بزووتنەوەی گوڕان و نەوشیروان مستەفا - هەمان نوسخە و ڕێچکەی بارزانی و تاڵەبانی:
Thursday, 09/03/2023, 22:47
لە پەرلەمان و دەنگداندا هەموو پێمان وایە ( گەوادێک و شەریفێک ) یەک ڕەقەمە لە کاتی دەنگداندا...!
ئەمە تەواو بۆچوونێکی پووچ و بێ مانایە و هەڵەیە، بە هیچ جۆرێک (گەوادێک و شەریفیک)، هاوتای یەکتر نابن لە هیچ حاڵەتێکدا ئەم بۆچوونە ڕاست و دروست نییە...
بزوتنەویە گۆڕان، وەک بەناوەکەیدا دیارە، واتە اکردن لە پیناو گۆڕان و گۆڕانکاری بەردەوامدا، لە کاتێکدا بزووتنەوەکە خودی خۆی، لە کاتی دروست بوونیەوە تا ئەم ساتە، زۆر بە کەمی جووڵەو گۆرانکاری لە پلەو پۆستەکانی کادرەکانیدا کردووە.
گەر پارتیک توانای ئەوەی نەبێت گۆڕانکاری و جێگۆرکێ لە نێو پلەو پۆستەکانی ئەندامەکانی خۆیدا بکات، چۆن دەتوانێت لە دەرەوەی خۆی و لە نێو پارتە بەهەڵستکارەکانیدا، داوای گۆرانکاریان لێ بکات، یا کاریگەری لەسەر ئەندام و لاینەگرانی پارتە دەسەڵاتدارەکانی دابنێت...
وەک چۆن تاڵەبانی و مەلا مستەفا بە مردنی خۆیان ئاڵوگۆڕیان لە دەسەڵاتەکانیاندا کرد، بەهەمان شێوە ئەم جۆرە نەزمە بۆ خودی بزووتنەوەی گۆرانیش ڕاست و تەواوە، بە مردنی نەوشیروان مستەفا، ئەوکات ئامادە بوون قسە لەسەر پۆستەکەی بکەن و ئاڵوگۆری تێدا بکەن ( بە گوێرەی ئەو وەسیەت نامە سیاسیەی کە سەرۆکی بزووتنەوەکە پێش مردنی بۆی دانابوون)..!
جۆری ئاڵوگۆڕەکانی سەرکردەو سەرۆکایەتی هەموو ئەم حزبانە، هاوتای سیستەمە ئیستبدادی و پاشایەتیەکانی جیهانە، لە سیستەمی هیچ حزبێکی مۆدێرن یا سەرەدەمیانە و پەرلەمانیدا، ئەم جۆرە لە ئاڵگۆڕی کورسی سەرۆکایەتی و پۆستی سیاسی بوونی نییە...
سەرۆکاەتی لە باوکەوە بۆ کوڕ ... دواتر شۆڕبوونەوە بۆ نێو ئامۆزا و پورزا و زاوا و ژنبرا...هتد!
گەر ئاوڕێک لە سەرەتای دروست بوون و دروشمەکانی ئەم بزووتنەوەی بدەینەوە، وە لە خودی سەرۆکی بزووتنەوەکە نەوشیروان مستەفا بدەینەوە، سەرەتا زۆر توند و رەق بوو بۆ هاتنی کەسانی جنێوفرۆش و دز و سەر بەکێشە و ماستاوچی و ساختەچی و دەرمان خۆر..
دوای بەدەست هێنانی بیست و پێنج کورسی لە یەکەم تاقیکردنەوەی بەشداری کردنی دەنگدانیاندا بۆ پەرلەمان کوردستان، تووشی جۆرێک لە بوغرا بوون و بێ منەتی بوەوە، لەو جەماوەرەی کە خۆڕسکانەو بێ ئەوەی رۆژێک ئەندامی ئەو بزووتنەوەیە بووبن، بێ ئەوەی داواین لێ بکرێت یا ناچارکرابن، خۆیان بە پەرۆشەوە ذەچوون بۆ سەر سندوقی دەنگدان و، دەنگیان بەم بزووتنەوەیە ئەدا...
بوغرا بوون و خۆ بە دێوەزمە زانینەی ئەم بزووتنەوەیە، هەمان ئەو دەردو نەخۆشیەیە کە یەکێتی و پارتی لەسەرەتای دروست بوونیانەوە گیرۆدەی بوون و بووتە جۆرێک لە رەمز و دروشمەکانی سیاسەتو حوکمڕانی و پاوەنخوازی ناوچەییەکانیان..
بوغرا بوونی بزووتنەوەی گۆڕان کارێکی وەهای کرد، لە بری بایەخ بە چۆنایەتی، ئەمانیش ئالودەی ژمارە و ئەندام و چەندایەتی بوونەوە، بەهەمان چاویلکەی ینک و پدک، درێژەیان بە سیاسەت کردن دا..
لە ڕاستیدا ینک و پدک، بەهەمان قەبارە و حەجمی بزووتنەوەی گۆڕان دەنگدەریان بۆ سەر سندوقەکانی هەڵبژاردن هەبوو،،،، جیاوازیەکە لەوەدا بوو، کە هۆکاری سیاسەتی ناوچەکە و جیهان، بەوجۆرە دەخوازێت لەم کاتەدا کە کورسیەکانی ئەوان بەجۆرێک بۆیان دیاری بکرێت، وە یاری کردن بە دەنگی دەنگدەرەوە بکەن بە قازانجی ئەوو پارتە بێت بۆ ئەم زروفە هەنووکەییەی ئێستەی هەرێمەکە، تاکو دەسەڵات بەدەستی ئەو دوو پارتەوە بمێنێتەوە.
دەنا ینک و پدک، هەر هێندەی بزووتنەویە گۆڕان بگرە کەمتریش خەڵک و جەماوەریان لەدەوروپشت ماوە و دەنگدەرەکانیان هەمان قەبارە و بارستەی دەنگدەرەکانی بزووتنەویە گۆڕانن، زیندای کردنی کەسانای ناڕازی بەسە بۆ ئەوەی شاهێدی ئەوە بدات کە هەردوو حزبی زەرد و سەوز بە جۆرێکە تا بێت خەڵکی ناڕازی لە هەردوو زۆنەکەدا لە دژیان لە هەڵکشاندایە..
کاتێک لە سەدا هەشتای خەڵکی دەنگدەر دژی دەنگدان و هەڵبژاردنن و بەشداری هەڵبژاردن ناکەن، ئەمە بۆخۆی مانای ئەوەیە کە زیاتر لە زۆرینەی دانیشتوانی کوردستان لە ینک و پدک ناڕازین و دژی دەسەڵات و حوکمڕانیانن، بە جۆرێک لە سەدا بیستی خەڵک کە بەشداری دەکات، گەر لە سەدا بیستەکەش لە بەرژەوەندی ینک یا پدک دەنگیان دابێت هەرهەموویان، هێستا مانای ئەوەیە کە کەمینەی کوردستان لەگەڵ ینک یا پدک ن، گەر ئەو نسبەیە دابەشی ینکو پدک بکەیت، ئەو کات ینک و پدک هیندە دەنگدەر و دۆستیان کەمە، کە دەکرێ هێندەی حزبی بەعس نفوسیان لە کوردستاندا مابێت..کە خۆیان ئەم ڕاستیە باش دەزانن و بۆیە ەبردەوام خەریک هەڕەشە و تۆقاندن و ترساندن و برسی کردن و تاڵآنی کردنن!
نەوشیروان مستەفا...لەبەر ئەوەی چەند ساڵێک لە ئەورپا ژیانی بەسەر بردبوو، هەم ژیانی نێو زانکۆکانی ئەوروپای بینیبوو، دەبوایە باش لەوە بگەشتایە زۆرینە ئەندام و چەندایەتی ئەندام، مانای سەرکەوتنی هیچ بزووتنەوەیەک ناگەیەنێت، بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات، هێندەی چۆنایەتی جێگەی سەرنج و بایەخی ڕای گشتیە.
هیچ پارتیکی سیاسی لە ئەوروپا، بەوانەی لە حوکمڕانیدان و زۆرینەی پەرلەمان لەدەستی ئەواندایە، یا ئەوانەی کە ئۆپۆزسیۆنن، ژمارەی ئەندامی کارا و چالاک و فیعلیان، ناگاتە نیو ملیۆن، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی هەندێ لەو ووڵاتانە نزیکەی سەد ملیۆنە!
دەکرێ دوو سەد کادری ئەکادیمی و زانستی و ئابووری ناس و چالاک، پارتێکی سیاسی بگەیەننە پێگەی دەسەڵات و زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمان بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن، لە هەمان کاتدا پارتێکی خاوەن نیو ملیۆن ئەندام ڕووبەڕووی شکستی گەورەی حوکمڕانی بێتەوە.
تۆ کاتێک... ئەندامێکی چالاک و هوشیارت لە ناوچەیەکدا دەبێت، دەکرێ ببیتە هۆکاری ئەوەی دەنگی زۆرینەی کەسانی بێ لایەن و هەندێ کەسانی سەر بەو پارتانەی کە بەرهەڵستاکری پارتەکەی تۆیە، دەنگ بەو کادرەی تۆ و حزبەکەی تۆ بدەن
بە پێچەوانەوە گەر تۆ سەدان کادری دەبەنگ و دز و جنێو فرۆشت هەبێت، دەکرێ ببێتە مایەی ئەوەی دەنگی دۆستەکانی خۆشت بەهۆی ئەو جۆرە کەسانەوە لەدەست بدەی..
لە ئێستادا بزووتنەوەی گۆڕان گیرۆدەی هەژموونێک و شەپۆلیکە لە ئەندام و لایەنگری دەم پیس، داوین پیس، چەتە، شەق وەشێن و دەرمان خۆردایە، چ لە نێوخۆی کوردستان، چ لە دەرەوەی کوردستان
هەڵبەت پدک و ینک، ئەوانیش لەم بوارەدا بۆ خەڵک کۆکردنەوە لە دەوری خۆیان بەهەمان جۆر لەم کەسایەتیانە کەمتەرخەمیان نەکردووە..
شکستەکانی بزووتنەوەی گۆڕان هۆکاری سەرەکی دەنگەکانی لە بیست و پینج کورسیەوە بۆ هەشت کورسی، هۆکاری سەرەکی پەیوەندی بەم جۆرە سیستەمە چەوتەی کارکردنیەوە هەبوو...
شکستێکی تری ئەم بزووتنەوەیە... پەیوەندی بەوەوە هەیە؛ هەر وەک پارتە تەقلیدیەکانی تری دەوروپشتی، هەر کەس بوو بە مەسول و بەرپرس و سەرکردە، لەو پلەو پۆستەدا دەمێنێتەوە، تەنها لە حاڵەتی هۆکاری نەخۆش کەوتن، مردن یا دوورکەوتنەوە لەو بزووتنەوەیە، پۆستەکەی جێدەهێڵێت...
ئەمەش ئەو خەوش و ڕەخنەیەیە کە زۆرینەی خەڵکی کوردساتن ڕەخنە لە دوو پارتە دەسەڵاتدارەکەی کوردساتن دەگرن..
هەر بۆیە کار کردن بەم جۆرە نەهجە لە سیاسەت و حزبایەتیەدا، جگە لە شکست و ڕسوا بوونی زیاتر هیچ ئومێدێکی تری لێ چاوەڕوان ناکرێت...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست