چیرۆکەکانی شار " دوا وانە "
Thursday, 01/12/2022, 23:50
ئەو ڕۆژەی" سەدام" هات بۆ سلێمانی
زەنگی دواوانە لێیدا ، قوتابیەکان بەرەو پۆلەکانیان دەچنەوە . زەنگەکە درێژەی کێشا فەڕاشە لوت زلەکە دەلێی ماخۆلانێتی زەنگەکە ناوەستێنێ ، قوتابێکان بڕوایان وابوو کەفەڕاشەکە گوێی گرانبێت بۆیە نایبڕێتەوە . شوان پشتی بەدارئاڵاکەوە ناوەو دەستی ڕاستی لەناو قژە لوولەکەیدا دەگێڕێت و بیردەکاتەوە .لەبەرخۆیەوەدەڵێت: ئەمە دواپشووە دواوانەیە ، لەسیمایدا لەوە دەچوو کەکاپتن بێت و کەشتێکەی نقوم بووبێت . لەدەرونیشدا بەختەوەرترین قوتابی قوتابخانەکەیە . ئیدی بەرەو پۆلەکەی هەنگاوی نا و هۆشی هەر لای گەزۆ بوو ئەمڕۆی بەساڵێک لێ گوزەرا. قوتابێکان سەرگەرمی وەرگرتنی ئەنجامی تاقیکردنەوەی مێژووبوون . دەنگێک ووتی :شوان ٨١ لەبەر خۆیەوە دوایی وەرگرتنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکە ووتی: ئەمەش بە گەزۆ دەڵێم . ماوەی ساڵێک و دوومانگە گەزۆی خۆشویستوە بەڵام دوێنی ...ئا دوێنێ هەمووشتێکی پێووت ،پێشتر لەسەیرکردن بترازێ هیچ ڕووی نەدابوو ، بەڵام شوان جارناجار هۆنراوەی دەنوسی ، یان نامە پڕخەیاڵەکانی دەهۆنێوە و دوایش دەیخستە ناو تونی حەمامەکەی ماڵەوەیان تا ببنە پەپولەی ڕەش دوایی سوتانیان .
شوان لەسەر کورسیەکەی دانیشت کە لەڕیزی پشتەوەبوو ، ئەمڕۆ حەوسەڵەی نەبوو لەگەڵ کەس قسە بکات.
سەرپەرستکەر بەدەنگی بەرز ووتی :مامۆستا هات ، پۆل بێدەنگ بوو چونکە مامۆستا نەوزاد کە کوردی پێیان دەووت هەموو قوتابیەکان خۆشیان دەویست و هۆگری ببوون ، ئەو هاوڕێ یەکە بەیەکەیان بوو .
هەستن ، ڕۆژتان باش .
مامۆستا دەرکی پۆلەکەی پێوەداو ، بەرەوتەختە ڕەشيکە ڕۆی ...وانەی پێنجەم ، کوردی ، بەرواری ٢٣. ٢. ١٩٨٣ .ئەمڕۆ ئاو هەوا خۆش بوو خۆر لەپەنجەرەکانەوە هاتبونە ژوورەوەو ژوورەکەیان گەرم کردبۆوە ، گەرچی هەندێک لە پەنجەرەکان لەبەر شکانیان بەکارتۆن گیرابوون و ئازادیان لەخۆرەکە گرتبوو. دیواری ژووەکە کەس نەی دەزانی کامە ڕەنگە چونکە چەند جارێک ئاگردانەکە گڕی گرتبوو ڕەشی دوکەڵ ڕەنگەکەی کاڵکردبۆوە و بنمیچەکەشی بۆرکردبوو . دیوارەکان و کورسێکانیش کۆپلەی شعرو وێنەو بەروارو کورتە نوسینی لەسەر کێشرابوو ، پێدەچوو ساڵانێکی زۆر ئەمە نۆژەن نەکرابێتەوە .
شوان خەریکی بیرکردنەوە بوو لە گەزۆ لەبەرخۆیەوە دەیووت ئێستا چاوەڕێ دەکات . پەڕاو پەڕتوک لەسەر مێزەکە دانرا ، مامۆستا بەتیلەی چاو سەیری شوانی دەکرد چەند جارێک . مامۆستا بەهەڵەدا نەچووبوو دەیزانی شوان لەچ بارێکدایە ، لەڕاستیدا ئەوڕۆچونەی شوان ئەو قوڵبوونەوەیە ، لەوەپتر دەچوو تەنها بیرکردنەوە بێت .
وانەکە بەرەو تەواوبوون دەچوو ، مامۆستاووتی کێ داڕشتنی مانگی پێشوم پێدەڵێت ؟
مامۆستا ، مامۆستا ، مامۆستا قوتابێکان دەستیان هەڵبڕیبوو .
قوتابیەک لەپێشەوە کە مامۆستا نەوزاد ووتی تۆ .
"لەهەندەران بەسەرهاتێک کلیلێکی ونووی گریاند، بەشوێن ئەودا نەگەڕان و بەزۆر دەرگای ساریان شکاند"
شوان گا سەیریبنمیچی ژوورەکەو گۆشەی ژوورەکان و تەنەکەی خۆڵەکەو وێنە چڵکن و گومێشيکەی سەرۆک و تەختە ڕەشيکەو پاشانیش سەیری پێڵاوە بۆیاخکراوەکانی و دوایش بەتیلەی چاو کاتژمێرەکەی دەستی .
شوان ... بەڵێ مامۆستا .. لەسەر تەختە ڕەشيکە نوسی
"لەبێروتدا چەقۆیەک قوڕگێکی فڕاند، چونکە لەئاهەنگی ئەودا نەبووە هەسان "
دوایش نوسی "لەچ نیشتمانێکدا هەستکردن بەئازاری گیانی قەدەغەیە "؟ ئێوە کامەتان پێخۆشە دەتوانن بینوسن چونکە ڕۆژنامەی سەردیوارەکە نوێ دەکەینەوە . ئەمەیە داڕشتنی ئەم جارەمان وانەی داهاتوو نامەوێت کەس بیری چێت ، چونکە جگە لەنمرە کەلەسەرێتی بیریش لەڕۆژنامەی سەردیوارەکە بکەنەوە .
مامۆستا لە شوانی پرسی ،چییە درەنگە ؟
خەریک بوو بەمامۆستا بڵێت کە" بەڵێنی دڵدارانە بەدەست دڵدار نییە" لەوکاتەدا زەنگەکە لێیدا . لەپۆلەکە کەس لەجێگەی خۆی نەجوڵا لەدەرەوە دەنگە دەنگ دروست بوو .
شوان وانەی ڕابردوو داڕشتنەکەت بیرنەچێت ، بەڵێ بەچاوان مامۆستا .
قوتابێکان دەوری مامۆستا نەوزادیان دابوو بۆ پرسیارگەلی تر ئەو هاوڕێ خەمی هەموویان بوو .
شوان لەچاو تروکانێکدا باخچەی حەوشی قوتابخانەکەی جێهێشت و لەدەرگا گەورەکە چووەدەرەوە بۆسەر شەقامەکە پەڕتوک و تیانوسەکانی کە بەلاستیکێک بەستبوو لەبن هەنگڵی ناو چەند کۆڵانێک وەک تانجی دوای نێچیر کەوتبێت هەڵوڕەی دەکرد لەوێوە بۆشەقامە قیرەکەو پاشان بۆ ویزگەی پاسەکان لەبەردەم مزگەوتی گەورەکە ، لای شوان وابوو کە زۆربەی دڵدارەکان ئەمە جێگەی یەکتر بینینیانە ، چونکە قەرەباڵغ بوو پاشانیش بۆزۆر گەڕەک لێرەوە پاسەکان دەڕۆی .
شەقام قەرەباڵغ بوو ،ڕێبوارەکان شێوەهەڵهاتن دەڕۆشتن ،ڕەشمار ئاسا خشەیان دەهات ،ڕۆژێکی چەند سەیرە شوان وای ووت..!
شوان چاوی لەو شەقامە نەدەتروکاند کە گەزۆ پیادەهات ، لەبەر خۆیەوە ووتی : گەزۆ ووتی: دێم مامای ئەوەیە دێت .
سەیری خەڵکی دەکر سڵاو کردن و پرسیارو وەڵامەکنیش هەر بەڕۆشتنەوەیە ،کەسی وەستاوت نەدەبینی ، ئۆتۆمۆبیلە ڕينگاوڕەنگەکانیش بەناو یەکدا دەهاتن و یەکیان جێدەهێشت .
شوان بەبەر دەم هەر دوکانێکدا بڕۆشتایە کە شوشەبەند بوایە سودی لێوەردەگرت و لەبەردەمیا دەوەستاو نیگای خۆی دەکرد و دەیووت چاک خۆم گۆڕیوە ..تۆچیت ؟
گەیشتە ویزگەی پاسەکە ، وەک ڕۆژان نەبوو ، کەم کەس وەستابوو ، لەخۆی پرسی بڵێی درەنگ نەکەوتبم، ئەی بۆ نەهات...!؟
سەیری کاتژمێرەکەی دەستی کرد ..پاشان ووتی : نا ، نا ..تەواوە . لە پیاوێکی پرسی کاکە بەئەرک نەبێت کاژمێر چەندە ؟
دەبێ زویر نەبووبێت، نا، لەچی زویربێت ؟ قسەکانی ڕۆژی ڕابردووی وەک شریتی تۆمارکراو لێدایەوە .. نا باوەڕ ناکەم ئەی ناڵێن دڵ لەدڵ دەڕوانێت .
سەیرە بەردەم ویزگەی پاسەکە زیاترو زیاتر چۆڵ دەبوو خەڵکەکە بڵاوەی دەکرد ، ئەمڕۆ دەرۆزەکەرو کوێرەکانی بەر مزگەوتەکەش دیاریان نییە .
سەیری ئەوبەر شەقامەکەی کرد ڕێگەی هاتنی گەزۆیە . لافیتەیەکی پەڕۆی سەوزی بینی بە دیوارەکەوە کە دوو کونی لەبەر ڕەشەبا تێکرابوو ، هێواش هێواش پەڕێوەو لەبەردەم لافیتەکەدا وەستا ، لەخۆی پرسی ئەی بۆ نەهات ؟
لافیتەکەی خوێندەوە کە بەخەتێکی خۆش لێی نوسرابوو ....
"ووڵاتەکەمان وەک کەشتیەک وایە هەموومان تێیدا دەژین ، هەر لەبەر ئەوە کەسناتوانێت لەخۆیەوە کونی کات ،چونکە دەبێتە خنکاندی هەمووان " سەرۆکی فەرماندە
چەند جارێک خوێندیەوە ، تێنەدەگەشت کەچۆن کەشتیەک بەقەدەر ووڵاتێک دەبێت ، بڵێ لەوێش من و گەزۆ بکەنەناوکەشتێکە ... پێکەنی ... سەری هەڵبڕی ڕیزێک سەرباز بەسەربانەکەوەبوون ..ئیتر پێی هەڵگرت بەرەو ماڵ ..لەخۆی دەپرسی چییە ؟ چی بووە ؟ وەڵامێکی نەبوو ، خێراتر پشتی کۆم کردبوو هەنگاوی دەنا ، گوێکانی قوڵاغ ببوو هادەنگی تەقە ئەم بێدەنگیەی شڵەقاند ... زۆرخێرا شەقامە چۆڵ بوو ، ئەم شارە دەڵێ هەمووڕۆژێک ماراسۆن دەکات . شوان ووتی دەڕۆم داڕشتنەکە دەنوسم هەردووکیان دەنوسم .. چەقۆکەی قوڕگی فڕاند و هەستکردن بەئازاری گیانی قەدەغەیە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست