كوڕەكانی كۆسرەت پارەو ئیمتیازیان لێ دەبڕێت
Thursday, 16/02/2023, 21:23
موچەی زیاتر لە 400 پێشمەرگەی بندیواریان دەبڕێت
جگە لەمانگانەی سەدان هەزار دۆلار، بافڵ تاڵەبانی موچەی سەدان پێشمەرگە بندیواری كوڕەكانی كۆسرەت رەسوڵ دەبڕێت و گرژی توند دەكەوێتە نێوانیان.
بەپێی زانیاریەكانی تەڤدا پرێس، بافیل تاڵەبانی موچەی زیاتر لە 400 پێشمەرگەی بندیواری هەردوو لیواكەی كۆسرەت رەسول عەلی بڕیوە، ئەمەش نیگەرانی زۆری دروستكردووە. هەروەك هەردوو كوڕەكەی مانگانە هەریەكەیان 200 هەزار دۆلاریان بەردەست بووە وەك نەسریەی مانگانە، بەڵام ئەم مانگە ئەو پارەیان لێ بڕاوە، ئەمەش گرژی زۆری دروستكردووەو پێدەچێت بەریەككەوتنی سەربازیشی لێبكەوێتەوە، بۆیە چەند رۆژێكە كوڕەكانی كۆسرەت رەسول (دەرباز و شاڵاو) هێزێكی 100 پێشمەرگەییان رەوانەی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لەهەولێر كردووە گوایە بەنیازن كۆنترۆڵی بكەن وەك فشارێك بۆسەر بافڵ و قوباد تاڵەبانی.
ئەو سەرچاوەی زانیاریی بەتەڤدا پرێس دا رونیكردەوە كە بافڵ تاڵەبانی ئەو نەسریەی دەیدا بەهەریەكە لەدەرباز و شاڵاو كۆسرەت رەسول، داویەتی بە ئەیوبە گەڕ كە ئێستا سەرپەرشتیاری لیواكاانی كۆسرەت رەسولەو لەنازەنین نیشتەجێیە، هەروەك هەموو دەسەڵاتەكانی هاوكاریی و دامەزراندنی پێشمەرگەی داوەتە ئەیوبە گەڕ، ئەمەش وەك كەمكردنەوەی نفوزو دەسەڵاتی كوڕەكانی كۆسرەت لێكدەدرێتەوە.
لەپاڵ ئەم بڕیارە نوێیەی بافڵ، پێشتر بافڵ و قوباد، فەیسەڵ كەریمخانیان كردە سەركردایەتی و دەسەڵات و ئیمتیازی مەكتەب سیاسیان پێدا، تاوەكو ناوچەی سۆران و چۆمان و شەقڵاوەی رادەست بكەن و لەژێر چنگی كوڕەكانی كۆسرەت رەسول دەریبكەن.
ئەم ململانێیەی ئێستای یەكێتیی گەیشتۆتە ئاستێك، ئەم حزبە هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە، وەك چەند گروپێكی چەكداری لێهاتووەو سەنتەری بڕیاردانی لەدەستداوە، بەهۆیەوە ناوچەی سەوز بەبارودۆخێكی زۆر خراپی ئابوریدا تێدەپەڕێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست