پێویستی کوردداندنی تێۆرییەکان (بەشی یەکەم)
Tuesday, 31/01/2023, 23:10
وانەگەلێک لە شۆڕشە کوردستانییەکەی ژیناوە / بەشی یەکەم
وردبوونەوە و ڕامانی قوڵ و توێژینەوەی ئامانجدار، کە تەنیا لە پێناوی توێژینەوە، یا بۆ بڕینی قۆناغێکی خوێندن و بەدەستهێنانی پلەیەکدا نەبێت، بۆ کورد جیا لە هەموو نەتەوەکانی سەر ڕووی زەوی، لە قاڵبی دەرسخوێندن و پێگەیشتن و گەیشتن بە پلەیەک تێدەپەڕن و دەبنە ئەرکێکی نەتەوەیی، چوونکە هەموو مەفهوومەکانی ناو زانستە کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و زەینیەکان کە دێیتە سەر حاڵی کورد، دەگۆڕڕێن و زۆرینەیان پێچەوانە دەبنەوە.
هەر ڕۆشنفکرێکی کورد، بتوانێت تیۆرییەکان بکوردێنێ، خزمەتێکی گەورەی نەتەوەکەی کردووە. لە ئیستادا ئەوە کاری ڕۆشنفکر و ئەکادیمیستی کوردە. ئەوە بەو مانایە دێت، کە لەناو تیۆرییە جیهانییەکاندا، کە لە ناوچەیەکی تایبەتەوە سەریان هەڵداوە و بێ دودڵی، خەسڵەتگەلێکی ناوچەیی و مرۆیانەیان تێدایە، دۆزینەوەی ئەو خەسڵەتە نەتەوەییانە و میکانیزمنی بزووتنی ئەو خەسڵەتە نەتەوەیانە و راڤەکردنیان بەپێی ئەو خەسڵەتە مرۆیانە کە لەناو بیر و ئەندێشەی بیرمەندە جیهانییەکاندا هەیە و هەڵهێنجان و دەستنیشانکردنی هۆکانی بۆچی بەو جۆرە و بەو ڕەنگە لە کۆمەڵگای کوردەواریدا دەردەکەون و دەبزوون، دۆزینەوەی ڕیشەکوردییەکەی ئەو بیر و ئەندێشانەن، کە ڕۆشنفکر و ئەکادیمیستەکان دەپارێزێزن لە کۆپیکردن و سەپاندنی ئەوەی فڵانە بیرمەند وا دەڵێت و فیسارە بیرمەند ئەوە ڕەتدەکاتەوە و....هتد، ئەوە دەمانپارێزێ لەوەی کە پێمان وابێ تا زەحمەتکێشیکی کورد نەزانێت ( هیگڵ) چۆن بیری کردۆتەوە، لە وتەکان و شیکارییەکانی ئەم ڕۆشنفکر و ئەکادیمیستە کوردە تێناگات! دەی ئەگەر لالۆی زەحمەتکێشی کورد لە هیگڵ ئاگادار بایە و زانیبای چما هیگڵ لێرەدا وا دەڵیت و فرۆید ئاوای گوتووە، چ پێویستی بە بەڕێزتان بوو، کە شیکردنەوەی کوردیی بۆ فکر و ئەندێشەی هیگڵ و فرۆید بۆ بکەی؟!.
زۆرینەی کورد نە ئاشنایەتی بە هیگڵ هەبوو نە شیکارییە دەروونییەکانی خەون لای فرۆیدی دەناسی، خەونییشی دەبینی و ژیانیشی بەردەوام دەکرد، هەڵوێستگەلی شەرافەتمەندانەی واشی دەنواند، کە ڕەنگە هیچ بیرمەندێکی جیهانی تاکو مردیش هەلوێستی وای لێ نەبینرابێ، ئەو بیرمەندە باسی هەڵوێستەکەی ڕەنگە کردبێ و ئەم تا مرد سەدان جار لەسەر ئەو هەڵوێستانەی دەشێ تا لێواری مەرگ چووبێ و مەرگ و ژیانی ئەزمواندبێ.
نموونەیەک: گۆرانی شاعیر هەر بەو کێشە شیعرییەی سەدان ساڵ بوو شاعیرانی نەتەوەکەی شیعریان پێدەگوت، دەستی پێکرد و شاکاریی دەروێش عەبدوڵلای نووسی، لە ڕووی بابەت و ناوەرۆکەوە، گۆران سنوورەکەی شیعری عەروزی عەرەبی لەم شیعرەدا تێدەپەڕینێ، بەڵام هێشتا ئامڕازەکەی هەر هەمان ئامیرە بێگانەکەیە کە سنووری داناوە بۆ هەستەکانی.
ئەو کاتەی گۆران دەکەوێتە سەر فکری منەکردنی شیعر و چۆنیتی دەربڕین و زمانی دەگەشیتەوە، گوێچکەی دڵی دەنێت بەو ئاوازگەل و زمان و دەربڕینانەی شایەر و سترانبێژانی میللی نەتەوەکەیەوە، کە هەر بەو شیعرگەلە زەماوەندی پێدەگێڕن و ئەو زەریای خۆشییە دەڕژێننە ناو دەروونی کۆمەڵیک خەڵکەوە، تێدەگات ئەم ئاواز و شیعرییە میللیانە ڕیشیەیان لەگەڵ ڕیشەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەکە تێکەڵ بوون و یەک بابەت و دیاردە و بۆنەن، کە خۆیان لە وێنەی جودادا دەردەخەن و یەک هاوبەشییان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە تایبەتن بە خەڵكێک کە سەدان هەزار هاوبەشی و کارەسات و زمانی لێکگەیشتنی دەروونی کۆیان دەکاتەوە و لە هەموو ئاماژە ژیانیی و ژیاریی و کلتوورییەکانی یەکدی حاڵی دەبن و بەو وەزنە شیعرییە هاوبەشە، یەکدەدوێنن و لەش دەخنە جوڵان و بیر دەبزوێنن و ژیان دەگویزنەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دی.
گۆران پاش ئەم شۆڕشە دەربڕینییەی بەسەریدا دێت، ئامێری دەربڕینەکەی دەگۆڕێ و هۆنراوەکانی دەخاتە سەر ئەو وەزنە شیعرییەی کە ڕیشەکەی وا لە قوڵایی هەستکردن و دروستکردنی ژیان لای نەتەوەکەی، دەبینێت دارو بەردی قەرەداغ و سیاچەمانانی هەورامان و لەرزینی زیخ و چەوی بن کانییەکی بەر تریفەی مانگەشەوی گوندێکی نیشتمانەکەی بانگی دەکەن و دەیدوێنن و گوێ بۆ دەربڕینەکانی دەگرن، لەبەر ئەوەش کە لەرزین و بزووتنی زیخ و چەوەکان و ڕووبار و تاڤگە و بزووتنی ژیان لەناو دەروونی کۆمەڵگایەکی تایبەتدا ڕوو دەدەن، جا شیعرەکانیشی بەو خەسڵەتگەلە نوێیانەوە کە ئاوێنەی ژیانە کلتوورییەکەی کۆمەڵگان، دەبنە وێردی سەر زمانی هەر ئەو خەڵکە و هەست دەکەن ئەمە هاتنەوەیە لە ڕێگایەکی هەزارساڵەییەوە کە پێی ئاشنان و دایک منداڵی پێدواندووە و کوڕان و کچان پێی عاشق بوون و باوک دروێنەی پێکردووە و لە هەزاران وردەکارییەکانی ژیاندا ئامڕازی لێکتێگەیشتن و بەرەیەک کەوتن و تەنانەت پێکدا هەڵچوونیش بوون.
ئەمەی سەرەوە پێمان دەڵیت، ئەو مەودایە چەندە فراوان و زۆرە لە نێوان ژیانی زەحمەتکێشیکی کوردی دابەش و داگیرکراوی ئەمڕۆی کوردستان و ئەو ئەکادیمیست و ڕۆشنفکرەی کە لە تیۆرییەکاندا ڕەنگە ون بووبێت و لە هیگلەوە تێهەڵچێ و لە فۆکۆدا پێچ بکاتەوە، ئایا ئەمە تێنەگەیشتن نییە لەو یاسا، خەسڵەتگەل، میکانیزم، هۆ و سەرئەنجامانەی، ئەو خەسڵەت و یاسایانەی کۆمەڵگایەک دەبزوێنن؟!
هەر ئەو نزیک بوونەوەیەی گۆران لە ڕیشەی زمان و چۆنێتی دەربڕین و کاردانەوەی خۆی بۆ ئەو میکانیزمەی دەروون دەهەژێنێ و میللەت پێکڕا پێکەوە گرێدەدات، لە بواری چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانیشدا، جا سیاسەت، فەلسەفە، هونەر، داهێنان و بزووتنەوە کۆمەلایەتییەکانی سەر بە تاک بێت یا کۆمەڵ، بە ڕاست دەگەڕێت، ئەگەر وا نەبووایە، ئەم هەموو هەموو لقە لە زانست و هونەر و داهێنانە مەعنەوییەکان، نەدەهاتنە بوون، مەگەر جیاوازیی لێکدانەوەی مرۆڤ بۆ ئاین وەک کردەیەکی ژیانی مەعنەوەی مرۆڤ، نەبووە هۆی بەرهەمهێنانی دەیان قوتابخانەی جیاواز، کە لە پاشاندا بووشنە ئامێریکی کارای دەستی سیاسەت؟! یا خۆیان بوونە سیاسەتی ڕۆژ و سەربڕیی بیروباوەڕەکانی دی؟!
بێگومان وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێکرد، ڕامانی قوڵ، توێژینەوەی ئامانجدار و هەڵسەنگاندن و لێپرسینەوە، ئەگەر بۆ هەر نەتەوەیەکی خاوەن دەسەڵات و دەوڵەتدار، گرنگ و پێویست بن، بۆ کوردێکی ڕۆشنبیر و ئەکادیمیستێکی کورد وا لە پلەی ژیان و مان و نەماندا، لەبەر ئەو خەسڵەتگەلانەی کە لەکەمترین کۆمەڵگای تردا دەیدۆزییەوە یا هەر نیین. گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە کۆمەڵ بناسین و ئامێری بزووتنەکەی دەستنیشان بکەین، تا بتوانین ڕەسەنایەتیی و جوداوازییەکانیشی بناسین، دەنا لە بازنەیەکی فکرییدا دەخوڵینەوە و لەهەمان خاڵی دەسپێکەوە، پاش بڕینی ڕێگایەکی پڕ لە نەهامەت و خوێناوی، دێنەوە هەمان خاڵی دەسیپێک. من دڵنیام ئەم خاڵانە بۆ ئەو ڕۆشنبیر و ئەکادیمیستە کوردانەی بەدوای ڕیشەکاندا دەگەڕین و هەڵوێستیان دەبێت بەرانبەر بە ڕووداوەکان، کە ڕەنگە ژمارەیان زۆر نەبن!! ڕوون و ئاشکران .
نموونەیەکی دی دێنمەوە بۆ ئەوەی کە ئیستا لە کوردستاندا لە لوتکەی گفتوگۆ و هێنان و بردنێکی فکریی فراواندایە:
بڕوای من ئەوەیە کە مەسەلەی نەتەوەی کورد، یەک مەسەلەیە، چوونکە ڕوودانێکە لە یەک کلتووردا دەقەومێ، ئەو هەزاران ڕیشەیەی کە لەسەرەوە باسم کردن، پێکەوە گەشەیان کردووە و یەک درەختییان لێ سەوز بووە، ئەوە بەرهەمی ئەو یەک کلتووریی و یەک ژیارییە بووە، کە هەم نەتەوەکە خۆی بەرهەمی هێناوە، هەم نەتەوەکە پاشان لە ناویدا ژیاوە. واتە نۆرمە کلتوورییەکانی نەتەوەکە بەرهەمی نەتەوەکە خۆی بوون، قەرزی نەکردووە، بە سواڵ پێیان نەبەخشییوە، هەمیشە زیندوویەک بووە لە ناخیدا و چاخە و چاخ هەڵی گرتووە و نەوە دوای نەوە بۆ یەکیان جێهێشتووە، ئەمانەتێکی پیرۆز و بەخشینێکی بەڕێز بووە لایان، لە هەمان کاتدا، بەپێی کرانەوەی نەتەوەکە نۆڕم و تێگەیشتنی نوێش بەم درەختە زیاد بووە و ڕازاندویەتییەوە یا لە گەشەکردنی خستووە، بەڵام نەیتوانییوە بیکوژێ یا بوونی بسڕێتەوە. چوونکە هێزی ڕازاندنەوە و ئاودێری کردنی درەختەکە ڕەسەنتر بووە و خواستێکی دەروونی نەتەوەکە بووە، بەڵام سڕینەوە و هەوڵدان بۆ وشککردنی درەختەکە، سەپاندن بووە کە باری دابەشکردن و بە کۆڵۆنی کردنی نیشتمانەکەی سەپاندوویەتی، بۆیە هەمیشە بە چاوی کلتوورێکی داگیرکەر و نامۆوە لەلایەن نەتەوەکەوە سەیری کراوە و مامەڵەی لەگەڵ کردووە. هەر ئەمەش یەکێک لە هۆکانی گەشەیەکی بەردەوامی پاراستن و
ئاگا لێبوونی نەتەوەکە بووە بۆ کلتوورەکەی خۆی، ئەمە لە بواری زماندا وەک ئەستیرەی سیوەیل دەدرەوشێتەوە.
کەواتە لە نیشتمانی بەکۆڵۆنی کراوی کوردا، هەمیشە بە گژاچوونەوەیەکی دەروونی سەخت هەبووە، لە ناو ڕۆحی زیندووی کورددا، لە نێوان نۆرمەکانی کلتوورێکی ڕەسەنی هەزاران ساڵە و کلتوورێکی داسەپاوی دروستکراوی باری سیاسی و خواستی سەردەمێکی بازاڕی سەرمایە و بەرژەوەندی دوای جەنگە جیهانییەکانی نێوان براوە و دۆڕاوی ئەو جەنگانە. کەواتە جوگرافیا و ئەو مێژووەش کە بۆ ئەم نەتەوەیە نووسراوەتەوە، سەپاندن و هەلهێنجراوی خواستگەلێکی ناڕەسەن و بەرژەوەندییەکی نامرۆیانەی قۆناغیکن، کە شاین بە ڕەتکردنەوە و هەڵوەشاندنەوە و دژایەتی کردنن، ئەو کاتەی نەتەوە سەردەستەکان نیشتمانی کورد جێدەهێڵن و کوردستان لە کلتوورەکانیان پاکدەکرێتەوە، جوگرافیا و میژوو دەبنەوە بە وێنە راستەقینەکەی کە دەبوو وا بانایە.
گفتوگۆی سیاسی و فەلسەفی نێوان خەمخۆرانی دۆزی کورد لە ئێستادا ڕیشەی زۆر مەسەلەی گرنگ و ژیاریی پەیوەندی نێوان نەتەوەی سەردەست و نەتەوەی بندەستی جوڵاندووە و لێکۆڵینەوەی تا پلەیەکی بەرز دڵسۆزانەی لێدەکات.
دوو ڕوو یان دوو وێنە بۆ ئەم گفتوگۆیانە نیشان دەدرێت، یەکەمیان سیاسییە و ڕووی قسەی لە سەرکردەیەتی پارتە کوردەکانە و ڕووی دووەمی فەلسەفی و زەینبزواندنێکی تێکەڵ بە هەستی کوردبوونە و ڕووی ئاخافتنی لە نەتەوەکەیە.
من وەک چاودێرێکی لەسەر هەست بۆ ئەو گفتوگۆیانەی لە نێوان تاکەکانی کورددا، بەتایبەت ئەو بەشەی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵات کە لە کڵاپ هاوسدا گفتوگۆ دەکەن، بەم ئەنجامانەی خوارەوە گەیشتووم و ڕای خۆمیان لەسەر دەنووسم:
درێژەی نووسینەکە بۆ بەشی دووەم....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست