بۆچی "بەکر ئەحمەد" وا لە"پاکانە"کەی نەواب توڕەیە
Friday, 16/12/2022, 23:34
کاک "بەکر ئەحمەد" ئاسۆ دروست بەر لە ساڵ ونیوێک ووتارێکی نوسی لەسەر ڕووداوێک کە ڕۆژنامەنوسێکی بیلاڕوسیا چۆن دوایی گیرانی لەناو فڕۆکەیەکدا و دوایی ئەشکەنجەدانی دێت ستایشی دەسەڵات دەکات و دەڵێت: بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا کردووم و هەڵە تێگەشتنێک هەبووە هەمووشتێک بەئاشتی و ئاسایش کۆتایی هاتووە.
ئەم ڕووداوە دەبەستێتەوە بە ڕژێمە دڕندەکەی بەعسەوە و پاکانەی ئەو ئەندامانەی حیزبی شیوعی عێراق دەکات، کە چۆن لەڕۆژنامەکانی ڕژێمەوە پاکانەکانیان بڵاو دەکرایەوە و دەیان نوسی و ستایشی ستەمیان دەکرد و دەیان ووت: بەهەڵەدا چووین و هەڵخلەتێنراوبووین و ژوان بوونەتەوە لەوەی کە ئەندام و لایەنگری" حشع" بوون.
لەم سەرو بەندەدا نەوابی شاعیری یاخی و چەپ بەناوی دایک و خوشکێکەوە هۆنراوەیەک دەنوسێت "پاکانە" "
دڵشاد مەریوانی " شەهیدیش بە کوردی وەری دەگێڕێت، ڕاستی هۆنراوەکە ناوی دووپاکانەیە . من کە لەچیابووم وام دەزانی نوسەری شعرەکە کوردە و بەجوامێرم دەزانی واتە شێرکۆ بێکەس کە نوسیبێتی، چونکە هێندە نازدارو زمانێکی پاراوبوو، پاسانیش حەمەجەزا هەمان هۆنراوەی بەدەنگێکی بەسۆز تۆمارکرد ، ئیتر لای هەموان ئاشنابوو. ڕەنگە زۆرجاران ئەم شعرە لەگەڵ ووتەیەکی گیڤارادا هاو تەریب بێتەوە کە گیڤارا دەیووت :
" کە هەستت کرد؛ وادەی خۆبەدەستەوەدانت نزیك دەبێتەوە، بیر لەو کەسانە بکەرەوە کە بە ئاواتی شکستی تۆ "
ووتارەکەی بەکر ئەحمەد زرنگانەوەیەکی دوورەدەست لە ناو دێرەکانی "شیرم بە تووتک حەڵال بێ"وە
نوسەر لەدرێژەی ووتارەکەیدا دەڵێت :
" بۆ رۆژی دوایی، لە کەناڵێکی دڵسۆزی دەسەلاتەوە رۆمان پرۆتاسیڤیچ دەردەکەوێت و باس لە مامەلەی باشی پیاوانی ئاسایش دەکات و داوای لێبووردن دەکاتمن کە دیمەنەکە دەبینم، بێتاقەتی دامدەگرێت!
" لەناو جەرگەی ئەوروپادا و نمایشکردنی شانۆگەرییەکی هێندە قێزەون و سووکایەتی ئامێز بە ئینسان، جێگای نەفرەتە"
ئێمە ئەورپا واوێنەدەکەین کە دیمکراسی لێدەچۆڕێت، لەکاتێکدا بەر لە ٨٠ساڵ چەندین مرۆڤ لێرە لەسایەی جەنگەوە تارومارکران، جگەلەوە ئەورپا و جیهان جێگەیەک نییە ، یان چاکترە بڵێین سیستەمێک نییە مرۆڤ تێدا بەپارێزراوی بمێنێتەوە، لەم هەفتەیەدا ووڵاتێکی وەک سوئید چوارمێخەی کوردێکیان کردوو تەسلیمیڕژێمی فاشی تورکیان کردەوە، بۆیە لامان سەیر نەبێت کە هەموو مرۆڤایەتی لەقەیراندایە.
دوایی نەواب لەزمانی دایکێکەوە دەڵێت :
شیرم بە تووتک حەڵال بێ
نەک بەو کوڕەی کە پاکانەی لە خەیاڵ بێ
جوانترین وێنە کە بینیبێتم ژنێکی هند یان دایکێکی هندیە کە مەمکێکی لەدەمی زارۆکەکەیدایەو مەکەکەی تری لەدەمی توتکێکدایە تا هەردوکیان تێرکات لەمیهر ، ئاخر تەنها لەناو ئیسلامدا سەگ نەفرەت لێکراوە، چونکە پەیام هێن پێدەچێت لەسەگ ترسابێت، بۆیە نەفرەتی لێکردوەو ئەمەش وەک توراسێک بۆ ئاینخوازان ماوەتەوە، کەچی نەوابی کۆمەنیست و شۆڕشگێڕ نەیتوانیوە لە ئاین ڕاکات، کە دەکرا بیوتایە
شیرم بە بەعس حەرام بێت، یان بەمنداڵەکانی سەدام حەرام بێت.
دەمێکە دەمەوێت سەرەقەڵەمێک لەسەر کتێبەکەی "بەدرشاکر سەیاب " بنوسم و ئەو پیاوەی کە ماوەیەک ئەندامی حیزبی شیوعی بووە و کتێبەکەشی بەناوی :من شیوعی بووم " نوسیوە یان چاکترە بڵێم بیرەوەرێکانی دوای وازهێنانی لە ڕۆژنامەدا هەفتانە بڵاو کردۆتەوە. دوایش کراوەتە کتێبێک گەرچی دواجار کەسەفەری ئێران دەکات و بەشارەکانی ئەهوازو خوڕم ئابادا گەشت دەکات، دەبێتە مرۆڤێکی شۆفێنی عەرەب و لای وایە ئەوەی بەعەرەبی دووا لەهەر جێگەیەک بێت ئەوێ نیشتمانی عەرەبە، وەک ئیسلامێکان هەموو جێگەیەک بەموڵکی خوا دەزانن و داوای فەتحی دەکەن.
لەم کتێبەدا داپێنانەکانی جاسم حەمودی و مالک سەیف و پاشان زۆر شۆڤێنیانە سوکایەتی بە "ڕەفیق چالاک " دەکات و لەلاپەڕەی ٤٤دا دەڵێت : ڕەفیق چالاک کە لەگەريکی جولەکەکاندا گیرا، سەرەتا وەک جولەکەیەک خۆی نمایش کرد، چونکە ڕەفیق چالاک سکرتێری حیزب بووە پاشان دەڵێت: کەدوو حەیزەرانی بەرکەوت دەستی کردە پاکانە. پاشان سوکایەتی زۆر بە بەهادین نوری دەکات. ئەوەی جێگەی سەرنجە بۆمن بۆچی رەفیق چالاک وەڵامی نەداوەتەوە؟ لەکاتێکدا ئەم بیرەوەریانە گەرماو گەرم هەفتانە بڵاو کراوەتەوە.
خەریکی گفتوگۆیەکی چڕم لەگەڵ کاک "کەمال جەمال موختار"دا ڕەنگە لەوێ بتوانین چەند نهێنیەک لەسەر ڕەفیق چالاک مۆڵکەین چونکە لەبەغداد پێکەوە کاریان کردوە و گفتوگۆی زۆر و بەر یەکەوتنی لەگەڵ چالاکدا هەبووە.
بەکر ئەحمەد دەیەوێت لەوەبگات کە بۆچی مرۆڤێک توانای ئەشکەنجەی نەبێت و بڕوخێت دەبێت کۆمەڵگاو حیزب و دوژمن هەموویان نەفرەتی لێ بکەن !؟ وەک دەڵێت : بەڵام بۆچی قوربانی دەبێتە شوێنی سوکایەتی؟
بۆ خاتری ئەم پرسیارەی قسەیەکی سوئیدی دەکاتە بنەمای بۆچونەکەی و دەڵێت :
سویدییەکان دەڵێن: ئینسان بە تەنها دایک و باوکی مندالەکانی نییە.
بەکر ئەحمەد لەخۆی نەپرسیوە کەس زۆری لە خەڵک کردوە کە ببێتە ئەندام لە حیزبێکدا کە سەردەمێک وەک مۆدێلێک نیوەی جیهانی تەنی بوو ، لەکوێرە دێی وادا ئەندام و لایەنگرو دۆستی حیزبت دەدی کە بڕوات نەدەکرد، بەڵام بەچاوی ئێستاوە سەیری ئەو مێژووە بکەین دەڵێن ئەوەش چاولێکەریەکی کۆمەڵایەتی بوو.
بێنەوە لای هۆنراوەکەی مزەفەر نەواب و قسە لەسەر هەڵسەنگاندنەکەی بەکر ئەحمەد دەڵێت:
ئەم شیعرە هێندەی نیشاندانی تف و قامچی و سووکایەتییەکانی دوو جەللادە لە بەرانبەر قوربانییەکدا، کەمتر وەک بانگەوازێکی شۆڕشگێرانە دەکرێ سەرنجی لێبدرێ.
بەلای منەوە گەورەترین گرفتی نوسینی کوردی ئەوەیە ئێستا کەدەنوسن مێژوو فەرامۆش دەکەن ، لای من ئەم هۆنراوەیە پراو پڕە لە ئامادەکردنی شۆڕشگێڕ بۆ ئەوەی بەرگری لەخۆی بکات و ئەو باوەڕەی هەیەتی لەکەداری نەکات .
یان هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی بۆ پاراستنی گیانی خۆی نەکاتە بەردەباز. پاشان کەسی بەزیو و پاکانە نوس قوربانی نییە، کاتێک مرۆڤێک هەڵدەستێت بەکارێک دەبێت سەرەتا خۆی بناسێ و پاشان لەخۆی بپرسێت داخۆ ئەو لەتوانایدا هەیە ئەو کارە ئەنجام بدات یان نا ؟
ئەندامانی حشع دەبوو دوژمنە کەی خۆیان لەخۆیان زیاتر بناسیایە. کاتێک مرۆڤ ڕۆمانی شەماعیە "شێتخانە" "عەندولستار ناسر " دەخوێنێتەوە دەزانێت کە بەعس چ دڕندەیەک بووە ؟ بەعسێکان بانگەوازی ئەوەیان کردوە کە حشع بووە بەڕابردوو، ئێوە تەریق شەعب دەخوێنەوە ئێمەش میزتان پیادەکەین.
ئینسانی قوربانی پێویستی بە کۆمەک و باوەشێکی ئاواڵەیە تا بەسەر تراوماکانی خۆیدا زاڵ بیت و حورمەتی ئینسانی خۆی بۆ بگێڕدرێتەوە
من پێچەوانەکەی دەبینم مرۆڤ کە بەزی و خەڵکی تری کردە هۆکار بۆڕزگاربوونی خۆی ، ئەمە کەوتنە ناو تراوما نییە، بەڵکو ئەمە پلان و خۆ ڕزگارکردنە و پاراستنی گیانە داڕزاوەکەیە لەسەر خەڵکانی تر. تراوما کاتێک ڕوودەدات لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەک، ئاگر کەوتنەوەیەک، بەربوونەوە لەچیایەک، پێکەدانی ئۆتۆمۆبیل و دەیان ڕووداوی تر، زۆرترین مرۆڤیش کە توشی دراومادەبێت، تەمەنیان کەمە یان خاوەنی ئەزمونی بەرچاو نین ، بەڵام مرۆڤێک ببێتە ئەندام لەحیزبێکی چەپ یان ڕادیکاڵ و پلانی گۆڕینی دنیای هەبێت، کەگیرا و ژوان بۆوە و پاکانەی کرد، ئەمە لەکوێ تراومادا جێگەی دەبێتەوە؟
بە قسەی سویدییەکان: تۆ لە دوای پاکانەپڕکردنیشتەوە هەر کورو کچە ئازیز و خۆشەویستەکەی ئێمەیت
ئێمە قسەمان لەسەر دایک و باوکی مرۆڤە بەزیوەکە نییە کە لەشعرەکەی نەوابدا دایک و خوشکەکەی مەسخی پێدەکەن چونکە دایکی پرچی ڕەشی سپی کردوەو خوشکەکەشی شییشی زیندانی بەزمان لێساوەتەوەو جوێن و سوکایەتی جەلادانیش لەپێناو براو ئایدۆلۆژیای براکەیدا بەداوێنی هەڵگرتوە. ئیتر پاکانە پڕکردنەوە چۆن نەفرەتی لێناکرێت ؟ کاتێک دایک و باوکێکی سوئیدی منداڵەکەیان بەخۆشەویستی خۆیان دەزانن لە هەر جێگەیەک بێت و چی بەسەربێت، جودایە. چونکە سوئید ٢٠٠ساڵە تێکەڵی شەڕنەبووە و کاتێکیش وەک یابانێکان دەڵێن : "کاپتی ئازا شەپۆلەکان دروستی دەکەن" گەر سوئید لەشەڕدابێت و دایک و باوکێک کوڕەکەیان یان کچەکەیان وەک بەزیوێک بگەڕێتەوە بۆلایان ، من دڵنیام بەرخوردێکی تری لەگەڵ دەکەن.
کاتی خۆی چیرۆکی دایکێکیان لەسلێمانی بۆ باسکردم کە بەڕاستی زۆر کاری لێکردم و کردمە یەکێک لەچیرۆکەکانی شار
بەلای منەوە تەنها جەستە بەس نییە بۆ شۆڕشکردن دەبێت دڵیش غایب نەبێت، واتە مرۆڤ دەبێت بڕوای بەوەبێت کەدەیکات گەرچی من بڕوام بەوە نییە کە مرۆڤ بەئازایەتی یان ترسنۆکی لەدایک بێت، ئەوە باوەڕبوونە مرۆڤ دەکاتە ئازا و قوربانی بەخۆی دەدات و باوەڕی بەوەیە کە خۆڕاگربێت، یان وەک کاک بەکر ئەحمەد دەڵێت : بەپێوەشەڕبکات، پاشان کەدەڵێ لەمشکێک دەترسێت و کونێک نابێت خۆی تێدا بشارێتەوە، ڕەنگە بەکچانی گەریلا یان شەڕڤانان بڵێت، لەکاتێکدا من لەکچم پرسیوە هۆکاری چییە مشک لای ئێوە فۆبیایەکی تۆقێنەرە ؟ لەوەڵامدا ووتێ تەنها بێزکردنەوەیە لێێ دەنا ترس نییە. بۆخۆی ئەمە قسە زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام بەپێوە تەقەکردن بۆخۆی شێوەیەکە لە ترس ، لەڕێگەی ئەزمونەوە ئەوەدەڵێم شەڕ هونەرێکە دەبێت کارامەبیت تێیدا، دەتوانی لەسوچێکەوە لەشانی بەردێکەوە ئازایەتیەکی نمونەیی تۆمارکەیت.
بە بڕوای من، لە شیعری پاکانەی موزەفەر نەواببدا، زەڕرەیەک لە شۆڕشگێربوون نابینرێتەوە کاتێک قوربانی لە نێوان بەرداشەکانی دوو جەللادا، هەر یەکە و بە هۆکاری تایبەتی خۆی لە کوشتنی ئەودا، بەیەکەوە لەکاردان
گەر بەچاوی ئێستا لە و هۆنراوەیە بڕوانی ڕاستە، چونکە لەووڵاتێکی وەک عێراقدا ئەوەی ناوی خۆی ناوە ئۆپۆسیسیۆن لەناوپەرلەماندایە، ئێمە قسەمان لەسەر ئەدای پەرلەمان نییە، بەڵام لەسەردەمی خۆیدا هەموو ئەم شێوەیە لەهۆنراوە ، بە هۆنراوەی بەرگری تۆمارکراون و هەرکەسێک جارێک ئەم هۆنراوەیەی خوێندبێتەوە یان گوێ لێبووبێت، و سیاسەتی کردبێت ، گەر خۆشی نەپاراستبێت، دەست دوژمن کەوتبێت، هۆنراوەی پاکانە و نمونەکانی گیانێکی نوێی پێبەخشیوون
ئێستا سەدان هۆنراوەی وا بنوسرێت بۆ عێراق و پارتی کۆمەنیستی عێراق تورێک ناکات، بەڵام ئێستا هۆنراوەیەکی وا کە مۆرکی هاندان و بیرهێنانەوەی ئەوەی تێدایە کە کەسێک سیاسەت بکات دەبێت گیانی بەرگری هەبێت و مێژووشەرم لەنوسینەوەی نەکات دەبێت خەیاڵی پاکانە لە هزریدا بکوژێت، بۆنمونە هۆنراوەیەکی وا لە ڕۆژهەڵات و ئێران پێویستیەکە کە ڕەنگە جێگەی خۆی بگرێت.
پێموایە شێوەیەک لەبیرکردنەوە لای زۆرێک قەڵەم بەدەست وێنەدەکرێت کە ئەو هەموو بەرگری و قوربانی دانەی دژی ڕژێمی بەعس کراوە ، سەرابێک بووە و هیچی نەگۆڕیوە، دەزانن بۆ وابیر دەکەنەوە، چونکە زۆری ئەو قەڵەم بەدەستانە خۆیان ئیتر لەبەر هەرهۆیەک بێت بەشدارنەبوون لەو مێژووەدا، جادەیانەوێت ئەومێژووە بە بێبەها سەیربکەن. لێرەدا من ڕووی دەدەم لەکاک بەکر ئەحمەد نییە چونکە دەزانم کە بەکر ئەحمەد کەسێکی پاسیڤ نەبووە بەڵکو کارابووە و هەمیشي کە گفتوگۆدەکەین باسی ئەومێژووەدەکات کە تێیدا وەک چەپێک دەستبەکار بووە، بەڵکو زۆرێک خەڵک دەبینم دەیانەوێت بڵێن ئێمە بەئاگایەوە بەشدارنەبووین، لەکاتێکدا پێچەوانەکەی ڕاستە. بمانەوێت یان نا لەگەڵ هەمووکەم وکوڕیەک وسەرنجێک کەهەمان بێت، موزەفەر نەواب بەهۆنراوەی پاکانە لەناو ئێمەی عەرەب نەزاندا ناسرا، دەبێت سوپاسگوزاری دڵشاد مەریوانی بێت کە بەو کوردیە شیرینە ئەو هۆنراوەیەی وەرگێڕا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست