دەرچە
Friday, 27/01/2023, 21:04
دادگای عێراقی وەك دادگای سەورەی زەمەنی سەدام حوسێنە ، ئەمە ووتەی مەسعود بارزانیە دوای ئەوەی بریاری دا ئەو ١٤ تریلیۆن دینارەی بۆ هەرێم دەست نیشان کرابوو، نەینێرن و بە پێی بڕیاری ئەو دادگایەی بەغداد ، ڕێگا بە هەرێم نادەن ئەو پارانە وەبگرێ تا ئەو کاتەی نەوت بە فەرمی لەڕێگای سۆمۆوە هانەردە بکرێ و بزانرێ بڕی داهاتەکەی چەندە.
کورد ئەڵێ (ئەو کانیەی لێی ئەخۆیتەوە، بەردی تێ فڕێ مەدە). با نەختێ بۆ دواوە بگەڕێینەوە بیخەینەوە بیری مەسعود بارزانی کە ئەو دادگایەی سەردەمی بەعس کە ئێستا ئەم بە شێوەیەکی خراپ ئەیەوێ بە خەڵکی هەرێمی بفرۆشێتەوە و گوایا دادگای بەعس و سەورە بوە و دژ بە پارتی و بنەماڵەکەی بوە، با نەوەکانی ئەمڕۆ باش بزانن کە ئەو دادگایە لەساڵی ١٩٩٦ ئەم مەسعودە پەنای بۆ بردن و دوای دەست ماچکردێنکی دوور و درێژ هاتن بە هانای خۆیه و بنەماڵەکەی و هەولێریان لەژێر چنگی یەکێتی دەرکرد و ئەو پەرلەمانەی کە ئێستا بە وێنەیەکی مەلا مستەفای ئابڕوو چووی لێ هەڵواسراوە کرا بە گەراجی دەبابەکانی حەرەس جمهوری و پیاوەکانی دادگای بەعسی سەورە.
ئەم پیاوە جامانە سوورە قەزەمە لەوەتەی هەیە و لەگەڵ هەر کابینەوە و سەرۆك وەزیرانی عێراقی زۆر بەهەڵپەوە عێراقیان دامەزراندە و داڵدەی هەموو جاش و بەعسی و حەشد و میت و ئیتلاعاتیان لە هەولێری پایتەخت بۆیان تەخت کردوون و پاراستوویانن، کەچی ئێستا چونکێ پارەکەیان بریوە و بە نیاز نین چیتر پارە بنێرن ، بەغداد و دادگاکەیان لێ بۆتە دادگای سەردەمی بەعس، کەچی لەهەمان کاتدا بۆ پۆستێکی بەغداد ئامادەن نەك هەر کورد بەڵکە دایك و باوکی خۆیانیان بۆ هەراج بکەن،، ئەم بنەماڵەیە سڵ لە هیچ نامەردیەك ناکەن و کلک لەگەڵ هەرچی دوژمنە ئەبەستن و لەهەمان کاتیشدا خەریکی چەواشە و چاو بەستن. بەداخەوە خەڵکی کوردستانیش جارێك بە ڕیفراندۆم و جارێك بە شەڕی داعش تێکەوتن و وایان زانی ئەم بنەماڵەیە شەڕی میلەت ئەکەن و نازانن ئەمانە تەنها شەڕی خۆیان و بەرژەوەندیەکانیان لە پێش هەموو شتێکەوەیە.
ئەم بڕینی بودجەیە ئەبێ جەماوەری کوردستان وەك (دەرچە)یەك لێی بڕوانن و کەڵکی لێ ببینن، ئەبێ یەخەی ئەم دوو بنەماڵەیە بگرن لەسەر ئەوەی نەوتی هەرێمیان هەراج کردوە و پارەکەی بۆ خۆیان ئەدزن، جەماوەر ئەبێ داوای مافی خۆیان لە مەسعود و جەلال بکەن و ڕووی ڕەخنەو داواکاری و مافەکانیان لەم دوو بنەماڵەیە بکەن و چاویان دەر بێنن.. مووچەی مووچەخۆران لای مەسعود و جەلالە و ناکرێ خەڵکی داوای پارە لە بەغداد بکەن لە کاتێکدا نەوتەکەی هەرێم جگە لەم دوو بنەماڵەیە و چەند حزبۆکەیەك ئێران و تورکیا بەشی خۆیان ئەبەن و میلەتیش ئەبێ زەقەی چاوی بێ.بۆیە باشترە ئەم هەلەی هاتۆتە پێش کاتێ مووچەی فەرمانبەران لەمەو لا نادرێ و خزمەتگوزاری کەمتر ئەبێتەوە ، دەنگی ناڕەزایی و تووڕەی خەڵك لەم دوو بنەماڵەیە بکەنە کڵپەی ڕاپەڕینێکی سەرتا سەری و داوای ڕاماڵینیان بکەن.
تێبینی:
کۆمێنتی ئەو وێنە کاریکاتێرەی بابەتەکە بۆ ئەم نووسینە بە گونجاومان زانی، کە کاتی خۆی حەمەڕەشید هەرەس لە فەیسبوکەکەی خۆیدا ئەمەی خوارەوەی نوسیبوو:
عیراقی وەستاو بە تڕەکەڵەکە، دادگای فیدڕاڵی و زەڕڕەی کەرەکە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست