بێماناییە لەناو دەسەڵاتدا بەدوای چارەسەردا بگەڕێین
Saturday, 07/01/2023, 23:20
بەشوێن ڕێگە چارەیەک بۆ کێشە زۆرو زەوەندو ئاڵۆزەکانی کۆمەڵگاکەماندا بگەڕێن لەلای دەسەڵاتداران ئەوە تەنها خۆفریودانە ، چونکە ئەوان واتە دەسەڵاتداران چەند چەمکێکیان لەووشەی وەک "ئاسایشی نەتەوەیی " "بەرگری نەتەوەیی " "بەرژەوەندی نەتەوەیی" یان کردۆتە بنێشتە خۆشەی سەرزاریان و لەکوێدا مرۆڤێک کۆمەڵێک دەنگی بەرزکاتەوە ئەوان ئەم ووشە سواو وبێبەرهەمانە دەڵێنەوە بەڕوویاندا و دەڵێن ئاسایشی نەتەوەیی .لەکاتێکدا هەرشتێک بە نەتەوەیی دابنرێت موڵکی هەمووخەڵکیە ، لەحاڵەتێکدا کە ئەمە جگەلەدرۆیەکی شاخدار هیچی تر نییە . ووشەی نەتەوەیش لەڕاستیدا ڕووپۆشێکە کە لەژێر سێبەری ئەودا بەرژەوەندی چینی باڵادەست پارێزراوبێت ودرێژە بەو پاشاگەردانییە بدەن کە ٣١ساڵە بۆیان چۆتە سەر . لەم هەفتەیەدا چوار ڕووداو بۆبەرژەوەندی نەتەوەیی کورد دەهێنمە سەر زمان کە ڕووڕەشیەکی سادەیە بۆ دەسەڵاتداران و هەندێک مرۆڤی لەرزۆکی تڕۆ کە نیشتمانیان کردۆتە بەردەباز بۆ حەزە بەدەکانیان و مەرایی کردن بۆ داگیرکەران .
لەهوانەی سلێمانی کچێکی کەم تەمەن سوکایەتی پێکرا و دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی هیچی نەکرد وەک هەموو کەیسەکانی تر تەنها ئیسلامی سیاسی فوداو مێدیاکان هەندێک هەرزەی تۆقیوی مزگەوتەکانیان هێناو ڕشانەوەیان پەخشدەکردەوە تا خوا بکەنە دڕەندەو ئاین بکەنە دادگا . دوێنێ لە کانی سپکە کچێکی ١٥ساڵ خۆی کوشت یان کوژرا لەبەر هەژاری ، ئەمڕۆش لەهەولێر باوکێکی نابووت کچە ١٥ساڵەکەی بۆ بەرژەوەندی نەتەوەی کوشت و لەگەڕەکی موفتی لەهەولێر بەپانکە وە هەڵی واسی
لەیەکێک لە بۆردێلەکانی هەولێریش منداڵێکی دزداشە لەبەر کەدوایی ووتیان چایچیە لای قەڵا دیناری چاپی بەسەر سۆزانیەکدا هەڵدەدا بۆ بەرژەوەندی نەتەوەی و گەلی ئێمەش کلیپەکەیان کردە تشریبی ناو تۆڕەمێدیا ئاڵۆزەکەی ناومان .
لەهەمووی قێزەوەتر یادی تیرۆریستی ئەنتەرناسیونالی حاجی بوو لەهەردووشاری هەولێرو سلێمانی هەر بۆ خاتری نەتەوەکەمان ئەم یادە پڕ لەهیچ و پوچیە بەڕێوە چوو ، تابڵێن خەڵکی هەولێرو سلێمانی لەپرسەدان بۆ تیرۆریستێکی لەدەستچوو . ئەوەیە کاری نەتەوەی و بەرژەوەندی نەتەوە ی هوشیار کەدەیەوێت نیشتمان ببات بۆ کەنارەکانی ئارامی .
هەواڵە خۆشەکە لێرەدایە..!
دوو ڤیدیۆم دی کە لەشەقام و چایخانەکانی هەولێر پرسیار لەخەڵک دەکەن . ناوی خولەفاکانی ڕاشیدەین چین و کێن ! ؟
خۆشبەختانە کەس نایزانێت و یەکێک دەڵێ معەمەد نییە ؟ ئەمە پێکەنیی ناوێت ، بەڵکو گریانی دەوێت ، کە گەلی ئێمە هزریان داغانکراوە بە پڕووپوچی ژیان و کەس مەیلی ئەوەی نییە بەر لەجێهێشتنی دنیا تۆزێک زانیاری لەسەر ژیان و مێژوو بزانێت .
دووهەمینیان ئەوزۆری خەڵکەی کەدەچن گوێ لەمالاکان لەووتاری هەینیدا دەگرن و چەند دەمژمێرێک دەکوژن و دوایش بیریان چۆتەوە مەلای چی ووتوە ، کاتێک لێیان دەپرسن، نوێژ دەکەیت ، چویتە مزگەوت و گوێتگرت لەمامۆستا کە ووتاری هەینی دا ؟
هەموو دەڵێن شوکربۆ خوا نوێژ دەکەن و گوێشیان لەمامۆستاگرتوە .
ئەی مەمۆستا ئەم هەینییە باسی چیکرد ؟
هەموون دەڵێن بیریان چۆتەوە ، نایەتەوە بیریان .
ئەمە پێمان دەڵێت هێشتا هیوایەک ماوە کە ئیسلامی سیاسی ناتوانێت داگیرمان بکات و هەرێم بکەنە کابولی سەردەم .
بەدیوێکی تریشدا سەیری بکەین مەلایانی مزگەوت ، جگەلەچیرۆکی ترس و ئاگرو جەهەندەم و تۆقاندن لەمردن و چیرۆکی سوکایەتی کردن بەژن و کچی کوردو مێژووخاک و نەتەوەکەمان هیچی تریان لانییە و نەبووە ، ئەوان بیانەوێ یان نا بەرگری لەستەم دەکەن. بەبەرچاوی زەقیانەوە لەکۆڵان و شەقامەکاندا نەهامەتی خەڵک دەبینن ، بەڵام چونکە دەسەڵات ڕێگەی پێداون باسی ئەو شتانە ناکەن بەڵکو باسی ئەفسانەی ١٤٠٠ساڵ دێنە سەر زمان ،مەلاکان بەم قسە پوچانەیان پشگیری دەسەڵات دەکەن و بەخەڵکی دەڵێن ،نزابکەن تا خەونە زەوتکراوەکانتان بۆبێتەدی . بۆیە کە خەڵکی لە مزگەوتەکانەوە دێتە دەرێ هیچ فێرنەبوون و نازانن مەلا چی ووتوە ، وەک قوتابی تەمەڵ دیژلەمەهەڵدەقوڕێنن و ژیان بەرێ دەکەن لەچایخانە چڵکنەکان و سەرشەقامەکان . من لەخانمێکی کوردم پرسی کەزیاتر لە٢٠ساڵ سەیری درامای تورکی و عەرەبی کردبوو ئێستاش دەیکات .
ووتم چی فێربووی لەو هەموو کاتەی لەتێڕوانینی درامای تورکی و عەرەبیدا کوشتووتە ؟
بڵێم چی،ڕاستی تەنها کاتم کوشتوە ، ئەی ئەگەر ئەوەش نەکەم چی بکەم ؟ ڕاسگۆبم ئێستا گومانم لەخۆشمە چونکە ئەوان هەمووژیانیان دووڕووییە لەخێزاندا دراماکان فێری ئەوەیان کردووم .
نەم توانی گفتوگۆکەم درێژە پێبدەم هەستم کرد چەنێک داماوە تاکی گەلەکەم ، کە درامای تورکی و عەرەبی و مەلاکانی مزگەوت ڕێنیشاندەریان بن . بۆیە ژن کوشتن و تاوان لەلای ئێمە بۆتە کایەی ڕۆژانە و ناتوانین و نامانەوێت سوود لەو توانایە وەرگرین کە تەنها بەمرۆڤ بەخشراوە ... ئەو هەواڵانەی بەردەوام و بێ فیلتەر لەناو ماڵ و منداڵ و کەناڵەزۆڵەکاندا پەخشدەکرێت . گەلێکی لەرزۆکی وای دروستکردوە ، یان خەوی ئەوەیە هەڵبێت ، یان ئەوەی موچەکەی کە کاری نەکردوەو وەری گرێت لەکاتی خۆیدا بگاتە دەستی و ماستی تورکی پێبکڕێت ، ئیتر یادی تیرۆریست و هەواڵی سوتان و خنکان و مردن وسوکایەتی بەمێینە ، کەی کاری ئەوە...!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست