ڕوفاتەکانی بەغدا و وەزارەتی شەهیدانی هەرێم
Sunday, 11/12/2022, 23:19
ماوەی چەند ساڵێکە سەدو هەفتاویەک ڕوفاتی ئەنفالکراوی نێوگۆڕە بەکۆمەڵەکانی باشور لەمردوخانەکانی بەغدا بێناز کەوتون، لەماوەی ڕابروددا جارێکیش هێندەی نەمابوو ببنە خۆراکی ئاگر، ئەو ڕوفاتانە لەبیابانەکانی سەماوەوە پاش پشکنین و دنەی ورد هێنراونەتە بەغدا، بەپێی ناسنامەکانیان بێت زۆربەیان خەڵکی سنوری قەڵاسێوکەو شوانن من خۆم چەند ناسنامەیەکیانم بینیوەو بەرپرسی مۆنۆمێتی شەهیدانی چەمچەماڵ و وەزارەتیش زانیاری ورد تریان لایە، نەهێنانەوەی ئەو ڕوفاتانەو مانەوەیان لەبەغدا لەکاتێکا ئێمە وەزارەتێکی تایبەت بەو پرسەمان هەیە جۆرێکە لە گوێ پێنەدان و هەڵنەگرتنی بەرپرسیارەتی چونکە ئیتر ماوەی چەند ساڵێکە ئەو ڕوفاتانە بەو جۆرە ماونەتەوەووەک بێخاوەن دەردەکەون.
ناکرێت هیچ بیانویەک ببێتە ڕێگر لەڕێی هێنانەوەی ئێسک و پروسک و روفاتی قوربانیەکانمان کەئیدی ئەوە بەس موڵکی خانەوادەو کەس و کار نین و کۆست و خەم و ئازاری هەموومانن، لەماوەی نۆزدە ساڵی ڕابردودا دەبوو زۆرترین ڕوفات لەبیابانەکانەوە بهێنرانایەتەوە بۆ کوردستان ، ژمارەکە هەرچەند بوایە هیچی لەپرسی جینۆسایدی گەلی کورد ناگۆڕی، هەرچەند ئێستاش ئەگەر کار بکرێت بۆ گێڕانەوەی ڕوفاتەکان بیابانەکان هەزاران ڕوفاتیان تیایە، من بۆخۆم لەگەڵ تیمێکی وەزارەتا کۆتای دووهەزارو سێ چوومە سەر دەیان گۆڕی بەکۆمەڵی کوردان لە باشوری عێراق.
لەڕاستیدا دەبوو بڕگەیەکی سەرەکی ڕێکەوتنی بەغداو هەولێر تایبەت بوایە بەگێڕانەوەی ڕوفاتی قوربانیەکان و هەڵدانەوەی هەموو گۆڕەبەکۆمەڵەکانی عێراق بۆئەوەی چیتر خەیاڵ و بیرکردنەوەی مرۆڤی کورد لای بیابان نەبێت، گەرچی بەباوەڕی من ئیتر هەوڵدان بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان زۆر درەنگ بووە لانی کەم لەو ڕوانگەیەوە کە ئیدی وانزیکەی سی و پێنج ساڵ بە سەر کۆمەڵکوژیاندا تێدەپەڕێت و ڕژێمی بەعسیش زۆر بەبەرنامەو بەوردی ئەو کارەی کردوەو ڕەنگە دەیان هەزاری شوێن بزر کردبێت، تەنانەت ئێمە لە پشتی سەماوەوە لەناحێیەکی سەر سنور پێیان وتین کەهەزاران کەس لەسەر سنوری نێوان عێراق. سعودیەو عێراق. کوەیت شوێنونکراون.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست