بازرگانی بە هێرشەکانی داعشەوە
Wednesday, 11/01/2023, 14:55
ئەگەرچی هێرشەکانی داعشی تیرۆریست بۆخەڵکی گوندنشینەکانی دەوروبەری کەرکوک ماڵ وێرانی بوو، چونکە هەم زیانێکی ماددی زۆرو هەم زیانی گیانی زۆر بەر خەڵکی سڤیل کەوت. بەڵام بۆ هەردوک بنەماڵەی دەسەڵاتدار بزنزێکی زۆر باشبوو، یەکێتی و پارتی ژێربەژێر لەگەڵ داعش ڕێککەوتبوون و بەپیلانێکی سیاسی قێزەون و ''بەمەبەست'' بۆشاییەکی ئەمنیان لەم ناوچانە دروستکرد بۆئەوەی داعش هێرش بێنێت، لەئەنجامیشدا چەند سەد کەسێکی سڤیلی کورد دەربەدەربوون و چەند گوندێکیان بەتەواوی سەروەت و ماڵو بەرژەوەندییەکانیانەوە چۆڵکردو کەلەلایەن داعشەوە هەموو ماڵەکان سوتێندران، دەیان مرۆڤی سڤیلیش کوژران، کەجەرگبڕترینیان ئەوەبوو سێ برا بەیەکەوە لەیەک ماڵدا کوژران کەیەکێکیان مناڵێکی نۆ ساڵ بوو. ئەم کەسانەی کوژران لەڕاستیدا لەسەر خاکو نەتەوە نەبوو، چونکە ئەم دەسەڵاتە وایکردووە کەس ئینتیمای نیشتیمانی نەمێنێت، بەڵام ئەم خەڵکانەی زیاتر لەسەدەیەک دەبێت لەم ناوچانە نیشتەجێن لەباوو باپیرانیانەوە ئەم زەویانەیان بۆماوەتەوە، هەروەها بژێوی ژیانی خۆیانو خێزانو مناڵەکانیان لەم ناوچانە دەستدەکەوێتو لەکۆنەوە خۆیان خاوەنی زەویەکانی ئەم ناوچانەن. بەڵام بەداخەوە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیەوە بەپیلانێکی هاوبەشی یەکێتی و پارتی و داعش ناچارکران ناوچەکانیان جێبهێڵن.
ئەوەی کەبرینی خستە سەر دڵی هەموو کوردێک بەداخەوە ئەوەبوو، کە بینیمان خەڵکی دەربەدەرو خاوەن شەهیدەکان بۆکەناڵەکانی ڕاگەیاندن کۆمەڵێک نهێنی زۆر ئازاربەخشو مەترسیداریان درکاند، کەئەوەبوو، ئەوان بەوازحی وتیان کاتێک داعش هێرشی کردە سەرمان چەند نوقتەیەکی سەربازی چەکدارە میلیشیاکانی پێشمەرگەی سەر بەیەکێتی و پارتی لەنزیکمان بوون و هاواری هاوکاریمان بۆیان کرد، بەڵام ئەوەی ئێمەی توشی شۆک کرد ئەوەبوو پێشمەرگەکان وتیان پێمە لەسەروی خۆمان ئەمرمان پێکراوە کەتەقە نەکەین، نەلەداعش و نەلەسوپای عێڕاق و نە لەحەشدی شەعبی، ئەمە لەکاتێکدایە چەکدارەکانی پێشمەرگە زۆر نزیک بوون، ئەگەر داعش مۆڵەتی لەئەوان وەرنەگرتبایەو تەنسیقیان نەبووایە هەرگیز داعش ناتوانێت بێت هێندە لەنزیکی پێشمەرگە هێرش بکاتە سەر گوندەکەمان و بۆماوەی ٦ سەعات شەڕە تەقەبوو لەنێوان دانیشتوانی گوندەکەو داعشە تیرۆریستەکان. هەروەها وەک خەڵکی گوندەکان وتیان ئەگەر تەنانەت پێشمەرگە بەس پێنج دەقە تەقەی هەوایی بەئاسماندا بکردبایە بەتەئکید داعشەکان پاشەکشەیان دەکردو ئەوکات ئەم هەموو خەڵکە سڤیلەمان لێنەدەکوژران. ئەوان تەنانەت وتیان دوای ئەوەی پێشمەرگە بەهاوارمانەوە نەهاتن، چەند کەسێکی گوندەکەمان مەیدانیەن چون بۆلایان و پێیانڕاگەیاندن، کەئەگەر ئێوە بەفریامان نەکەون ئەوا داعش تەنانەت ژن و مناڵەکانمانیش قەتڵوعام دەکات، بەڵام وەڵامی ئەوان هەرئەوەبوو، کەئەوان ئەمری تەقەیان پێنییەو بەفەرمانێکی سەربازی ناتوانن تەقە لەداعش بکەن.
ئەمە ئەم کارەساتەیە کە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی حوکمڕانی کوردستان، بازرگانی بەخوێنی ژن و مناڵی کوردەوە دەکەن، هیچ بۆیان گرنگ نییە سەدان کەس دەربەدەر دەبن و دەیان کەسیان لێدەکوژرێت، بەس ئەوە بۆئەوان گرنگە سەدان ملیۆن دۆلارو سەدان ئۆتۆمبێلی تایبەتی سەربازی و چەکی قورسی پێوەردەگرن لەئەمریکاو وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆشەڕ لەدژی داعش.
ستراتیجی یەکێتی و پارتی مانەوەیانە لەدەسەڵات بۆئەبەد، بۆیە دەیان تەکتیکو پیلانی مەترسیدار بەکاردێنن لەپێناوی ئەمەدا. بۆیە یەکێک لەپیلانەکانیان ئەوەیە کە نیشانی دونیای بدەن کە بەردەوام کوردستان لەژێر هەڕەشەو هێرشی دوژمندایە، تەبعەن دوژمنێکیش نادۆزنەوە لەداعش قێزەونتر بێت، کەهەموو دونیا دوژمنی داعشە، بۆیە ئەوان بەزۆریش بێت ئەم دوژمنەی هەموو دونیا دەکەن بەدوژمنی خۆیان بۆئەوەی هەموو دونیا پشتیوان و هاوکاری ئەوان بێت. هاوکاری و پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکانیش بریتین، لە هاوکاری سیاسیی، دیبلۆماسیی، سەربازیی، ئابوری و زۆریتریش. هەربۆیە کاتێک بەقوربانی کردنی گیانی دەیان هاوڵاتی و وێران بوونی چەندین گوندو دەربەدەربوونی سەدان کوردی سڤیل، دەسەڵاتی خێڵەکی کوردی ئەم هەموو دەستکەوت و پشتیوانیە بەدەست دێنێت کەباسمکرد. ئیتر هیچیش بۆی گرنگ نییە زیانە ماددی و گیانییەکانی ئەم گوندانە چین و چەندن. ئاخر ئا ئەمەیە کە لەسیاسەتدا دوو شت غایبن، یەکێک ویژدان و ئەویتر ئەخلاقە.
لایەنێکیتری ئەم جۆرە بابەتانە ئەوەیە، کە دەسەڵات وانیشانی خەڵکی عەوام دەدات، کە بەرژەوەندییە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان لەژێر هەڕەشەی دوژمندان، بەمەش کاتێک دەنگی گلەیی و ڕەخنە ناوخۆییەکان سەبارەت بەگەندەڵی و نەبوونی ئازادی و حوکمی دیکتاتۆرانەی ئەم دوو بنەماڵەیە بەرز دەبێتەوە ئەوا بەزەقکردنەوەی بابەتێکی لەم شێوەیە خەڵکی پێبێدەنگ دەکەن. تەبعەن بۆئەم ئامانجەش لەداعش گونجاوتر نییە. هەروەها پێشتر لەدەمی چەندین سەرکردەی بەدیلگیراوی داعشەوە بیستراوە کە ئیعتیڕافیان لەسەر ئەوە کردووە کە یەکێتی و پارتی ڕێککەوتنی ژێربەژێری سیاسیی و بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیەو تەنانەت داعش نەوتی بە سیروان بارزانی فرۆشتووە کە برای سەرۆکی هەرێمی کوردستانەو بەحیساب فەرماندەی گرنگترین میحوەری شەڕی دژی داعشە. ئەمەش ئاشکرابووە کە هەر لەناو بنەماڵەی بارزانی فەرماندەیەکیتر کە مەنسوڕ بارزانی بوو فەرماندەی لەشکری گوڵانە بەسەدان لۆری گەورە خۆراکو هەموو پێداویستییەکانی ژیانی بۆداعش ڕەوانە کردووە. هەروەها یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەڕێگەی مەحمود سەنگاوی و بافڵ تاڵەبانیەوە چەکی قورسییان بەداعش فرۆشتووە، زۆربەی ئەم چەکانەش ئەمانە بوون کە ئەمریکاو وڵاتانی هاوپەیمانی داویانە بەکورد بۆشەڕی دژی داعش، کەچی ئەوان لەپێناو پارەدا نەک ئەوەی چەکەکان لەدژی داعش بەکار بێنن، بەڵکو ڕێک ئەم چەکانەیان ڕادەستی داعش کردو داعشیش ڕێک بەم چەکانە پێشمەرگەو سەربازە ئەمریکی و ئەوروپیەکانیان دەکوشت. تەنانەت دەرکەوتووە کە چەکی جۆری میلان یەکێک لەم چەکانە بووە کە یەکێتی داویەتی بەداعش، کەئەم چەکە، چەکێکی زۆر پێشکەوتوو و کاریگەرە، کە لەتوانایدایە تانکی جۆری ئەبرامز تێکبشکێنێت.
بۆیە من پێموایە خودی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکڕاتی کوردستان خۆیان فەرمانییان بەداعش کردووە بۆئەنجامدانی ئەم هێرشانە بۆسەر گوندنشینە کوردەکان، لەڕوکەشیشدا بەهەموو شێوەیەک مەترسی ئەم هێڕشانە بەخەڵکی دەفرۆشنەوە کە گوایە گەورەترین مەترسی لەسەر کوردستان و قەوارەکەی ئیدارەی هەرێم هەیە.
بینیمان زۆربەی بەرپرسە کوردەکان سەبارەت بەم هێرشە لاوەکییانەی داعش، کە دەتواندرا زۆر بەئاسانی ڕێیان لێبگیرێت و بەربەستێکی توندوتۆڵی بۆدابنێن، کەچی ئەوان دەیانگوت هێرشەکان زۆر مەترسیدارو گەورەن و پێشمەرگە بەم چەکانەی ئێستا توانای ڕوبەڕووبونەوەی داعشی نییە، چونکە داعش چەکی پێشکەوتوتری پێیە. بۆ نمونە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان وتی: داعش بۆتە هەڕەشەیەكی راستەقینە بۆ سەر کوردستان و عێڕاق، لێرەشەوە هەڕەشەیەکی جددییە بۆسەر جیهان.
قوباد تاڵەبانیش جێگری سەرۆکی حکومەت وتی: زۆربونی ھێرشەکان سەلمێنەری ئەوەیە کە هێشتا داعش زیندووەو بەگەورەیی خۆی ڕێکخستۆتەوە.
تەبعەن لێرەدا منیش دەڵێم خۆزگە جیهان گوێی لێم دەبوو هەتاکو بەدەنگێکی بەرز بەتەواوی وڵاتانی جیهان بڵێم داعشی ڕاستەقینە ئەوەیە کە لەسەر کورسی دەسەڵاتە لە پایتەختی کوردستان و لەپایتەختی عێڕاق/بەغداد. ئاخر دەسەڵاتدارانی هەردوک حکومەتی عێڕاق و کوردستانن کە داعش دەجوڵێنن و بەئارەزووی خۆیان قوڕمیشی دەکەن. ئاخر شلکردنی جڵەوی داعش و توندکردنەوەی بەدەستی یەکێتی و پارتی و تەواوی هێزە میلیشیا شیعیەکانە. بۆیە بەدیوێکیتردا دەتوانم بڵێم، تەواوی سوننەی عێڕاق داعشی شاراوەو کردارییە، وە تەواوی دەسەڵاتی شیعەی عێڕاق و بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی داعشی شاراوەن و خاوەنی کۆنتڕۆڵی داعشن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست