کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حەلبوسی و ئاو و پەکەکە! (بەشی یەکەم)

Sunday, 11/12/2022, 23:52


پێشەکی:

تاران، دیمەشق، ئەنقەرە و بەغداد، بۆ مەشروعیەت دان بەیەکتری،  بۆ ئەنجام دانی هێڕشی ئاسمانی، تۆپباران، کاولکردن و لەشکرکێشی بۆ سەر هەر چوار پارچەی کوردستان، بەردێک لەو ئاسمانە بەربێتەوە دەڵێن، ئەوا خەتای فڵانە حزبی کوردییە!
تورکیا بە ڕۆژی ڕووناک، بە بەرچاوی هەموو دنیا و زلهێزەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان، بەشێکی زۆری لە خاکی سوریای داگیرکردووە، بە سەدان دەزگە و بنکەی هەواڵگری و میلیشیای لەو ناوچەیە هەیە و بە ئارەزووی خۆی لەشکرکێشی و تۆپبارانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، کە بەفەرمی بەشێکە لە خاکی سوریا، ئەوجا ئەنقەرە و بەغداد و دیمەشق و تاران ئۆباڵەکەی دەخنە ئەستۆی یەپەگە!
تورکیا لە چل کیلۆمەتر زێتر سنووری عیراقی بەزاندوە، بە سەدان بنکەی سەربازیی و هەواڵگری لە ناوچەکانی موسڵ و هەولێر و دهۆک و سلێمانی هەیە و هەژماری بۆ حکومەتی عیراق نەکردووە، ئەوجا لێپرسراوانی عیراق پەیتا پەیتا دەچن لە تورکیا دەستی ئەردوغان ماچ دەکەن، ناوێرن بە ئەردوغان بڵێن، بۆ عیراق بۆردوومان دەکەیت؟ ئەوان بۆ ئەوەی خۆیان بدزنەوە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی تورکیا، خۆیان مات کردوە، ئەوجا ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی پەکەکە دەگرن و دەڵێن، ئەوان بنکەیان لە قەندیل هەیە، تورکیا دژی ئەوان هاتۆتە نێو خاکی عیراق!
ئێران، دامەزرێنەری حکومەتی بەغدادە، بە سەدان دەزگەی هەواڵگری لە سەرتانسەری عیراقدا هەیە، گەورەترین میلیشیای عیراقی سەر بە ئیرانە و بە فەرمی بەشێکە لە سوپای عیراق. ئیتیلاعاتی ئیران ٣٦٠ کەسی لە ئەندامانی حزبی دیموکراتی ئیران لە باشووری کوردستان تیرۆر کرد، بەدەیان ئەندامی کۆمەڵەی ئیرانیان تیرۆر کردووە لە شارەکانی باشوور، سەرەڕای ئەوە، ساڵ نییە تێنەپەڕێت ئیران سوپای پاسداران نەهێنێتە سەر سنووری عیراق و ئیران و بەسەدان جار تۆپبارانی باشووری کوردستانی کردوە، ئۆباڵی هەموو ئەو کارە ناڕەوایانەی ئیران حکومەتی عیراق دەیخاتە ئەستۆی حزبی دیموکراتی ئیران، کۆمەڵەی ئیران و پژاک!

حکومەتی عیراق هەر بەوە ڕانەوەستاوە، هەنووکە دەیەوێت قەیرانی ئاو لە عیراق  بخاتە ئەستۆی پەکەکە! حەلبوسی سەڕۆکی پەرلەمانی عیراق لە ٩/١٢/٢٠٢٢دا لە کەناڵی "ئەلڕەشید"ی عیراقی ڕایگەیاند: 
"قەیرانی ئاو لە عیراق، لەبەر بوونی "پەکەکە"یە لە عیراق"!

بە هەزاران بەڵگەی فەرمی لەبەردەستدایە، کە دەیسەلمێنێت، کە هەر دوو حکومەتی ئیران و تورکیا لەگەڵ گەلێک لە وڵاتانی ناوچەکە، کێشەیان هەبووە و هەیە لەسەر مەسەلەی ئاو.
لە عیراقدا دوو دەیەیە ئەوەی نییە، خزمەتگوزاریە بەتایبەتی دابین کردنی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە بۆ گەلانی عیراق. بە سەدان جار عیراقییەکان لە باشوور و ناوەڕاستی عیراقدا تا ئەو ساتەش خۆپیشاندانی جەماوەریی میلیۆنیان ئەنجام داوە دژی حکومەت، کە لە دوو خولدا حەلبوسی سەڕۆک پەرلەمانی بووە، دزینی سەدە هەر لەو دوو خولەدا بووە کە حەلبوسی تێیدا سەڕۆک پەرلەمان بووە، هەروها لەسەر ئاستی ناوچەکە و دنیاش حکومەتی عیراقی ناوبانگی زڕاوە،  عیراق لە لیستی گەندەڵی شەشەم وڵاتە لە جیهاندا، حەلبوسی دەیەوێت خۆی لەو گوناهانە بدزێتەوە، لێپرسراوەتی ئەو دۆخەی عیراق نەگرێتە ئەستۆ و دەستە چەورەکەی بەسەری کورددا و بەتایبەتی پەکەکە و حزبەکانی دی کوردستان بسڕێتەوە!

نێوەڕۆک:


گرفتی ئاو لە نێوان تورکیا و ئیران و وڵاتانی ناوچەکە

یەکەم: ئەفغانستان و ئیران (ڕووباری هێلمەند)
ئاو جگە لە جوانیەکەی، بۆ وڵاتان دەبێتە هێما، وەک نیل لە میسر، دجلە و فورات لە عیراق، هێلمەند لە ئەفغانستان، وان لە کوردستان، دەریای مردوو لە ئوردن، کەنداوی عەرەبی بۆ وڵاتانی کەنداو هیتر. ئاو سەرچاوەیەکی ئابووریی گرنگە، وەک نەوت ئابووری وڵاتان پتەو دەکات، بۆیە هەمیشە لە دنیای سیاسەت و سەربازیی و ئابوورییدا پێگەی بەهێزە و گرفتی زۆر لەنێوان وڵاتاندا دروست دەکات و لە کاتی تەنگەژە سیاسیی و سەربازیەکاندا حکومەتەکان دەیکەن بە کارتی فشار بۆ سەپاندنی مەرجەکانیان. 
ئاو گرفتێکی ناوچەییە و بە سیاسەت کراوە، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە درێژای مێژوو ئەو گرفتەیان لەنێواندا هەبووە، لەکاتێکدا کە ناتەبا بوونە و پەیوەندیی دیبلوماسی و سیاسییان کەوتۆتە قۆناغی هەستیار، مەسەلەی کۆنتڕۆڵ کردنی ئاویان دژی یەکدی بەکارهێناوە، ئەو ڕووبارانەی کە سەرچاوەکەیان لەهەر وڵاتێکدا هەڵقوڵابێت، ئەوا لە کاتی تەنگەژەکاندا، بەربەستی بۆ دروست کردووە و نەیهێشتووە ئاوەکە بۆ وڵاتەکەی دی بڕوات.
 گرفت لەسەر مەسەلەی ئاو لەنێوان ئیران و ئەفغانستان، لەنێوان عیراق و ئیران، تورکیا و عیراق و هیتر، ڕەگێکی مێژووی هەیە. لە ئاشبەتەڵی ساڵی ١٩٧٤دا، یەکێک لە مەرجەکانی شا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی بەعس لە بەغداد، مەسەلەی کەنداوی عەرەبی بوو بەرامبەر بە فڕۆشتنی شۆڕشی کورد کە ئیران پێ دەگوت کەنداوی فارس، کە دواتر جەنگێکی خوێناوی ٨ ساڵەی بە نێوچەوانەوە بوو. 
ڕووباری هێلمەند
 لە ساڵی ١٨٧٠دا  کاتێک کە ئەفغانستان موستعمەرەی ئینگلیز بوو، بە درێژایی ڕووباری هێلمەند سنووری نێوان ئەفغانستان و ئیرانی ڕاکێشا. هەر دوو وڵات دەستیان کرد بە دروست کردنی بەنداو لەسەر ئاوەکە و هەوڵیاندەدا لەکاتی گونجاودا ئاوەکە بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەوان. 
ڕووباری هێلمەند ( ١،١٥٠)کم، درێژترین ڕووباری ئەفغانستانە، ڕێژەی ٩٧%  ئەو ئاوەی لەو ڕووبارەدا هەڵدەهێنجرێت بۆ کشتوکاڵی ئەفغانستان بەکاردەهێنرێت، لە ئیرانیش ڕێژەی ٨٠% بۆ هەمان مەبەست سوودی لێ وەردەگیرێت. ڕووباری هێلمەند بۆ ئەفغانستان سەرچاوەیەکی ئابووریی گرنگە، بەدرێژایی ڕووبارەکە بە هەزاران گوندی لەسەر دروست کراوە، کە زۆربەی خەڵککەی کشتوکاڵ سەرچاوەی بژێوی ژیانیانە، هەروها هەمیشە گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەرەکان بووە بەتایبەتی ماددەی ئۆپیۆم کە دەرامەتێکی بێهاوتای بۆ وڵاتەکە و جوتیارەکانی ئەو دەڤەرە هێناوە. 
لە ساڵی ١٩٣٩دا شای ئێران لەگەڵ ئەفغانستان ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد، کە هەردووکیان لە ئاوەکە سوودمەند بن، بەڵام دواتر حکومەتی ئەفغانستان پابەندی ئەو ڕێککەوتنە نەبوو، دووبارە گرفت لەگەڵ شای ئیران سەریهەڵدایەوە، لە ساڵی ١٩٤٨ دا ئەمریکا نێوەنگیری لەنێوان هەردوو وڵاتدا کرد، لە ساڵی ١٩٥١دا ڕێککەوتنێکی دیان واژۆ کرد. ئەفغانستان لەنێو خاکی خۆیدا بەنداوی لەسەر ئەو ڕووبارە دروست کرد. ئیران دەنگی هەڵبڕی و گوتی، دروست کردنی بەنداو لەسەر ئەو ڕووبارە کاردانەوەی خراپی دەبێت لەسەر ژینگە، بەڵام ئەفغانستان دەڵێت بە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٧٣ی نێوان ئەوان و ئیران، دروست کردنی بەنداو لەسەر ئاوەکە بۆ پاراستنی ژینگەیە و هەروها بۆ دابین کردنی ئاوە لە کاتی پێویستدا. 
بەهۆی بارودۆخی نالەبار، جەنگ و شەڕ کودەتای ساڵی ١٩٧٣ لە ئەفغانستان، دواتر داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن سۆڤیەتەوە، سەرهەڵدانی جەنگی مەدەنی لەنێو ئەفغانستان، نەمانی شا لە ساڵی ١٩٧٩ لە ئیران، ئەمانە کاردانەوەی هەبوو لەسەر پابەند نەبوونی هەر دوو وڵات بە ڕێککەوتنەکان واتە لەسەر ئەو بابەتە بەبەردەوامیی پەیوەندییان ناڕێک بوو، بەتایبەتی کاتێک تاڵیبان لە ساڵی ١٩٩٨ لە مەزاری شەریف دوو دیبلوماتیكی ئیرانی کوشت، لە تۆڵەی ئەوەدا، ئیران بەنداوی کاچاکی لەسەر ڕووباری هەلمێند بەست تا ساڵی٢٠٠٢ ناوچەکەی تووشی ووشکایی کرد.   
لە ساڵی ٢٠١١دا ئەفغانستان پلانی بۆ پرۆژەی بەنداوی کەمال خان لەسەر ڕووبارەکە داڕشت، بەڵام بەهۆی نالەباری دۆخەکە ئەو پڕۆژەیە تا ساڵی ٢٠١٦ سست بوو، کاتێک کە حکومەتی ئەفغانستان دووبارە دەستی بە جێبەجێ کردنی ئەو پرۆژەیە کرد، دیسان ئیران هاتە دەنگ و هەمان هۆکانی کە جاران دەیخستە ڕوو بۆ دژایەتی کردنی دروست کردنی هەر بەنداوێکی ئەفغانی لەسەر ئاوەکە. لەسەرەتایی ئەم ساڵدا دووبارە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات سەریهەڵدایەوە لەسەر مەسەلەی ڕووباری هێلمەند، لە ٢٢/٦/٢٠٢٢ لە میدیای ئەفغانستان بڵاوبۆیەوە، کە حکومەتی تاڵیبان و حکومەتی ئیران ڕازی بوون، کە پابەند بن بە ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٧٣ی ڕووباری هێلمەند. واتە سەرەڕای گۆڕانی حکومەتەکان لە هەر دوو وڵاتدا، بەڵام تا ئەمڕۆش مەسەلەی ئەو ئاوە یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی سەرهەڵدانی گرفت لەنێوان ئەفغانستان و ئیران. بە دڵنیاییەوە حەلبوسی سەڕۆک پەرلەمانی عیراق، ئەگەر بۆی بلوێت بۆ هاندانی ئیران وئەفغانستان دژی کوردستان، ئۆباڵی ئەو گرفتەش دەخاتە ئەستۆی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە"!

ماویەتی و چاوەڕێی بەشەکانی دی بن


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە