە پێکبەندی نێوان تەنۆلکەکان.
- پێکبەندی نێوان تەنۆلکەکان بەگوێرەی یاسا فیزیکییەکان بەڕێوە دەچن.
ئەگەر بەوردی سەرنج بدەینە ئەم زنجیرەیە، دەتوانین ئەو دەرەنجامە هەڵێنجێنین لەوەی کە یاساکانی فیزیا زاڵن بەسەر بژاردەکانمان. لە ڕوانگەی زەبرگەراییەکان، هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی مرۆڤیش وەک جووڵەی تەنەکان، لەلایەن یەکە بۆماوەییەکان و کارلێکە کیمیاییەکان دیار دەکرێن، لە شێوەی ئەو تۆپەن کە بەهۆی هێزی کێشکردنەوە بەر دەبێتەوە.
زانای فرە ناودار ئەینشتاین بڕوای تەواوی هەبوو لە ڕۆڵی یاسا فیزیکییەکان لە بڕیار و هەڵبژاردنەکانمان، واتە ئەگەر بتوانین بەشێوەیەکی یەکجار ورد شوێن و خێرایی تەنۆلکەکانی ناو مێشکمان دیار بکەین، ئەوا دەکارین پێشبینی ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانمان بکەین. ئەینشتاین بەوەندەش نەوەستا و وای بۆ دەچوو، هەر کاتێک ئێمە بگەینە ئەو ئاستەی خێرایی و شوێنی گشت تەنۆلکەکان و گەردیلەکانی گەردوونی پاش تەقینەوەی مەزن (Big Bang) دەستنیشان بکەین، ئەوا پێمان دەکرێ پێشبینی سەرلەبەری ڕووداو و دیاردەکانی دواڕۆژی ئەم گەردوونەمان زۆر بەچاکی بکەین. واتە ئەگەر ئەم بۆچوونەی ئەینشتاین ڕاست بێت، گەردوونەکەمان لە یەکەم سەرهەڵدانییەوە شتەکانی تێدا دیار کراوە و هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نایەت.
بەو تێگەیشتنەی ئەینشتاین و چەند زانایەکی پێش خۆی وەک نیوتن و لاپلاس، هەموو هۆکارێک تاکە یەک دەرەنجامی دیارکراومان پێ دەدات، سەرجەم ئەوانە پێشتر لەلایەن یاساکانی سروشتەوە بەڕەهایی داندراون، بابەتی ڕێکەوت و ئەگەرەکان لە گەردووندا بوونیان نییە. بۆ دووپاتکردنەوەی ئەم بیروڕایانە ئەینشتاین گوتەیەکی هەیە دەڵێت: "دەبەنگییە هەمان شت چەندان جار دووبارە بکەیتەوە، پاشان چاوەڕێی دەرەنجامێکی جیاواز بکەیت". بەڵام ئایا دەکرێ بەڕاستی پێشبینی دەرەنجامی تەواوی شتەکان بکرێت؟ ئایا ناشێ هەمان هۆکار بەڕێکەوت هەندێ جار دەرنجامێکی جیاوازمان پێ بدات؟
لەڕاستیدا ئەینشتاین هەڵە بوو لە گریمانەکانی، لەبەرئەوەی لە فیزیای تەنۆلکەییدا تەنۆلکە ژێر گەردیلەییەکان بەو شێوەیە ڕەفتار ناکەن کە ئێمە بتوانین پێشبینییان بکەین. ئێمە ئەو دەمەشی خاوەن کۆمپیوتەرێکی لەڕادەبەر گەورە بین و تێکڕای زانیارییەکانی گەردوونی تێدا گل بدەینەوە و بیان خوێنینەوە، ناگەینە ئەوەی بزانین لە دواڕۆژدا ئەو تەنۆلکانە چۆن ڕەفتار دەکەن و کامە ڕێ و شوێنی دیارکراو دەگرنە بەر. 
لەگەڵ هەموو ئەمانەش ئەگەر تا ئێستە تۆ بڕوات بە بوونی زەبرگەرایی نەبێ و پێت وابێ ئێمە خاوەنی ویستێکی ئازادین لە بژاردەکانمان، ئەوا بێگومان لەمەدا تەنیا نیت و گەلەک لە زانا و فەیلەسووفان ئەم شێوازە لە زەبرگەرایییە بەڕاست نازانن. بەوەی مرۆڤەکان لە هەڵبژاردنەکانیان ئازادن، ئەو دەمەی دەیان گەڕێنینەوە بۆ ڕابردوو لەوانەیە بڕیارەکانیان بگۆڕن، واتە شتەکانی گەردوون لە سەرەتاوە دیار نەکراون وەک زەبرگەراکان بۆی دەچن، چونکە زۆربەی هەڵسوکەوتەکان دەوەستنە سەر ئارەزووی خودی کەسەکان. 
هەرچەندە لایەنگرانی ئازادگەرایی دەربارەی ڕەفتارەکانی مرۆڤ ڕێژەی لایەنگرانیان زۆریش بێت، بەڵام دیسانەوە زەبرگەرایی لە زانستە سروشتییەکاندا بوونی هەیە. بە نموونە لە فیزیای کلاسیکیدا هیچ تەنێک لەخۆوە ناکەوێتە جووڵە، بەڵکوو پێویستە هێزێک کاریگەریی لەسەردا هەبێ بۆ پاڵنانی، بە زانینی بڕ و چییەتی ئەو هێزە و دۆخی سەرەتایی تەنەکە، دەکارین شوێن و خێرایی لە هەر چرکەساتێکی داهاتوودا دیار بکەین. لە بواری کارۆموگناتیسیشدا بە پشتبەستن بە هاوکێشەکانی ماکسویل، دەکرێ جووڵە و ڕەفتاری کایە کارەبایی و موگناتیسییەکان بە تێپەڕبوونی کات زۆر بەوردیی دەستنیشان بکرێن.

 وەڵامی فیزیای کوانتەم

وەک پێشتر ئاماژەمان پێی دا، زەبرگەرایی ساڵانێکی دوورودرێژ ببووە جێی بڕوای زۆربەی فیزیازانەکان، بەهاتنی سەدەی بیستەم و سەرهەڵدانی فیزیای کوانتەم و دەرەنجامە سەیر و ناوازەکانی، گفتوگۆ لەسەر ویستی ئازاد سەرلەنوێ دەستی پێ کردەوە. بەپێچەوانەی هەسارەکانی خاوەن خوولگەی چەسپاو و دیارکراو، ئەلیکترۆنەکان لە جووڵەیاندا ڕەفتارێکی گەلەک نائاسایی و نامۆ دەگرنە بەر. زانای ناوداری ئەڵمانیایی وێرنەر هایزنبێرگ (Werner Heisenberg) پێی گوتین، ئێمە هەرگیز ناتوانین خێرایی ئەلیکترۆن و شوێنەکەی لەیەک کاتدا پێوانە بکەین، هەر دەمێک شوێنی ئەلیکترۆنمان زانی ئەوا خێرایییەکەی ون دەکەین، پێچەوانەوەکەشی ڕاستە. بەگوێرەی زاناکانی فیزیای کوانتەم، ئێمە لە تواناماندا نییە پێشبینی شوێنی ئەلیکترۆن بکەین، ئەمەش بەرەو ئەوەمان دەبات کە سەرلەبەری جیهانی تەنۆلکە ژێر گەردیلەیییەکان دەوەستنە سەر ئەگەرەکان.
ئەم دەرەنجامانە کێشە و مشتومڕییەکی تووندیان هێنایە ئاراوە لەنێوان فیزیازاناکانی ئەو سەردەمە، ئەینشتاین پێشەوای کۆمەڵەی زەبرگەراکان بوو کە بەتەواوی بنەماکەی هایزنبێرگی ڕەت دەکردەوە بە گوتەیەکی فرە بەناوبانگ : "خوا یاری زارهەڵدان ناکات"، مەبەستیشی ئەوە بوو بوونی هەڕەمەکی و ئەگەرەکی بۆ ئاستی نەزانین و تێنەگەیشتنمان لە بنچینەی پێکهاتە ماددەیییەکان و کارلێکردنەکانیان دەگەڕێتەوە، نەوەک ئەوانە لەخودی خۆیاندا بەو شێوەیە بن. بەشێکی دیکەیان لایەنگرانی سەرانی فیزیای کوانتەم هایزنبێرگ و زانای دانیمارکی نیلز بۆر (Niels Bohr) بوون، ئەمانەش بنەماکانی نادڵنیایی و ناجێگیریییان بەڕاست دەزانی، پێیان وا بوو دەبێ باوەڕ بە هاوکێشە ماتماتیکییەکان بکەین، ئەگەرچی ببێتە هۆی فەرامۆشکردنی بیرۆکەی زەبرگەرایی لە گەردووندا.
تەواوی ئەم مشتومڕییە لە ساڵی 1927دا لە کۆنگرەی سۆلڤای یەکلایی بووەوە بە سەرکەوتنی بنەمای ناجێگیریی هایزنبێرگ، ئەوەی ئەمڕۆکە لەلای گشت زانا فیزیکییەکانی جیهان دانی پێدا نراوە. ئاشکرایە وازهێنان لە بیرۆکەی زەبرگەرایی شتێکی سادە و ئاسان نییە، بەڵام لە زانستدا هەر بەو شێوەیە بووە و دەبێ شتگەلەکانی کە بە ئەزموون سەلمێندراون، لای هەموومان جێی متمانە بێت و سەرسەختی تێدا نەکەین.
بەگرێدانی ئەم بابەتەی فیزیای کوانتەم و کاریگەری لەسەر مرۆڤدا، با بێینەوە سەر پرسیارە سەرەکییەکەمان: ئایا ئێمە خاوەنی ویستێکی ئازادین؟ یاخۆ تەنیا بوکۆکەیەکین بەدەست یاسا سروشتییەکانەوە.
لەگەڵ ئەو بیروڕایانەی لەسەرەوەدا لێیان دواین دەربارەی نەبوونی زەبرگەرایی بەشێوەیەکی ڕەها، دەتوانین ببێژین ویستی ئازاد بەجۆرێک لە جۆرەکان بوونی هەیە، لەبەرئەوەی گەردوون پڕە لە پەشێویی و نەبوونی توانا بۆ پێشبینیکردن. واتە هەر بڕیارێک ئەمڕۆکە بیدەین، یاخۆ دووچاری ڕووداوێک ببینەوە، دەشێ دواڕۆژمان و شێوازی بیرکردنەوەمان لە ڕیشەوە بگۆڕێت، چونکە پێشبینی نەکردن دەروازەی بژاردەکانی دواڕۆژمان لەبەردەمدا دەکاتەوە.
دواجار دەکرێ بڵێین، ئەگەرچی نەشتوانین بڕیاری دوایەکی بدەین لەسەر پرسی بوونی ویستی ئازاد، بەڵام بۆمان هەیە زۆر بەدڵنیاییەوە بڕوا بە دەرەنجامەکانی فیزیای کوانتەم بهێنین، لە ناڕاستی بیرۆکەی بوونی ئەو زەبرگەرایییە ڕەهایەی کە فیزیای کلاسیکی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لەخۆی گرتبوو.
.................................

سەرچاوەکان؛


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە