کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە یادی کۆماری کوردستاندا، چەند قسەیەک

Tuesday, 24/01/2023, 1:07


زۆر لەسەر کۆماری کوردستان یا وەک هەندێک دەڵێن کۆماری مەهاباد نوسراوە.
پێموایە راستترین گێڕانەوەیەک ئەوانەبن،کە خۆیان لەو رۆژگارەدا بەشداری کۆماربوون و لە نزیکەوە ئاگاداری رووداوەکان و بەرئەنجامەکان بوون،گەرچی ئەوانەش دەشێ خاڵی نەبن لە سۆزو دژبەری.
زۆر بەشان و باڵی کۆماردا وتراوە،بەڵام کاتێک یاداشتی ئەوانە دەخوێنیتەوە،کە خۆیان بەشداری کۆماربوون و بەریەککەوتنیان لەگەڵ رووداوەکانی ئەو رۆژگارەدا بووە، ئیتر جۆرێک لە بێئومێدی داتدەگرێ و رۆیشتن لەگەڵ رەووتی ڕووداوەکاندا، سەرئەنجام کەوتنی کۆمار، شتێکی هێندە سەیر نابێت لات.
ئەوە روونە کە دروستبوونی کۆمار،بەرئەنجامی شۆڕش و ڕاپەرین نەبووە لە رۆژهەڵاتدا،بەڵکو لەسەر وەختی جەنگی جیهانی دووەم و لە ئەنجامی هێڕشی رووس و بەریتانیەکان بۆ سەر ئێران و دروستبوونی بۆشایی ئیداری و سیاسی و لاوازی یا نەمانی سوپای ئێران لە رۆژهەڵاتدا،دواجارو بەناچاری کۆماری کوردستانی لەسەر خاکێکی کەمی رۆژهەڵاتی کوردستان لێدەکەوێتەوە.
قازی محەمەد بە ئاشکرا،روو بە کاربەدەستێکی ئێرانی، دانبەوەدا دەنێت،کە ئەوان هیچکات بەتەمای لەتکردنی ئێران نەبوون و بەناچاری حکومەتی میللییان دامەزراندووە. دەڵێت: 
"خۆ دەزانن ئێمە هیچکات خوازیاری لەتکردنی ئێرانی نەبووین،بەڵام هەتا ئێستاش دەسەڵاتداران،نەتەنیا جوابێکیان نەداوینەوە،بەڵکو گاڵتەشیان پێکردووین.ئێمە ناچاربووین حکومەتی میللی دامەزرێنین"لا ٩٥
هەروەها دەڵێت:"قازی محەمەد زۆرجاران بە ڕوونی دەیگووت،حیزبی دیموکرات لە چوارچێوەی ئێرانێکی ئازاددا،تەنیا خودموختاری دەوێ" لا ١٧٧
ئابووری،بڕبڕەی پشتی حکومەت و ئیدارەدانی ناوچەو وڵاتێکە،کۆمار لەوکاتەدا،بۆ ئیدارەدانی حکومەت و فەرمانبەرەکانی و تەواوی دەزگا ئیدارییەکان،خۆی هیچی نەبووە ،تا پێشکەشی بکات. 
وەک دەوترێت سەرچاوەی سەرەکی داهاتی کۆمار،پەیوەست بووە بە یارمەتییەک کە لەلایەن سەرۆک هۆزەکان و رووسەکان پێشکەشی کۆماریان کردووە،بەڵام سەعید ناکام کە خۆی تا کەوتنی کۆمار لەوێ بووە، پێچەوانەی ئەو بۆچوونە دەڵێت:
"بودجەی دەزگاکانی کۆمار مانگ بە مانگ لە تاران وەردەگیرا  بەناوی مووچەی پۆلیس و فەرمانبەرو کاربەدەستانەوە، چونکە کۆماری کوردستان لەجیاتی رژێمی تاران ئاسایشی ئەم ناوچەیە دەپارێزێ و کاروباری میری بەڕێوەدەبا" 
تەنانەت دۆخی دارایی کۆمار بەجۆرێک پشت بە ناوەند دەبەستێت،بەرگەی یەک مانگ بێ مووچەیی ناگرێت.بۆیە وەک سەعید ناکام دەڵێت:
"لەدوا مانگی کۆمارەکەمان کە سوپای عەجەم شاڵاوی بۆ کوردستان هێنا،پارەنەبوو مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەرەکانی لێبدرێ،حیزب دەرگای عەمباری شەکری کردەوەو لەجیاتی پارەی مانگانە، شەکریان دانێ."لا ٦٣
ئەوەی لە دروستبوونی کۆمارو لێکەوتەکانی دەخوێنرتەوە،ئەوەیە کە:
- ئەوەی کۆماری کوردستانی دروستکرد،دۆخێکی ناچاری و زیاتریش جۆرێک لە چاولێکەری لە ئازەرییەکان بوو،ئەوەش دوای دروستبوونی کۆماری ئازربایجان،ئینجا قازی و هاوەڵانی بیریان لە شتێکی هاوشێوە کردۆتەوە.
- بە تێڕوانینێکی کەم، هەستدەکەیت دۆخی ئێستای رۆژئاڤا،زۆر لە دۆخی ئەوسای کۆمار دەچێت.
هەردووک بەرئەنجامی دۆخێکی تایبەت، لە لاوازی ئیداری ناوەند ،نەک شۆڕش و ڕاپەڕینی چەکداری. لە هەردوو دۆخدا   ئەمریکیەکان و روسەکان رۆڵێکی گەورەی پراگماتیکیانە دەبینن.بەدڵ هیوادارم چارەنوسی رۆژئاڤا،هەمان چارەنوسی کۆماری لێنەکەوێتەوە.
-هیچ کات  بیری جوداخوازی و لێکترازانی یەکجاری لە ئێران و دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی ،لای حیزبی دیموکرات و قازی و سەرکردەکانی بوونی نەبووە.قازی و هاوەڵانی هەمیشە پێداگرو رازیبوونە  بەوەی لە کڵێشەی ئێراندا،کورد مافە نەتەوەییەکانی پێبدرێت.
- دۆخی کۆمار،دۆخێکی کاتی بووە.تەنیا وەک دیفاکتۆ، کوردەکان بە رێبەری قازی،ئیدارەی ناوچەکان بکات،تا دۆخی وڵات ئاسایی دەبێتەوە، پێدەچێت بۆ ئەوە جۆرە رازیوون یا رێکەوتنێک لەوڕووەوە هەبووبێت،بەو دەلیلەی دەسەڵاتی ناوەند و شا، رێگرنەبوون لەوەی ئاسایی،بەقسەی ناکام هەموو مانگێک لە بودجەی دەوڵەت موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتیان بۆ بنێردرێت.
- کۆمار هیچ سەرچاوەیەکی دارایی نەبووە تا پشتی پێببەستێ،بۆیە ناچار تەنیا پشتی بە هاوکاری روسەکان (کە ئەوەش وەک دەوترێ وەک پێویست نەبووە) و ناوەند بە ستووە.حکومەتێک تەنیا بەتەمای یارمەتی دەرەکی بوبێت ،سەرئەنجامی هەر مەحکومە بە کەوتن.
دواجار بەداخەوە ئەوەی چاوەڕوانکراوبووە،روودەدات و بەکشانەوەی روسەکان، تارمایی کەوتنی کۆمار دەردەکەوێت.
لەو دۆخەدا قازی هەڵوێستێکی جوامێرانە دەنوێنێت، لەکاتێکدا سوور دەزانێت چارەنوسی ئەو لەسێدارەدانە،بەڵام رەتیدەکاتەوە،هەڵبێ و پەنا بۆ روسەکان بەرێت.
"قازی محمەد بە ئەندامانی حیزبی گوت:
ئەگەرچی دەزانم رێگای تێپەڕین و  چوونم بۆ سۆڤیەت کراوەیەو جادەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا،لەژێر چاودێری خۆماندایە،بەڵام چۆن پەنا بۆ دەوڵەتێک بەرم ،کە پابەندی هیچکام لە پەیمانەکانی نییەو بۆ بەرژەوەندی خۆی بە هۆی هەندێک قەول و پەیمانی بێبنەما.....نەتەوەکانی کورد و ئازەری،کردۆتە قوربانی ویستەکانی خۆی و هەروا بەجێیهێشتوون. من حکومەتی سۆڤییەتم تاقیکردەوە،دیسان تاقیکردنەوەی خەتایە". 
مەلا مستەفا،وەک چۆن لە کەوتنی کۆماردا،پێچەوانەی قازی پەنای وەبەر رووسەکان برد و هەڵات و  چووە ئازربایجان و لەوێوە بۆ مۆسکۆ،لە هەرەسی ١٩٧٥ یشدا،هەمان هەڵوێستی دووبارەکردەوە،لەکاتێکدا ئێران و ئەمریکا بە ڕوونی خیانەتیانلێکرد و خۆی وبزووتنەوە چەکدارییەکان کردە قوربانی بەرژەوەندییەکانییان،کەچی ئەو لەپێناوی مانەوەی خۆیدا،گەلەکەی بەتەنیا جێهێشت و پەنای بۆ بردن و تەنانەت داوای پەنابەری لە ئەمریکاش کرد.
دواجار لەو دەرفەتەدا، کێشەی ئەو بەشەی کوردستان،بووە قوربانی نەوت و  سیاسەتی بەرژەوەندیخوازانەی رژێمی کۆمۆنیستی و قازییەکان بە گیانی خۆیان باجی ئەو بەرپرسیارێتییەیاندا،تا ئەوەی لەوکاتەدا یەکێک لە رۆژنامەکانی ئێران دەنوسێت:
"خوێنی قازییەکان بۆنی نەوتی لێدەهــــات!"
١-بیرەوەرییەکانی سەعید ناکام.
٢-پێشەوای رابوون.بیرەوەرییەکانی سەعید هۆمایۆن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە