هۆکارەکانی پشت پەلکێشکردنی جێگری سەرۆکی پارتی بۆ بەردەم ئەردۆگان!
Tuesday, 31/01/2023, 20:53
- دەنگی ئەمەریکا رایگەیاند کە جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی بەناو سەرۆکی هەرێم بەسەردانێک گەیشتە ئەنقەرە ولەوێدا ئەردۆگانی دیوە.
لە دوای ٢٠١٠ ەوە ناوەناوە، لەسەر رێنمیاییەکانی دەزگای جاسوسی میت جێگری سەرۆکی پارتی بانگدەکرێت لەلایەن ئەردۆگانەوە، رێنمایی دەکرێت، هەر جارێ کە بانگکرابێت بۆ تورکیا، تەنگژەیەک یا پیلانێکی دەوڵەتی تورکیا هەبووە بۆ ئەوەی رێنماییەکان وەربگرێت و، جێبەجێیان بکات.
لە سەردانەکانی پێشوویدا، هەموو جارێ دوای هاتنەوەی کۆمەڵێک پیلان لە دژی گەلی کوردستان بەڕێوەچووە، خودی پدک بەشێک بووە لە جێبەجێکردنی.
- ئیمزاکردنی گرێبەستی تالانکردنی ٥٠ ساڵەی نەوتی خەڵکی کوردستان بۆ تورکیا.
- بڕینی مووچەی فەرمانبەران و دەستکردن بە بەهەارکردنی خەڵکی کوردستان لە پێناو کۆکردنەوەی داهاتێکی زۆرتر بۆ ئەردۆگان
- هێرش وپەلامارەکان بۆ سەر گەریلا .
- کردنەوەبارەگا و بنکە جاسوسییەکانی دەزگای جاسوسی میت بۆ تیرۆر و زانیاری کۆکردنەوە لەسەر گەریلا وخەڵکی کوردستان لە هەرێم.
- پێش ئەنجامدانی گاڵتەجاڕیی ریفراندۆم..سەرۆکی پدک بۆ ئەم مەبەستە پەلکێشرا لە ٢٥ ئابی ٢٠١٦.
- کۆدەتاکەی ٨ ی تەموزی ٢٠٢١ .
- هێرش وپەلامار بۆ سەر شنگال و گەماڕۆیی کەمپی مەخمور.
- چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی ناوەند سەبارەت بە تاڵانکردنی نەوت و هیچکردنی دەستوری عێراق ، کە باشترین دەستورە بۆ کورد ئەگەر بەراورد بکرێت لەگەل دەوروبەر.
- بەناوی کورد لۆبیکردن لە ئەوروپا و نێو دەوڵەتە عارەبیەکانی دژی بزاڤی ئازادی کوردستان.
- هەموو ئەمانە فەرمانی ئەردۆگان بووە بۆ پدک، سەیری مێژووی سەردانەکان بکەن، ئەو راستیانە دەبینن، سەدان بەڵگە هەیە ئەو راستیانە دەسەلـمێنن.
ئەم پەلکێشکردنەی ئەمجارە لە چ هەلومەرجێکدایە؟
- هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە پێشە، ئەردۆگان چارەنوسی گرێدراوە لەگەڵ دەرئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە، چارەنوسی پدک گرێدراوە بەم هەڵبژاردنە.
- دوای هەڵاتنی سوپای تورکیا لەبەردەم لێدانەکانی گەریلا لە زۆربەی ئەو دەڤەرانە کە دەیویست داگیری بکات، گەریلا پیلانەکانی ئەردۆگان بۆ داگیرکاریی لە گۆڕنا.
- دوای هاتنی ماکگۆرک بۆ عێراق و هەرێم، کە ئەو سەردانەی بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ئەردۆگان بە مەترسی دەبینێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی، لە واشنتۆن رووبەرووی کارادنەوەی توندی کۆنگرس و ئیدارەی بایدن بۆوە.
- هەلومەرجێکی گرنگتر، دیارە توندکردنی حکومەتی ناوەند و ئەمەریکایە بۆ ئیلتزامکردنی پدک بۆ وەساتندنی تالانکردنی نەوتی خەڵکی کوردستان، چەندین بڕیار لە دادگای فیدراڵی دەرچووە کە رێگە دەگرێت بە تاڵانکردنی نەوتی کوردستان بۆ تورکیا.
- ئەردۆگان لەلایەن ئەمەریکاوە جڵەوکرا کە چیدیکە ناتوانێت هێرش بکاتە سەر بارۆس.
- هەلومەرجی ئاشتبوونەوەی ئەردۆگان لەگەڵ رژێمی بەشار.
- هەڵوەشاندنەوەی گەورەترین تۆڕی تیرۆر و جاسوسی میت-پاراستن لە شنگال، کە لێدانیکی کوشندەیە لە ئەردۆگان و پدک.
ئەم هەلومەرجانە وایکرد بەپەلە لەسەر رێنمیاییەکانی دەزگای جاسوسی میت، جێگری سەرۆکی پارتی پەلکێش بکرێت بۆ بەردەم ئەردۆگان بۆ وەرگرتنی رێنماییەکان بە شێوەیەکی راستەوخۆ.
- بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی هەواڵی راستو دورست و نهێنی کۆبوونەوەکان، نازانین چی پیلانکراوە، بەڵام دەکرێت خوێندنەوەیەکی نزیک لەراستی بۆ بکەین.
بە پشتبەستن بەبوونی تەجرەبەی پێشوومان و، ناسینی دەوڵەتی تورکیا و، مورتەزەقەیی پدک و بوونی ئەو هەلومەرجانەی کە لەسەروە باسمان کرد، ئاماژە بە فەرمانەکانی ئەردۆگان بکەین:
- بۆ هەڵبژاردن، ئەردۆگان پێویستی بە پارەیە، فەرمان بە سەرانی پدک دەکات هەرچی زووە سەخیانە لە پارەی دزراوی خەڵکی کوردستان بەشداری کەمپەینی ئەردۆگان بکەن، چونکە وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، چارەنوسی پدک بەتەواوی گرێدراوە بە چارەنوسی ئەردۆگان کە لە مەترسیدایە. بەهۆی خراپی باری ئابوری تورکیا ئەردۆگان وەک جاران دەستکراوە نییە، بۆیە پێویستی بە پارەیەکی زۆر هەیە.
- هەر بۆ هەڵبژاردن، فەرمان بە پدک دەکات، لە باکوری کوردستان بکەونە کار بۆ دژایەتیکردنی هەدەپە. لەسالی ٢٠١٥، پێش هەڵبژاردنەکانی ٧ حوزەیران، سەرۆکی پارتی ژمارەیەک لە سەرۆک خێڵەکانی باکور بۆ هۆتێلێک لە هەولێر داوەتکرد، لەوێدا سەرۆکی پارتی بەئاشکرا پێیڕاگەیاندن کە هاوکاری مادییان دەکات ئەگەر کاربکەن دژی هەدەپە و، دەنگ بۆ ئاکەپە کۆبکەنەوە.( بەبەڵگە لەکاتی خۆیدا بڵاومکردەوە).
- فەرمانی سیێەم تا هەڵبژاردنی دادێ بە تەکتیک بتوانن حکومەتی ناوەند رازی بکەن و کاتبکوژن بۆ ئەوەی نەوتی خەڵکی کوردستان بەردەوام بێت بۆ تورکیا.
- هەر پەیوەند بەم خالەوە، ئەردۆگان فەرماندەکات لەگەڵ یەکێتی بەتەکتیکی ئاشتببنەوە بۆ ئەوەی یەکێتی نەبێتە هاوکاری ناوەند لە راگرتنی نەوتی بەتاڵانبرداو بۆ تورکیا. دوور نییە بەم زووانە لەسەرداوای پدک و بە فەرمانی ئەردۆگان کۆبوونەوەیەکی تەکتیکی بۆ خاپاندن لەگەڵ یەکێتی ئەنجام بدرێت.
- دیسان پەیوەندی بەو خالەوە، زیندووکردنەوەی داعش بۆ مەشغولکردنی حکومەتی ناوەند.
- لە هەمووشی گرنگتر، هەڵگیرساندنی شەڕێک دژی گەریلا و زیاتر گەمارۆدانی، لە یادمانە بۆ لێدانی هەدەپە لە سالی ٢٠١٥، پدک چەکدارەکانی حزبی دیموکراتی ناردە سەر قەندیل بۆ نانەوەی شەڕێک دژی گەریلا. ئەم پیلانە چەپەڵە بۆ ئەوە بوو لە ئیرادەی کورد لەباکور بدرێت و، وا بڵاویبکەنەوە کە گەریلا شەڕی کوردی رۆژهەلات دەکات، بەلام خۆشبەختانە پەکەکە بە حیکمەتی خۆی رێگەیگرت لەوەها پیلانێک.
- بە هۆی پەیوەندییەکانی لەگەل رژێمی سوریا، پدک بتوانێت رۆڵ بگێرێت ئەویش بە ناردنی جاسوس بۆ بارۆس بتوانن تەڤلیهەڤی لەبەرژەوەندی رژێمی سوریا ئەنجام بدەن.
- رێگا خۆشکردن بۆ رژێمی سوریا بۆ هاسانکاری گواستنەوەی مەوادی موخەدیر لە رێگای فرۆکەخانەی هەولێرەوە بە کورتی بۆ بازاڕ پەیداکردن بۆ کیپتاگۆن، ئەو مەوادە هۆشبەرەیە کە رژێمی سوریا بەرهەمی دەهێنێت و، تورکیا وەک چاکەیەک لە رێگای پدک ەوە، دەروازەریەکی دیکەی بۆ دابین بکات. بەڵگە بۆ ئەوە کلیک لەسەر ئەو لینکەی خوارەوە بکە:
https://atrocitiestracker.org- زیاتر جڵەوکردنی گروپە پاسیڤە کەمپنشینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر بە ئەنەکەسەکردنیان، بۆ ئەوەی لە دژی کۆماری سێدارە هیچ نەکەن. ئەردۆگان دەیەوێت هاوپەیمانەکەی ئەستانەی، کە کۆماری ئیسلامی ئێرانە رازی بکات بۆ ئەوەی هەم هاوکاری بێت بۆ هەڵبژاردنەکانی دادێی و، هەمیش رۆڵی پۆزەتیڤ بگێڕیت بۆ ئاشتبوونەوەی لەگەل رژێمی سوریا. کارێکت بۆ دەکەم ، دەبێت تۆش کارێکم بۆ بکەیت.
- سەرلەنوێ دورستکردنەوەی تۆڕی جاسوسی لە شنگال.
- لە کۆتاییدا دەمەوێت بلێم، هەلومەرجەکە چونکە گۆڕدراوە و کات بەبەری نەماوە، پێموانییە پدک بتوانێت هەموو فەرمانەکانی ئەردۆگان جێبەجێ بکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست