کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گەشتەکەی رۆژنامەنووسێکی باکور بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و تاران

Friday, 16/12/2022, 22:49


"هێندەی نەماوە خەڵک لە مەیدانی "ئینقلاب"ەوە بگەنە "ئازادی"

زنجیرە یاداشتێکی دوور و درێژ، بەڵام بەسود و پڕ چێژ
یەک لە سەرنجڕاکێشترین ئەو بابەتانەی ئەم ماوەیە لەبارەی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە خوێندوومەتەوە یاداشتەکانی عەبدولرەحمان گۆک رۆژنامەنووسی خەڵکی باکوری کوردستانە کە لە دووەم مانگی ئەو خۆپیشاندانانەدا سەردانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تارانی کردووە.
گەشتێک و سەرکێشییەکی مەترسیدار، بەتایبەتی کە لە ماوەی رابردووداژمارەیەک رۆژنامەوان، گەشتیار و هاوڵاتی بیانی لە ئێران دەستگیرکراون و تۆمەتی قورسیان رووبەڕوو کراوەتەوە. هەڵبەت بوێری و سەرکێشییەکی لەو جۆرە لە عەبدولرەحمان گۆک چاوەڕێ دەکرێت، چونکە هەر ئەو بەر لە ٥ ساڵ بە کامێراکەی وێنەی تاوانێکی قێزەونی پۆلیسی تورکی چرکاند، کاتێک لە خاڵێکی پشکنینی مەراسیمی نەورۆزی ئامەد گەنجێکیان بە تەقەی راستەوخۆ شەهید کرد. 
وەک هەموو تاوانەکانی دیکەی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە کوردستان بکوژان لە سزا قوتاریان بوو، بەڵام عەبدولرەحمان کە ئەو تاوانەی تۆمار کردبوو و لەقاوی دابوو سزای زیندانی بەسەردا سەپا.
عەبدولرەحمان گۆک وەک خۆی باسی دەکات ویستوویەتی لەنزیکەوە بزانێت لە رۆژهەڵات و ئێران چی روودەدات، سەرباری ئەوەی کەسەنزیکەکانی بە هۆی مەترسییەکانەوە هەوڵ دەدەن پاشگەزی بکەنەوە، بەڵام ئەو دواجار وەک عەوداڵێکی بینین و گواستنەوەی راستی خواستەکەی دەکاتە کردار و دەست بەو گەشتە پڕمەترسییەی دەکات.
سات بە سات و وردەکاری گەشتەکەی دەنوسێتەوە، خەڵکێکی زۆر دەدوێنێت و وێنەیەکی پڕ زانیاری لە دۆخی خۆپیشاندانەکان، داواکاری و روانینی چالاکوانان، بنەماڵەی شەهیدان و خەڵکی ئاسایی بۆ داهاتوو دەخاتەڕوو.
لە شاری "خۆی"یەوە دەچێتە رۆژهەڵات و لەوێوە بۆ ورمێ. ئەو شارەی زۆرینەی دەستبەسەرکاوانی تێدا راگیراون. سەرباری ئەوەی لەو شارە خۆپیشاندان و چالاکی ناڕەزایەتی لەو کاتەدا ئەوەندە بەرچاو نین، بەڵام لێکەوتە و کاریگەرییەکانی خۆپیشاندانەکان لە سەر دۆخی شارەکە دەخاتەڕوو. پاش چەند رۆژێک روودەکاتە مەهاباد، یەک لەو شارانەی رۆژهەڵات کە خۆپیشاندانی بەرفراوانی تێدا بەڕێوەچوو. ژمارەیەکی زۆر شەهید و برینداریشی هەبوو.
لە مەهاباد لەگەڵ ژمارەیەک چالاکوان، خوێندکار، ژن و کچی خۆپیشاندەر دەکەوێتە گفتوگۆوە. یەک لەوانە ژنێکە کە یەکەم جار لەو شارە دروشمی ژن ژیان ئازادی وتووەتەوە. ئەو ژنە دایکی کچە گەریلایەکە، کە خوێندکاری زانکۆ بووە و سێ ساڵ بەر لەئێستا رووی کردووەتە شاخ و نامەی ماڵئاواییەکە بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" بەجێهێشتووە.
لە مەهابادەوە روودەکاتە پیرانشار و لەوێ لەگەڵ بنەماڵەی کۆمار دەرئوفتادە و زەکەریا خەیاڵ دوو لە شەهیدانی ئەو شارە گفتوگۆدەکات. کۆمار دەرئوفتادە زۆر باسی لەبارەوە کراوە، ئەوەش لەسایەی وتارە هەستبزوێنەکەی باوکی لە کاتی ناشتنیدا، بەڵام زەکەریا ئەو مێرمنداڵەی چل رۆژ بەر لە کۆمار شەهید کرا، بەسەرهاتێکی دڵتەزێنی هەیە. تاقانەی سێ خوشک بووە، لەبەر ئەوەی باوکی بە هۆی نەخۆشیەوە توانای کارکردنی نەبووە، هەر بەو تەمەنە کەمەوە شانی دابووە بەر دابینکردنی بژێوی بنەماڵەکەی و دوو شیفت کاری کردبوو. بەیانیان لەنانەواخانەیەک و شەوانیش لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان. ئەو شەوەشی کرایە ئامانج لە کار دەگەڕایەوە، سەرباری گوشار و هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکان بنەماڵەکەی نەچوونە ژێرباری پەردەپۆشکردن و شاردنەوەی شەهیدبوونەکەی و خەڵکیش پشتی ئەو بنەماڵەیان چۆڵنەکرد. 
لە دوای پیرانشار جارێکیتر دەگەڕێتەوە بۆ مەهاباد  ولەوێوە روودەکاتە بۆکان، یەکێکیتر لەو شارانەی خۆپیشاندانی بەربڵاوی تێدا بەڕێوەچوو و ژمارەیەکی زۆریش تێیدا شەهید و برینداربوون. لەوێ لەگەڵ چالاکوانێک کە برینداربووە دەکەوێتە گفتوگۆوە و وێنایەک لە رووداوەکان و داواکارییەکان بەدەستەوە دەدات.
سەقزی زێدی ژینا ئەمینی وێستگەی دواتری گەشتەکەی عەبدولرەحمان گۆکە، لەوێ هەوڵەکانی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بنەماڵەی ژینا بێ ئەنجام دەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی بنەماڵەی ئەمینی لە ژێر چاودێری توندی هێزە ئەمنییەکاندان، هەر بۆیە لەوشارە لەگەڵ دوو چالاکوان قسە و گفتوگۆ دەکات و وەک ئەو چالاکوانانەی دیکە کە دواندوونی چەندین پرسیاری وردیان لێدەکات. 
کۆتا وێستگەی سەردانەکەی تارانە، ئەو شارەی کە لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە بە شێوەی جیاجیا بەشداربووە لە ناڕەزایەتی دەربڕین. لەوێ بەمە کۆتایی بە گەشتەکەی دەهێنێت کە "لەزۆربەی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵات دوو مەیدان یان گۆڕەپان بە ناوەکانی ئینقلاب (شۆڕش) و ئازادی بوونیان هەیە، خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتیش ساڵانێکی زۆرە لە شۆڕشەوە دەیانەوێت بگەن بە ئازادی و تێچوو و قوربانییەکی زۆریان بۆداوە و ئەم جارەیان زیاتر لە هەموو کات نزیکن لەوەی رێگەی نێوان "ئینقلاب" و "ئازادی" ببڕن".
تێبینی:
 یاداشتەکان لە هەشت بەشدا لە ئاژانسی مێزۆپۆتامیا بە ٣ زمانی کوردی (کرمانجی)، ئینگلیزی و تورکی بڵاوکراونەتەوە و ئاژانسی رۆژنیوزیش ئەو هەشت بەشەی بۆ سەر زاراوەی سۆرانی وەرگێڕاوەتەوە و لە ئاریەن تی ڤیش چەند بەشێکی کراوەتە راپۆرتی ڤیدیۆیی.
لینکی بەشی هەشتەمی یاداشتەکان کە لە مێزۆپۆتامیا و رۆژنیوز بڵاوکراونەتەوە دادەنێم، لە کۆتایی ئەو بەشەدا لینکی حەوت بەشەکەی دیکەش داندراوە:
http://mezopotamyaajansi35.com/kr/ANALIZ/content/view/190506
رۆژنامەنووس عەبدولرەحمان گۆک جگە لەو یاداشتانەی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی سەردانەکەشی بۆ شارە جیا جیاکانی رۆژهەڵات لە کەناڵی یوتیوبی خۆی بڵاوکردووەتەوە:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە