کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تارمايى فاشي بەسەر سلێمانیەوە

Friday, 16/12/2022, 23:20


پێش ساڵانێک، بەرپرسێکی ئەملا، بە بەرپرسێکی ئەولای وتبوو: ماوەیەک تەحەمولمان بکەن و هاوکارمان بن دوای ئەبینن چۆن سلێمانیش وەک هەولێر و بادینان ئەکەینە ماستی مەیوو نوزەی ناڕەزایەتی لێ ئەبڕین!
سەیر لەوەدایە ئەو کەسەی ئەم قسەیەی کردبوو خۆی بە ئازادترین ئازادیخواز ئەزانێت، و ئەوەش کە گوێی لێگرتبوو حزبەکەی ناوی دیموکراتە!
ئەم ماوەیە، لە بێپلانی و لاوازی بەرپرسانی ئەم قۆڵەی هەرێم کە پێی ئەوترێت سلێمانی و باشترە بوترێت هەرێمی سەربەخۆی سلێمانی، لە بری کاری خزمەتگوزاری و بنبڕکردنی تالانی و بەهەدەردان و چی و چی، وا سەرقاڵی گرنگیدانن بە دیوی ئەمنی و عەسکەری. هێز جوڵاندن و جلی عەسکەری لەبەر کردن و ماسوڵکە پێشاندان و خەڵک کوشتن و گرتن و رێگری کردن لە خۆپیشاندانی سەد دوو سەد نوخبەی رۆشنبیر و مەدەنی بۆ پاڵپشتی لە ئازادیخوازانی ئێران. کارنامەی دەسەڵاتی ئێستای سلێمانی لە ئێستادا، تەنها لە کەرتی ئەمنی و سەربازی کورت ئەبێتەوە، تا ئەم ساتەوەختە نەمانبینی خشتێک بخرێتە سەر خشت بۆ ئاوەدانی و گەشەپێدان.
ئێستا ئەوە چەند رۆژێکە دوو رۆژنامەنوسی ناسراو، بە شێوازێکی گوماناوی کە تەنها لە فیلمەکانی هۆلیۆددا هەیە، بە ئەوپەڕی بێڕێزی و توندوتیژیەوە، رفێندراون و دەست بەسەر کراون، کە ئەوە بە هەموو عورفێک جۆرێکە لەکاری تیرۆر. ئەو هێزەی رێگەی لێگرتون و کەمینی بۆ داناون و دەستگیری کردون و بۆ ماوەی یەک شەوی تەواو چاوی بەستونەتەوەو ئازاری جەسەدی و نەفسی داون، هێزێکی حزبیەو تەنها بە ئەمری سەرۆکی حزب و بەرپرسەکەی ئەجوڵێتەوە، لەدەرەوەی یاسایەو کەس بۆی نیە لێپێچینەوەی لێبکات و چاودێری بکات. کارەساتیش لەوەدایە ئەم هێزە ساڵانێکە بە پارەو پولی ئەمریکا و لەچوارچێوەی پرۆسەی دژایەتی کردنی گروپە تیرۆریستەکان کارئەکات!
(هەق وایە رۆژنامەنوسانی کوردستان لەو بارەوە نامەیەکی توند بۆ ئەمریکیەکان بنێرن)
ئەم هێزەی کە بەنایاسایی ئەم دوو رۆژنامەنوسەی گرتوەو شەوێک بە چاوبەستراوی لای خۆیان میوانداری کردون! گوایە لەسەر سکاڵای خۆدی هێزەکە!! لە ژێر فشاری رۆژنامەنوسان و ئەو قسەوباسانەی کە کران لەسەر ئەوەی گوایە تەقە لە سیارەکەیان کراوەو سیارەکەیان وەرگەڕاوەو خۆشیان بە برینداری گیراون، خێرا رادەستی ئاسایش کران بێ هیچ دۆسێ و لێکۆلینەوەیەک، بێ بڕیاری دادوەر و دادگا، بێ ئەوەی خودی دوو رۆژنامەنوسەکە بزانن هۆکاری گرتنەکەیان و تۆمەتەکانی سەریان چین.
ئەم رەفتارانە، گرتن بە بێ بەڵگە، بەکارهێنانی هێزی دەرەوەی دامودەزگاکان، پەنا نەبردن بۆ دادگاودادوەر، رێگەنەدان بە بونی پارێزەر، هێشتنەوەی بێ هۆکار و، فشارخستن بۆ سەفقەی ژێربەژێر، جگە لە رەفتاری فاشیانەو دور لە یاساو کاری چەتەیی هیچی تر نیە.
من هەقم بەوە نیە ئەم دوانە چیان نوسیوە، چونکە ئەوە یاسای خۆی هەیە، هەقم بەوەش نیە لە کوێ یارمەتی دراون، ئەوەش رێ و شوێنی خۆی هەیە. بەلام دڵنیام ئەم گرتنە بە دوو هۆکارەو سێیەمی نیەو چیش ئەوترێت جگە لە بوختان و ساختەکاری هیچی تر نیە:
یەکەم: گرتنی ئیبراهیم لەسەر نوسینەکانیەتی، سەرتیپیش بەهۆی خاوەنداری سایتی بوار و ئاراستەی کارەکانیان.
دوەم: ترساندن و تۆقاندنی رۆژنامەنوسان و ئیعلان کردنی هاتنی سەردەمی بەرتەسک کردنەوەو کۆنترۆڵ کردنی ئازادی رەخنەو نوسین.
حزبەکەی ئەملاش( کە یەکێتیە) لە سایەی قیادە تازەکەیەوە، دەیەوێت رۆژنامەنوسان، ئازادیخوازان، ناڕازیەکان، ئۆپۆزسیۆن،هتد دەستەمۆ بکات و لە ژێر فەزای تۆقاندن و ترساندن و گرتن و هەڕەشە نا قانونیەکانی تردا بیانهێڵێتەوە.
پەیامەکە رونە: ئێمە ئیتر لەمەودوا ئاوا حوکم ئەکەین، ئاوا لە ئازادی تێگەیشتوین، ئاوا مامەڵە لەگەڵ رەخنە ئەکەین. ئەمە کارنامەی ئەم جیلە قائیدەیە کە دەیەوێت هەنگاوەکانی لە چڵەوکردن و کۆنترۆڵ کردنی ناوخۆی حزب و بێدەنگ کردنی هەر جۆرە ناڕەزایەتیەک، بگوازێتەوە بۆ نێو کۆمەڵگا، کاتێک بڕیارێک بۆ ناوخۆی حزب دەرئەکات، ئەبێ سەرجەم کۆمەڵگاش گوێڕایەڵی بێت.
ئەم بەڕێزانەی قیادەی تازەی یەکێتی، دەبێ شتێک بە رونی بزانن: ئەوان ئەتوانن دەیان بەرپرسی باڵاو گەورەی حزبەکەیان گۆشەگیر و بێدەنگ بکەن، ئەتوانن سەدەها کادر و فەرماندەیی بەهەر شێوازێک بێت کەنارەگیر وملکەچ بکەن، بەڵام هەیهات بتوانن دەنگی ئازادیخوازانی ئێرە، کە هەمیشە لانکەی رای ئازاد و قبوڵکردنی جیاوازی و سەرکەشی بوە، خەفەو سەرکوت بکەن. جا ئەگەر قسەو کردارێکی خێریان پێیە، ئەوا با جڵەوی بەرپرسی نابەرپرسی عەسکەری و موخابەراتی بگرن و بیر لە گرتنە بەری رێگای مەدەنی بۆ گفتوگۆکردن و لێکتێگەیشتن بەنەوە، دەنا ئەوەی ئێستا ئەیکەن جگە لە سەپاندنی فاشیەت هیچی تر نیە.
هەموو فاشیەتێکیش لە مێژوودا روونە چۆن کۆتایی هاتوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە