کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


مەسعود بارزانی خەونی مەرجەعیەت و ئەبەدییەت

Tuesday, 03/01/2023, 23:43


مەسعود بەرزانی لە دوا کۆنگرەی حیزبەکەیدا لە شاری دهۆک گوتی : هەموو مرۆڤێک لە هەر پلەو پایەیەکدا بێت نەتیجە رۆژێک دێت هەر بەجێتان دێڵێت ، منیش مرۆڤێکم وەکو ئەوان بمانەوێت نەمانەوێت بتانەوێت نەتانەوێت رۆژێک کە خودا ئیرادەی تەواو بوو من بەجێتان دێڵم  .


 ئەم قسانەی مەسعود بارزانی گەیاندنی پەیامی خراپی دۆخی تەندروستی خۆی بوو بە ئەندامانی کۆنگرەی حیزبەکەی بەڵام وردەکاری نەخۆشییەکەی باس نەکرد و تائێستا هیچ کەسێک لە ناو پارتیدا ئاگاداری ووردەکاری نەخۆشیەکەی بارزانی نییە و نایەوێت کەس بە نەخۆشیەکەی بزانیت و ناشیەوێت کەس پوک و ددانە هەڵوەریوەکانی ببینێت ،  پارتیەکانیش هوشیاری کردنەوەی کۆدەکانی وەسیتەکەی بارزانیان نەبوو لە کۆنگرەدا، لەکاتیکدا رۆژ لە دوای رۆژ مەسعود بارزانی ڕوخساری زیاتر تێکدەچێت .
جارێ مەسعود بارزانی لە ژیاندایە و هاوسەنگی نێوان (مەسرورو مەلا مستەفا و نێچیرڤان) ـی ڕاگرتووە و هەرچەندە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان نەوەکانی خۆی و بنەماڵەکەیدا دەکات ، هیچکات ( مەسرور و نێچیرڤان وەیان مەلا مستەفا و مەسرور لە چاوی مەسعود بارزانیدا یەکسان نین) و گومانی تیدا نییە دوای مردنی مەسعود بارزانی هاوسەنگیەکە بە تەواوی دەگۆڕێت ، با چاوەرێ بین تا ھەموو ئەگەرەکان دەبن بە ڕووداو و ئەنجامەکانمان بۆ ڕوون دەبنەوە ،بەدرێژایی مێژوو  یەکێک لە کێشە گەورەکانی بنەماڵەی بارزانی ململانێی توندو بەریەککەوتن بووە لە سەر جێنشینی و گرتنە دەستی دەسەڵات لە ناو هۆزی بارزان و پارتیشدا ڕوویداوە،  یەکەم کەسایەتی ناو هۆزی بارزان لە ساڵی 1927  مەلا عەبدول ڕەحمان  لەبەر ئەوەی مونافەسەی  شێخ ئەحمەدی بارزانی كردووە ، كوشتویانە ، مامخان شێروانی لە کتێبی بارزان و ڕەچەڵەکی بارزانیان کە
 لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی و مێژووی لەسەر بارزانێکان نوسیویەتی و دەڵێت :  مەلا مستەفا  (ملا جوجی ) كوشتووە كەخاڵی خۆی بووە چونكە ترساوە  ئەوجێگەی بگرێتەوە ، كێشەی زۆریان لەگەڵ  خورشیدیەكان هەبووە كە بەشێكن لە بنەماڵەی بارزانی .
هەقە ئەم کتێبە لەبێدەنگی و تاریکیدا نەمێنێتەوە و هەموو کوردێک بیخوێنێتەوە، کتێبەکە زۆر بە ئاگاییەوە نوسراوەو هێندە چیرۆکی ترسناکی تێدایە مرۆڤ لەبەردەم کۆمەڵی پرسیاردا ڕادەگرێت ، مامخان شێروانی لە کتێبەکەیدا بەوردی باسی ململانێ و بەریەککەوتنەکانی نێوان (مەلا مستەفا و شێخ ئەحمەدی بارزان ) دەکات ، دواتر باس لە حیزبی هیوا وردە بۆرجوازییەکان دەکات کە چ ڕۆڵێکیان هەبووە لە گەورەکردنی مەلا مستەفادا و چەند نامەیەکی مەلا مستەفاشی بڵاو کردووەتەوە . 
مەسعود بارزانی بە درێژایی تەمەنی خۆی هێندەی پیاوی خولقاندنی کێشەو تۆخکردنەوەی ناکۆکییەکان بووە هێندە نەیتوانیوە ببێتە چەترێک بۆ کۆکەرەوەی نێوماڵی کوردی و لەکۆڵنانی خەمەکانی نیشتیمان ،زیاتر عاشق بە پڕوپاگەندە و دروشمسازی بووە نەک کردار ، بەردەوام خەونی بە مەرجەعبوونی خۆیەوە بینیووە و عاشقی ئەبەدییەت بووە ،حەزی لە چەپڵەی بەردەوام و ستایشکردنە لە بڵندگۆکان و پارتیەکانیش دڵیان نەشکاندووە و بەردەوامن لەهاوار و دورشم و گۆرانی گوتن بە باڵایدا ، هەڵبەت پارتیش وەکو حیزب درێغی نەکردووە و مەکینەی ئیعلامی رۆڵی بینیوە لە گەورەکردنی بارزانیدا ، هەموو ئەم شتانەی کە بۆ مەسعود بارزانی چووەتە سەر هەبوونی کەسانی بەرژەوەندخوازو  ماستاوچی و هەلپەرست بووە  لە تەنیشتیدا . 
هەموو سەرۆکە فاشیستەکانی دونیا ئەم حەزو خەونەی مەسعود بارزانیان هەیە و تێکەڵی ئەو حەزەدەبن بۆمانەوەی ناوی خۆیان و درێژەپێدانی بنەماڵەکانیان لەنێو دەسەڵاتدا، لەباوکەوە بۆ کوڕ و لەکوڕەوە بۆ کوڕەزا و کچەزاو تەواوی بنەماڵە لەوانە : نیکۆلای چاوچیسکۆ لە رۆمانیا و کیم ئیل سونگ و دواتر کوڕەکەی کیم یونگ ئیل و لەدوای مردنی ئەویش کوڕەمنداڵکارەکەیان کیم یول یونگ و کاسترۆی کوبا و چەندینی تر ، هەڵەی مەسعود بارزانی ئەوەیە کە عیبرەتی لە مێژووی باوکی وەرنەگرت و بەدرێژایی تەمەنی خۆی هەمان هەڵەی دووبارە کردەوە لە کۆتایشدا قەڵەمێکی راستگۆ دێت و مێژوو وەکو خۆی دەنوسێتەوە و زیادەڕەوییەکان و هەموو ئەو قارەمانەتیەی دراوەتە پاڵ مەسعود بارزانی لادەبات و تابلۆیەکی واقعییانەو ڕاستگۆیانە دەخاتە بەردەم ڕای گشتی .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە