ختوکەی جەماوەرو ئاشتکردنەوەی شار !
Sunday, 25/12/2022, 23:49
سلێمانی لە کۆنەوە کراوەتە مەیدانی ململانێ و ژینگەو سروشتەکەی وێران دەکرێت ، لەمێژە خاکەکەی لەت لەت دەکرێت و خەلکەکەی پەرتەوازەو لە زیندانەکاندا ئیرادەیان دەشکێندرێت ! لەمێژە ئەو شارە بە ئاگری شەڕی بەعسیزم دواتریش بە ئاگری شەڕی بەناو کوردایەتی شاخ و ئیستاش بەئاگری شەڕی یەکێتی و پارتی دەسوتێت ،لەمێژە وێرانکاری و دووبەرەكێ، کینە و دوژمانیەتی و ڕق لە شاخەوە بەرەو شار دەکشێن و وەک پەتا بە شەقام و گەڕەک و کۆڵاناندا بڵاو دەبنەوە ! ئەوەی دەبینین ئەوەیە ئەم شارە ئێستا بێ خاوەن و بێ کەسە ،خۆ ئەوانەیشی کە خۆیان پێ خاوەنی شارەکەیە شەڕی داهات و کورسی و پاریزگاو گرد و مۆڵەکان دەکەن !
ئاخر ئێمە برینەکانی بەعس و سەدامیزمان لە بیر چوویەوە بەڵام برینەکانی شەڕی ناوخۆ نا ! چەندین ساڵە پۆستاڵی بەعس لەم شارە نەماوە بەڵام پۆستاڵی کورد چی بە خەڵکی ئەم شارە ناکات ! ئیستا نە خێزان و نە میللەت ناتوانن خۆیان بپاریزن و هەمووان تف لە تەمەنی خۆیان دەکەن ، ئیستا ویژدانی هەمووان پڕ لە ئێشوژانە ، بۆ مەگەر رۆژنامەنوس لەو شارەدا خەڵتانی خوێن نەکراوە ! فەرمانبەر لە سەرەی موچەدا گیانی نەکێشاوە ! شەق لە شکۆی خۆپیشاندان نەدراوە ! خویندکاری ئەم شارە نەرفێنراوە ! بۆ مەگەر زۆر و زۆرتر و زیاتر نە کراوە !
ئەگەر ئەم شارە کانگای ئیلهام بووە بۆ یەکێتی ئەی بۆ مشورخۆری ئەو دانیشتوانەکەی نین و لە سەرماو گەرمایا پێداویستیەکانیان بۆ دابین ناکەن ؟! ئاخر ئەمەی باڤڵ تاڵەبانی لەو شارەدا دەیکات حەزەو بە دوای ختوکەدانی جەماوەرەوەیە نەک هوشیاری و عەقڵ تییدا سەنتەر بیت ، خۆ ئەگەر دەڵێن وانیە ئەوا با باڤڵ تاڵەبانی پێ بنێ بە حەزەکانی خۆیدا لە پێناو بەرژەوەندی و چاکەی گشتیدا هەموو موڵک و زەوییانە بگەرێننەوە بۆ خەلکی شار کە ئیدارەی گشتی دەستی بەسەرداگرتوون ، ئەمە یاریکردنە بە دەماری خەڵک و یاریکردنە بە هەست و سۆزی مێگەل، لەسەر حسابی هۆشیاریی بە ناوی (ئایین و ئاکاروڕەوشتی بەرزی کۆمەڵایەتی ) مەسەلەن تۆ بۆ ئەوەی مەیلی خەڵک بەلای خۆتدا رابکێشیت و سلێمانی کۆنترۆڵ بکەیت ژینگەیەکی سایکۆلۆژی دەخوڵقێنیت ، ژینگەیەک کە ئەوەندەی ئامانجی ختوکەدانی خەڵکە ئەوەندە ئامانجی خزمەتکردن و چاکەی گشتی و ئاشتکردنەوەی خەڵکی نییە لەگەڵ خۆیدا !
ئێوە ئەگەر ئەتانەوێ خەڵکی شار ئاشت بکەنەوە دەبێ گەورە بیر بکەنەوە و ڕووی ناشیرین و قیزەونی حیزبایەتی و سیاسەتکردن لە سلێمانی جوان کەنەوە کە بە بڕوای من تا ئەم ساتە کات درەنگ نەبووە دەبێ دانیشتوانەکەی شار لەگەڵ خۆتان ئاشت کەنەوە نەک شار ! پێچەوانەی ئەم بانگەشەیەی ئیستا لەبری شار متمانەو خۆشەویستی کەنارێکی ئارام و خۆشگوزەران بۆ خەلک بونیاد بنێنەوە و کینەو دوبەرەکی شاخ تێکەڵاوی ژیانی خەڵک مەکەن ، ئاخر جگە لە خۆتان کێ بەرپرسە لەم دۆخە ؟! کێ بەرپرسە لە جموجۆڵی بازرگانی و لە پرۆژەی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری و هەلیکار ؟! جگە لە خۆتان کێ بەرپرسە لە داهاتی خاڵی سنووری و لە باج و رسومات؟!کێ بەرپرسە لە بندیوارو سەردیوارتان کە ئەمە بۆ خۆی، گەندەڵی و کاولکردنی ئابوری ووڵاتە ! سلێمانی دوای بانگەشەی “ئاشتی ئارامی هەلیکار” ئەو تۆزە ئارامی و هەلیکارەشی کە هاوڵاتیان لە سایەیدا ژیانیان دەگوزەران لە دەستیان دا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست