پەیوەندی دیالەکتیک
Saturday, 01/04/2023, 23:41
دیالەکتیک ؛ وشەیەکی یۆنانییە بە مانای << گفتوگۆکردن>> دێت، بەکارهێنانی لەلایەن پلاتۆوە زاراوەکەی کردە چەمکێکی ڕەمەکی. دیالەکتیک ڕەگی داکوتاوە لە نێوان دوو قسەکەردا کە جیاوازن لە تێروانیندا و هەوڵ دەدەن یەکتری قایل بکەن بە پاساوهێنانەوە. لە سەدەی ناوەڕاستا دیالەکتیک خۆی دیتەوە لە ؛
تێز (پێشنیارکردن)
ئەنتی تێز ( ڕوبەڕوبوونەوە)
سینتێز (دەرئەنجام).
دوابەدوای ئەم بۆچونانە، هیگل و مارکس و فەیلەسوفانی تر بە جۆرێکی تر ئاماژەیان بە چەمکی دیالەکتیک کردووە. هەرچۆنێک بێت هەموو شتێک لەم جیهانەدا بە هێزی دایلەکتیک و و بە پێی ئەو بەڕێ دەچێت.
من و جیهانی دەرەوەش لە پەیوەندی دیالەکتیکدان. بە هەمان شێوە لە ناو دەروونی مرۆڤیشدا، لە (خود) دا ؛ بێ گومان کاتێک خود ئاگایی بەخۆی هەیە ئەو پەیوەندییە زیاتر پاشڕوونە، وەک چۆن فرۆیدا خود (من) دەکات بە دووبەشی سەرەکییەوە و دواجار لە ئەنجامی پێکدادانی هەردوو (من) ە بنەڕيتییەکە ( منی باڵا و نەست )، (من) ێک دێتە ئاراوە، ئەو منە ناسنامەی کەسایەتییەکەیە لە کۆمەڵگەدا، ئەو منە، گشت ئەو کەسانەن کە لە دەوروبەرماندان، بە کارەکتەری قێزەون و جوانیانەوە، دەرئەنجامی ئەو پێکدادانەن.
هەر کردەیەک، هۆکارێکی لە پشتە، بە پێی ئەو هۆکارە حوکم دەدەین بەسەر تاوانەکەدا، دەنا هەرگیز دادوەر پرسیاری لە تاوانبار نەدەکرد :
بۆچی کوشتت ؟
کاوێژکردن نازانم، بەلام لە راوەژوکردندا ئۆستادم. ڕقم تێپەڕاندووە، بە پاساودان بێگومان، چونکا ڕق ئازاری خۆم دەدات. خۆ ناچم بە تەنیشت هەر باسێکمەوە بنوسم : هههههههههههه، دەنا هەرچی لەم جیهانەدا بوونی هەیە، ئەشکەنجەی لێ بەدەربێت بە باش و بەخراپەوە، شایەنی پێکەنین و گاڵتەجاڕین. ئەشکەنجە ؛ خواوەندی ئەفرێنەر، ئەفرێنەری ڕۆحی پیرۆز. من لە مێژە ئەشکەنجەم دەستەمۆ کردووە و وەک جلکێکی ڕازاوە دەیپۆشم.
<< ئەو سینە لە گەش خاڵییە وا بێ ڕق و کینە >>
ڕاستە هونەری دیالۆگ و هەڵس و کەوت هەنە، بەڵام ئەو هونەرەش دەچێتە دیالەکتیکەوە و گوێ نادات بە مۆراڵ و هەستی بەزەیی، یان باشتر بڵێم پاساودان هەستی بەزەیی تێ دەپەڕێنێت بە ( لۆژیک). بەم پەیوەندییە دەڵیین ژیان. ژیان بریتییە لە بورکان و پێکدادان. بەهاریش. دەنا بێزاردەبین و وەنەوز دەمانباتەوە، هەمان تاس و حەمام دوبارە و سێ بارە دەکەینەوە. بۆیە دەمەوێت حەوزی مەنگ بشڵەقێنم. بەم جۆرە ڕەفتارەش (دەستێوەردان) توشی دژ دەبمەوە، بێ گومان. بونمونە کاتێک کاکە فەرهاد پیربال تابلۆیەکی قەشەنگمان بۆ دەنەخشێنێت، دەڵێم ئافەرین بە ڕاستی تۆ هونەرمەندیت، کاتێک دەچێتە سەر ئەو جادانە و جڕت تڕ لێ دەدات، دەڵیم بە راستی تۆ شۆڕشگێڕیت، بەڵام کاتێک دەچێتە بەردەم کابرایەکی ڕیشداری عابابەسەری داعش، دەڵیم ؛ داڕزێیت، دەبوا لەبری ئەوە بچویتایە بەردەم مانگایەک و سەری بلێسایتایەتەوە، دەبووە پێرفۆرمەنسێکی هونەری نایاب.
بۆچی ئەم ڕونکردنەوەیە دەنوسم ؟
وەک دیتان، بابەتێکی کوردستان پۆستم شەیر کرد لە سەر کاکە تەها ڕەسوڵ، لە بەر ئەوەی کاکە تەها برادەرێکی دێرینمە، کەوتمە بەر ڕەخنە و سەزەنشتییەکی ئێجگار بە گوڕ. زۆر لە برادەران داوایان لێکردم کە دەبێت بە هەر چۆنێک بێت ئەو بابەتە بسڕمەوە، بەلام بێ ئاگا بوون لەوەی کە ئەوە بەرهەمی دیالیکتیکە و لە توانی من بەدەرە.
وەک وتومە و دوبارەی دەکەمەوە خۆم بە نوسەر نازانم چونکا بۆ منێک کە لە فەرەنسا دەژیم، نوسەر لە ئاستێکی بەرزدا دەبینم. نوسین پێویستی بە کات تەرخانکردنە، منیش کاتم نییە توانای خۆم بخەمە گەڕ، لە هەمان کاتا حەزم بە نوسیەنە، پێ دەچێت دوای چەند ساڵێکی تر کاتم بۆ بڕەخسێت. لە چاوەڕوانیدا بە کەموکوڕییەوە دەنوسم. بەڵام جارە جارە کات دەدەم بە خۆم بۆ نوسینێک، کاتێکیش ئەم وتارانەم بڵاودەکەمەوە وەک زۆر لە نوسەران هیچ قازانجێکی دارایی وەرناگرم، جگە لە چێژی نوسین نەبێت. ئەگەر زۆربەی ڕۆژنامەکانی کوردستان بە یارمەتی دارایی حکومەت دەژین و بە وتاری نوسەران ڕۆژنامەکانیان پڕدەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تڕە تڕ دەکەن بەسەر نوسەراندا ؛ باسەکەت دورو درێژە، سەر دێڕەکەی باش نییە، زمانەکەی زبرە، مام جەلال نەخۆشە، یارمەتی لە حکومەت وەردەگرین ناتوانین...تاد. کێشەکەش ئەوەیە کە تۆ وەک مرۆڤێکی بە ئاگا لەم پاساودانانە تێ دەگەیت و دەزانیت کە بژێوی ژییان گرانە، بە تایبەتی بۆ کەسانێک کە گەرەکیانە بە نوسیەکانیان بژیێن (ئەوە هەڵبژاردەی من نینە). کاکە تەهاش بەشێک لەو کەلێنەی پڕکردۆتەوە لە کوردستان بە یارمەتیدانی نوسەران.
بەڵام تەنها شوێنێک کە وتاری تێدا بڵاو دەکەمەوە و وتارەکەم وەک خۆی بۆ بڵاودەکەنەوە و منەتم بەسەردا ناکەن، کوردستان پۆستە، خاوەنەکەی ؛ کاک کەمالی جەمالی موختارە، کە پیاوانی پارتی پارەیەکی زۆریان بۆ پێشنیارکرد هەتاوەکو سایتەکەی بخاتە خزمەتی ئەوان، بەڵام ڕازی نەبوو، ئەمەش بە پاساودان. بە ڕۆژدا کار و بە شەودا شەونخونی و خەریکی سایتبەڕیوەبردن بوو. خۆم بە خەتابار زانی کە ئەو سایتە هەرگیز سەزەنشتییان نەکردوم و بە هیچ جۆرێک منەتیان نەکردووە بەسەرما، بۆیەکا وەک پاداشتێک کە هەرگیز داوایان لێ نەکردووم، ویستم بابەتێکیان شەیر بکەم. بە خۆڕسکانە چومە سەر سایتەکەیان و چاوم نوقاند و کرتەیەکم کردە سەر پەیجەکەیان، ئەو بابەتەی بە ڕێکەوت کەوتە ژێر کرتەی مشکەکەم، بابەتێک بوو لەسەر کاکە تەها ڕەسوڵ.
بەڵام ئەم هەڵبژاردنەش بە پاساودان بوو. واتە لە پەیوەندییەکی دیالەکتیکدا بوو، کە زۆر جار ڕێکەوتیش بەشداری دەکات لەو پیوەندییەدا. هەرچەندە ڕێکەوت مەرج نییە هەمیشە بە (قازانج) ی تۆ بشکێتەوە، بەڵام کەی من بەدوای قازانجی خۆمدا گەڕاوم ؟
وەک چۆن کاتێک بۆ یەکەم جار خانمێکی ناسکم ناسی، پێشنیاری کرد کە بێتە ماڵی من بخەوێت، سمتی ئێچگار قەشەنگ بوو، پانتۆڵە کاوبۆکەی هێندەی تر هەڵتۆقاندبوو. بۆیەکا منیش لە چەقی ئەو ڕێگایەدا، گۆتم خانمی نازدار، پشتم تێکە. جارێك کێشام بە سمتی ڕاستیا و جارێکی تر بە چەپیا ؛
هەلور بلور تەکامە
زەرد و سورو شەمامە
ئاوە بارە، دەنکە زارە
مێخم کوتی، مێخ هەڵبەزی
تیکەی ڕاستم ئەوەی گەزی.
بە ڕێکەوت تیکەی ڕاستم، سمتی چەپی قەشەنگی خانمی گەزی. دیتم خانم لە ماڵێکی گچکەدایە، لەگەڵ کچێکی هاوڕییدا دەژی. ئەو شەوە بەتەنیشت کچەی هاوڕێیەوە، لەبەر جیکە جیکی جێگاکەی، ئۆرگاسمم کپ بوو، لەزەتم نەچەژی. شەرمیشە بۆ یەکەم شەوی بوکێنی پێشنیاری پەیوەندییەکی کراوە بکەم، لەگەڵ هاوڕیکەیدا، بۆیە بە هەموو هێزو توانی خۆم دەستی خۆمم بە توندی گەزی، گۆتم چیم بەخۆم کرد ! دەبوا پێشنیاری خانمم قبوڵبکردایە، ئەو پەندەم بەخۆم نەکردایە. بەڵام ئەگەر نەمکێشایە بە سمتی قەشەنگی خانمدا، هەرگیز ئەم رواداوانە ڕوویان نەدەدا، بە هەمان شێوە ئەگەر بابەتەکەی کاکە تەهام شەیر نەکردایە.
پێ دەچێت کاکە تەها لە حکومەتی داهاتودا ببێتە وەزیری پەروەردە، بۆچی نا ؟ خۆ ئەو خاسترە لە کەسێکی تر، چونکا بڕوا ناکەم لە پرۆگرامیدا بێت قورئان و نوێژ بخاتە بەرنامەی خوێندنەوە. بەڵام بە پێی لۆژیکی دیالەکتیک هەرکاتێک هەنگاوێک دەنێیت ( پێشنیار، تێز)، ڕوبەرووی دژ ( ئەنتی تێز) دەبیتەوە، بۆ ئەوەی بگەیت بە سینتێز ( دەرئەنجام) دەبێت بەم دژدا تێپەڕیت، ئەو دژەش لێرەدا بۆ کاکە تەها ئەو باباتە بوو کە شەیرم کرد بە ( ڕێکەوت). چونکا لەدایبکبوونی هەر بیرۆکەیەک، بە ئۆتۆماتیکیی دژێێک ڕوبەڕوی دەبێتەوە، دەبێت کاکە تەها ئەو دژە تێپەڕێنێت هەتا بگاتە بە سینتێزێکی پوخت. بێ گومان کاری من ئەوە نییە بە دوای ئەوەدا بگەڕیم کە ئایا ئەمە ڕاستە یان درۆ ؟ تەنانەت سەیری ناوی نوسەری بابەتەکەشم نەکرد.
من هەمیشە دڵسۆزم لە هاوڕییتەتیدا، لەکاتی تەنگانەدا پەنا دەبەمە بەر هاوڕی دڵسۆزەکەم، ئەو هاوڕێیەی کە فێڕی کردم چلۆن ئەشکەنجە لە باوەش بگرم و ئیدی ئازار نەچێژم. هاوڕێکەم ؛ شێتیی. چونکا دانایی بەرهەمی شێتییە، ڕەگی لە شێتیدا داکوتاوە، کۆڵەکەی بنەڕەتی داناییە، بۆیەکا باکم نییەو ڕێگایەکی دورودرێژ دەگرمە بەر بۆ دیتنی، بۆ لە باوەشگرتنی لە کاتی تەنگانەدا، وەک خانمێکی ئێجگارا ووروژێنەر و سێکسی، بە ئاوی مەرگا دەپەڕمەوە بۆ دیداری مەمکۆڵەی گۆشتنی، لەش و لاری ئێجگار ناسکی.
لەو ڕێگەیەدا، ڕبەرووی بای بەهێز دەبەمەوە، بای باکور، بای باشور، بای ڕۆژهەڵات، بای ڕۆژئاوا، بای پڕ لە خۆڵ و زیخ، بای گێژەڵوکە، بای زریان، بای کوشندە و بای بەستەڵەک و گەردەلول. ڕوبەوەرووی گشتیان دەبەمەوە بۆ دیتنی. پاش ئەو ڕێگە پڕ لە مەترسییە دەگەمە بەردەم قاپی دۆزەخ و دەرگاکەی تێکدەشکێنم، بە چواردەورمدا بونەوەری شێوە مرۆڤ و شیوە ئاژەڵ، شێوە باڵندە دەبینم، مرۆڤە بەردینەکان، مرۆڤە گڕاوییەکان، مرۆڤە پاشڕونەکان دەبینم، لەولاوە، بە بەرزاییەکەوە، ژن و پیاوێکی دووپشک تێم دەڕوانن. میفیستۆ دێت بە پیرمەوە و دمگرێتە باوەشی، پێی دەڵێم کە هاتووم بە ئاگری دۆزەخ خۆم پوختە بکەمەوە، چونکا دەمەویست هەنگاوێک بنێم، بەڵام بە یاسای دایلەکتیک، ڕوبەرووی دژ بومەوە، روبەڕی ئەنتی تێز، بۆیەکا دەمەوێت خۆم لە ئاگری دۆزەخدا پوخت کەمەوە، هەتا بەرگێکی نوێ بپۆشم، بتوانم ڕوبەرووی ببمەوە (قەڵغانێک).
میفیستۆ:
<< تۆ لە باوەشی مندا چاوت کرایەوە، تۆ وەکی من، وەچەی سۆز و ئاگریت. بەشێک لەم هێزەی کە ئێمە خاوەنین، هەمیشە خراپەی دەوێت و هەمیشەش چاکە دەکا. بە گژ ناڕوونی رۆحدا بچۆرەوە، تیشکێکی ڕوناکی دزەپێکەر بخەرە ناو سێبەری قوڵایی تاریکی، ناو ئەو زۆنانەی ژیانی ناوەوە، کە جنۆکەی ناڕون و نادیاریان تێدایە، بەسەریاندا زاڵببە و ئینجا بۆ کاتێک پشوو بدە، ئەوسا وەک مرۆڤێکی پوخت کارەکانت ئەنجام بدە. دەزانم تۆ ئەو ڕۆحەی کە هەردەم ئیناکاری دەکەیت، بە دادپەروەرانەوە، بێگومان، چونکا هەموو ئەو شتانەی کە هەنە، شایەنی لەناوبردنن، بۆیە باشتردەبوو کە هیچ شتێک بوونی نەبوایە. هەموو ئەو شتانەی کە ناومان ناوون گوناح... بڕۆ بە ئاگری پوختی دۆزەخ خۆت خاوێن بکەوە هاوڕی دڵسۆزەکەم .
لەولاوە ژنو پیاوە دووپشکەکە دەدەنە قاقای پێکەنین و بە گاڵتەوە تێم دەڕواننن ؛
- هێێ خوردە ، سەرداری ڕابە چاوشین، بۆچی هێندە لوتبەرزیت ؟ بۆچی هێندە لە خۆت ڕازیت ؟ بۆچی ؟ بۆچی ئەم ڕێگا دوروودرێژەت گرتۆتە بەر ؟ وادەزانیت، تۆ تەنها کەسیت کە ئەو دەرئەنجام ( سیتێز) ە ت وەدەستخستووە ؟ مەگەر نازانیت کە پیاوانی سیاسی و بازرگانان هەر وەکی تۆن ! دەگەنە هەمان سینتێز. سیتێزی شێتی و بەرەڵایی ! تۆ شانست هەس. پاشان پێم دەڵێن :
<< دوعا بکە دوژمنەکەت ژیر بێت>>.
- حەدیان چییە بگەن بە ئاستی بەرزی کەوشەکانم ! من گەشتێکی دورودرێژم بە ناخی خۆمدا کردووە، ئەوان پەنجەرەیان بەسەر ئەو جیهانەدا بۆ هەتایە داخستووە.
پاشان، خۆم توڕدایە ناو ئاگری دۆزەخ و خۆم خاوێن کردەوە. هێشتا گڕ بە بەدەنمەوە بوو، لەسەر بەرماڵێکی بەردین، سوورەوەبوو بە ئاگری دۆزەخ، دانیشتم و نزام کرد ؛ دەستم برد بەرەوە ئاسمان و لە خودای پەروەرداگاری شێتی پاڕامەوە؛
<< وەک پشیلە خاوەنی حەوت ڕۆحم، ئەوەی ئازارم بدات دەبێت پێستی کەوڵکراوم حەوت جاران پڕ بکات لە زێر و بیبەخشێت بە هەژاران، ئەوسا مەگەر خواوەندی ئەشکەنجە و شێتی لە گوناحەکانی خۆشببێتن. خودایە مرۆڤان بپارێزیت لە گوناحکاران >>
ئامین
ئەجمەعین
لەو چۆڵ و بیابانە دەبێت یاوەرت کێ بێت !
یا لەو کەژ و کێوانەوە سەودا سەری کێ بێ،
چوون ماوە لە سەد لاوە بریندارە دڵی من !
وەک پووش و پەڵاشی، بەدەم باوە دڵی من.
ئیدی ئەم باسە کلۆم دەکەین، بۆ هەتایە. ئەم باسە تەنها ئەنتیتێز (دژ) ێك بوو بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێک. بە هقیقەتێک.
****
میفتستۆ: کەسایەتی شانۆی فۆستی نوسەری ئەڵمانی ؛ (گۆت )ە، وتەکانی بە هەندێک گۆڕانکاریەوە تەرزمانکراون.
خوردە ؛ دەستەواژەیەکی یەمەنییە، بە مانای گچکە، چڵیت، هیج و پوچ دێت، وشەکە وادیارە لە بنەچەدا لە (وردە) ی کوردیەوە وەرگیراوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست