ماڵە کارتۆنیەکەی کوردستانی عێراق دەڕوخێت
Wednesday, 29/03/2023, 15:38
سەردەمانێک ناوچەکە بە خاڵێکی گەشاوە دەهاتە بەرچاو لەو نائارامییەی کە بەهۆی گۆڕانی ڕژێمی ئەمریکاوە هاتە ئاراوە، ئەمڕۆ شتەکان تاریک دەردەکەون،
٢٢ی ئازاری ٢٠٢٣،کاتژمێر ٣:٥٦ی پاشنیوەڕۆ
چەمچەماڵ شارێکی وشک و تۆزاوییە و ناوبانگێکی بە توندوتیژی دەرکردووە، کەوتۆتە ناوەڕاستی ڕێگای نێوان کەرکوک و سلێمانی سەر بە (هەرێمی کوردستانی نیمچە سەربەخۆی عێراق).
شارەکە هەندێک جار بە نازناوی "تەکساس" دەناسرێت، یەدەگی بەرچاوی غازی سروشتی تێدایە، بەڵام خەڵکی ناوچەکە بەزەحمەت سوودمەندن لەو سەرچاوە و قازانجبەخشەی کە لە ژێر ماڵەکانیاندا نێژراوە، زۆربەیان مانگانە بە چەند سەد دۆلارێک دەژین و بێکاری بەربڵاوە- بە تایبەتی لە نێو گەنجاندا،
دوای بیست ساڵ لە داگیرکردنی عێراق بە سەرکردایەتی ئەمریکا، کوردستانی عێراق زۆرجار وەک دوورگەیەکی بەڵێنی دیموکراسی و گەشەسەندنی ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی دیکە دانەبڕوا ناودەبرێت، کوردەکانی عێراق لە ڕووخاندنی سەدام حوسێنی سەرکردەی عێراقی بەتوندی پشتیوانی ئەمەریکایان کرد و تا ئیستاش بەردەوامن وەک پێشهاتێکی ئەرێنی سەیری دەکەن،
کوردەکانی عێراق لە مێژە شەڕی بەغدایان کردووە بۆ مافی چارەی خۆنووس و هەوڵەکان زیاتر لەگەڵ ستەمێکی دڕندانە بەرەو ڕووبوونەتەوە، لە کاتی هەڵمەتی ئەنفالکردنی جینۆساید لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، سوپای سەدام چەکی کیمیاوی لە دژی خەڵکی مەدەنی کورد بەکارهێنا، کوردەکانی عێراق لە ساڵانی نەوەدەکانەوە هاوپەیمانی ئەمریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا بوون، پێکەوە کاریان بۆ ڕووخاندنی سەدام و پاشان شەڕیان دژی دەوڵەتی ئیسلامی کردووە، لە کاتێکدا زۆربەی چاودێران هاوڕان لەسەر ئەوەی کە لە شەڕی عێراق بنەوە عێراق ئاوەدانتر و دیموکراسیتر بێت، بەڵام کوردستانی عێراق دوای گۆڕانی ڕژێمی سەددام، هەرچەندە ئازاد بوو وەک خاڵی گەشاوە بەوە ناسراو و دەرکەوت.
بەڵام ئەمڕۆ شتەکان تاریک و رەشبین دەردەکەون، دامودەزگا سیاسییەکانی هەرێم بەهۆی دابەشبوونی سەرکردە حزبییەکانەوە بەردەوام ئازادیی ڕادەربڕینان لە هاوڵاتییانیان سەندۆتەوە، نایەکسانی ئابووری چەسپاو و نەبوونی هەلی کار، بۆتە هۆی ئەوەی کە شەپۆلی کۆچبەران بەرەو ژیانێکی باشتر روو لە دەرەوەی وڵات دەکەن، ئەزمونی ڕۆژانەی زۆربەی کوردانی عێراق بەتایبەتی لە شارە بچوکەکانی وەک چەمچەماڵ، دوورە لە ئەزموونی ئەو نوخبەیەی، لە ڕووی سیاسییەوە بەیەکەوە لە گەشەپێدانیی وڵات بن، بەڵکو بەپێچەوانەوە هاوڵاتیان لە هەولێر و سلێمانی لە ژیانێکی ناخۆش و کولەمەرگیدا دەژین، ئەم جیاوازییە زۆرجار لەلایەن دیپلۆماتکار و بێگانەکانەوە لە رۆژئاواوە سەردانی هەرێم دەکەن چاوپۆشی لێدەکرێت، چونکە ئەوانە بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی حزب و سەرکردەکانی بازرگانی و گەنجانی خوێندەوار لە زانکۆ ئەهلییەکان کۆدەبنەوە ،
ئەگەر شەڕی عێراق و پاشهاتەکانی شتێکیان فێرکردبین، ئەوەیە کە پەیوەندییەکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ ناوچەکەدا دەبوو ژیانی گوزەران و بەرژوەندی گەلەکەی لەبەرچاو بگرتایە، نەک بەرژەوەندیی سەرکردە سیاسییەکانی ناوچەکە، چونکە دیموکراسی، یەکگرتوویی و چارەنووس، خواست و ئاواتی قووڵی گەلی کوردە- و سێ دەیە پشتیوانیی چڕ و پڕی دەرەکی تا ئێستا یارمەتیان نەداوە بە تەواوی بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە، لە کاتێکدا کوردستانی عێراق ڕووبەڕووی قەیرانی شەرعیەتی دیموکراسی بووەتەوە، ڕۆژئاوا دەبێ لە ڕێگەی پاڵپشتیی سەربازی و سیاسیی بێ چەواشەکارییەوە، لێپرسینەوە لە سەرکردە کوردەکانی عێراق بکات، کە لەناو گەندەڵی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤدا رۆچوون،
لە کاتێکدا حکومەتەکانی ڕۆژئاوا تا ڕادەیەکی زۆر هەڵمەتی ئەنفالکردنی سەدامیان لە هەشتاکان پشتگوێ خست، بەڵام لە دوای جەنگی کەنداو زیاتر پشتیوانی کوردی عێراقیان کرد، ناوچەیەکی دژە فڕینیان لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ پاراستنیان، دامەزراند، دامودەزگا خۆبەڕێوەبەرییەکانی کورد لە سەرەتای نەوەدەکاندا دامەزراون،
لەشکرکێشی سەرکردایەتی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق بووە هۆی دەرکەوتنی کوردستانی عێراق لەسەر شانۆی جیهانی، دوور لە سێبەری دیکتاتۆری سەدام، لە ساڵی ٢٠٠٥ بە پێی دەستووری نوێی عێراق دان بە هەرێمی کوردستاندا نرا، کە بە پشتیوانی بەرفراوانی ئەمریکا و دەرەکی پەرەی پێدراوە- کوردستانی عێراق خاوەنی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری خۆیەتی، هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی وەزارەتێکی تەواوی خۆیەتی، کە دەسەڵاتێکی بەرچاوی بەرفراوانیان هەیە و هەرێم پەیوەندییەکانی دەرەوە و هێزی ئەمنی و سەربازی هەیە، ئەو هێزە بە پێشمەرگە ناسراوە، نزیکەی هەموو بابەتەکانی حوکمڕانی لەلایەن دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمەوە جیاواز لەوانەی بەغدا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت،
دوو پارتی دەسەڵاتدار لەهەرێمدایە: پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنترۆڵی پارێزگاکانی دهۆک و هەولێری کردووە- کە هەولێر پایتەختی کوردستانی عێراقە- یەکێتی حوکمی سلێمانی دەکات، لە هەر زۆنێکدا بەرپرسانی حیزب دەسەڵاتیان لە دانانی سیاسەتی ئەو ناوچەیەکدا هەیە کە دەستیان بەسەردا گرتووە، پەیوەندی حزبی وەک کلیلی بەدەستهێنانی کار و دەستپێکردنی کار و بردنەوەی ناکۆکییە یاساییەکان سەیر دەکرێت، پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لە هەر زۆنێکدا پەیوەستە بەو حزبەوە، هەروەها بەپێی یاسای حکومەتی هەرێمی کوردستان، نیاز عەبدوڵڵا، کە ڕۆژنامەنووسێکی خەڵکی هەولێرە دەڵێت، “نابێت لایەنە سیاسییەکان هێزی چەکداریان هەبێت”، بەڵام ئەمە بە شێوەیەکی ئاشکرا لە پراکتیکدا پشتگوێ دەخرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، "کاتێک هەر ململانێیەک لە نێوان لایەنە سیاسییەکان سەرهەڵدەدات، مەترسی ئەوە دروست دەبێت کە دەستبەجێی ببێتە هۆکاری ململانێی چەکداری و شەڕی ناوخۆ دەست پێبکات"،
هاوپەیمانی پارتی و یەکێتی هەمیشە ئاڵۆز بووە، یەکێتی لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا وەک فراکسیۆنێکی پەرتەوازەی پارتی دیموکراتی کوردستان سەریهەڵدا- دابڕانێک کە لە ئەنجامی تێکەڵەیەک لە فاکتەری ناکۆکی کەسایەتی و سیاسییەکانەوە سەری هەڵدا- و لە ماوەی ساڵانی نەوەدەکاندا شەڕی ناوخۆیان دەست پێکرد، هەریەکەیان دەوڵەتی جیاجیای خۆی دانا و بەڕێوەی برد، لەو ماوەیەدا دانیشتووانی کوردی عێراق بەدەست ئەو گەمارۆیەی کە پێی دەوترێت "گەمارۆی دووانە" دەیناڵاند، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بازرگانی لەگەڵ ڕژێمی سەدامدا سنووردار و بایکۆتی کرد، ئەمەش دواتر بوو بە هۆی ئەوەی ڕێگری لە هاوکاری و وەبەرهێنان بۆ کوردستانی عێراق کرد،
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی بە ڕواڵەت لەسەر ئەوەی ڕکابەرییە ڕێککەوتن، کە دەیان ساڵەی خۆیان بە هۆی هاتنی دیکتاتۆریەتی سەدام وەلا هێنا بۆ ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی نوێدا یەکبگرن، ئەمریکا بوو بە کلیلی نێوەندگیری بۆ کۆتایی هاتنی ئەم شەڕە ناوخۆییە و هاندانی یەکڕیزی کورد لە عێراقی دوای سەددام، بەڵام ئەم هاوپەیمانییە هەمیشە ئەنجامی باشی بەدەستەوە نەداوە، لەدوای هەڵبژاردنی پەڕلەمانی هەرێم لە ساڵی 2018ـەوە پەیوەندی کارکردنی ئەو دوو حزبە تادێت ناکارا و نائارمتر بووە، هاوڵاتیان و گەنجەکان، زیاتر حەزیان لە پراگماتیزەکردن و وازهێنانە لە بەرژەوەندیی خۆپەرستی کوتلەبازەکان،
فەرهاد ( (Farhad Mamshaiکە لە چەمچەماڵ گەورە بووە و ئێستا کاندیدی دکتۆرایە لە بواری پلاندانان و حوکمڕانی و جیهانگیری لە ڤێرجینیا، بە فۆرن پۆڵسیتی ڕاگەیاند، لە کاتێکدا پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی لەسەر ئاستی هەرێم دەسەڵات و پۆستەکانیان بە یەکسانی دابەش دەکرد، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 2018ەوە هەوڵی داوە ببێتە دەسەڵاتی یەکەم و مشتومڕ لە نێوانیاندا پەیدا بووە،
ئەم دوو لایەنە لەم دواییانەدا چەندین ناکۆکی گەورەیان هەبووە، بە گوتەی فەرهاد، لەوانە: لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی داهاتی ناوخۆی دەروازە سنوورییەکان و باج، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پیشەسازی نەوت و گاز و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، هەروەها ئەم ناکۆکیانە پرۆسەی چاکسازیی هێزی پێشمەرگەی وەستاندووە لەوەی ببێتە هێزێکی شەڕکەری یەکگرتوو و ناسیاسی و مۆدێرن،
پارتی و یەکێتی نەیانتوانیوە لەسەر یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن رێکبکەون و بگەنە ئەنجام، بۆیە هەڵبژاردنەکانی هەرێمیان دواخستووە، کە بڕیاربوو لە تشرینی یەکەمی 2022 بەڕێوەبچێت و بەمە ماوەی پەرلەمانی کوردستانیان درێژکردەوە ، تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، پەرلەمانی کوردستان پرۆژەیەکی نوێی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەڵنەگرتووە،
فەرهاد دەشڵێت: ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن واتە نەبوونی شەرعیەت بۆ ئۆرگانەکانی حکومەت و پەرلەمان، ئیتر ئەمانە ناتوانن نوێنەری ڕاستەقینە و شەرعی گەل بن”،
ئەم ململانێیانە لەسەر ئاستی نوخبەی جەماوەر، دەرئەنجامە ڕاستەقینەکانیان هەیە، بەتایبەتی کە کوردستانی عێراق قەیرانێکی دارایی درێژخایەن بەخۆیەوە دەبینێت، لە ساڵی 2014ەوە هەرێم قورسایی هەڵاوسانی ئەوپەڕی نرخی نەوت و ناکۆکی بودجە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق و شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی و پەتای کۆڤید-١٩ی لە ئەستۆ گرتووە، ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی سلێمانی نەیانتوانیوە، یان بە زەحمەت توانیان مووچەی کەرتی گشتیی بدەن، بەمەش فەرمانبەرانی حکومەتی توڕە کردووە، کە لە دەرەوەی ناوەندەکانی دابەشکردن بۆ پارەی نەختینە ڕیز بوون، چەند خانەنشینێک لە کاتی چاوەڕوانی لەڕیزدا، گیانیان لەدەستدا،
حکومەتی هەرێم و دامودەزگاکانی تری حکومەت لە هەرێم کارەکانیان لە رووی ئابوورییەوە بە هێواشی دەڕوات، لە ڕاپۆرتێکی ساڵی 2018ی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچدا مەزەندەی کردووە کە لە سەدا ٤٧ی ماڵەکانی کوردستانی عێراق لانیکەم کەسێکیان لەخۆگرتووە کە لە کەرتی گشتیدا کاردەکات، سێ لەسەر چواری ژنانی کرێکار فەرمانبەری حکومەتن،
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار، تێکڕای بێکاری لە کوردستانی عێراق نزیکەی لە 16%یە ، بەڵام ژمارەکە لە نێو گەنجاندا زۆر لەوە زیاترە : نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٤ ساڵدایە لە خوێندن و کار و ڕاهێناندا نین و بێکار دانیشتوون، لە نێوان هەموو گروپە تەمەنییەکاندا ئەگەری بێکاربوونی ژنان بە بەراورد بە پیاوان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە،
لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی عێراق، لە ڕادەبەدەر لاوازن، بزووتنەوەی گۆڕان، بانگەشە بۆ پەرلەمانێکی بەهێزتر و هەڵوەشاندنەوەی دوپۆلی دەسەڵاتدار دەکرد و دە ساڵ لەمەوبەر هەڕەشەی نەهێشتنی یەکێتیی لە سلێمانی کرد، بەڵام ئێستا چوونەتە ناو حکومەت لەگەڵ پارتی و یەکێتی، لەمدواییەشدا بزووتنەوەیەکی دیکە بە ناوی بزووتنەوەی نەوەی نوێ سەری هەڵداوە، ئەمانەش هەنگاوێکی سەخت و وردەکارییەکی کەمی سیاسەت پێشکەش دەکەن و شانبەشانی فێڵە پۆپۆلیستییەکان، چونکە ترس لە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا لەناو دەنگدەراندا بڵاوبووەتەوە و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان ئەمانە دەقۆزنەوە کاتێک بە خراپی ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی رایانبکێشن بۆ دەنگادان،
هەردوو پارتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی ئازادی ڕادەربڕین لە ناوچەکانی کۆنترۆڵی خۆیاندا سنووردار کردووە، بە زۆر ڕێگری لە ڕوودانی ناڕەزایەتییەکان دەکەن ، ڕۆژنامەنووسانی کوردی عێراق بە بەردەوامی دەستگیر دەکرێن یان بە شێوەیەکی تر لە ڕووماڵکردنی هەواڵەکان ڕێگرییان لێدەکرێت؛ ڕێکخراوێکی چاودێری ناوخۆیی ساڵی ڕابردوو لانیکەم 431 سەرپێچی تۆمارکردووە،
لە بەرامبەر سنووردارکردنی ئازادییە سیاسییەکان و نەبوونی دەرفەتی ئابووری، زۆرێک لە کوردانی عێراق هەست دەکەن باشترین بژاردەیان کۆچکردنە، بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی سامیت فاوندەیشن , کە ڕێکخراوێکی ناحکومییە و بنکەکەی لە سلێمانییە، ساڵانە دەیان هەزار کەس کوردستانی عێراق، وڵات بەجێدەهێڵن و بەشێکی زۆریان بەرەو ئەوروپا دەڕۆن، بەداخەوە زۆرێک لە کۆچبەرانی کوردستانی عێراق لە سنووری بیلاڕوس و پۆڵەندا گیریان خواردووە، یان لە کەناڵی ئینگلیزیدا خنکاون ،
لە مانگی شوباتدا، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر هۆشداری بە حکومەتی هەرێم دا سەبارەت بە "پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، توندوتیژی جێندەری، سەروەری یاسا، مامەڵەی یەکسان لەگەڵ ژنان، [و] دەرفەتی یەکسان بۆ ئەندامانی کۆمەڵگەی کەمینەکانی کوردستان، " دەرئەنجامەکەی نائومێدییەکی قووڵی سیاسیی لە نێو کوردەکانی عێراقدا لێکەوتۆتەوە،
شێرکۆ ئازاد عەلی لە ساڵی 2002 لەدایکبووە، لە چەمچەماڵ دەژی، کە تەنها پێش لەشکرکێشییەکەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا وتی، خەڵک لە کوردستانی عێراق دەیانەوێت کار بۆ پێشکەوتنی هەرێم بکەن، بەڵام ”زۆربەی هاووڵاتیان ڕقیان لە سیاسەتە و بیری لێ ناکەنەوە، چونکە [دەسەڵات] تەنانەت مافی سەرەتاییش نادات بە هاووڵاتیان”،
شێرکۆ ئازاد رۆژگارەکانی خۆی بە خوێندنەوە بەسەر دەبات بۆ ئەوەی ببێتە مامۆستای وەرزشی لە پەیمانگایەکی ناوخۆیی و لە کاتی بەتاڵیدا وەک ناوبژیوانی تۆپی پێ خۆبەخشانە کاردەکات، لە کاتێکدا بە پەرۆشە بۆ ژیانی پیشەیی خۆی، بەڵام دەزانێت ڕێگایەکی ئاسان نابێت،
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە زۆربەی هاوتەمەنەکانی خۆی لەناو دەزگا کانی دژەتیرۆر و ئاسایش کاری ئەمنی دەکەن، یان بە هاوکاری کەسایەتییەکی دەسەڵاتدار دامەزراون، چینی ناوەڕاست و هەژارەکان تەنانەت ئەگەر بتوانن کارێک بدۆزنەوە، ناتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن” شێرکۆ ئازاد ئاماژەی بەوەشکرد و وتی “پێموایە خەڵکی دەسەڵاتدار لەم هەرێمەدا تەنها گرنگی بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەدەن، دەوڵەمەندەکان بۆ خۆیان کار دەکەن و هەژارەکان دەچەوسێننەوە”،
کورتهێنانی دیموکراسی و تێکچوونی ئابوری کوردستانی عێراق دەرئەنجامی سەرکردایەتی سیاسی بەرژەوەندیخوازانەیە، ئەم سەرکردانە لە لایەن بەرپرسانی ڕۆژئاواوە کارا دەکرێن، کە بە شێوەیەکی ڕۆتینی ستایشی پەیوەندییە "تایبەت و بەهێزەکەیان" لەگەڵ هەولێر دەکەن بەڵام بە دەگمەن بەزارەکی سەرزەنشتی خراپی حوکمڕانی و پێشێلکاری مافەکانی خەڵکی دەکەن، ئەم جۆرە لێدوانانە لە بەرژەوەندی سەرکردایەتی سیاسی هەرێم دەشکێتەوە و گەلی کوردی عێراق زیانی پێدەگات کە هیچی لێ سەوز نابێت،
ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی کاریگەرییەکی زۆریان بەسەر حکومەتی هەرێمدا هەیە بەڵام پێدەچێت ئامادە نەبن کاریگەرییەکانیان بەکاریبهێنن، بۆ نموونە، قورسایییەکی زۆریان لە پشت چاکسازیی پێشمەرگەوە داناوە- کە حزبە دەسەڵاتدارەکان بە شێوەیەکی ڕیتۆریک پشتگیری دەکەن، بەڵام بە کردەوە بەرەنگاری دەبنەوە، چونکە هێزە ئەمنییەکانی حیزب کلیلی توانا و دەسەڵاتی خۆیانە، واشنتۆن یارمەتیی مادیی هێزەکانیان دەدات بۆ دابینکردنی هێزی پێشمەرگە، بەڵام دەتوانێت ئەم دەسەڵاتە مەرجدار بکات بە چاکسازی، هەروەها هەندێک لە سەرکردە دیارەکانی کورد و هاوکارە بازرگانییەکانیان لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا سەروەت و سامانی بەرچاویان هەیە کە دەکرێت بکرێنە ئامانج بۆ ڕێگریکردن لە گەندەڵی،
جگە لەمە ڕێگایەکی تێچووی کەمتر ئەوەیە کە دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوا بە ئاشکرا بانگەوازی پێشێلکارییەکان بکەن لە ناو کوردستانی عێراقدا هەر کە ڕوویاندا- و هاوسۆزی لەگەڵ داکۆکیکارانی مافەکانی هێڵی پێشەوەی وەک چالاکوانانی مافی ژنان و ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو نیشان بدەن ، ئەنجامدانی ئەم کارە لە بەرژەوەندی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا دەبێت: بە باشی ئەوە روونە کە هەژاری و نەبوونی دەرفەت و سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندان و ناسەقامگیری و ململانێی، هەروەها یارمەتی وڵاتانی ئەوروپا دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەندێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی کۆچکردن، هەرچەندە کوردستانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تاڕادەیەک سەقامگیرترە لە بەشەکانی دیکەی عێراق، بەڵام ئەو سەقامگیرییە مسۆگەر نییە،
بە بێ ئاڵوگۆڕێکی وەها، فەرهاد پێشبینی "پەرتەوازەیی و پارچەپارچەبوونی زیاتر" و "داکشانی زیاتری ئازادییە سیاسییەکانی کرد، لە بایخدان بە بەها دیموکراتییەکان و پێشێلکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ" لە کوردستانی عێراقدا، چونکە ئهم نادادپه ڕوه ڕییه کی گەورەیە بەرامبەر بە گه لی کوردی عێراق دەکرێت، بەتایبەتی له ماوه ی 20 ساڵی ڕابردوودا له شەڕی دژ به دیکتاتۆریی و توندڕەوی له عێراقدا قوربانی زۆریان داوە،
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست