کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هاوسەنگی هێزی پارتی و یەکێتی و یەکریزی کورد

Saturday, 11/03/2023, 18:24


بەدوای زیاتر لە سی ساڵ لە دەسەڵاتی میلیشیایی حزبەکانی کوردایەتی لە هەردوو زۆنی زەردو زۆنی سەوزدا، پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی بەجۆرێک لە ئاستێکی وەها نزم و بنبەستدا خۆی نیشان ئەدات، کە ئاکامەکانی لە ناو جەنجاڵی هەلومەرجی سیاسی ئێستای کوردستادا، ئەگەری ئەوە هەیە لەبری شەری ناوخۆ، بەڵاو کارەساتی زیاتر لەسەر ناتەبایی ئەم پەیوەندیەیان بخولقێنن. چونکە ئەوە ئاشکرایە کە کێشەو ململانێ و بارگژیی بەردەوامی نێوان ئەم دوو هێزە، کاریگەری تەواو ناتەندروست ونەرێنی لەسەر جومگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی و فەرهەنگی و چارەنوسی نادیاری ئایندەی دانیشتوانی کوردستان داناوە.
ئەوەی لەناو هاوکێشە سیاسیەکانی ئێستادا جێگای تێبینیە، لە ململانێی نێوان ئەم دوو هێزەدا، گۆڕانێکی گەوەرە دەبینین لە نزمبونەوەی ئاستی تەرازوی هێزو پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبەرامبەر پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا! دابەزینی ئاستی پێگەی بنەماڵەی تاڵبانیە لە بەرامبەر بنەماڵەی بارزانیدا! هەڵبەتە هۆکاری ئەم گۆڕانکاریە شاراوەنیە، کە بۆچی لەچوارچێوەی ئەم هاوکێشەیەدا پێگەیەکی باڵاتر بۆتە دەستکەوتی پارتی و توانای بەدەستهێنانی داهاتی زیاترو هەژمۆنی زیاتر لە پێکهێنانی حکومەتدا. لەهەمانکاتدا ئامادەییەکی زیاتر لە رێکخستن و توندوتۆڵکردنی  هێزەکەیدا.
بەرزانیەکان لە هەوڵیاندا بۆ بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و سەپاندنی دەسەڵاتیان لە کوردستاندا، بەجیا لە هەر گەمەیەکی سیاسی لە دانوسان و گفتوگۆو ڕێکەوتن و پیلانگێڕیان، بەسەر بنەماڵەی تاڵەبانیدا بەگشتی سەرکەوتوبون و پاشەکەشیان بە پلان و نەخشەکانی یەکێتی کردوە. لەوەش گرنگتر بەرزی ئاستی پێگەیانە لە دارایی و ئابوری و کەڵەکەی بێشوماری سەرمایەدا. پارتی هەمیشە وەک ڕەوتێکی بە نەخشەترو ڕێکخراوتر دەرکەوتون. هەر بەم شێوەیەش لە پەیوەند بە سەوداومامەڵەو دەخالەتی ووڵاتانی ناوچەکەو جیهان لەکوردستاندا جێگەوڕێگایەکی تایبەتتریان بە پارتی داوە. هەروەها بۆ پەیوەندی بە حکومەتی عێراقەوە وەک لایەنێکی لە پێشترو ئەسڵیتر جێگای بایەخ بون و دەوریان گێڕاوە. ئەوەی پێویستە لەڕەوتی ئەم سی ساڵەدا جێگای سەرنجمان بێت بە هەموو هەوڵەکانی جەلال تاڵەبانی و کێشمەکێشی لە بەرامبەر بەرزانیەکاندا، ئاکامەکەی داکشانی بەرچاوی زۆر و زیاتری پێگەی یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانیە. ئێستاش زەبونی و بارگرانی ئەم دۆخە بەسەر ناڵەی بافڵ تاڵەبانی و نیگەرانی سەرکردەکانی یەکێتیەوە لە جۆری گوتارو رەفتاریاندا دەبینرێت. مەترسی ئەوەیان هەیە پێگەو هەوڵەکانی پارتی بچوکتریان کاتەوە، کە لە واقعدا پارتیش بێباکانە لەهەوڵی بچوکردنەوەی یەکێتیدایە.
ئەم حاڵەتەی کێشمەکێشی پارتی و یەکێتی، تا ئەو ئاستەی رۆڵێکی بەرچاویان لە گەندەڵی و تاڵانی و کەڵەکەی بێشوماری سەرمایەدا دیوەو بەشێك بون لە دۆخی گێژاوو ناجێگیری سیاسی لە کوردستاندا، واقعیەتی پێگەی ئەوپەڕی لاوازی و بودەڵەیی بزوتنەوەی بۆرجوا ناسیۆنالستی کوردە لە بەرامبەر بۆرجوازی ووڵاتانی سەردەستدا. ئەمەش مێژووی سەرهەرڵدان و پێکهاتەی بزوتنەوەی کوردایەتیە لە تەواوی دەورانەکانی هەڵسوڕانی سیاسیاندا. هەمیشە وەک برا بچوک یان نۆکەر بۆ بەشداریان لە دەسەڵاتداو دەستکەوت و بەرژەوەندی هێزەکانیان، ئامادەی ئەوپەری ملکەچی و پاشکۆبونی نەخشەو سیاسەتی لایەن و وڵاتانی تر بون. ئەم واقعیەتەیە کە هەرگیز ڕێگای نەداوەو رێگا نادات بۆرجوازی کوردو بزوتنەوەی کوردایەتی، یەکڕیزو یەکگرتوبن. هیچ کات نەیانتوانیوەو ناتوانن ئارامی سیاسی ڕاگرن، ئاستی هاوسەنگی هێزەکانیان هەرچیەک بێت، کام لایان لەسەرەوە بێت، بەڵاو بارگرانی بون بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە. لەوەش نادروسترو نابەجێتر نیە کە ئومێدو چاوەروانی خەڵک لەسەر ئەو بنەمایە ڕاگیرێت، بەڵکو بە قودرەتی قادر بزوتنەوەی کوردایەتی بتوانێ ڕێگای یەکڕیزی و یەکگرتویی بگرێتە بەرو ئاسودەیی بۆ کوردستان دابین بکرێت!.
ئێستا دەبینین بەهەر هاتوهاوارێک بۆ بانگەشەی یەکڕیزی کورد، بەرزبونەوەی زیاتری ئاستی کێشەکانی پارتی و یەکێتی ئەو ڕاستیە ئەسەلمێنن کە گۆڕینی هاوسەنگی هێز، بە قازانجی پارتی و بچوککردنەوەو پەراوێزخستنی زیاتری پێگەی یەکێتی بووە لە نێو هاوکێشە سیاسیەکاندا. ئەمەش دۆخەکەی ئاڵوزترو گرژتر کردوە. لە هەمانکاتدا بافڵ و یەکێتی لە دوڕیانێکی داخراوی وەهادا گیریان کردووە، نە ڕێکەوتن لەگەڵ پارتی بە قازانجیانە نە دژایەتیکردنی پارتی. هەربۆیە لەو هاوکێشەیەدا پوچی ماناو جێگای گوتاری یەکڕیزی کورد وەک دروشمێکی ساختە و چەواشەکاریەک زیاتر خۆیمان نیشان ئەدات. ماناو جێگایەکی لە ئاسۆی بزوتنەوەی کوردایەتیدا نیەو نابێتەوە.
بافڵ دوای سی ساڵ زیاتر لەدەسەڵاتی میلیشیایی بەزۆر سەپێنراویان بەسەر زۆنی سەوزدا، لەلایەک خەریکە گاڵتەجاری شەرمەزاری خۆی بۆ خەڵک ڕادەگەیەنێت، لە لایەکی تریشەوە داوا لە پارتی دەکات وەک یەکێتیەکەی ساڵانی پێشو هاوسەنگیەک لە ڕێکەوتن پێک بهێنن. بەڵام تەواوی شپرزەیی و نیگەرانی بافڵ و سەرکردایەتی پەرشوبڵاوی یەکێتی نیشتمانی، لەو شوێنەدا گیریان کردووە کە گەمەی سیاسی ئەم جارەیان ڕێگەیان پێنادات لەگەڵ نوێنەرانی پارتی بە ئاسانی و بەسادەیی دانوسان بکەن. پارتیش مەرجەکانی رێکەوتن بەسەر یەکێتیدا زیاتر و ملهورانەترە.  یەکێتی دەتوانێ وەک هێزێکی میلیشیا تا دۆخی کوردستان و عێراق لەم بارگرژی و ناسەقامگیریەدا بێت، بونی خۆی لە زۆنی سەوزدا تا ئاستێک بپارێزێت. بەڵام ئەمجارە دوای ئەو هەمو هەنگاوە لە پاشەکشە، یەکێتی ئیتر ناتوانێ لەناو هاوکێشە سیاسیەکاندا یاری و کێشمەکێشی سەرکەتوانە لەبەرامەر پارتیدا تاقی کاتەوەو بە ئەنجامی بگەیەنێت. بەجیا لەوەش باری پەرش وبڵاوی ڕیزەکانی و نەبونی ڕابەریەکی یەکدەست و بەتوانا لە ناو یەکێتیدا، چاوەڕوانی پاشەکشەو قەیرانی زیاتریان لێدەکرێت. بۆیە گەر بە ملکەچی زیاترەوە خۆی ڕادەستی پارتی بکات و ڕێکەوتنی بەهەر قیمەت پێشوازی بکات، چەندین هەنگاوی تر لە بەرامبەر پارتی و هێزە سیاسیەکانی تری کوردستان و عێراقدا دەچێتە دواوە. لە لایەکی تریشەوە پێگەی ئێستای یەکێتی لەو ئاستەدا نیە، تا سیاسەتی وەستانەوەو بەرەنگاری لەبەرانبەر پارتیدا بنوێنێت. ئەمەش ئەو دوریانەیە کە نە بە بافڵ و نە بەسەرکردایەتی یەکێتی و نە بە لاهور، ناتوانن ڕێگای چارەسەرو دەرچون لە بەرامبەر یاریەکانی پارتیدا پەیدا بکەن. رێگای پەنابردنیان بۆ لایەنی کۆنەپەرست و ئیسلامی سیاسی نەک لەم قەیرانە دەربازیان ناکات، بەڵکو ریسواتر و پەردەوازتر دەبن.  لەهەمانکاتدا کۆتایهاتنی ئەو ڕێبازەیە کە چەندین دەیەیە جەلال تاڵەبانی گرتیەبەرو تیا سەرکەوتو نەبوو. دواجاریش شانازی لەبن نەهاتنی "سەفین"ەکەشیان وەک شێرە بەفرینە دەتوێتەوە.
پێویستە بەدوای زیاتر ریسوابونی بزوتنەوەی کوردایەتی و بۆ تێپەراندنی ئەم دۆخە نالەبارە، ئامادەسازی وەستانەوە بۆ کۆتایهێنان بەدەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و رۆڵی بزوتنەوەی کوردایەتی برەخسێنین، گەر وانەکەین ئاشکرایە دەبێت چاوەروانی سەپاندنی بەڵاو نەهامەتی زیاتریان لێبکەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە