کاتێک ئایین لە سیاسەت مارە ئەکرێت!
Wednesday, 15/02/2023, 16:22
سیاسەت وەکو پارەدارێک و بەرژەوەندی خوازێک، بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بە میهرەبانێکی پەروەردەکاری گوێڕایەڵی پارە پەرستی ماڵداری کەری وەکو ئایین هەیە.
هەر کاتێک سیاسەت لە باوەڕی ڕاستی مرۆڤانە و ئازادانە و دیموکراسییانەی خۆی لایدا و لە قومارخانەکانی دونیا پێکی نەوتی هەڵقوڕاندەوە و پارە و سەروەتی میللەتی تەخشان و پەخشان کرد و گەندەڵی تاوەکو بیناقاقای هات و خەڵکی هەژار و هەتیو و بێدەرەتان خست، ئیتر کاتی مەرگی دێت و ڕەعیەت جموجۆڵی تێئەکەوێت تا پلەی پەلامار دانی. لێرەوە سیاسەت پێویستی بە هاوکاری ئایینە تا ڕەعیەتی بۆ هێور بکاتەوە و هیوابڕاوی ئەم دونیای بە هیوای دونیای دوایی پێ بگۆڕێتەوە.
چاوی پێ بنووقێنێ لە ئاستی سیاسەت و خواروخێچێکانی سیاسەت و نەبوونی و هەژاری. ستەمی سیاسەتی بە غەزەبی خوا لە خودی میللەت خۆی بۆ لە قەڵەم بدات، لە کاتێکدا خۆی قوربانی دەستی سیاسەت و ئایینە. کاتێک سیاسەت سەرکێشی ئەکات و بە ڕێگەیەکی چەوتدا ئەڕوا و ناتوانێ بگەڕێتە بۆ دواوە، بۆ ئەوەی خۆی ڕابگرێ پێویستی بە ئایینی ماڵداری کەر و گوێڕایەڵە. لێرەوە پێویستی هاوسەرگیری بەرژەوەندی خواز دێتە ئاراوە. ئەم هاوسەرگیرییەی سیاسەت و ئایین هەم تەمەنی ئایین دڕیژە ئەکاتەوە و هەم گیانی سیاسەت لە فەوتان ئەپارێزێت. تاکە هەڵخەڵەتاوی نێو ئەم پڕۆسەی هاوسەرگیرییەش میللەتە.
لەم جۆرە هاوسەرگیرییە هیچ گەشەیەکی مرۆیی و میللی ڕوونادات تاکە شتێک کە ڕوو دەدات دوو لایەنی ناو ئەم پڕۆسەیە کە سیاسەت و ئایینن، خزمەت بە بەرژەوەندی و ئابوری یەکتری ئەکەن. بیانوو و هۆکار بۆ مانەوەی یەکتری ئەهێننەوە.
بۆ نموونە بۆ ئەوەی میللەت لە شۆڕش دژی سیاسەتی گەندەڵ و ستەمکار دووربخرێنەوە، ئایین ژیانی دونیایی لای میللەت بێبایەخ و سفر ئەکاتەوە. دەسەڵات بە خەزەبی خودایی لە میللەت ناوزەد ئەکات. داوای لێ ئەکات بگەڕێنەوە لای خودا بەڵکو بەزەیی پێماندا بێتەوە و خۆی چارەی دەسەڵاتمان بۆ بکات. میللەت مەمنوونی برسێتی و نەداری ئەکات و ناوی ئەنێ سەبری ئیمان. برسێتی و قات و قڕی و کێشەی سیاسی و ئابوری ناو ئەنێت تاقی کردنەوەی خودایی و میللەت سەرگەرمی کێشەی خێزان و ئەخلاق و ئیمان ئەکات. ڕەفاهییەتی ژیان بیری تاکەکان ئەباتەوە و بەهەشتی پڕ حۆری و خۆراک و شەراب ئەکاتە ئامانج. دەسەڵات و سیاسەت ئەکات بە قەدەری ئیلاهی سەپاو و گوێ لێگیراو. ئازادی و هونەر و غەیرە دین ئەکاتە دوژمن و ڕێگری ئیمان. سیاسەت بەمە کێی بوێ لە ڕێگەی هاوسەری ئیمانەوە ڕیسوای ئەکات. میللەتیش ئەکات بە مەڕی گوێڕاڵی بێ وزە و بێ هێزی گۆڕانکاری. بەرانبەر هەموو ئەم چاکانەی ئایین سیاسەتیش لە داهات و ئابوری و دەسەڵات بەشی ئایینیشی لێ دەدات. لە کوێ ئایین پێویستی بە بیانووی مانەوە و گەشەکردن بوو دەسەڵات کۆمەکی پێ دەکات. بۆ نموونە داخستنی باڕ و یانەی شەوانە، ڕێگری لە کۆڕ و سیمیناری زانستی و ڕۆشنگەری، قەدەغەی کتێب و سانسۆری فیلم و داڕشتنی یاسا بە دڵی ئایین و...هتد.
سیاسەت لە هەر لێدانێک لە ئازادی تاکەکەسی و دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕینێک، پەنا بۆ بیانووی زۆرینەی ئایینی و بەها کۆمەڵایەتییەکان ئەبات و هەر ئەمەش ئەبێت بە بیانوویەکی باش بۆ مانەوەی ئایین بە پێوە لە مینبەرەکان و مانەوەی قەرەباڵغی لە دەوری وتارەکانی.
ماوەتەوە بڵێم هاوسەرگیری سیاسەت و ئایین هاوسەرگیرییەکی نەزۆکە و هیچ بەرهەم و هیچ گەشەیەکی کۆمەڵایەتی و هزری و داهێنانێکی لێ شین نابێت و ئەم هاوسەرگیرییە تەنها دەبێتە مایەی پێکەنینی سیاسەت و ئایین بە خەمۆکی و گوێڕایەڵی بێ هۆشی میللەت.
گەر سەیرێکی مێژووی سعودیە و میسر بکەین دەبینین ساڵانێکی زۆر سیاسەت و ئایین دەستییان تێکەڵ کردبوو لە سەر جەستەی میللەت ئەژیان. لە میسردا ئەزهەر بوو بوو بە خاوەنی ئەخلاق و ژیانی میللەت و دەسەڵاتیش بە خاوەنی ئابوری و سیاسەت. لە سعودیاش ژیانی خەڵکی بە دەستی موفتیێەکانی سعودیە بوو و نەوت و سیاسەتیش لە دەستی دەسەڵاتدا بوو. ئەوان خەریکە وردە وردە هەموو شتێک ئەگەرێننەوە دەستی سیاسەت و ئایین ئەخزێننەوە شوێنی خۆی، بەڵام سیاسەتی کوردی تازە بە تازە خەریکە مارەی خۆی لە ئایین ئەبڕێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست