هونەرفرۆشان، گەیشتنە دەباشان
Saturday, 18/02/2023, 14:18
دوا جار کۆمەڵێک موهەڕیج (کڵاون) و بە ناو هونەرمەندان بەشداری بەیعەت دانیان، بە مولازم موحسین، ببورن (مولازم پافێڵ) دا و بە ناوی خەمخۆری بۆ باری لەقیووی هونەری کوردییەوە چوونە دەباشان و لە خزمەت"سەرۆکدا شەرعییەتیان دا بەو دەسەڵاتە پۆپۆلیستییەی (ی.ن.ک) و وەک هەموو نەفسسووک و ماستاوچیەکانی تر ووتیان : قوربان ئێمە وەک پیشەی هەمیشەییمان بچووک و جەنابتان گەورە و سەرۆکن..!
پێش هەموو شتێک ئەبێ پرسیار بکەین:
- کێ ئەم وەفدە بەناو هونەرمەندانەی هەڵبژاردووە؟
- لەکام کۆبوونەوەدا بوو؟
- چەند هونەرمەند بەشداری کردووە لە هەڵبژاردنی وەفدەکە؟
- بەرنامەی زیارەتەکەیان بۆ لای پاشای دەباشان چی بووە؟
ئەمانە هیچی دیار نین، جگە لەوەش هاوسەنگییەکی خوار و مایە پێکەنین لە وەفدی هونەرفرۆشەکەدا دیارە، لە وەکیلی فرۆشتنی خەڵوزەوە بۆ بە حیساب دکتۆر و شتێکیش زیاتر لە هونەردا بەدی ئەکرێ، لەم وەفدەیا دۆ و دۆشاو تێکەڵ بووە، لە وورچەکانی جەژن تا دکتۆرەکانی حاشییەی ماڵی پاشا.. ئەبێ پێوانەی وەفدەکە بۆ هونەر و هونەرمەندان چی بوو بێ ؟
ئەم وەفدە چێشتی مجەور ئاسایە سکاڵای دڵی خۆیان لای کەسێک کردووە، کە ئەو کەسە خۆی بەرپرسیاری یەکەمە لە تێکچوونی شیرازەی هەموو ئاست و بوارەکانی ژیانی خەڵکی سلێمانی بە هونەریشەوە، ئیتر ئەگەر بۆ چەواشەکردنی خەڵک نەبێ چاوەڕوانی چی تری لێ دەکەی..!!
- كەی دزیلێکراو سکاڵای خۆی لای دز کردووە؟
- کەی خاوەن ویژدان سکاڵای دڵی خۆی لای قاچاخچی کردووە..؟
- کەی هونەرمەند سکاڵای خۆی لای"کۆماندۆ" یەک کردووە، کە پێشوازی لە "مەلا خۆراسانی" دەکات لە کاتێکا مێشکی مەلا و هونەر وەک حوشتر و قاپقاپن و بە هیچ لۆجێکێک بە یەکتر ناگەنەوە.
ئایا ئەم وەفدە تێکەڵاوەی چەرەس ئاسا لە پاشای دەباشانیان پرسی کە:
- ئایا لە ژیانیدا جگە لە "ڕاپ"ی ئینگلیزی، پێنج دەقیقە گۆێی لە مۆسیقا گرتووە؟
- ئایا ئەزانێت قوتابخانەکانی هونەری شێوە کاری کامانەن ؟
- ئایا لە تەواوی ژیانیدا شانۆگەرییەکی بینیوە ؟
ئەوانەی سەرەوە هەمووی قەیناکا، بەڵام....
- ئایا لە ژیانیدا کتێبێکی خوێندۆتەوە (جگە لە ڕێنمایی و ڕاهێنانی کاراتی نەبێت)؟
ئەگەر وەڵامی ئەو هەموو پرسیارانە یەک دانەیان بە "بەڵێ" بوو ئەوا پاشای دەباشان شایانی ئەوەیە سکاڵای دڵی خۆت و ئافرەینیشی بکەیت، بەڵام وەفدی هونەرفرۆشان بە چوونیان بۆ دەباشان جگە لە دەرخستنی ناخ و بەرژەوەندییە ناهونەرییەکانیان، چیتر نەبووە، دەنا ئەوە ڕۆژگارمان لە پێشە بزانین گریان و شین و شەپۆڕی وەفدەکە بۆ خەڵوز، ببورن بۆ هونەری کوردی کام بەرهەم و کام دەستکەوتی بۆ هونەر و هونەرماندانی لێ ئەکەوێتەوە، جگە لەوەی کە لەوانەیە سەرو پارچە زەوییەک لە میراتی باوک و باپیری پاشای دەباشان و چەند هەزار دۆلارێکی قووتی خەڵکی ئەو شارە وەربگرن، کە ئەو خەڵکە لەم وەفدە بێبەرییە، هیچی تر نابێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست