ژن ژیان ئازادی
Tuesday, 03/01/2023, 23:48
لەبارەی ڕوداوەکەی هوانەوە ڕۆژانە لەسەر زاری خوێندەوارو نەخوێندەوار، گەنجو پیر، بەر دەیان وشەی زبرو بریندارکەر دەکەوین. یەکێک لەژێر تایتڵی پارێزگاری لەدابونەریتی کوردەواری نمایشی خۆی پێشکەشدەکات، یەکێکی دی بەکۆڵێک بڕوانامەی زانستییەوە دەبێتە جادوگەرێکی ڕاسپۆتینیو دۆزەرەوەی بۆمبی ناو جانتای کچانی زانکۆ، یەکێکی دی بەڕیشێکی درێژو ناوچەوانێکی گرژەوە تەنها لەبەرئەوەی کچەکانمان لهچک ناکەنو مرۆڤی ئازادن، چی ژەهری کۆنەپەرستیو ئایدیۆلۆژیای تاریک هەیە لەڕێی تیڤییە بێ مۆڕاڵو میدیا ناشیرینەکانەوە بەزمانی خوێنو شمشێر دەیگوازنەوە بۆ سەر سفرەی ماڵەکانمان.
خۆی بەعەلمانی دەزانێتو ئیعلانی حەرب لەگەڵ ئازادی ئینسانو مەدەنییەتدا دەکات، بانگخوازو ئیسلامییەو خۆی بەپارێزەری دابونەریتی کۆمەڵگە دەزانێت، بەڵام بەزمانێکی شڕی بێ مۆڕاڵ چی نەریتو عورفی ئینسانی، ژیانو ئازادیو کەرامەتی مرۆڤ هەیە دەیخاتە بەردەم پەلاماری ئاستێکی نزمو شەقو شڕی زمانەوە.
دەسەڵات شەق دەوەشێنێ، شەق لەمامۆستا، لەخۆپێشاندەری مەدەنی، لەخوێندکاری زانکۆ! گەنجیش وەک گورگی برسی هەموو هێزی خۆییو بونی چەپێنراوی لەکچێکی گەنجی شاردا بەتاڵدەکاتەوە. دەسەڵات ئەوی لەهەموو بونێکی مرۆڤێکی ئاسایی بەتاڵکردۆتەوە، ئەویش بەهەموو بەتاڵی خۆیەوە لەبری پیرۆزباییو جەژنانەی ساڵی نوێ، شەقو جوێنو سوکایەتی بەسەر جەستەی کچێکی گەنجدا دەبەخشێتەوە.
توندوتیژییو بێڕێزیی لەکۆمەڵگەی ئێمەدا هەموی لەدونیای دینەوە نەهاتوە، هەموی پەیوەندیی بەدونیای دینەوە نییە، لانیکەم ئەم بێڕێزییەی دوێنێی هوانە لەسلێمانی ڕەنگە هەموی پەیوەندیی بەئایدیۆلۆژیاو ڕیشەی دینییەوە نەبێت، بەبڕوای من بەشێکی گەورەی شەقوەشێنو شەقاوە سەرخاڵییەکانی دوێنێ، گەنجی مولتەزیمی دینیو کوڕانی ناو دونیای ئایدیۆلۆژیای دینی نین، بەڵکو نەوەی دەسەڵاتێکن، کە بەبەرچاویانەوە خودی دەسەڵاتو کوڕانی دەسەڵاتدارانی سیاسیو حزبی، نە تەنها شەق، بەڵکو لەڕێی فیشەکی دەمانچەو تفەنگەکانیانەوە ژیانیش لەمرۆڤ دەسێننەوە، هێزێکی قانونیش نییە ملکەچی سوڵحە عەشایەرییەکان نەبێتو سزای دادپەروەرانەو قانونیان بدات، ئیدی گۆڕەپانەکە ئاوەڵایەو سەرەنجام ڕوداوو دیمەنەکان بەمجۆرە بەردەوامدەبن:
دەسەڵات شەق لەمامۆستاو خوێندکاری زانکۆ دەدات، مامۆستای زانکۆو مەلای دینی سوکایەتی بەئازادیو کەرامەتی ئینسانەوە دەکەن، کوڕو کچی بەرپرسانی حزبی لەبری شەقو وشەی زبر، گولەی حزب لەجەستەو سەری گەنجانی گیرفان بەتاڵ، بەتاڵدەکەنەوە، ئیدی لێرەوە تێدەگەین بۆچی ماتۆڕسوارەکانی هوانەش هەرچی بێ مۆڕاڵیو هێزی چەپێنراوی خۆیان هەیە لەپەلاماردانی جەستەی کچێکی گەنجدا خاڵی دەکەنەوە.
بەشبەحاڵی خۆم گرفتەکە هەموی لەو دینو ئەو عەقڵیەتە کۆنزەرڤاتیڤەدا نابینم، کە بەهەموو هێزی تاریکی خۆیەوە پەلاماری ئازادی دەداتو خەریکە دەبێتە گوتارێکی ترسناکی پەلاماردەر لەکۆمەڵگەدا، بەڵکو دەبێ لەو مامەڵەیەشدا بۆی بگەڕێین، کە خەڵکانێکی زۆر درۆزنانە لەژێر ناوی عەلمانییەت، مەدەنییەت، دیموکراسیو مافی مرۆڤەوە، لەئاستی کۆمەڵایەتیو زانستی جیاوازدا، تەغزیەی زیندوهێشتنەوەی میتۆدی سوکایەتیو شەق، درێژکردنەوەی ڕۆحو تەمەنی کۆنەپەرستی لەکۆمەڵگەدا پێدەکەن.
ئەو دەسەڵاتەی شەقدەوەشێنێت دەبێ بزانێت، دەمێکە شەرەفی سیاسی تکاوە، ئەو پیاوە دینییەی بەناوی دینو خوداوە سوکایەتی بەتوێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان دەکات، دەبێ بزانێت کێشی وەک چڵەپوشێک وایە، ئەو مامۆستایەی زانکۆ، کە دەبێ بەجادوگەرو سەری پڕ لەجادوی دەخاتە ناو جانتای کچانەوە، دەبێ بزانێت خەریکی هەموو شتێکە، جگە لەزانست، مەعریفەی زانستیو پەروەردەیی، ئەو ڕەوە گەنجە ماتۆڕسوارانەی دوێنێش، کە جەستەی کچێکی گەنجیان کردە تاقیگەی مەشقی بەتاڵی زمانی سوکایەتیو شەقەکانیان، کوڕی ئەو دەسەڵاتو بانگخوازە پەلاماردەرو مامۆستایەی زانکۆن، کە لەبری زانست، خەریکی خورافەی شەرەفو سوکایەتی بەئازادیو مرۆڤبونی خوێندکارەکانیەتی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست