لە بەرامبەر جمهوری ئیسلامی دا متەقیان لێوە نەهات!
Wednesday, 28/12/2022, 21:04
ئەم حکومەتە سەرمایەدارەجیهانیانەی کە بەسەر چاوەی دێموکراسی و مافی مرۆڤ دەناسرێن قەت دەبەرابەر جمهوری ئیسلامی دا متەقیان لێوە نەهات!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئەم پیاوە چەکدارەی دەناو جل و بەرگی نیزامی دایە مەحەممەد سادق خەڵخاڵی یە کە وەک یەکەمین قازی خومەینی و بە ئیمزاو دەستوری خومەینی هەزاران ئینسانی بێ تاوانی لە سەراسەر ئێران دا تیرباران کردن.
مەحەممەد سادق سادق گیوی ناسراو بە (خەلخالی) سەرەتای مانگی دووهەمی هاوینی ١٣٠٥ی هەتاوی لە شاری ئەردەبیل چاوی بە دنیا هەڵێناوە و لە تەمەنی گەنجیەتی دا چۆتەناو حەوزەی عیلمییەی شیعەی قوم و بووە بە یەکێک لە ڕەوتی ڕوحانییەتی سیاسی شیعە و یەکێک لە باوڕپێکراوەنزیکەکانی خومەینی کە لە سەرەتای شۆڕشی ٥٧ی هەتاوی دا بوو بەیەکەمین قازی شەڕع و حوکمی ئێعدام و کوشتنی نەیارانی جمهوری ئیسلامی پێ سپێردرا.
یەکەم ئێعدام چوارکه س لە سەرانی پێشوی حوکمەتی شا بون کە پێش ئەوەی وەسیەتنامەی خۆیان بنوسن تیربارانی کردن و جەنازەکانیشان لە سەربانی تیربارانەوە فرێدانە خوارەوە و ئەم جەنایەتەی بەناوی یەکەمین چه پکە گوڵی شۆڕشی ئیسلامی پێشکێش بە خەڵکی ئێران کرد!
ئەمجار قۆڵی جەنایەتی هەڵماڵی و سەراسەر ئێرانی خستە ناو ترس و وەحشەتی ئێعدام و تیربارانەوە .
پۆل پۆل خەڵکی تیرباران دەکرد و دەیگوت بێ تاوانەکان دەچنە بەهەشت و تاوانبارەکان ڕەوانەی دۆزەخ دەکرێن.
لە گومبەد تاوس یک جێ و بە کۆمەڵ نزیک ٤٠٠کەسی تیرباران کردن و لە کوردستان لە مەیدانی فڕۆکەخانەی سنە دا پۆلێک ئینسانی تیرباران کردن کە هەموییان کرێکارو کارمەندو خەڵکی بێ تاوان و فەقیرو هەژاری سنە بون.
ساڵەهای ساڵ هەتا کاتێ خومەینی مرد خەڵخاڵیش قازی شەڕع دادگاکانی جمهوری ئیسلامی بوو و هەزاران ئینسانی ژێر خاک کرد.
پاش مەرگی خومەینیش بوو بە مامۆستان و زانای ئیسلامی حەوزەی عیلمییەی قوم و هەزاران قوتابی شیعەی دەرس دا و بە ئەخلاق و مەزهەبی شیعەگەری جمهوری ئیسلامی پەروەردەی کردن و دەگیانی خەڵکی ئێرانی بەردان کە هەروەک دەبینین لە شۆڕشی ژینادا سەدان کەسیان لە ناو شەقامەکان دا تیرباران کردن و هەزاران کچ و لاویان لە زیندانەکان دا خستونە ژێر ئەشکەنجە و تەجاوزو مەترسی مەرگ و ئێعدامەوە.
وەڵاتانی سەرچاوی مافی مرۆڤ و دێموکراسی لەو چل ساڵەی تەمەنی جمهوری ئیسلامی دا نەک هەر متەقیان نەکرد بەڵکوو وەڵاتەکانیشیان پڕبون لە هێلانەی جاسوسی و مۆڵگەی ترۆریستەکانی جمهوری ئیسلامی و تەنانەت مزگەوت و قوتابخانەی خوێندن و مەشق و ڕاهێنانیان بۆ دروست کردن و لەهەموو بوارێکەوە مەیدانیان بۆ ئاوەڵە کردن و ڕابیتەی سیاسی و ئابوری خۆیان دەگەڵ جمهوری ئیسلامی پەرە پێ دا.!
ئێستاش لە شۆڕشی ژینا دا کە هاتونە مەیدان و دژبە ڕژیمی ئیسلامی ئێران قسە دەکەن بێ گومان و بە دڵنیاییەوە ئەگەر شەڕی ئوکڕائین و ڕوسیا لە ئارا دانەبوایە چل ساڵی دیش لە بێدەنگی دا دەمانەوە و لەهەمووجەنایەتەکانی ئەمڕ ۆ و شۆڕشی ژیناش چاو پۆشیان دەکڕد!
سەرانی ئەحزابی کورد و ئوپوزیسیۆنی ئێرانی کە ئێستا هەموو هیواو ئومێدێکیان بۆ ڕوخانی جمهوری ئیسلامی بە کۆشکی سپی بەستوە و پێیان وایە ئامریکا هەروەک سەدام پەتی ئێعدام دەخاتە ملی خامەنەیی و خەڵخاڵیەکانی مێژوی جەنایەتی چل ساڵەی جمهوری ئیسلامی ئێران تەنیا سادەیی و خۆش خه یاڵی ئەمان دەردەخات و لە هەمان کاتیش دا متمانە بەخۆبونی جەماوەر و شۆڕشی ژینا لاواز دەکەن!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست