هەواوی لە خەندەوە بۆ قاقای پێكەنین
Friday, 20/01/2023, 15:27
كۆمپانیای هەواوی لە رێكەوتی 15ی سەپتەمبەری ساڵی 1987 بەسەرمایەی تەنها 21000 یوانی چینی واتا تەنها 3000 دۆلار دامەزرا, بارەگای سەرەكی لە شاری شینجینی چینە, 197000 كارمەندی هەیە, 107000 یان لە كەرتی توێژینەوەو گەشە پێدانی كۆمپانیاكە كاردەكەن واتا رێژەی 54,8% كۆی هێزی كاری خەریكی داهێنانن, ئەمەش دەریدەخات پرۆسەی داهێنان زۆر گرنگە لای هەواوی و كاری سەرەكییەتی
هەواوی لە یۆلی 2010 ەوە چووە لیستی كۆمپانیاكانی فۆرتشن گلۆباڵی 500, بووە بە یەكێك لە 500 كۆمپانیا زەبلاحەكەی جیهان, ئێستا شەشەم گەورە كۆمپانیای كەرتی تەكنەلۆجیای جیهان و گەورەترینی چینە, یەكێكە لەو 145 كۆمپانیایەی چین كە ئەمساڵ كە لە لیستەكەدان, چین وەك وڵات بووە یەكەم.
هەواوی پشكی لە بۆرسەكاندا نییە بۆ فرۆشتن, پشكەكانی هەمووی بۆ كارمەندانی بە ڕەگەز چینی كۆمپانیاكەیە, بە مەرجێك كە رۆیشتن و كۆمپانیاكەیان جێهێشت پشكەكە لەگەڵ خۆیان نابەن و دەیفرۆشنەوە بە كۆمپانیاكە.
هەواوی تەنها كۆمپانیایەك نییە بۆ چینیەكان, بەڵكە جێگای شانازی پیشەسازی و داهێنانی چینیشە, بەرەی پێشەوەی جەنگی تەكنەلۆجیای چینە لە بەرامبەر ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی, ئیرادەو داهێنان و هێمای ولاتە.
شەڕ فرۆشیەكانی ئەمەریكا
ساڵی 2017 كۆمپانیای زەبلاحی پەیوەندییەكانی چینی ZTE , بە بەهانەی هەناردە كردنی تەكنەلۆجیای ئەمەریكی بۆ ئێران و كۆریای باكوور, كەوتە بەر سزای ئەمریكا زوو بەزی تەسلیم بوونی خۆی راگەیاند, بوو بە كارەسات بۆ كۆمپانیاكە پشكەكانی داتەپین و چەندین ساڵ چووە بواری پوكانەوەوە.
دوای كۆمپانیای زەد تی ئی, هەواوی كەوتە بەر نەفرەتی ئەمەریكا, سەرەتا لە گرتنی منج وانزۆ كچی سەرۆكی كۆمپانیا و دامەزرێنەری لە كەنەدا لە یەكی دیسەمبەری 2018 دەستی پێكرد, گوایە پێشێلی سزاكانی ئەمەریكای كردووە لە دژی ئێران.
هەنگاوی دووەم ئابلوقەی هەمەلایەنە كرایە سەر هەواوی و لە دوور خستنەوەی لە بازاڕی ناوخۆی ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی لە گرێبەستەكانی 5 جی ئەنتەرنێتی خێرا كە هەواوی پێشەنگی جیهان بوو لێی, وە قەدەغەكردنی كڕینی هەر چیپێك لە هەر كۆمپانیایەك كە بە بەرنامەو ئامێری ئەمەریكای تێدا بەكار هێنرابێت, گوگڵ و مایكرۆسۆفتیش كۆتاییان بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەواوی هێناو رێگەیان نەدا بەرنامەكانیان بەكار بهێنێت, بەمەش هەواوی لە یەكەم كۆمپانیای جیهانەوە فڕێ درایەوە خوارەوە بۆ هەشتەم كۆمپانیا لە بەرهەم هێنانی تەلەفۆنی زیرەك, لە بواری بەرهەم هێنانی تەلەفۆنی زیرەك بووە جەستەیەكی بێ روح.
هروەها هایسیلیكون كە كۆمپانیای دیزاینی چیپە بەلام بێ كارگا, بارەگای لە شینزینە, خاوەندارێتی تەواو بۆ هەواوی دەگەڕێتەوە, گەورەترین كۆمپانیای دیزاینی چیپە لە چین, بەهۆی ئابلوقەی ئەمەریكاوە بە تەواوی راوەستاو لە جولە كەوت, چونكە هیچ كۆمپانیایەك ئامادە نەبوو چیپە دیزاینكراوەكانی بۆ بەرهەم بهێنێت.
هەواوی چی كرد؟
هەواوی لە جیاتی شكست و بێهیوایی لەبەرامبەر ئەم جەنگە هەمەلایەنە, ورەی دا بە خۆی, بە دوای داهێنان و بازاڕو كاردا گەڕا, ئەو سوپایەی هەیبو لە بواری داهێنان كەسی نەناردە ماڵەوە, لە بەرامبەردا وتی زیاتر بیر بكەنەوە, تەلەفۆنی هەواوی داتەپی لە ریزبەندی جیهانی 7 پلە هاتە خوارەوە, هۆنەری فرۆشت, لە بازاڕەكان دەركرا.
لە بری بەرهەمهێنانی تەلەفۆن جۆری كارەكانی زیاد كرد, چووە بوارەكانی كەرتی ئۆتۆمۆبێلی زیرەك, پیشەسازی, كشت و كاڵ و كێڵگەی بەراز بەخێوكردن و كەرتی كانەكان..., هەواوی بووە هەمە كارە, لە هەموویدا گۆڕانكاری دروست كردو سەركەوتوو بوو, ئۆتۆمۆبێل و كێڵگەو كانەكانی زیرەك كرد.
لەو قەیرانە توندەی تیایدا بوو لە بواری ئابووری داهاتەكەی بە نزیك 25% كەمیكردبوو, كەچی زۆرترین رێژەی داهاتی بۆ بەشی گەشەو توێژینەوە تەرخانكرد, لە ساڵی 2021 دا 21 ملیارو 280 ملیون دۆلاری لەو بەشە خەرج كرد كە دەیكردە رێژەی 22,4%ی كۆی داهتەكەی
هەواوی لە دوای كۆمپانیای مێتای فەیسبووك زۆرترین رێژەی داهاتی لە بواری توێژینەوەو داهێنان خەرج كردووە لە جیهاندا.
بەم ئیرادەیەوە هەواوی یەكەمی جیهان بوو لە ساڵی 2021 دا لە داهێناندا, زیاتر لە 110 هەزار داهێنانی لە 45000 خێزانی داهێنان هەبوو, هەروەها لە ناو كۆمپانیا چینییەكانیش یەكەم بوو
یەكەم كاردانەوە هارمۆنی ئۆ ئێس
دوای ئابلوقە هەمە لایەنە گشتگیرەكەی ئەمەریكا, هەواوی بە ناچاری لە ئۆگستی ساڵی 2019 سستەمی HarmonyOS بە 77 زمان راگەیاند بۆ كاركردنی ئامێرەكانی لە مۆبایل و كاتژمێرەوە بۆ تەلەفزیۆن و ئۆتۆمۆبێل, كە ئێستا زیاتر لە 500 ملیۆن ئامێر بەكاری دەهێنن.
لەوكاتەوە ئەم سستەمە بەردەوام لە نوێكردنەوەدایە, دوا نوێكردنەوە HarmonyOS 3 لە 27-7-2022 بە فەرمی راگەیەنرا.
سستەمەكە بە گشتی ساناو سەركەوتوو وە خێراو دەوڵەمەندە, تەنانەت بەكارهێنەر دەتوانێت دەستی بگاتە گوگڵیش كە قەدەغكراوە.
تا یۆنی 2022 زیاتر لە نیوملیۆن گەشەپێدەر بەشداریان كرد لە گەشەپێدان و پێشخستن و كەمكردنەوەی كەموكوڕییەكانی سستەمەكە.
بە گشتی هارمۆنی ئۆ ئێس دیاری داهاتووی هەواوییە بۆ چینییەكان و هاوپەیمانەكانی ئامادەیە بۆ كاتی دابڕانی یەكجاری بەرەی چین و ئەمەریكا لە یەكتر و بەشكردنی ئەنتەرنێت و زنجیرەكانی بەرهەمهێنان.
جەنگەكە سەرەتایەو ئەمەریكا چۆن لە هەشتاكان بەرامبەر یابان گرتییە بەر بۆ رێگاگرتن لێی لە گەشەكردن لە بەرهەم هێنانی چیپ, ئێستا بەرامبەر بە چین ئەنجامی دەدات, لە كۆتادا ئەمەریكا هەموو كارتەكانی بەردەستی بەكاردەهێنی بۆ ئەوەی چین پێشی نەكەوێت جگە لە كارتی سەربازی ئەوەیان بڤەیە, وەلێ چینییەكان پشوو درێژو هێمن و زیرەكن.
كۆتایی قۆناغی پوكانەوە
بە پێی دەزگای راگەیاندنی بلمبۆرگ فرۆشتنی هەواوی لە چارەكی چوارەمی 2022 بە ڕێژەی 7,2% زیادیكردووە, گەیشتۆتە 27,4 ملیار دۆلار , بەهۆی كەرتی ئۆتۆمۆبیلی زیرەك و ...... .
كۆمپانیای هەواوی پێشبینی دەكات ساڵی 2022 داهاتی لەچاو ساڵی 2021 بە ڕێژەی 0,4% زیاد بكات بگاتە 91,53 ملیار دۆلار, واتا دابڕان لە قۆناغی پوكانەوە دەستی پێكردووە.
هەرچەندە تا ئێستا داهاتی هەواوی كەمترە لە ساڵی 2022 گەیشتە 122 ملیار دۆلار, بەلام نیشانەی كۆتایی قۆناغی پوكانەوەیە بۆ كۆمپانیاكە, سەرباری ئەوەی دەستی دەگاتە بەرهەمی ئەو كارانەی لە3 ساڵی رابردوو كاری لەسەریان كردووە لە پڕۆژەو داهێنان.
لە خەندەوە بۆ قاقای پێكەنین
بە پێی رۆژنامەی تێلیگرافی بەریتانی بێت هەواوی داهێنانێكی دانسقەی لە بواری ئامێری بەرهەم هێنانی چیپ دا كردووە, گوایە هەواوی داهێنانی پێشكەش كردووەو داوای پاتیچنتی لە چین بۆی كردووە, بۆیە تەلەگراف دەڵێت ئەگەری ئەوە هەیە ئەم كۆمپانیایە چیپی بچوكترو بەهێزتر بەرهەم بهێنێت لە داهاتوودا, لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2022 ئەم داهێنانەی ئەنجامداوە, لە دیسەمبەی ساڵی رابردوو ئاشكرای كردووە.
گەیشتنی هەواوی بە تەكنەلۆجیای "EUV" كە تەنها كۆمپانیای "ASML" ی هۆڵەندی بەرهەمی دەهێنێت" ASML كۆمپانیایەكی هۆڵەندی فرەنەتەوەییە لە ساڵی 1984 دامەزراوە, بەهای بازاڕی 215 ملیار دۆلارە. نە مانگاكان و نە كێڵگەی گوڵەكان گەوهەری تاجی هۆڵەندا نین, بەڵكە كۆمپانیای "ASML" گەوهەرەكەیە, وەك وەزیری بازرگانی دەرەوەی هۆڵەندا لیسجی شرینماخر رایگەیاند.".
لە ئێستاوە ئەو داهێنانە گەورەیەی هەواوی وڵاتانی رۆژئاوای راچەڵەكاندووە, چونكە چیپ پاژنەی ئەخیلی چینییەكان بوو"چین گەورەترین بازاڕی چیپی جیهانە, 53,7%ی بەرهەمی چیپی جیهان لە بازاڕی چین ساغ دەبێتەوە. ساڵی 2020 لە كۆی بایی 446,1% ملیار دۆلار چیپی بەرهەم هاتوو لە جیهاندا, بایی 239,4 ملیار دۆلار كە چین كڕیویەتی , لەو قەبارەیە چین بایی 199,7 ملیار دۆلار چیپی لە دەرەوە كڕیوە, هەرچەندە ئەو بڕە بۆ ساڵەكانی دواتر وەك رێژە كەمبۆتەوە نەك وەك نرخ".
جەنگە جیهانییەكە لە 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو بایدن لە بەرەی چیپەوە رایگەیاند, هاوپەیمانی ئەتڵەسی چیپ, بە هاوپەیمانی چوار قۆڵی ناسێنراوە" ئەمەریكا, تایوان, كۆریای باشوور, ژاپۆن" هەوڵی دامەزراندنی درا.
ئەمەریكا فرۆشتنی ئامێری تەكنەلۆجیای "EUV" بە چینییەكان لە سەردەمی ترامپەوە وەك مۆدێلە نوێكان, وە ئێستا لە سەردەمی بایدن بە گشتی قەدەغە كردبوو, كۆمپانیای "ASML" یش تاكە كۆمپانیایە لە جیهاندا ئەو ئامێرە بەرهەم دەهێنێت, قەبارەی هەر ئامێرێكی بە ئەندازەی پاسێكەو هەر كارگایەكی بەرهەم هێنانی چیپ پێویستی بە 9 بۆ 18 ئامێرە, نرخەكانی هەر یەكەی لە 300 ملیۆن دۆلارەوە بۆ بان دەست پێدەكات.
هەواڵی داهێنانەكەی هەواوی دڵە راوكێ لە لای بەرپرسەكانی رۆژئاوا دروست دەكات"
لە كۆتاییدا هەواڵی گەیشتنی قازە رەشەكە گەیشت و لە ئەگەر لە تاقیكردنەوەكە دەربچێت ئەوا هەواوی پێدەكەنێت, لە گەڵ خۆیدا هەموو چینییەكان و بەرەكەی دێنێتە پێكەنین.
دوكەڵی ئەم داهێنانەی هەواوی لە داهێنانەكانی لە 5 جی زیاترە, هێشتا ئاگرەكەیان نەبینییوە كاری لەسەر نرخی پشكی كۆمپانیاكانی ئامێری بەرهەم هێنانی چیپ دانا و لە بازاڕەكانی پشك سوریانی هەڵگەڕاند بەتایبەت "ASML".
كۆمپانیای "ASML" ی هۆڵەندی رەتی دەكاتەوە لە رێگای سیخوڕییەوە هەواوی گەیشتبێتە ئەو داهێنانە.
بە پێی رۆژنامەی گاردیان, داهێنانەكەی هەواوی چین لە ئابلوقەی رۆژئاوا رزگار دەكات, رێگا بۆ گەشە دان بە توانا سەربازییەكان چین دەكاتەوە. چاودێران پێیان وایە, چاوەڕوانی هەواڵی وا لە چینەوە دەكرا, رۆژێك ببیسترێت.
هەرچەندە شارەزایانی بوارەكە پێیان وایە ئامێری EUV زۆر ئاڵۆزترە لە وەرگرتنی بڕوانامەی داهێنان, ئاڵۆزترین ئامێرە لە جیهان, كۆمپانیای ASML چەندین هاوبەشی لە ئەڵمانیاو ئەمەریكا هەیە بۆ بەرهەم هێنانی
راپۆرتەكان ئەوە دەردەخەن لە 3 ساڵی رابردوودا هەواوی بە دوای پشكنین و گەشەپێدانەوە بووە, بە دوای ئەلتەرناتیفی چارەسەری ئەمەریكاوە بووە, تا گەیشتە داهێنان لە بواری EUV, بەمەش دەربازی دەبێت لە ئابلوقەو شەڕی ئەمەریكاو رۆئاوا, نەك چین جیهانیش لەو پاشكۆیەتییە رزگار دەكات, هەرچەندە ئامێرەكە لە زیاتر 10000 پارچە پێك هاتووە, دروستكردنی سانا نییە و كات و ئیمكاناتی دەوێت.
ئەگەر هەواوی سەركەوتوو بێت ئەوا دەتوانێت چیپی كەمتر لە 10 نانۆمیتەر دروست بكات" بەرهەمی ساڵی 2016ەیە", وە هەواوی لە بواری دیزاین و ئامێرو مەواد و ئامادەكردن سەرمایەگوزاری زۆری كردووە, بە پێی راپۆرتی بانكی بیرنبرگ لە زیاتر لە 40 كۆمپانیا سەرمایەگوزاری كردووە, ئامادەیە لە ماوەی نزیكی داهاتوو چیپی 12 و 14 نانۆمێتری بەرهەم بهێنی
هەروەها هەواڵ هەیە هەواوی لە گەڵ كۆمپانیای زەبلاحی سمیك كارگایەك پێكەوە دانێن
بەمەش دەردەكەوێت هەواوی سێ ساڵە لە سێ لاوە هەنگاوی ناوە بۆ بەرەو رووبونەوەی ئابلوقەكان سەری:
1- كاری كردووە لەسەر داهێنانی ئامێری بەرهەم هێنانی چیپ و دیزاینی نوێ .
2- وەبەرهێنانی كردووە لە كۆمپانیاكانی بوارەكە لە هەموو بەش و پرۆسەكانی بەرهەم هێنانی چیپدا.
3- كاریكردووە بۆ دامەزراندنی كۆمپانیای نوێی بەرهەم هێنانی چیپ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست