مەرگی ژینا ئەمینی، بنەمای سەرهەڵدانێکی شکۆدار (بەشی شەشەم)
Sunday, 04/12/2022, 11:19
٭ مەرگی ژینا ئەمینی، بنەمای سەرهەڵدانێکی شکۆدار
٭ پانۆڕامای خۆپیشاندانەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان
٭ داوای ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایش دەوڵەتە یەکگرتوەکان
ڕۆژی پێنج شەممە 24/11/2022 ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی، نامەیەکی نوێنەرایەتی هەمیشەیی ئێرانی لە دەوڵەتە یەکگرتوەکان بۆ ئەنجومەنی ئاسایش بڵاو کردەوە، کە تێیدا هاتبوو: "چەندین ساڵە ئێران لە لایەن ئەو گروپانەوە کە لەهەرێمی کوردستان بنکەو بارەگایان هەیە دەکرێتە ئامانج، لەم دواییەدا گروپەکان چالاکییەکانیان زیاتر بووە، چەکیان بۆ ناو خاکی ئێران گواستووەتەوە، دۆستەکانی خۆیانیان پڕچەککردووە تا کاری تیرۆریستی لە ناوخۆی ئێران ئەنجامبدەن. دەوڵەتی عێراق بەرپرسیارە لە کۆنترۆڵکردنی سنوورە نێودەوڵەتییەکانی. بەڵگەی حاشاهەڵنەگر و زانیاری ورد و متمانەپێکراومان بە بەرپرسانی دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان داوە سەبارەت بە چالاکیی گرووپە جیاخوازەکان کە لە خاکی عێراقەوە کاری تیرۆریستی دژی ئێران ئەنجام دەدەن. لە چەندین خولی دانوستانی دوو لایەنە لە نێوان بەرپرسانی دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان داوامان کردووە، ئەوانەی تاوانیان ئەنجامداوە رادەستبکرێنەوە تا لە دادگاکانی ئێراندا دادگایی بکرێن، بنکە و کەمپەکانی راهێنانیان دابخرێن و ئەو گرووپانە چەک بکرێن. داوای جێگیر بوونی هێزە سەربازییەکانی عێراق لە سنوورەکانی نێوانمان دەکەین. ئێران مافی خۆیەتی پارێزگاری لە ئاسایشی نەتەوەیی و گەلی خۆی بکات، هێرش دژی ئەو گروپانە ئەنجامبدات".
رۆژی پێنچ شەممە 24/11/2022 نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەکی ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایش کرد، لە نامەکەدا هاتووە: "کە ئێران هیچ رێگایەکی تری لەبەردەم دا نییە ناچارە تا چەککردنی ئەو گروپانە و چۆڵکردنی بارەگاکانیان بەرگری لە خۆی بکات".
ڕۆژی هەینی 25/11/2022 محەمەد پاکپور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای ئێران رایگەیاند: "بۆ پشتیوانی هێزەکانی خۆرئاوا و باکوری خۆرئاوای ئێران یەکەکانی زرێپۆش و تایبەتی سوپای پاسداران لەسەر سنورەکان جێگیردەکەین. لە دوای جوڵەی هێزە جیازخوازەکانی دژ بە ئێران لەسەر سنورەکان و نانەوی پشێوی، هێزی زەمینی سوپا لەو ناوچانە بەهێزتر دەکەین. ناردنی پشتیوانی بۆ هێزەکانی سەر سنور بە ئامانجی رێگریکردنە لە چالاکی ئەو گروپە جیاخوازانەی کە لە باکوری عێراق دا جێگیرن".
لەلایەکی دیکەوە ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: "هەرێمی کوردستان بەشێکە لە خاکی عێراق. ئەرکی دەوڵەتی عێراقە ئاسایشی سنورەکانی لە ئەستۆ بگرێت. دەوڵەتی عێراق بڕیاری داوە هێزەکانی خۆی لە سنوری هاوبەشی لەگەڵ ئێران لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر بکات. هیوادارین دەوڵەتی عێراق کار بەو بەڵێنانە بکات کە بە ئێرانی داوە".
٭ هەڵوێستی مامۆستایانی ئایینی خۆرهەڵاتی کوردستان
ڕۆژی شەممە 27/11/2022 مامۆستایانی ئاینی شاری سەردەشت و دەوروبەری بەیاننامەیەکیان سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئێران و خۆرھەڵاتی کوردستان دەرکرد و تێیدا هاتبوو: "خەڵک بەھۆی نادادی و سەروەرنەبوونی یاساو خراپ بەڕێوەبردنی چەند دەیەی رابردوو ھاتوەتە سەر شەقام. کوردستان بەشێکە لە ئێرانی ئازیز، تۆمەتی جوداخوازیی نیشانەی سەرکوتکردنی داواکارییەکانی خەڵکە. داوای ئازادکردنی ھەموو زیندانیانی بیروباوەڕ و زیندانیانی سیاسی و دەستگیرکراوانی ڕووداوەکانی ئەمدواییە دەکەین. داوا لە خەڵکی ناڕازیی دەکەین پابەند بن بە خۆپیشاندانی ئاشتیانەوە. بێدەنگیی ئازاربەخشی مەرجەع و زانایانی قەدرگرانی شیعە دوای سێ مانگ ناڕەزایەتی لە وڵات دا، پێچەوانەی دژایەتیکردنی ستەمکاری و بانگەشەی ئەوانە بۆ روبەڕووبونەوە، ئەسڵی قورئانیی( فەرمان بە چاکە و رێگری لە خراپە) دەخوازێت لێیان دەنگیان بەرز بکەنەوە. پشتیوانی لەو بەیاننامانە دەکەین کە لەلایەن زانایانی ئاینی کوردستان و مەولانا عەبدولحەمید (ئیمام جومعەی ئەھلی سوننە لە زاھیدان)ەوە دەرچوون".
هەر هەمان ڕۆژ مامۆستایانی ئاینی شاری بانە ڕاگەیەندراوێکیان سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان دەرکرد و تێیدا داوای: راگرتنی سەرکوتکاری و توندوتیژییەکان دژی خۆپیشاندەران و پاراستنی شکۆی شوێنەکانی پەروەردە و فێرکردن لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە و ئازادکردنی دەستگیرکراوان و ئاشکراکردن و دادگایکردنی بکوژانی خەڵکی بێتاوانیان دەکرد.
٭ یەکگرتنەوەی هەر دوو کۆمەڵە
ڕۆژی 27ی 11ی 2022 هەر دوو باڵی کۆمەڵە یەکگیان گرتەوە و بەو هۆیەوە بەیاننامەیەکیان دەکرد کە ئەمە ناوەڕۆکەکەیەتی:
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
بنەماڵەی ئازیزی گیانبەختکردوانی کۆمەڵە!
هۆگران، دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵەو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان!
خەڵکی تێکۆشەر و ڕاپەڕیوی ئێران!
حیزب و رێکخراوە و کەسایەتیە ئازادیخوازەکان!
بەمجۆرە ڕایدەگەیەنین دوو باڵی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی لێک دابڕابووین، دوای ساڵ و نیوێک دیالۆگی هاوڕێیانە و چڕوپڕی نێوانمان لە ئاستی جۆراوجۆری حیزبی دا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٢ی زایینی پڕۆسەی یەکگرتنەوەمان گەیاندە ئەنجام. لەمڕۆ بەولاوە وەک یەک حیزب و لەژێر ناوی پێشوو و مێژوویی کۆمەڵە (کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران)دا کارو چالاکی دەکەین.
هەموومان دەزانین کە جیایی زیانی پێگەیاندین و خەسارەکانی دەناسین. بەخۆشییەوە جیاوازیی سیاسی و ڕوانگە، هۆکاری سەرەکی دابڕانەکە نەبوو، دابڕان لە خەت وگوتاری سیاسی کۆمەڵە قەت نەبوو بە کەلێن لەنێوانمانداو لەوبارەوە لێک دانەبڕاین. بۆیەشە پرسی یەکگرتنەوەی ئەو دوو لایەنە وەک ئەرکێکی هەرە گرینگی سەرشانمان و ئاواتی ڕەوتی بەرینی کۆمەڵە و هۆگرانی ئازادی و ڕزگاری، هەمیشە بە زیندوویی مایەوە.
سەرفرازین لێرەوە بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردوان، کادر و پێشمەرگەکان، تێکۆشەرانی نهێنی شار و دێ، زیندانیانی سیاسی، کەم ئەندامانی سەنگەر، هاوڕێیانی دێرین، دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان دڵنیابکەینەوە کە کۆمەڵەکەیان یەکگرتووتر و بە گوڕو تەوژمێکی نوێوە بۆ ئامانجە بەرزەکانی کۆمەڵە تێدەکۆشێ. پێویستە بڵێین هەموو ئەوانەی لەو ڕەوتە دا کارو چالاکییان کردووە، ڕەنجیان کێشاوە و خەساریان بینیوە، چ ئەوڕۆ لە کارو چالاکی ڕێکخراوەیی دا ببن یا نەبن، ڕێزیان لێدەگیرێ و بە پاڵپشت و هاوڕێ ئەژمار دەکرێن و دەستی هاوخەباتی و هاوڕێیەتییان بۆ درێژ دەکەین.
کیژان و کوڕان،
٭ نەوەی نوێ و پێشکەوتنخوازی کوردستان!
کۆمەڵە ئێوە بە کۆڵەکەی قایم و بناوانی خۆی دەناسێ و پشت ئەستورە بە کۆڵنەدان و خۆڕاگریتان، بە یەکگرتنەوەمان مەیدانێکی بەرینتر بۆ وەگەڕخستنی توانا و لێهاتوویی دەکەینەوە و ئێوە دەتوانن ڕۆلی گەورەی تێدا بگێڕن و تینێکی زۆرتر بدەن بە خەباتمان. کۆمەڵە ئاڵا هەڵگری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و ڕەوتی نوێگەراو پێشکەوتنخواز بووە و دەبێ، هەڵگری مەشخەڵی شۆڕشگێڕانە دەبێ و خۆی لەگەڵ نەوەی نوێ و خەون و هیواکانی دواڕۆژیان بۆ کوردستان، نوێ و یەکگرتوو دەکاتەوە.
ئێمە خەباتکارو هەوێنی پاراستنی یەکریزی و یەکگرتوویی نیشتمانیی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، تا پێکهێنانی بەرەیەکی نەتەوەیی هاوبەش لەگەل دیکەی حیزب و لایەنەکان دەبین. ئەزموونی کاری هاوبەشمان لە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران پاڵنەرمان بووە و دەبێ بۆ پتەوکردنی ناوەند وەک چەترێکی گشتگیر. تێدەکۆشین بە یەکگرتوویی نیشتمانیی بەرین لە کوردستان دا سەرنجی بیروڕای گشتی گەلانی ئێران و جیهان بۆ دۆزی کورد ڕابکێشین. بزوتنەوەی کوردستان دژ بە تیرۆر و زۆرداری، دژ بە سیاسەتی سەرکوتکاری و ئاژاوەگێڕانەی کۆماری ئیسلامییە و خوازیاری پلۆڕالیسم، دێمۆکراسی و پێکەوە ژیانی سەردەمیانەی گەلانی ئێرانە. ئەو دەرفەتە مێژووییەی بۆ خەباتی خەڵکی کوردستانی ئێران خوڵقاوە بەهەموو توانی خۆمان کەڵکی لێوەردەگرین بۆ ڕزگاری و بەختەوەری زۆرتری گەلی کوردستان لە هەلومەرجی هەستیارو ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئەوڕۆی کوردستان و ئێراندا. کۆمەڵە خوازیاری پێوەندیی پتەوە لەگەڵ هەموو ڕەوتی دێمۆکرات و پێشکەوتنخواز و هەموو ئۆپۆزیسیۆنی سێکۆلاری ئێران. ئێمە هاوکات لەگەڵ دیفاع لە بەرژەوەندیی باڵاو داخوازیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و پتەوکردنی یەکێتی ئەوڕۆی حیزبە سیاسییەکان، پێمانوایە کوردستان دەتوانێ و بۆی هەیە دەوری کاریگەری هەبێ لە داڕشتنەوەی قەوارەی سیاسی ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و شۆڕشی ژینا (مەهسا) دەریخست بزووتنەوەی کوردستان پێشەنگی یەکسانیی ڕەگەزی، دێمۆکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سێکۆلاریسم و ئازادی سیاسییە. کۆمەڵە خۆی بە بەختەوەر دەزانێ کە لە دەیان ساڵ خەباتی سەربەرزانەی دا بۆ پێکهاتنی ئەو بەستێنە کۆمەڵایەتی و پێشەنگایەتییەی ئەوڕۆی کوردستان، دەوری چالاکی هەبووە. بۆیە ئەو پێشەنگایەتی و ئەو رێبازە کە خۆی لە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دا دەبینێتەوە، وەک گلێنەی چاو دەپارێزین.
یەکگرتنەوە دەکەینە دەرفەتێک بۆ زۆرترکردنی دۆزی خەباتکارانە لەناو کۆمەڵە دا. دڵنیاین تێکۆشەران و کادر و ئەندامانی کۆمەڵە لە جەرگەی خەباتی مەدەنی و ڕێکخستنی نهێنی، لە ریزی پێشمەرگایەتی و هێزی نیزامی، لە تێکۆشانی دیاسپۆڕا و تاراوگە دا، پارێزەری بە ئەزمون و چاونەترسی ڕێبازی کۆڵنەدان تا سەرکەوتن دەبن و بە لێوەشاوەیی ئەرکە قورسەکانی سەر ڕێیان ڕادەپەڕێنن و وەڵامی شیاوی کۆمەڵە بە بانگەوازی "گەل چاوەڕێی هیمەتی ئێوەیە" دەدەنەوە.
پێویستە سپاسی هەوڵ و تێکۆشانی ئەندامانی کومیتەی ناوەندی، کادرەکان، ئەندامان، پێشمەرگە و دۆستانێک بکەین کە لە پڕۆسەی یەکگرتن دا ماندوو بوون و بەرپرسانە ئەرکەکانیان ڕاپەڕاند و بە زەحمەت و بەشداریی چالاکانە بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە لە هەموو بوارەکان دا هاندەر و هاوکار بوون".
٭ سەردانی سەرۆکی هەرێمی باشوری کوردستان بۆ بەغداد
ڕۆژی 2022/11/28 نێچيرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدادی کرد و لەگەڵ محمد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبۆیەوە، دواتر سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە ئامانجی سەردانەکە و ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی بڵاوکردەوە، ئەوەی پەیوەست بوو بە خۆپیشاندانەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان و هەڕەشەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان و عێراق و هاوکارییەکانی هەرێم و بەغداد دژی پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان لە بەیاننامەکە دا خرابووە ڕوو، کە تێیدا هاتبوو: "سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و سهرۆك وهزيران ئهلسوودانى به تهواوى هاوڕا بوون و دووپاتيان كردهوه كه به هيچ شێوهيهك ڕێگه به هيچ جۆره ههڕهشه و كردهيهوهكى سهربازى له سنوورهكانى عێراق و ههرێمى كوردستانهوه بهرامبهر وڵاتانى دراوسێ نادرێت، بۆ ئهم مهبهستهش وهك ههميشه هاوكارى و يارمهتى پێشكهش به پهنابهران دهكهن، بهڵام ڕێگه به بوونى گرووپى چهكدار له ههرێمى كوردستان نادرێت، بۆيه ههولێر و بهغدا به تهواوى هاريكارى و ههماههنگى دهكهن و ئاسايشى سنوورهكان دهپارێزن، لهگهڵ وڵاتانى دراوسێش هاوكار و ههماههنگ دهبن و ڕێكارى پێويست دهگرنه بهر.
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى دڵنيايى دا و جهختى لهوه كردهوه كه ههرێمى كوردستان وهك ههميشه بۆ عێراق و وڵاتانى دراوسێ و ناوچهكهش به فاكتهرى ئارامى و سهقامگيرى دهمێنێتهوه، ههروهها خوازيارى بهرهوپێشبردنى پهيوهندييهكانيیهتى له سهر بنهماى ڕێز له يهكگرتن و دراوسێيهتيى باش و بهرژهوهنديى هاوبهش. هاوکات بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان لە ناوچەكە، بە پێویستی دەزانین هەموو لایەك پشت به گفتوگۆ و لێکگهشتن و چارهسهری ئاشتیانه ببهستن، بۆ ئەوەش سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان ئامادەیە ڕۆڵێكی ئهرێنی و بنیاتنهرانه لە مبارەیەوە بگێڕێت".
٭سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێران
ڕۆژی 29/11/2022 محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی لەسەر بانگهێشتی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی ئێرانی کرد، لە دیدارەکەیان دا خامنەیی وتبوویی: "پێشکەوتنی عێراق و گەیشتنی بە پێگەی بەرز و راستەقینەی خۆی لە بەرژەوەندی ئێرانە، لەو بڕوایەداین تۆ ئەو توانایەت هەیە تا ئەو کارە بکەیت. هەڵبژاردنی ئێوە بۆ سەرۆک وەزیرانی عێرق، مایەی دڵخۆشیمانە. عێراق باشترین دەوڵەتی عەرەبییە لە ناوچەکەدا لە ڕووی هەبوونی سامانی سروشتی و مرۆییەوە، پێشینەیەکی مێژوویی و شارستانی هەیە، بە داخەوە لەگەڵ ئەو مێژووەی هەیەتی نەیتوانیوە لە پێگەی بەرز و ڕاستەقینەی خۆیدا بێت. بە داخەوە ئێستا لە بەشێکی خاکی عێراقەوە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئێران هەیە، تەنها رێگا چارەسەر گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندە بۆ ئەو ناوچانە. هەر لایەنێک مەبەستی تێکدانی ئاسایشی عێراقی هەبێت، ئێمە بۆ پاراستنی عێراق سنگی خۆمان دەکەینە قەڵغان. ئاسایشی عێراق، ئاسایشی ئێرانە هەرچۆن ئاسایشی ئێران کاریگەری لەسەر هەبوونی ئاسایش لە عێراق هەیە". هەر لە دیدارەکەدا محمد شیعا سودانی وتبوویی: "بە پێی دەستوور بەهیچ جۆرێک رێگا نادەین خاکی عێراق بۆ تێکدانی ئەمنییەتی ئێران بەکاربهێنرێت".
٭ سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ شاری سنە
ڕۆژی 1/12/2022 ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی شاری (سنە)ی کرد. هاوکات لەگەڵ سەردانی ڕەئیسی بۆ سنە، هێزێکی زۆری ڕێژیم، لە ترسی خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی خەڵک، لە نێو شار و هەموو بەرزاییەکانی شار دا جێگیر کرابوون. لە بەرامبەر دا لەلایەن دەست و پێوەندەکانی ڕژێمەوە پێشوازی لێکرا و لە بەردەم دەست و پێوەندەکانی دەوڵەت دا وتارێکی پێشکەش کرد و لە بەشێکی وتارەکەی دا وتی: "ئەم پشێویانە بۆ ئەوە درووست دەكرێن بۆ ئەوەی شەمەندەفەری پێشكەوتن وڵات رابگرن، بۆیە هەرگیز واز لەبەرەوپێشبردنی وڵات ناهێنین، پێشكەوتنەكانی ئێمە دوژمنانی نیگەران و توڕە كردوە. خەڵكی لە نەبوونی خزمەتگوزاری توڕەیە. خەڵكی ئەم ناوچەیە دڵسۆزی وڵاتەكەیانن. ئەمڕۆ پرۆژەی ئاوی شاری سنە تەواو بوو، لە ئەمڕۆوە خەڵکی سنە چێژ لە ئاوی پاکو خاوێن وەردەگرن. یەکێک لە داواکارییەکانی خەڵکی سنە دەستڕاگەیشتنە بەو رێگای شەمەمدەفەرەی کە سنە بە ھەمەدان و تارانەوە دەبەستێتەوە، بەدواداچوون بۆ ئەمە دەکەین".
هەر لە هەمان کات دا هەڵمەتی گرتنی چالاكوانان و خۆپیشاندەران خۆرهەڵاتی كوردستان بەردەوام بوو، سەرباری ئەوەش ناڕەزایەتی دەربڕینەكان بە شێوەی جیاجیا بەردەوامن. دژی سەردانەکەی ڕەئیسی بەشێکی گەورەی خەڵکی مانیان گرتوو و دوکان و بازاڕیان داخست.
٭هەڵوێستی جولەکەکانی ئێران
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی جولەکەکانی ئێران دەگاتە 15 هەزار کەس. بەگوێرەی ڕۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی، ڕەوەندی جولەکە لەوڵاتی ئێران بەشێوەیەکی فەرمیی دژ بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە هاتنە دەنگ و پشتیوانی خۆیان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاندوە.
لەو بارەیەوە لیژنەی "کۆمەڵگە لە پێناو جولەکەکانی تاران" پەیامێکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا: سەرکۆنەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی شارەکانی ئێرانیان کردوە و جەختیشیان لە پێویستی گوێڕایەڵی بۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران کردۆتەوە.
پەیامەکەش بەئیدانەکردنێکی فەرمیی خۆپیشاندانی خەڵکی ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامیی دادەنرێت و بە یەکەم پەیامی ناڕەزایی ئاشکرای جولەکەکان هەژماردەکرێت. لە پەیامەکە دا باس لەوەشکراوە، جولەکەکانی ئێران بەردەوام گوێڕایەڵی ڕێبەری باڵای ئەو وڵاتە بوون و بەرەنگاری هەموو ئەوانە بونەتەوە کە ویستویانە سیستەمی وڵات و ئاسایشەکەی لەبەین بەرن. هەر لهو ڕاپۆرتە دا جەختكراوهتهوه، دوژمنانی ئێران لە ڕێگای بەئامانجگرتنی گەلەوە دەیانەوێت دۆخێکی نائارام بخولقێنن، هەروەک هیواشیان خواستوە لە داهاتویەکی نزیک دا یەکگرتویی و ئاسایش و بەختەوەریی لە ئێراندا ببینن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست