بارەکەڵا عەلێ فەنی
Wednesday, 08/03/2023, 21:16
دەستلەکارکێشانەوەی عەلی حەمە ساڵح پەسەند کرا، خانەنشینی رەتکردەوە و گەڕایەوە بۆ مامۆستایی
عەلی حەمە ساڵح لەماوەی ژیانی ئەندام پەرلەمانێتیدا هێندەی موچەی ٣٦٨ ساڵ و ٨مانگی (مامۆستایەکی وەک خۆی) کە بەیەکەوە دەرچوون پارەی وەرگرتووە. ئێستایش دێت بە ئایەتێکی قورئان باسی پاکیزەیی خۆیمان پێ دەفرۆشێتەوە.
من دەزانم خەڵکانێکی بێشومار فریوی ئەم ساختەچیانەیان خواردووە و چەپڵەیان بۆ لێدەدەن و ستایشیان دەکەن. وەلێ ئەوەیش دەزانم ڕۆژێک دێت خەڵکانی بێ بەرژەوەندیی، لەوە تێدەگەن کە فریویان خواردووە و چیتر فریو ناخۆن! بەداخەوە دەترسم زۆر درەنگ ئەوە ڕووبدات.
تۆ تەنها بۆ چەند خولەکێک عەلی و پاک و خاکی و سادە و قورئان و خوا و حەج و خێروخێرات و هەموو ئەسبابەکانی فریودان لە هاوکێشەکە دەربێنە! پاشان بڕوانە ئەو سیستمەی بۆ ئەم گروپە پڕۆکسییە چەتەگەرییە دانراوە لەو شیمالی عێراقە، بزانە لە یەکەم خوێندنەوەدا لەوە تێناگەیت کە عەلی و سۆران و حاجی کاروان و عەبەی مەلا نوری و کورە خودی نەوشیروان و شاسوار و هەرچی ئۆپۆزیسیۆنی ناو ئەو سیستمەیە بە مەبەست و بەبەرنامە جێگایان بۆ کراوەتەوە! بزانە یەکسەر ئەوە ناخوێنیتەوە کە هەر لە شەڕە ئاوەکەی (عەبە و شاهۆ و زانا)هەتـــــــــــا پاتاڵێکی وەک حەمەی مژدە و ئیلهام شاهین و کەرێکی وەک یاسینە شەقاوە هەر هەموویان لەگەڵ جەلال پەرێشان و ئومێد خۆشناو و ئەوانەی لە عەلییان دا لەناو پەرلەمان یەک ئەرک و یەک پێگە و یەک سنور و یەک ئەرکیان هەیە!
ئەم سیستمە دەبێت ماڵی بەرزانی و تاڵەبانی حاکم بن و ئۆپۆزیسیۆنیکیشیان هەبێت.. ئەمە هەتاهەتایە هەر وا دەبێت مەگەر سیستمەکە بڕوخێت. ئیتر لەم بەینەیا دەیانی وەک عەلی بە زۆڵێتی خۆیان دەکەن بە شەریفی مەککە و دەیانی تریش شەق دەهاون و بەرگری لەوبەر دەکەن و دەیانیش لە ژێرەوە خەریکی ساختەچێتی و بازرگانین، ئەمانەیش بڕۆن و پیر ببن دەیان عەلی و شاسوار و سۆران و یوسفت بۆ درووست دەکەن..
تۆ وەک هاوڵاتیەکی کورد لەو دەڤەرە ئەرک نیە لەسەر شانت چەک هەڵگریت و هەوڵ بدەیت بۆ ڕوخانی سیستم و دەسەڵات.. وەلێ ئەرکە لەسەر شانت خۆت وا پەروەردە بکەیت فریو نەخۆیت و نەبیتە سوتەمەنی سیستمەکە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست