مقەست
Tuesday, 14/03/2023, 21:41
بۆ ئەوەی زتاتر لە "ئازادی" تێبگەن، ئازادی تەسبیحێک نیە لە هەولێر زەرد و لە سلێمانی سەوز بێ، ئازادی یەک ڕەنگی هەیە کە ئەویش ڕەنگی ئینسانە، ڕەنگە بتوانن سەرتاپا نیشتمان بە دوو ڕەنگ بڕازێننەوە، "جا بە خۆشی بێ یا بەشەق..!!" بەڵام ناتوانن ڕەنگی ئازادی بگۆڕن، چونکە لە دروست بوونی ئینسانەوە ئازادی هەمان ڕەنگی هەیە، ئێوەش سی ساڵە خەریکی ڕەنگ کردنن.
ئازادی پارە نیە وورد بکرێتەوە لە بازاڕی دۆلارەکەی هەولێر بەهایەک و لەوەی سلێمانی بەهایەکی تر..بەهای ئازادی یەکسانە بە بەهای ئینسان، ئایا ئێوە لەوە تێ ئەگەن کە هیچ بەهایەک ناگا بە بەهای ئینسان ؟.. گەر پارەتان خستە ئەم گیرفان یان ئەو، بە مانای ووەدکردنەوەی ئازادی نایەت، ڕەنگە بەپارە بتوانن ڕەنگی ئینسانێک بگۆڕن بەڵام قەت ڕەنگی ئینسانیەت ناگۆڕن، قورس کردنی لایەکی تەرازوی ستەم و ئینسان بە پارە بێ هودەیە چونکە ئێوە دەستان توانای هەڵگرتنی تەرازوەکەی نیە، ئازادی تفەنگ و تێڵا و کێبڵ نیە بە دەستانەوە بیگرن، ئازادی بۆ دەستی ئێوە قورسە، هەروەک چۆن وەک " ووشە" بۆ ئێوە قورسە و لەبەر ناکرێ ئاواش بە "کێش" قورسە و عەزەڵاتەکانی سەرجادە و زیندان و کاروانی سەیارەکانتان لەبەردەم ئازادیا نە یەک گرامە و نە یەک عانەی قەڵبیش ئەهێنێ.
ئازادی ئەو دەسەڵاتە ڕۆحیە ئەبەدیەیە کە سروشت لە لەدایک بوونەوە بە ئینسان ئەبەخشێ، ئێوە گەر پارێزگاری لێ ناکەن و ئەتانەوێ بەرامبەر حوکمی سروشت بوەستن عاقیبەکەتان لە سولطان و نەجمە لەسەر شانەکانی خۆتان باشتر نابێ، ....ئازادی نوقڵی شەوی بەرات و خواردنی مەولو و چێشتی مجەور نیە ببەخشرێتەوە، ئێوە ببن یا نەبن ئێمە بە ئازادی لەدایک بووین و بەرگری لێ ی و باجەکەشی هەر خۆمانین.
ئەو کەسەی ئازادی لە ئینسان زەوت ئەکا عەگال یان کلێتە یان جامانە یان خودەی بەسەرەوە بێ هیچ جیاوازییەکی نیە، هەڤاڵ یان هاوڕێ یان هاوبیر یان مەلا بێ هیچ لەناوەڕۆکی باسەکە ناگۆڕێ کە دژایەتی کردنی ئازادی دژایەتی کردنی ئینسانە، تۆ کە دژایەتی ئازادی و ئینسان ئەکەی هیچ گرنگ نیە چ دروشمێکت بەدەستەوەیە یان وێنەی کێت لە پشت خۆتەوە هەڵواسیوە، چونکە بەرامبەر بە ئازادی هەموو چەواشەکارییەکان وەک خورافیاتە ئاینییەکان وەک" تەرزە "کاریگەرییان ئەبێ بەڵام هەر ئەتوێنەوە.
ڕەنگە بتوانن دەیان ووشە بگۆڕن، ئارایشت کەن، بیتەکێنن، یان هەر لە فەرهەنگا نەهێڵن، بەڵام بەرامبەر بە ووشەی ئازادی وەک ئەوانی پێش خۆتان بێ دەسەڵاتن، ئازادی نە ژەنگ هەڵئەهێنێ، نە کاڵ ئەبێتەوە، نە لە قورساییەکەی کەم ئەبێتەوە، ..ئازادی ئەو خەیڵەیە کە خەو لە ستەمکار حەرام ئەکا، چەن خۆشە لەسەر جادەیەک بە گیرفانی بەتاڵەوە عەرز ڕابخەی و بە ئاسمان خۆت داپۆشی و باوەش بکەی بە ئازادیا و بەرەو خەو بڕۆی، چەن ترسناکیشە لە کۆشکێکا بە سەدان چەکدارەوە دەقیقەیەکی بە ڕۆژێ لێ بڕوا و تارمایی ئازادی و عەوداڵانی ئینسانیەت هەر بەدواتەوە بن...!کە ڕەنگی ئازادییە...ئینسان و ئازادیش دووانەیەکن بۆ و بە یەکتر ئەژین.
ئازادی ڕۆحێ نیە بچێتە گیرفانەوە، هەر کەسێ لەجێ ی ئازادی گیرفانی هەڵبژارد ناخی خۆی کوشتوە..ئازادی پارچە قوماشێ نیە بە " مەترە"کەی خۆتان بیبڕن و بۆ بۆ میللەتی بدوورن ..چونکە دوا جار بۆ جیاکردنەوەی ئێوە و ئازادی خوازان، ئازادی خۆی بڕیار بەدەستە، خۆی ئەبێ بە مەقەسەت.
ێازادی سرودێکی حیزبی نیە لەبەر بکرێ، ئازادی سروودی ڕۆحی ئینسانە بۆ ئینسانەکانی تر، "گەنم "ێکە بە یەقڵ و هۆش گەورە ئەبێ و ئەبێ بە نان بۆ هەژارەکان، ئای چەن شەرمەزارییە مێشکت جێ ی تۆوە گەنمێکی تیا نەبێتەوە... ئەتوانی چاووم لێ سوورکەیتەوە، وەڵامیشت نەیەمەوە ناخم پێت پێ ئەژەنێ، ئەروانی پڕ شەقم کەی، بەڵام ئازادی لە ناخما بەرگری لە گیان و جەستەم ئەکا، ئەتوانی بمڕفێنی ! بەڵام ئازادی ناهێڵێ یەک بست لێ ی دوورکەومەوە، ئەتوانی قووتم بخۆی، بەڵام سفرەیەکی هەمیشەیم هەیە کە پێ ی ئەڵێن ئازادی، ئەتوانی بە " فڵچەی نەوت"ڕەنگی سوپاکەت بگۆڕی، بەڵام ناتوانی ڕەنگی ناخم بگۆڕی .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست