خەونی برادەرێکی دێرینم

Thursday, 23/02/2023, 21:13

5936 بینراوە


گوتی خەونێکم بینی ئەوەندە روون بوو، کە بە خەبەریش هاتم ترسم لێنیشتبوو، بڕوام نەدەکرد کە خەونەبێت. منیش پێیم گوت:
خەون پڕۆسەی رێکخستنەوەی بیرەوەرییەکان و رووداوەکانە لەمێشکماندا، بەشێکی لە نائاگایماندا و، بەشێکیتری لە ئاگایماندا ئەزمونمان کردووە و پێیداتێپەڕیووین.
گوتی: ئەم خەونە جیاوازبوو، دەبێ بۆتی بگێڕمەوە؛
نازانم چۆن خۆم لەشارێکدا بینییەوە، کە شارێکی زۆر جیاوازبوو، لەروویەکەوە وەک ئەو شارە سەیر و سەمەرانە وابوو کە لەفیلمی (ساینفیکشن)دا لەهەسارەیەکی تردا هەیە، لە رویەکی ترەوە هەندێ دیاردەم تێدا بەدیدەکرد لەو شارە دەچوو کە من بە منداڵی چاوم تێیداکردبوەوە و تێیدا ژیابووم. 
هەرچەندە ناسینەوەی ئاسان نەبوو، لەبەرئەوەی دیاردە ناسروشتییەی بەشێوەیەک وەها زاڵبوو بەسەریدا، کە دەرکەوتەی شارەکەی گۆڕیبوو. لەدوورەوە بریقوباق و چەندین شێوەی ئەندازیاریی جیاوازی تێکەڵکراوی تێدا بەدی دەکرا، بەڵام کە لێی ورددەبوومەوە بنەما ئەندازیارییەکانیش پەیڕەو نەکرابوون، لە لایەکیتریش چەند شێوازە ئەندازیارییەکی زۆر جیاوازی سەردەمە زۆر جیاوازەکانی بیناسازی تێکەڵکرابوون بەشێوازێکی زۆر هەڕەمەکی و ناشارەزایی. بێجگە لەوە، ماددە و کەلوپەلەکانی لێی دروستکرابوون لەدوورەوە پێی نەدەزانرا، بەڵام کە لێی نزیک دەبوومەوە و دەستم لێدەدا جۆرەکەی زۆر پەڕپووت بوو. هەندێ دیواری لەوە دەچوو لەبەرد دروستکرابێ، بەڵام بەرد نەبوو، نەمدەزانی چی بوو! وەک شتێکی رزیو وا بوو کەڕووی لێ هەڵدەوەری، لەوە دەچوو قژ و مووی تێکەڵکرابێت و بە خوێن و پێست بەیەکەوە لکێنرابن، لە هەندێک شوێندا قژی پەلکراوم تێدا بەدەی دەکرد، لەهەندێ شوێنی تردا ئێسکی تێکشکاو. 
رێگە و شەقامەکانی زۆر سەیر دروستکرابوون، هەرچەندم دەکرد نەمدەتوانی بگەمە ئەو شوێنەی، کە دەمەوێت بۆی بچم، لە هەموولایەکەوە پێچ و دەوران دەوران بوو، هەستم دەکرد کەوتومەتە نێو گێژەلولەوە. قەرەباڵخییەکی ئێجگار زۆر لە خەڵک وەک شەپۆلی دەریا بەیەکدا دەهاتن و دەچوون، لە هەندێک شوێن و سەرسوچدا بەشێکیان بەکۆمەڵ هەر وەستابوون جوڵەیان نەدەکرد، چاویان بڕیبووە هاتوچۆکەرەکان. خەڵکەکە جلوبەرگی سەیریان لەبەردابوو، بەشێکی زۆریان سەرتاپا خۆی پۆشیبوو تەنیا چاویان دیاربوو، چاویان بەشێوەیەک دەجووڵا لە کامێرەی سیخوڕی دەچوو، هەندێ لە چاوەکان وەک چاوی مار وابوون، هەستم بە شتی نائاسایی دەکرد، کە بەو پۆشاکە شاردرابێتەوە، لەوە دەچوو هەندێک شاخی لێڕوابێ، هەندێکیتر گوێچکەکانی زۆر پان و درێژبێ، هەندێکیتر کەڵبەی تیژ و درێژی هەبێت، نینۆک و دەستیان لە چنگی باز و هەندێک لە پڵنگ دەچوو. کەسم نەدەناسی، بەڵام بەهەر جێیەکدا تێپەڕدەبووم خەڵکی سەیریان دەکردم دەیانزانی کە غەریبم.
لەناکاو خۆم لە نێوبازاڕێکدا بینییەوە ،هەندێ شوێنی کەمی بازاڕەکەم دەناسییەوە، بەڵام بەگشتی زۆر نامۆبوو لەلام، وابزانم دەمویست بەرەو ئەو ماڵە بچم کە لە منداڵیدا تێیدا ژیابووم بۆ ئەوەی بەڵکو کەسانێکی ناسیاوی لێبێ. لەوکاتەدا لەپڕ ناو دوکانەکان تاریک بوو وابزانم کارەبا بڕا، گوێم لێبوو لەهەموو لایەکەوە دەستکرا بە هاتوهاوار و هوهاکێشان، پاشان گۆڕدرا بە جنێودان، تێنەدەگیشتم جنێو بەکێ و بەچی دەدەن، ئەوەندی پێنەچوو، بەشێکی گڵۆپەکان داگیرسانەوە، هاوارکەر و جنێودەران دەستیان بە چەپڵەلێدان کرد، توڕەبوونەکە رەوییەوە. 
لەوکاتەدا هەستمکرد دووکەس لەبەردەممدا لەسەر رێگەکە وەستان، من خۆم لادا بۆئەوەی لێیان تێپەڕببم، بەڵام ئەوان هاتنەوە بەردەمم، سەرم هەڵبڕی بزانم کێن ئەوانە، لەراستیدا نەم ناسینەوە، هەردووکیان بە خەندەوە پێیان وتم: ئەوە تۆی؟ بۆ تۆ ماویت؟ لەکەیەوە هاتویەوە؟ نامان ناسیت؟. منیش سەرێکم بادا و وتم: ببورن، ئێوە کێن؟، یەکێکیان گوتی؛ چۆن؟ ئێمە چەند ساڵێک پێکەوە قوتابی نەبووین؟ ئەوی تریان گوتی؛ وایە هەندێ کەس، کە دوورکەوتەوە وا لەخۆی دەگۆڕێت کەسی لەبیر نامێنێت، زۆرمان لەوانە بینیوە، منیش گوتم؛ بەڕاستی داوای لێبوردنتان لێدەکەم لەبیرم نییە، یەکێکیان گووتی وەرە با بچین بۆ چێشتخانەیەک نانێکی تایبەت بخۆین، هەندێ رووداوی رابردووت بۆ باسبکەین ئەوسا بیرت دەکەوینەوە. 
کەوتینەڕێ، پاشان خۆیان کرد بەدەروازەیەکی تەسکدا و منیش بەدوایانەوە، پاش چەند پێچوپەنایەک، بەپاڵپێوەنان دەرگایەکی ئاسنیان کردەوە و، خۆیان کرد پێیدا پێیان دەگوتم: دەی دەی وەرە. چوینە ژورەوە، راڕەوێکی تەسک بوو هەر مەترێک پان بوو دیوارەکانی لەخشتی کاشی رەنگی سپی دروستکرابوو چەند دەرگایەکی لەمبەرو ئەوبەردا هەبوو، لەوە دەچوو ژوری تایبەتبن، نزیکی دەرگایەک بوومەوە گوێم لێبوو لەودیوەوە چەند کەسێک گۆرانییان دەگوت بەڵام هەریەکە و بۆخۆی ئاوازێکی دەچڕی، پاش چەند هەنگاوێک گەیشتمە دەرگایەکی تر گوێم لە ناڵە و هاواری چەند کەسێک بوو لەوە دەچوو ئەشەکەنجە بدرێن، لەوێدا وەستام گوتم؛ ئەرێ ئەوە چییە؟ یەکێک لەبرادەرەکان قۆڵمی گرت و رای کێشام، گوتی؛ مەوەستە با بڕۆین، کێشەی ئێمە نییە. پاش چەند هەنگاوێک بە پلیکانەیەکدا سەرکەوتین و چووینە هۆڵێکەوە، لە لایەکی هۆڵەکەدا، چەند کەلاکێک هەڵواسرابوو کە بە پەڕۆی سپی پێچرابوونەوە، چەند کەسێکیش بەکێردی درێژ خەریکی لەتکردنی گۆشت بوون، یەکێکیش سۆندەیەکی ئاوی بەدەستەوەبوو خەریکی شۆرینی خوێن و پڕووزە گۆشتەکان بوو بەدیوارەکانەوە، لەلایەکی ترەوە مەنجەڵی گەورە گەورە قوڵپەقوڵپ شتی تێدا دەکوڵا. خۆیانکرد بە دەرگایەکی تردا و منیش بەدوایانەوە، چوینە شوێنی نانخواردنەکە لەوێ فەرش داخرابوو مێزەکان سێگۆشە بوون، لەجیاتی تەخت قەنەفەی ئاسنینی لەدەور دانرابوون، لەگەڵ یەکێک لە ئیشکەری چێشتخانەکە تەوقەیان کرد و، ئەویش دەستی راکێشا بۆلای پەنجەرەکەی دەرەوە، مێزێکی بەتاڵی لێبوو، لەوێ دانیشتین، لەهەموو لایەکەوە قەرەباڵخییەکی زۆر و غەڵبەغەڵب و، تەقەتەقی کەوچک وای کردبوو کەس گوێی لەکەس نەدەبوو، من بە دەنگێکی بەرز پرسیم: بۆ لەو رێگەیەوە هاتینە ژورەوە؟ یەکێکیان گوتی؛ ئەو رێگەیە تایبەتە هەموو کەس بۆی نییە لەو پشتەوە بێتە ژورەوە، من خاوەنی چێشتخانەکە برادەرمە. ئەها سەیربکە بزانە خەڵکی چۆن لەبەر دەرگا سەرەکییەکەدا وەستاون! بتەوێت لەوێوە بێیتە ژورەوە دەبێ کاتژمێرێک چاوەڕوانی بکەیت، لەم وڵاتەی ئێمە دۆست و هاوڕێت نەبێ هیچت بۆ ناکرێ. ئەوی تریان گوتی؛ من لەهەموو شوێنێک رەفیق و ناسیاوم هەیە، خۆت باش دەزانیت لە هەموو جیهاندا هەروایە. گوتم: ببورن من ئەوە نازانم. لەم قسانەدا بووین خواردنەکەیان هێنا. لەسەر دەورییەکی پان، مۆخێکی گەورەی کوڵاوی لەسەر بوو، رەنگەکەی زەرد بوو، لەوەدەچوو لە زەردەچەوەدا کوڵێنرابێت، خرایە ناوەڕاستی مێزەکە. پاشان چەند قاپێکی قوڵ شلەیەکی سوری تۆخ و خەست خرایە بەردەممان. شلەکە لە خوێنێکی رەشداگیرساو دەچوو، من کەوچکێکم پێیداهێنا لەبنەوە کە بەرزم کردەوە پەنجەی دەست و چاو و گوێچکە و زمان دەرکەوت، گوتم ئەمە چییە؟ گوتیان باشترین خواردنە، چاو بنوقێنە و بیخۆ، ئەگەر ئێستاش بەدڵت نەبێ پاش ماوەیەک پێی رادێیت و لەلات دەبێتە خۆشترین خوادن، بەبێ ئەم خواردنە هەڵناکەیت، ئێمەیش لەسەرەتادا هەموومان وابوین. گوتم؛ ببورن من ناخۆم، دەبێ بڕۆم. یەکێکیان گوتی؛ چاوەکەم لەم وڵاتەدا ئەمە باشترین خواردنە، بۆ تا ماوەی چەند دەتوانی بەرگەی برسێتی بگریت؟... ئەوان قسەیان بۆ دەکردم و منیش سەرنجم چووبووە سەر مۆخەکە؛ هەرچەندە کوڵابوو بەڵام بەپێی گرنجەکانی لەمۆخی ئاژەڵ نەدەچوو، دەمبینی دەجوڵا وەک ئەوەی هەناسە بدات وابوو، زوو بە زوو کۆمەڵێک خەیاڵم لا دروسبوو، بەخێرایی هەستام و مێزەکەم بەجێهێشت، بەناو قەرباڵخیەکەدا چومە دەرەوە. 
دەرەوە هەتاوێکی بەتینی گەرم بوو، چەند هەنگاوێک رۆیشتم، کابرایەکی بەتەمەنم بینی وەستابوو، شێوەی لەلام نامۆ نەبوو، کە نزیکی بوومەوە گوتی؛ ها...خواردنەکەت بۆ نەخورا؟ من تا ئێستەش نایخۆم... منیش گوتم: ئەرێ تۆ باسی چیدەکەیت، بۆ تۆ ئاگات لێبوو؟... گوتی؛ بەڵێ، بەڵی
 من لەناوبازاڕەکەوە سەرنجم لەسەرتە و، لەگەڵتام، دەزانم نائاشنایت و لەم کاتەدا بە شێوەیەکی ئاسایی سەیری دەوروبەر و رووداوەکان دەکەیت. بەڵام، لەوانەیە وردە وردە بۆت دەرکەوێت کە مەرج نییە مرۆڤ لەژینگەی نەخۆشدا پێڕەوی لۆجیک بکات. هەندێک جار خۆنەویستانە و بێئەوەی بزانێت سروشت تێکدەدات، ئەوەش هۆکاری زۆری لەسەرە.
- مەبەستت تێناگەم. دەتوانیت پێم بڵێت تۆ کێیت و، چۆن ئەم شتانە لەبارەی منەوە دەزانیت؟
- من کێم؟ بەهێواشی سەیری دەوروبەرت بکە... ئەها خەڵکی چۆن سەیرت دەکەن. ئەوان وادەزانن تۆ لەگەڵ خۆت دا قسەدەکەیت، دەزانیت بۆ؟
- سەرم بادا،
- ئاسانە؛ لەبەرئەوەی ئەوان من نابینن و گوێیان لە من نییە، تەنیا دەتوانن تۆ بینن و دەنگی تۆ دەبیستن. لە بارەی پرسی دووەمت؛ من هەموو شتێک دەربارەی تۆ دەزانم و، ئەوشتانەش دەزانم کە خۆت هێشتا لەبارەی خۆتەوە نایزانیت... لێم مەپرسە چۆن، لەبەرئەوەی ئێستە نامەوێت وەڵامت بدەمەوە... دەبا من پرسیارێکت لێبکەم؛ تۆ دەزانیت چۆن لێرەیت و لەکوێوە هاتویت؟
- بڵێم چی، لەراستیدا نازانم چۆن هاتووم بۆ ئێرە، وا هەست دەکەم کاتێک لەژیانم پچڕاوە، نازانم لەوەدەچێت لەکاتێکەوە پەڕیبمە کاتێکی ترەوە، یان شتێکی نائاساییم بەسەرهاتووە، لەلایەکەوە ئەوەی دەیبینم و هەستی پێدەکەم تەواو بەرجەستەیە، لەلایەکیترەوە دەزانم کە ژیانێکی تەواو جیاوازم لەشوێنێکی تری ئەم جیهانەدا هەیە، کە لە هەموو روویەکەوە جیاوازە و، دەتوانم بڵێم جیهانێکی ئاساییە، دەمەوێت بەزووترین کات بگەڕمەوە بۆ شوێنەکەی خۆم.
- بەڵێ وایە، بەڵام لەبیرت چوو کە دەتەوێت پێش گەڕانەوەت کەسانێک ببینیت کە زووتر دەتناسین، وانییە؟
- ئەها، راستە وایە.
- پێم خۆش نییە هەواڵی ناخۆش بە هیچ کەسێک بدەم، بەڵام ئێستە کاتی ئەوە نییە هەموو شتێکت پێ بڵێم، هەڵیدەگرین بۆ کاتێکی تر. ئێستا لەم جادەیەوە رێک بڕۆ تا دەگەیتە سێڕاکە، پاشان دەستی چەپ بگرە تا دەگەیتە ناوەڕستی شار، کە گەیشتیە ئەوێ ئیتر ئاسانە، خۆت دەزانیت چ رێگەیەک دەگریت.
لەبەر گەرما سەرم داخستبوو، کە سەرم بەرزکردەوە کابرا دیارنەما، نەمزانی چی لێهات. ئینجا کەوتمەڕێ، گەیشتمە ناوەڕاسی شار، بینیم شوێنێکی فراوان جیاکراوەتەوە لەشێوەی مەیدانی فوتبۆڵێن دەچوو لە ناوەڕستدا کرابوو بە دوو بەشەوە، بەشێکیان زەرد و بەشێکیان سەوز، خەڵکێکی زۆر لەهەردوو بەشەکە دانیشتبوون، هەردوولا هاواریان دەکرد هوتافیان دەکێشا، بینیم لای سەوز لەپڕ دەسی بەچەپڵەلێدان کرد و، لای زەرد هوهای دەکێشا و، بەردیان دەگرتە لای سەوز. بەڵام من هیچ یاریکەرم نەدەبینی، کە نزیک بوومەوە ئەوسا بۆم دەرکەوت، کە لە تەلەفۆنەکانیانەوە سەیری فوتبۆڵێن دەکەن و، ئەوانە هەم جلوبەرگیان و هەم پێست و مویان رەنگی زەرد و رەنگی سەوز بوو. کۆمەڵ کۆمەڵی تریش بەجیا خەڵکیتر لەدەوری مەیدانەکە وەستابوون و سەیری ئەو دوو گروپەیان دەکرد، هەرکۆمەڵە و رەنگێکی هەبوو کۆمەڵێکیان رەشبوون، کۆمەڵێکیتر سور بوون، کۆمەڵێکیتر شین بوو کۆمەڵێکیتر نارنجی بوون... هەندێک لەم کۆمەڵانە بۆڵەبۆڵیان بوو، سەرزەنشتی دوو گروپەکەیان دەکرد، هەندێکی تریان خۆشحاڵ بوون گاڵتەیان پێیان دەکرد و پێدەکەنین پێیان.... زۆری پێنەچوو ئەولایەی هوهای دەکێشا دەستی کرد بە چەپڵەلێدان، بەهەمان شێوە لایەنەکەی تر دەستی بەبەرد هاویشتنکرد، پاشان بە دار و تێڵاوە رژانە نێویەک لەوەدەچوو یارییەکە کۆتایی هاتبێ. 
من رۆیشتم، نازانم دوای ئەوە چی روویدا، خۆمکرد بە کۆڵانێکدا، دەمزانی لەوێوە دەگەمە شوێنی مەبەست. هەستم دەکرد خۆرەتاوەکە ئەو تینە گەرمەی نەماوە، ماوەیەکی کەم رۆیشتم کۆڵانەکە داخرابوو، لەکۆتاییەکەیدا دەرگایەکی گەورەی پەرستگایەک دەرکەوت، سەرەتا ویستم بگەڕێمەوە، بەڵام بە بیرمدا هات کە هەندێک لەپەرستگاکان دوو دەرگایان هەیە، کە چوومە ژورەوە بینیم دەرگایەکی کراوەی تر بەرامبەرمە. دیوارەکانی نوسین و نەخشی زۆری لەسەر کێشرابوون، نوسینەکانم بۆ نەدەخوێنرایەوە هیچ مانایەکیان نەدەدا لەبەرئەوەی پیتەکان بەبەردەوامی دەجوڵان و شوێنەکانیان دەگۆڕدرا. ژورێکی گەوری تیابوو وەک هۆڵ، کە بە چوار پێنج پلیکانە سەردەکەوت بۆی، بینیم لەژورەوە خەڵکێکی زۆر بەپێوە راوەستاوە و وەک حاڵیان گرتبێت هەموو پێکەوە لەسەر ریتمێک سەر بادەدەن، یەکێک لەپێشیان وەستاوە و، دەنگێک دروست دەکات و هەموو ئەوانیتر بەدوایدا دەیڵێنەوە، تێنەدەگەیشتم چی دەڵێن، دەنگەکە دەگۆڕدرا لە نەڕەی شێر دەچوو پاشان وەک لورەی گورگی لێدەکرا پاشان دەکرایە دەنگێکی زیقی درێژ، هەم ئازار و هەم ژانی زۆری پێوەدیاربوو، هەم توڕەییەکی زۆر ترسناک.
من لەدەرگای دووەمەوە چوومە دەرێ. پاش کەمێک ڕۆیشتن بە کۆڵانەکەدا، دەرگایەکی تری پەرستگایەکی تر هاتە سەرڕێم لەسەرەوەی دەرگاکە و دەوری دەرگاکە بەهەمان شێوە نوسین و نەخشی زۆری پێوەبوو، ئەو نوسینانەش پیتەکانیان دەگۆڕدرا و نەدەخوێنرانەوە بۆم، چوومە ژورەوە؛ بەڵام هیچ دەرگایەکی ترم نەبینی لێوەی بچمە دەرێ. کابرایەکم بینی سەروبەستێکی گەورەی رەشی بەستبوو بەرەو ژوورێکی گەورە دەڕۆیشت، لێیم پرسی؛ دەرگای تر هەیە لێوەی بچمە دەرەوە، گوتی: بەڵێ بەڵی، دەبێت بە هۆڵی پەرستگاکەدا تێپەڕیت. ئەو لەپێشەوە رۆیشت و منیش لەدوایدا. گەیشتینە بەردەمی دەرگاکە، پێڵاوێکی زۆری لێبوو، کابرا پێڵاوەکانی داکەن و چووە ژورێ، منیش پێڵاوەکانم داکەن و بەدەستمەوە گرتم و بە هێواشی چوومە ژوورەوە، هۆڵێکی گەورە هەمووی بە فەرش تەنرابوو، من بەردەوام بووم لە رۆیشتن، بینیم خەڵکێکی زۆر بێدەنگ دانیشتوون و سەریان شۆڕکردۆتەوە و کەسێکیش لەپێشیانەوە لەسەر کورسییەکی بەرز دانیشتووە و بە توندی و بە هەڕەشەوە قسەیان بۆ دەکات.
لەوێش چوومە دەرەوە، کۆڵان نەما! بوو بە پردێک، کە بەسەر شیوێکدا دروستکرابوو، شیوەکە هەڵم و بۆنێکی ناخۆشی لێ بەرزدەبووەوە. نازانم بۆ لەناوەڕستی پردەکە وەستام و، سەیری خوارەوەم دەکرد، ئاوێکی خەستبووی رەشباوی تێدا وەستابوو بڵقی گەورە گەورەی دەدا، وەک بکوڵی وابوو، لەناو بڵقەکاندا ئێسک و پروسکی مرۆڤ دەردەکەوت و دیارنەدەما، هەناسەم توندبوو بەباشی هەناسەم بۆ نەدەدرا. لەناکاو یەکێک لەپشتەوە دەستی خستەسەر شانم و وتی: لێرەدا مەوەستە، ئاوڕم دایەوە بینیم هەمان کەس بوو، کە لەدەرەوەی چێشخانەکە بینیبووم. لێم پرسی بۆ؟ گوتی: تۆ نازانیت ئەم پردە لە کاسەسەری سەد و هەشتاودوو هەزار مرۆڤ دروستکراوە و، ئەو بۆنە ناخۆشە بۆنی گازی خەردەل و سیانیدە؟... منیش واقم وڕمابوو دەستی گرتم و لە پردەکە پەڕینەوە، کەوتینە چۆڵەوانییەک هەندێ خانوی داڕماو بەشێک لەدیوارەکانیان مابوون، لەوە دەچوو ئەو ناوچەیە بۆمبارانکرابێ. کابراکە لەسەر قەراخی دیوارێکی رووخاو دانیشت گوتی؛ ئەم شوێنە دەناسیتەوە؟
- نا
- ئێرە ئەو شوێنەیە کە دەتویست بێیت بۆی، بەڵکو کەسێکی لێبێت بیناسیتەوە. من نەمویست ئەو هەواڵە ناخۆشەت پێبڵم؛ کە تۆ دەتەوێت بچیتە شوێنێکی کاولکراو، پێمباشبوو بەچاوی خۆت بیبینیت.
- ئەمە چۆن... کەی... بۆ، چی روویداوە؟....ئەی خەڵکەکەی چی لێبەسەرهاتووە؟ 
- وەڵامدانەوەی ئەو پرسانە زۆری دەوێت، تۆیش کاتت زۆر کەمە، گرنگ ئەوەیە رووداوەکە بزانیت، زانینی وردەکاریەکانی رووداوەکان هیچ لەخودی رووداوەکان ناگۆڕێت و زۆرجار کات بەفیڕۆدانە، لەلایەکیترەوە ئەستەمە بتوانرێت هەموو چرکەساتەکان لەهەموو گۆشەنیگاکانەوە دەربخرێت. بەکورتی ئەم شوێنە وێرانکرا! ژیانی خەڵکێکی زۆری تیاچوو، ئەوانەی، کە مانەوە، بوون بە چەند بەشێکەوە. بەشێکیان بێ ئاوڕدانەوە لەوانەی تر رایانکرد و خۆیان دەربازکرد! وایاندەزانی دەربازدەبن، بەڵام... کەمێک بێدەنگ بوو؛ 
لەوانەیە تەنیا لەشیان دەبازبووبێت. کابرا بەهێواشی سەری داخست، پاشان بەردەوام بوو گووتی؛ هەرچۆنێکبێ، بەشێکی تریان لەوانەی مابوونەوە لەماوەیەکی کەمدا گۆڕانکارییەکی تەواویان بەسەرداهات، ئەو کاولکارییە بوو بە خێر و دەستکەوتێکی باش بۆیان، بوون بەدەسەڵاتدار و بڕیاردەر... وایان لێهاتووە ئێستا هەرچییەک ئەوان بیڵێن راستە و هەرچییەک ئەوان بیکەن باشە... هەرچەندە وا دەردەکەوێت ئەم کاولکارییە دەستی بێگانە یان دوژمنی تیابێ. لەراستیدا زیاتر دەستی خۆیی تێدایە، هەرچەندە بەئاگاداری و بێئاگاییەوە هەوڵی شاردنەوە و پاساو و، لەبیرچونەوەی ئەم راستییە دەدرێت... ئیتر نامەوێت لەمە زیاتر هیچی تر بڵێم و، پێویست ناکات تۆیش پرسیاری تر بکەیت. پاشەڕۆژ خۆی وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە... ئێستا توند دەستم بگرە.
منیش دەستیم گرت، کاتێکم زانی بەئاسماندا دەمفڕێنێ. گوتم تۆ هەر پێت نەوتم کێیت؛ بە خەندەیەکەوە تەماشای کردم و، گوتی: کەی بەخەبەرهاتی دەزانیت کێم. دەستی بەردا لێم، منیش کەوتمەخوارەوە و زرمەم لێهەستا، لەو زرمەیە بەئاگا هاتمەوە کە لەسەر جێگەکەم کەوتومەتە خوارەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە