نەنە وباپیرە نەورۆز ڕۆژتان باش !
Wednesday, 22/03/2023, 10:50
ئەسڵەن مێژو چیە جگە لە چەند پەڕەیەکی نوسراو لە لایەن چەند نوسەرێک کە مەگەر هەر خۆیان و پاشا و سەرۆکەکانیان بزانن چەند درۆ و چەند شێواندن و شاردنەوەی ڕاستیەکانی تێدایە! مەگەر مێژو چیە جگە لە نوسینەوەی بەسەرهاتی باشی و ڕاستی و دادپەروەی و جوامێریی سەرکەوتوەکان و ناشیرینی و ترسنۆکی و خراپیی شکستخواردووەکان ؟
نەنە وباپیرە نەورۆز! ئەوە گرنگ نیە هەمو ڕاستی و وردەکارییەکانی ئێوە نەزانین، مەگەر ژیان و بەسەرهاتی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئەم دنیایە کە دەیبیسین یا بە فلیمە پرشنگدارەکانیان دەیانبینین هیچیان بە بەڵگەی DNA و بە بەڵگەی فۆتۆگرافیی فۆتۆشۆپ نەکراو و بە وێنە و دەنگی ڤیدیۆیی تەزویر نەکراو و بە دۆزینەوەی شوێنەواری خانوسازی و ئێسک و پروسکی پاڵەوانە ناودارەکانیان سەلمێنراون؟
نان ئەو نانەیە ئیمڕۆ لە خوانە! بێ گوێدانە ئەوەی کوردێک موسوڵمانی شیعەیە یا سونە، یا یارسا (کاکەیی) و ئیزدیە یا زەردەشتی یا بڕوای بە هییچ ئاینێک نیە (ئاتێئیست) ئیمڕۆ بەدەگمەن کوردێک دەبینی لە هەر چوارپارچەکەی کوردستان و لە ناو کوردی ئاوارە و دەربەدەری هەمو ئەم دنیایە، کە دڵی بۆ نەورۆز و بە نەورۆز لێنەدا و نەکەوێتە پرتە پرت و خورپە، ئەسڵەن بە تایبەتی لە ئەوروپادا ئەم دۆخەیان ناوناوە (تا) ی نەورۆزی کوردان.
بەدەگمەن کوردێک دەبینی ئەگەر لێشی قەدەغەبکرێت لە نەورۆزدا لە ناو دڵی خۆیدا مۆمێک بۆ نەورۆز دانەگیرسێنێ.
ئەوە ڕاستە کە گەلانی تری ناوچەکە هەتا هیندستان و نەتەوە یەکگرتوەکانیش نەورۆز پیرۆزدەکەن، بەڵام پیرۆزکردنی گەلانی ناکورد بۆ نەورۆز پەیوەندیی بە پیرۆزکردنی وەرزی بەهارەوە هەیە کە چۆن پاڵ بە زستانی توش و سەرماوە دەنێ و خۆی بە هەتاوی گەرم و تاوەباران و چرۆی درەختان و خونچەی گوڵە کێویەکان دێتەوە مەیدانی ژیانێکی پڕ لە هیوا و کار و ئازادبون لە چواردیواری ماڵ.
بەڵام پیرۆزکردنی کورد بۆ نەورۆز جگە لە پیرۆزکردنی بەهار و گرنگتر لە مە واتا و ڕۆحی نەورۆزە بۆ ئینسانی کورد کە ئەمەیە:
لە ڕابوردوی نەتەوەی کورددا و لە سەر خاکی کوردستانەکەی وەک لە هەمو وڵاتانی دنیادا پاشا و سەرۆک و میر و بەگ و ئاغا و سان و... هەبون جا کوردی خۆجێی بوبن یا ناکوردی زاڵم و داگیرکەر. لە شوێن کات و لە بۆنەیەکی تایبەتیدا زۆرینەی خەڵک گەشتۆتە تینیان و بەرامبەر بە فەرمانڕەوا زاڵمە کوردە یا ناکوردەکە ڕاپەڕیون و دەستیان لێوەشاندوە و هەندێ جار سەرکەوتوبون لە لادانی یا لەناوبردنی کەسی ستەمگەر. ئەوە گرنگ نیە ئێمە ئێستا نەتوانین بیسەلمێنین کە زوحاک داگیرکەرێکی زاڵمی ناکورد بوە و کاوەی ئاسنگەریش کورد بوە وبە چەکوشەکەی زوحاکی لەناوبردوە و خەڵکە کوردەکەی ڕزگارکردوە. زوحاک ڕەمز و هێمایە بۆ دەسەڵاتدارێک کە باوان و دایانمانی چەوساندۆتەوە ، کاوەش سیمبۆلی پاڵەوانێکە خەڵکە ستەمدیدەکەی ڕزگارکردوە. ئێستا ئاوای لێهاتوە کە هیچ نەتەوەیەک و هیچ مرۆڤێکی تاک لەم دنیایەدا بە هێندەی کورد لەگەڵ بەسەرهاتی کاوە و زوحاک و چیرۆکی نەورۆز تێکەڵ نەبوە و بە هی خۆی نازانێ، تۆوی نەورۆز لە کۆهەست (اللاشعور الجماعي) و کۆبیری (الفکر الجماعي) (collective unconsciousness) ی هەمو ئینسانێکی کورد دا چێنراوە، تەنانەت لە دڵ و دەرونی زانایەکی ناوداری موسوڵمانی وەک ڕۆحشاد(مەلا عەبدولکەریمی مودەریس) یش دا کە لە سەردەمی سەدام دا فتوادەدات کە بە جەژن دانان و پیرۆزکردنی نەورۆز هیچ بەرکەوتنێکی نەباش و نەرێنیی نیە لەگەڵ بنەماکانی ئاینی ئیسلام دا.ڕۆحی نەورۆز ئەمەیە کە ئینسانی کورد هەتا سەر ناچەمێتەوە بۆ هیچ زاڵمێکی ناکورد یا کورد ، وە لە ئەستوربونی ئەو زوڵمەدا کاوەکان بە چەکوش و شمشێرەکانیانەوە هەڵدەکوتنە سەر زاڵمەکان و کوردستانیان لێ پاکدەکەنەوە.
لە ڕوی تەندروستیی دەرونیی تاکەوە زۆر گرنگە هەمو نەتەوەیەک کۆمەڵێک سونبول و ڕەمز و هێمای هاوبەشی هەبێت کە دەبێتە ناسنامە یا شوناسی (identity) ئایدیۆلۆجیی هاوبەشی هەمو تاکێکی ئەو نەتەوەیە ، بۆ کورد یەکێ لە سونبولە ئەرێنیە موقەدەسەکان جەژنی نەورۆزە کە نابێت هەرگیز لە ژێر هیچ بەهانەیەکدا لە دڵ و دەرونمان دا کاڵبێتەوە.
بەداخەوە سونبولی نەرێنیشمان هەیە بۆ نمونە (شەڕی براکوژی) و(ئەنفال و هەڵەبجە) و (کۆمەڵکوژی و دەسدرێژی سێکسیی کوردانی ئێزدی). وەک چۆن جولەکە (هۆلۆکاوست) لە بیرناکەن ئێمەش نابێت هەرگیز (ئەنفال و هەڵەبجە) و(کۆمەڵکوژی و دەسدرێژی سێکسیی کوردانی ئێزدی) لە بیربکەین کە بنی بنەوەی تاریکیی چەوساندنەوەی کورد دەردەبڕن و ساڵانە دەبێت یادبکرێنەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست