مه‌ستووره‌ی کوردستانی
Tuesday, 20/12/2022, 19:59
مه‌ستووره فه‌ردش وێنه‌ی گه‌وهه‌ره‌ن
نه مڵک عه‌فاف ئه‌و چون جه‌وهه‌ره‌ن
سه‌رباری دابوبه‌ریتی کۆنی دواکه‌وتووی کۆمه‌ڵگە که هه‌میشه کۆسپێکی گه‌وره بووه له به‌رده‌م گه‌شه‌کردنی تواناکانی ژناندا، هاوکات مێژووی کورد، بێبه‌ش نه‌بووه له ژنی تێکۆشه‌ر و نووسه‌ر و دڵسۆز، به‌ڵام به داخه‌وه زۆرینەیان وەک سەربازی نەناسراو هەر لە نێو ئەو مێژووە دا دەمێننەوە...
نموونه‌ی ئه‌و ژنه تێکۆشه‌رانه‌ی که له مێژووی نه‌ته‌وه‌ی کورد دا ڕؤڵی گرنگیان هه‌بووه، زۆرن: قه‌ده‌مخێر، خانزادی میری سۆران، حه‌پسه‌خانی نه‌قیب، مه‌ستووره‌ی کوردستانی. له‌یلا قاسم و ... هتد.
مه‌ستووره یا ماشهرهفخانم کچی ئهولحهسهن به‌گی قادرییه، له ساڵی 1805/ 1806 له شاری سنه له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی میرنیشینی ئه‌رده‌ڵاندا، له‌دایکبووه.
مه‌ستووره هه‌ر به منداڵی له نێو بنه‌ماڵه‌که‌ی خۆیدا فێری خوێندن و نوسین بووه و ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی و فارسیشی خوێندوه.
له ساڵی 1825/1826 لەگەڵ خه‌سره‌وخانی ئهمانهڵاخان، که کوڕی میرێکی به‌ده‌سه‌ڵاتی میرنیشینی ئه‌رده‌ڵان بوو، ده‌بنه هاوسه‌ر. خه‌سره‌وخان زۆر ئه‌ده‌بدۆست بووه و گه‌لێکجار له گه‌ڵ مه‌ستووره پێکه‌وه شیعریان نووسیوه و هاوکاتیش پشتگیری مه‌ستووره‌ی کردووه له نوسیندا.
مه‌ستووره‌ی شاعیر به زمانی کوردی، به زاراوه‌ی سۆرانی و گۆرانی، و به زمانی فارسی شیعری نوسیوه. به داخه‌وه زۆر له شیعره کوردیه‌کانی له‌نێوچوون. به‌شێک له‌و شیعرانه‌ی که پارێزراون له به‌رگێکدا به ناونیشانی (دیوانی مه‌ستووره‌ی کوردستانی) کۆکراوه‌ته‌وه و له رۆژهەڵاتی کوردستانی چاپکراوه.
هۆنراوه کوردییه‌کانی مه‌ستووره زۆر به‌رز و پڕ مانان. گه‌ر مرۆڤ هۆنراوه کوردییه‌کانی مه‌ستووره له گه‌ڵ هۆنراوه فارسیهکانیدا، له ڕووی ده‌ستوور و شێوه‌ی ئه‌ده‌بیه‌وه به‌راورد بکا، بۆیده‌رده‌که‌وێ که هۆنراوه کوردیه‌کانی مه‌ستووره گه‌لێ له هۆنراوه فارسیه‌کانی قووڵترن، ئه‌مه‌ش به ئاشکرا ده‌ریده‌خا که زمانی دایکی مه‌ستووره و زمانی یه‌که‌می نووسینی زمانی کوردی بووه.
له سه‌رده‌می پاشایه‌تی ئێران‌دا، مه‌ستووره‌ی کوردستانی وەک هونه‌رمه‌ندێکی فارس به‌خه‌ڵکیان ده‌ناساند. داگیرکەرانی کوردستان، ته‌نانه‌ت شاعیر و هونه‌رمه‌ندانیشمان لێزه‌وت ده‌که‌ن، ئەمەش تەنها بە هۆکاری نەبوونی دەوڵەتی سه‌ربه‌خۆی کوردستانیە. زۆر به ئاسانی فه‌رهه‌نگ، به‌روبوومی وڵات، ئەدەب و مێژووت... هتد بۆته موڵکی نەیاران و داگیرکه‌رانی کوردستان.
نموونه‌ی شیعرێکی به‌رزی مه‌ستووره، هۆنراوه‌که‌ی شاهێده بۆ زمانی زگماکی خۆی:
گرفتارم به نازی چاوه‌کانی مه‌ستت
گرفتارم به نازی چاوه‌کانی مه‌ستی فه‌تتانت
بریندارم به تیری سینه سۆزی نێشی موژگانت
به زوڵف و په‌رچه‌م و ئه‌گریجه‌کانت غاره‌تت کردم
دڵێکم بوو ئه‌ویشت خسته ناو چاهی زه‌نه‌خدانت
جهنابا عاشقان ئه‌مڕۆ هه‌موو هاتوونه پا بۆست
منیش هاتم بفه‌رموو بمکوژن بمکه‌ن به قوربانت
ته‌شه‌ککور واجبه بۆ من ئه‌گه‌ر بمرم به زه‌خمی تۆ
به شه‌رتێ کفنه‌که‌م بدوی به تای زوڵفی پهرێشانت
له کوشتن گه‌ردنت ئازاد ده‌که‌م گه‌ر بێیته سه‌ر قه‌برم
به ڕۆژی جومعه بمنێژی له لای جه‌معی شه‌هیدانت
که‌سێ تۆ کوشتبێتت رۆژی حه‌شرا زه‌حمه‌تی ناده‌ن
ئه‌گه‌ر وه‌ک من له ئه‌م دونیایه سووتابێ له هیجرانت
هه‌میشه سوجده گاهم خاکی به‌ر ده‌رگانه‌که‌ی تۆیه
ره‌قیب رووی ره‌ش بێ ناییڵێ بگا ده‌ستم به دامانت
له شه‌رت و هه‌م وه‌فاداری خۆ تۆ مه‌شهووری ئافاقی
فیدای شه‌رت و وه‌فات بم، چی به سه‌رهات مه‌یلی جارانت
ئه‌من ئه‌مڕۆ له مڵکی عاشقی دا نادره‌ی ده‌هره‌م
به ڕه‌سمی به‌نده‌گی عاشق هه‌موو هاتوونه دیوانت
بڕۆ (مه‌ستووره) شوکرێ که له ده‌رگای پادشای داوه‌ر
کهشۆڵهی رۆژی رووی والی ده‌گاته کۆشک و ئهیوانت
میرزاعه‌لی ئه‌کبه‌ری که مێژووی کوردستانی له ژێر ناوی (حه‌دیقه‌ی ناسریه) دا نووسیوه، سه‌باره‌ت به مه‌ستووره‌ی کوردستانی ده‌ڵێ:
"له بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌دا کچێکمان لێهه‌ڵکه‌وتووه که ئامۆزای منه و ناوی ماشهرفخانم و نازناوی هۆنراوه‌یی مه‌ستووره‌یه. ئه‌م ئامۆزایه‌ی من له زانست و هونه‌ر دا، له خه‌ت خۆشی و نووسیندا، به تایبه‌تی له هۆنینه‌وه‌ی هۆنراوه‌دا بلیمه‌تێکه بۆ خۆی و من ئه‌وه‌م لێ روونه که له مێژووی هۆنراوه و هونه‌ر و زانست‌دا رووبه‌رێک بۆ خۆی ته‌رخان ئه‌کا. نزیکه‌ی بیست هه‌زار هۆنراوه‌ی هۆنیوه‌ته‌وه که یه‌ک له یه‌ک جوانتر و تهڕوپاراوتر و شیرینترن".
مه‌ستووره جگه له‌وه‌ی که‌شاعیر بووه، مێژوونووسێکی لێهاتوو بووه. به پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی که تا ئێستا ئاشکرایه مه‌ستووره له رۆژهه‌ڵاتی نزیک و ناوه‌ڕاستدا، له‌و سه‌رده‌مه‌دا ته‌نیا مێژوونوسی ژن بووه.
ساڵانی 1800 کان ژماره‌ی ئافره‌تی خوێنده‌وار زۆر که‌مبووه ودابونه‌ریتی کۆنی کۆمه‌ڵایه‌تیش ژنانی له چواردیواری ماڵدا به‌ندکردبوو، ئاله‌م کاته‌دا مه‌ستووره‌ی ئازا بێباکانه ده‌ستی داوه‌ته قه‌ڵه‌م و ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی پێبووه و هه‌ستی پێکردووه به وشه ده‌ریبڕیوه و نووسیویه‌تی.
هه‌ندێ له شاعیره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه له سه‌ر مه‌ستووره‌و شیعره‌کانی، بیروبۆچوونی خۆیانیان به شیعر ده‌ربڕیوه. مه‌وله‌وی فه‌یله‌سوف و شاعیری گه‌وره‌ی کورد له باسی ستایش و زانایی مه‌ستووره دا ده‌نوسێ:
خورشیده‌که‌ی ناز ئه‌وج بورد سه‌ور
سه‌ر توغرای ده‌فته‌ر مه‌حبووبان ده‌ور
هانه یانه‌که‌ی بورج شه‌ره‌ف دا
نوور ئهفشا نیشهن وه هه‌ر ته‌ره‌ف دا
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی که مه‌ستووره‌ی تێدا ژیاوه، زووربه‌ی شاعیره‌کانی کوردستانی باشوور و کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات به زاراوه‌ی (گۆران) یش شیعریان نووسیوه. ئه‌م سه‌رده‌مه ئه‌ده‌بی کوردی گه‌یشتۆته ئه‌وپه‌ڕی به‌رزی له جوانی و ناوه‌ڕۆک و بیری ناسکدا. شیعره‌کانی نالی و سالم و کوردی و مه‌له‌وی گه‌واهی ئه‌م ڕاستییه‌ن.
زۆر لە هۆنراوه کوردییه‌کانی مه‌ستووره سه‌باره‌ت به شین و لاواندنه‌وه‌یه بۆ خه‌سره‌و خانی هاوسه‌ری. (خه‌سره‌وخان به گه‌نجی به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه ده‌مرێ). هه‌روه‌ک له یه‌کێک له شیعره‌کانیدا ده‌نوسێ:
فیدات بام، که‌سم هامراز ڕازم!
ئیتر کێ چون تۆ مهکێشۆ نازم؟
په‌ی نه‌حه‌ت ئه‌ر له‌یل، ئه‌گه‌ر نههارهن
تووتی مهقالم هه‌ر نه گوفتارهن
مهواچوو: خه‌سره‌و خهسرهوانم ڕۆ
ساحێب ته‌لار و شکۆوشانم ڕۆ
به‌ور بێ ئه‌ندێش کوردستانم ڕۆ
هوژهبڕ بێشه‌ی ئه‌رده‌ڵانم ڕۆ
مه‌ستووره مێژووی میرنیشینی ئه‌رده‌ڵانی له کتێبێکی 220 لاپه‌ڕه‌ییدا نوسیوه و بۆ یه‌که‌مجار، به زمانی فارسی، له ساڵی 1946، له ژێر ناونیشانی (مێژووی ئه‌رده‌ڵان) دا چاپکراوه. له ساڵی 1989 دا له لایه‌ن د. حه‌سه‌ن جاف و شوکور مسته‌فا وه کراوه‌ته کوردی و له ده‌زگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنه‌وه‌ی کوردی له چاپدراوه و بڵاوکراوەتەوە.
مه‌ستووره له کتێبی (مێژووی ئه‌رده‌ڵان) دا، باس له شاری سنه له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی میرنیشینی ئه‌رده‌ڵان دا ده‌کات. له سه‌رده‌می سلێمانخانی ئه‌رده‌ڵان داشاری سنه ناوه‌ندی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ئه‌رده‌ڵانیه‌کان بووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م شاره قه‌ڵایه‌کی زۆر سه‌خت بووه پێیان گوتووه (سنه‌دژ). سلێمانخانی ئه‌رده‌ڵان کردوویه‌ته شاری سنه و بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه و په‌ره‌سه‌ندنی زۆر هه‌وڵیداوه. له هه‌موو لایه‌که‌وه پیاوانی زانا و ناودارو به ده‌سه‌ڵات ڕوویانکردۆته شاری سنه و له‌وێ نیشته‌جێ بوون.
له ڕۆژگاری ئه‌مانوڵڵاخانی گه‌وره‌شدا، (که ئه‌میرێکی زانا و زانستپه‌روه‌ر بووه). دا شاری سنه له گه‌وره‌یی و ئاوه‌دانیه‌وه گه‌یشتۆته پایه‌یه‌کی زۆر به‌رز. له‌و سه‌رده‌مه‌دا شاری سنه یه‌کێ بووه له ناوه‌نده گه‌وره‌کانی زانست و وێژه.
مه‌ستووره له هه‌ندێ له شیعره‌کانیدا ناوی گه‌لێ شوێن و سه‌یرانگای خۆش و دڵفڕێنی ده‌وروبه‌ری شاری سنه‌ی هێناوه که به‌داخه‌وه ئێستا هه‌ر شوێنه‌واره‌کانیان ماون.
له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری میرنیشینی ئه‌رده‌ڵاندا که نزیکه‌ی 300 ساڵی خایاندوه، شاری سنه چه‌ندین جار وێران و تاڵان کراوه و پاشان ئاوه‌دانکراوه‌ته‌وه. مه‌ستووره زۆر بهداخبووه له ناکۆکی و دووبه‌ره‌کی نێو میرنیشینی ئه‌رده‌ڵان، له کتێی مێژووی ئه‌رده‌ڵاندا باسی لەو ناکۆکیانە کردوە، هه‌روه‌ک له لاپه‌ڕه‌ی 227 دا ده‌نووسێ:
"هۆی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م تێکچوونه‌ی ئه‌مانوڵاخان و له والێتی خرانی، ملهۆڕی و بێ ئاوه‌زی و نیهاد چه‌په‌ڵی و ناپاکی وه‌زیره‌که‌ی بوو".
پاش داگیرکردنی میرنیشینی ئه‌رده‌ڵان له لایه‌ن نه‌یاران و ناحه‌زانی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌رده‌ڵانه‌وه، مه‌ستووره به ناچاری شاری سنه به‌جێدێڵێت. له دوای چه‌ند ڕۆژێکی ڕێگای سه‌خت به پێ و پاش ماندووبوونێکی زۆر ده‌گاته شاری سلێمانی.
شاری سنه
ڕۆله جوانه‌که‌ی مهڵوهندی سنه
خه‌می خه‌ڵکه‌که‌ت دیاره هی منه
به‌زمی خه‌ڵکه‌که‌ت هه‌ر مباره‌ک بێ
شایی و خۆشییه‌که‌ت هه‌ر ته‌داره‌ک بێ
دوێکه ژنه‌فتم خه‌ڵک هاته خۆشی
یاخوا نه‌بینن هه‌رگیز په‌رۆشی
توخوا له جیاتی من ته‌ماشا که
له هه‌رچی خه‌مه تۆ هه‌ر حاشا که
تێپه‌ڕه به سه‌ر کێو ئاویده‌ر دا
ده بڕۆ بڕۆ وه سه‌ر به‌نده‌ر دا
ته‌ماشای شه‌یدا و کاتی سه‌فا که
ته‌ماشای وێڵه و کانی شه‌فا که
ته‌ماشای سه‌رته‌خت بکه به وردی
ئه‌گه‌ر وێڵه و کانی شه‌فا که
ته‌ماشای سه‌رته‌خت بکه به وردی
ئه‌گه‌ر وه راسی تۆ به‌چکه کوردی
وردی باخه‌کان گریاشان به‌ره‌و
ئای ئای نهخلیسی له‌وێ به سه‌ره‌و
به شه‌رمیشه‌وه چاوێ ببڕه من
بزا چۆن که‌وتمه به‌ر تیری دوژمن
مه‌ستووره‌ی کوردستانی له شاری سلێمانی نه‌خۆش ده‌که‌وێ و له ته‌مه‌نی ٤٤ ساڵیداههر له سلێمانی ماڵئاوایی له ژیان ده‌کا و له گردی سه‌یوان ده‌نێژرێ.
سه‌رچاوه:
دیوانی مه‌ستووره‌ی کوردستانی
مێژووی ئه‌رده‌ڵان، ده‌زگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنه‌وه‌ی کوردی 1989
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست