کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەرگی ژینا ئەمینی، بنەمای سەرهەڵدانێکی شکۆدار (بەشی چوارەم)

Thursday, 17/11/2022, 21:16


٭ مەرگی ژینا ئەمینی، بنەمای سەرهەڵدانێکی شکۆدار

٭ پانۆڕامای خۆپیشاندانەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان
٭ مشتومڕی ڕیفراندۆم

مه‌وله‌وی عه‌بدولحه‌مید ئیسماعیل زه‌هی كه‌سایه‌تی ئایینی سوننی و پێشنوێژ و گوتارخوێنی هه‌ینی شاری زاهیدان، له‌ وتاری نوێژی هەینی دا ره‌خنه‌ی له‌ حكومه‌تی تاران گرت و داوایکرد له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی وڵات دا: "ده‌ستبه‌جێ ریفراندۆم ئه‌نجامبدرێت".
لە بەرامبەر دا ڕۆژی سێ شەممە 8/11/2022 ئاژانسی هه‌واڵی فارس بڵاویکردەوە، محه‌مه‌د حسێنی جێگری سەرۆک کۆماری ئێران له‌ کاتی پێشکەشکردنی وتارێكی دا‌ له‌ زانكۆی ته‌ربیه‌ت موده‌ریس له‌ تاران له‌ چوارچیوەی بەشداریکردنی لە كۆنفرانسی "كۆماری ئیسلامی، ئازادی و مافی خۆپیشاندان" رایگەیاند، بە مەبەستی گۆڕینی رژێمی وڵاتەکەی ریفراندۆم ناکرێت. ناکرێت گۆڕینی رژێم لە ئێران دا لە رێگەی ریفراندۆمەوە ببێتە باس و گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت. هەروەها وتی له‌ ده‌ستووردا ریفراندۆم باسكراوه‌، به‌ڵام ریفراندۆم بۆ ژماره‌یه‌ك بابه‌تی لاوه‌كی گونجاوه‌ نه‌ك بۆ شێوازی حوكمڕانی". لە کاتێکدا محەمەد حسێنی وتارەکەی پێشکەش دەکرد، بەشێک لە خوێنداکاران دروشمی "ئازادی"یان ووتەوە و هۆڵەکەیان بەجێهێشت. ژماره‌یه‌كی دیکە خوێندكار درووشمی "دوژمنمان لێره‌یه‌، ده‌ڵێن ئه‌مریكایه‌، درۆ ده‌كه‌ن" دەووتەوە، لەبەرامبەردا محەمەد حسێنی وتی، ئه‌مریكا پشتیوانیی له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كات و واشنتۆن له‌ پشت گرووپه‌ نه‌یاره‌كانی رژێمی ئێرانه‌وەیە".
ڕۆژی 10/11/2022 ئیسماعیل خەتیب، وەزیری وەزارەتی هەواڵگریی ئێران ناسراو بە ئیتلاعات رایگەیاند؛ بەهۆی ئەوەی ئەمریکا، ئیسرائیل، بەریتانیا و سعودیە هاوکاری دارایی ئەو خۆپیشاندانانەی ئێران دەکەن کە بوەتە هۆی گیانلەدەستدانی چەندین کەس و هەر جۆرە ناسەقامگیرییەک لە ئێران لەوانەیە وڵاتانی ناوچەکە بگرێتەوە. هەروەها وتویەتی ئێران تا ئێستا سیاسەتی ئارامیی جێبەجێکردوە، بەڵام ئەگەر دوژمنایەتییەکان بەردەوام بن رەنگە ئەو سیاسەتە بەردەوام نەبێت و ئەگەر ئەو وڵاتانە بەردەوامبن لە دەستوەردانەکانیان لە ئێران، ئەوا سەقامگیری بە خۆیانەوە نابینن".
ڕۆژی هەینی 11/11/2022 کیومەرس حەیدەری، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای ئێران ڕایگەیاند: "چاوەڕێی فەرمانی خامنەیین، ئەگەر فەرمان بکات جێگەی خۆپیشاندەران لەم وڵاتە نابێتەوە.نابێت لێكدانەوەی هەڵە بۆ بێدەنگی و دەستتێوەرنەدانی سوپا بكرێتەوە، رێگا نادەین دوژمنان لە شەقام و کۆڵانەکانمان دا هانگاو بنێن، پیلانگێڕان بوونەتە یاری دەستی دوژمن. ئەگەر تا ئێستا لەگەڵ خۆپیشاندەران ڕووبەڕوو نەبووینەتەوە، ویستی ڕابەری لە سەر نەبووە، ئەگەر رۆژێک حەزرەتی ئایەتوڵا خامنەیی فەرمان بکات، ئەوا جێگایان لەم وڵاتە نابێتەوە. هەرگیز رێگە نادەین خوێنی پیرۆزی شەهیدان بخرێتە ژێر پێوە".

٭دووبارە موشەک باران

کەمپنشینی پارتەکانی خۆرهەڵات لە باشور

یەکێک لە کێشەکانی حکومەتی ئوتۆنۆمی تازە دامەزراوی باشوری کوردستان لە ساڵی 1992دا کێشەی دانپێدانی بوو لەلایەن ئێرانەوە. لەو بارودۆخە دا پەڕلەمان و حکومەت دوو بابەتی تایبەتیان کردە بەرنامە و کاریان لە سەر کرد: یەکەمیان پەیوەندی نێوان باشور و حکومەتی ناوەندی (ڕژێمی بەعس) و چۆنێتی ڕێکخستنی ئەو پەیوەندییە بوو، دووەمیان بابەتی بێ دەنگکردن و نیشتەجێکردنی پارتەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بوو. 
ئێران لە بەرامبەر ئەوە دا دانی بە حکومەت دا دەنا کە حکومەت پارتەکانی خۆرهەڵات (کۆمەڵە و دیموکرات) بێ دەنگ بکات و قەناعەتیان پێبهێنت کە واز لە خەبات و تێکۆشان بهێنن و لە چیاکانی خۆرهەڵاتەوە بیانگوازێتە بۆ باشوری کوردستان، ئەوە بوو لە هاوینی ساڵی 1992 دوای ماوەیەک لە دامەزراندنی حکومەت، پارتەکانی خۆرهەڵات ڕازیکران کە لە چیاکان و سنورەکان دووربکەنەوە (هەتا ئەو کات بنکەی سەرەکی حیزبی دیموکرات لە قەندیل بوو، بنکەی سەرەکی کۆمەڵەش لە بۆتێ بوو)، لە ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی (دیموکرات لە بەردەقارەمان، کۆمەڵە لە زڕگوێز) و لە سنوری پارێزگای هەولێر دیموکرات لە (کۆیە) نیشتەجێکران و پێداویستییەکانی ژیانیان بۆ دابین کرا. بەڵام لە ڕاستیدا و بەپێی واقیع و بەڵگەیی مێژوویی کاتێک پارتەکانی خۆرهەڵات لە باشور نیشتەجێکران تا دەهات لاواز دەبوون، کاتێکیش دەستیان لە خەباتی چەکداری و سیاسی بەردا جوڵانەوەی کوردیش لە خۆرهەڵات لاواز بوو، هەروەها حکومەتی هەرێمیش بێ پاڵپشتی جوڵانەوەکانی خۆرهەڵات مایەوە، چونکە پارتەکانی خۆرهەڵات لە باشور نیشتەجێکران کە ئەمەش پیلانگێڕییەکی ئێرانی بوو، بەڵام سەرانی باشور جێبەجێیان کرد.

٭٭ ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و ئێران ساڵی 1996

هاوکێشەکە بەم جۆرەیە: ئەوەی پارتەکانی خۆرهەڵاتی لاواز کردوە کەمپنشینی لە باشور و دوورکەوتنەوە بووە لە خەڵکەکەی خۆیان. ئەوەی هەمیشە ڕێکەوتنەکانی شکاندوە ئێران بووە، ئەوەی هەمیشە هۆکار بووە بۆ باڵادەستی ئێران لە کوردستان گرێدراوی پارتەکانی باشور بووە. لەگەرمەی شەڕی ناوخۆی باشوری کوردستان لە نێوان (یەکێتی - پارتی) دا، لە بەرەبەیانی 17ی ئابی 1996 یەكێتی بە هێزێكی گەورەوە، كە لە هەموو ناوچەكانی كوردستان كۆیكردبووەوە، هێرشێكی فراوانی بە هاوكاری ئێران، لە میحوەرەكانی باڵەكایەتی و ڕواندز و شەقڵاوە بۆ سەر سەنگەرەكانی پارتی دەستپێكرد.
کاتێک (پ.د.ک) بە تەواوی ڕووی لە حکومەتی عێراق کرد، (ی.ن.ک)ش ڕووى له‌ ئێران كرد، له‌ 2/1/1996 وه‌فدێكى ئێران سه‌ردانى شارى سلێمانیان كرد، له‌لایه‌ن (ى.ن.ك)ه‌وه‌ به‌ شێوازێكى فه‌رمى پێشوازیان لێكراو له‌ (ئوتێل ئه‌بو سه‌نا) له‌گه‌ڵ (جه‌لال تاڵه‌بانى)  كۆبونه‌وه‌، شانده‌كه‌ى ئێران به‌ سه‌رۆكایه‌تى (عه‌لى ئاغاى محه‌مه‌دى) بوو، نوێنه‌رى سه‌رۆك كۆمارى ئیسلامى ئێران بوو، له‌ 5/1/1996 شانده‌كه‌ى ئێران له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌رێكى زۆرى شارى سلێمانییه‌وه‌ پێشوازى لێكرا، له‌ به‌رده‌ركى سه‌راى شارى سلێمانى، یه‌كه‌م جار بوو له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌رى له‌و شێوه‌یه‌دا جه‌ماوه‌ر هوتافى(الله اكبر) بڵێنه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ ده‌ستورى ئێران بوو.
هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌دا هه‌ریه‌كه‌ له‌ (جه‌لال تاڵه‌بانى)‌ و (عه‌لى ئاغاى محه‌مه‌دى) وتاریان بۆ جه‌ماوه‌رى شارى سلێمانى خوێنده‌وه‌. پاشتر له‌ 13/6/1996دا به‌ ئاماده‌بوونى شاندى ئێران ‌و نوێنه‌رى پارتى‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان (جه‌لال تاڵه‌بانى) به‌ردى بناغه‌ى (حسێنییه‌ى ئه‌لحه‌كیم)ی له‌ شارى سلێمانى دانا، له‌ مه‌راسیمى دانانى به‌ردى بناغه‌ى (حسێنی)یه‌كه‌ دا تاڵه‌بانى وتارێكى پێشكه‌شكرد‌ و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كرد :"بنیاتنانى ئه‌م حسێنییه‌ نه‌ك ته‌نها جێبه‌جێكردنى ئه‌ركێكى ئاینییه‌، به‌ڵكو ئه‌ركێكى نیشتیمانییه‌‌ و پێویسته‌ شانازیشى پێوه‌ بكه‌ین".
له‌ هاوینى ساڵى 1996 بارودۆخه‌كه‌ زیاتر ئاڵۆز بوو، ئێران فشارێكى زۆرى له‌سه‌ر (ى.ن.ك)  دروستكردبوو، بۆ داخستنى بنكه‌‌ و باره‌گاكانى (حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران) له‌ شارى كۆیه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ مام جه‌لال رایگه‌یاندووه‌ كه‌ تواناى ڕاگرتنى هێرشى ئێرانى نییه‌ بۆ سه‌ر دیموكرات. 
پێشتریش (ى.ن.ك) حزبى دیموكراتى له‌ هێرشى ئێران بۆ سه‌ر باره‌گاكانیان ئاگادار كردۆته‌وه‌‌ و نامه‌یه‌كیان ئاڕاسته‌ى حزبى دیموكرات كردووه‌‌ و له‌ نامه‌كه‌دا ئه‌وه‌یان خستۆته‌ڕوو، كه‌ یه‌كێتى ناتوانێ به‌ر له‌ هێرشى ئێران بگرێت. ئه‌وه‌ بوو ڕۆژى 26/7/1996 جموجۆڵى سوپاى پاسدارانى ئێران له‌سه‌ر سنور‌ و له‌ ده‌روازه‌كانى باشماخ‌ و په‌روێزخانه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، كاتژمێر (3)ى دوانیوه‌ڕۆ بارهه‌ڵگر‌ و ئۆتۆمبیلێكى زۆرى سوپاى پاسداران به‌ چه‌كى قورسه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ شارى سلێمانى.
كریس كۆچێرا لەكتێبی (بزوتنەوەی نەتەوەیی كورد و ویستی سەربەخۆیی) لەبارەی قەبارەی ئەو هێزەی ئێرانەوە دەڵێت: "سەدان كامیۆنی تۆپ هەڵگری ١٣٠ملم و 150 ملم دەیان موشەكەی جۆراوجۆری كاتیۆشا و دەیان موشەكی حوسێن بە مەودای 120 كلم) و بەهاوكاری 300 پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەو هێرشەیان ئەنجامدا".
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ سوپاى پاسداران به‌ ناوى هاوكارى‌ ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئیسلامیه‌وه‌ ئه‌و چه‌ك‌ و هێزانه‌ى هێناوه‌ته‌ باشورى كوردستان‌ و شه‌و له‌ سه‌ربازگه‌ى سه‌لامى شارى سلێمانى ماونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:"سه‌عات سێى پاشنیوه‌ڕۆ له‌ باره‌گا گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، له‌ فلكه‌ى سه‌رچنار یه‌ك سه‌عات وه‌ستاوین بۆ تێپه‌ڕبوونى "لۆرى به‌بار‌و داپۆشراوى ئێرانى"، سائیقه‌كان ئه‌و سه‌ربازانه‌ بوون، كه‌ له‌شه‌ڕى ئێران-عێراق گیرابوون، پێیان ده‌وتن "ته‌وابین/ ته‌وبه‌كه‌ران"، ئه‌و هێزه‌ى ئێمه‌ تیبینیمان كرد (سوپاى پاسداران‌ و قه‌رارگه‌ى حه‌مزه‌)ى ئێرانى بوون، له‌ حاجى ئۆمه‌رانیشه‌وه‌ وه‌جبه‌یه‌ك سه‌یاره‌ هاتبوون نزیكه‌ى (1500) كه‌س ده‌بوون، ئه‌و هێزه‌ى مه‌عسكه‌ر سه‌لام به‌ قیاده‌ى "سه‌ردار ئه‌حمه‌دى كازمى" بوو، له‌ناو یه‌كێتیشدا (فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر)یان له‌گه‌ڵ بوو".
لەولاشەوە لە ڕێگەی دۆڵی‌ ئالانە هێزێكی سوپای پاسداران دەیویست بەرەو كۆیە بچێت بۆ لێدانی بنكە و بارەگاكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران. پارتی هاوكاری ئەو هێزەی ئێرانی نەكرد و ڕێگریشی لێكرد، هۆکاری هاوکاری نەکردنی پارتی بۆ ئێران لە دژی دیموکرات هێمای هەڵوێستی نەتەوەیی پارتی نەبوو، بەڵکو پارتی لەوکاتەدا لە بەرەی تورکیا بوو، ڕێکەوتنی لەگەڵ تورکیا دا هەبوو بۆ لێدانی پەکەکە، تورکیا ڕازی نەبوو پارتی بچێتە بەرەی ئێران. هێزەكانی ئێران ڕۆژانی 26 و 27ی تەممووزی 1996 بە هاوكاری و پشتیوانی ڕاستەوخۆی یەكێتی لە سنووری پێنجوێن پەڕینەوە هەرێمی كوردستان.
دوو ڕۆژ دواتر له‌ 28/7/1996 سوپاى پاسداران هێرشیان كرده‌ سه‌ر باره‌گاكانى حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران له‌ شارى كۆیه‌‌ و ئه‌ندامان‌ و لایه‌نگرانى دیموكرات به‌ ژن‌ و منداڵه‌وه‌ ئاواره‌ى شارى هه‌ولێر بوون، ڕۆژێك دواتر واته‌ له‌ 29/7/1996 حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ناڕه‌زایی خۆى به‌رامبه‌ر تۆپبارانى باره‌گاكانى دیموكرات له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ ده‌ربڕى، داوایكرد كه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان سنورێك بۆ ده‌ستدرێژى ئێران‌ و توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان دابنێت، هه‌روه‌ها په‌رله‌مانى كوردستانیش ناڕه‌زایی خۆى سه‌باره‌ت به‌ هه‌مان ڕووداو خسته‌ڕوو.
جێی ئاماژه‌یه‌ هێزه‌كه‌ى سوپاى پاسدارانى ئێران نزیكه‌ى (500) سه‌رباز ده‌بوون، سنوره‌كانى هه‌رێمى كوردستانیان به‌زاند‌و له‌ ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى (ى.ن.ك)ه‌وه‌ هاتنه‌ ژووره‌وه‌‌و بۆ ماوه‌ى (72) كاتژمێر مانه‌وه‌.
مه‌كته‌بى سیاسی پارتى دیموكراتیش له‌سه‌ر په‌لاماره‌كه‌ى ئێرانى بۆ سه‌ر باره‌گاكانى حزبى دیموكرات به‌یاننامه‌یه‌كى بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا یه‌كێتى به‌ خیانه‌تكار له‌ قه‌ڵه‌مدا‌ و به‌رپرسیارێتى ڕووداوه‌كه‌ی خسته‌ ئه‌ستۆ، داواشى له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان‌ و ئه‌مه‌ریكا‌ و ڕاى گشتى جیهان كرد كه‌ ئه‌مه‌ قبوڵ نه‌كه‌ن.
لەو کاتەوەی پارتەکانی خۆرهەڵات لە باشور کەمپ نشینن بە بەردەوامی هێرش و پەلامار دراون لە لایەن ئێرانەوە، لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی (2022)یش دا هێرشەکانی ئێران بەردەوام بوون.
ڕۆژی دوو شەممە 14/11/2022 ئێران بۆ جاری دووەم لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان و ئێران دا، هێرشی موشەکی و درۆنی کردە سەر پارتەکانی خۆرهەڵاتی نیشتەجێی باشوری کوردستان، کۆمەڵە لە زڕگوێز و دیموکرات لە کۆیە، هەروەها بۆردومانکردنی ناوچە سنورییەکان کە پژاک لەو ناوچانەدا چالاکی سیاسی و چەکداری هەیە.
ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێران بڵاوی کردەوە سوپای پاسدارانی ئێران جارێکی دیکە بنکە و بارەگای پارتە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان کردوەتە ئامانج.
سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارییەتی هێرشەکەی کۆیە و زڕگوێزی گرتە ئەستۆ و لەزاری بەرپرسێکەوە رایگەیاند کە هێرشەکانیان "بە موشەک و درۆن" ئەنجام دراوە. هەروەها هۆشداریی داوەتە هەرێمی کوردستان کە هێرشەکانیان وەک پەیامێکە بۆ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کە شێوازی مامەڵە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران بگۆڕن.
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند "کۆماری ئیسلامی جەختی کردبووەوە، لە بەرانبەر ئەو هەڕەشانەی لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە بە تایبەت ڕووبەڕووی گوند و شارە سنوورییەکانی دەبێتەوە، هەروەها لە چالاکییەکانی گرووپە جواخوازەکان لەناو خاکی هەرێم، بێدەنگ نابێت. لە چوارچێوەی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بەرگری لە ئاسایشی خۆی و هاووڵاتییەکانی دەکات، لەو چوارچێوەیەشدا هەنگاو نراوە".
هاوکات لەگەڵ بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی دیموکرات لە کۆیە و کۆمەڵە لە زڕگوێز لە سلێمانی، ئێران ناوچە سنورییەکانیشی بۆردومانکرد، چیاکانی بەربزین و سەقەڕ لە ناوچەی سیدەکان سەر بە ئیدارەی سۆران و گوندی تەلان لەلایەن فرۆکەی بێ فرۆکەوانی ئێران بۆردومان کرا. بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە (1) پێشمەرگەی دیموکرات بە ناوی (رێبوار محەممەد ئەمینی تەمەن 45 ساڵان)شەهید بوو لەگەڵ بریندار بوونی (8)کەسی دیکەدا
عوسمان خه‌لیلى ئه‌ندامى كۆمیته‌ى ناوه‌ندى كۆمه‌ڵه‌ى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستانى ئێران ڕایگەیاند:"سێ درۆن باره‌گاكانى كۆمه‌ڵه‌ى زه‌حمه‌تكێشانىان كردهۆتە ئامانج‌".

٭ هەڵوێستی عێراق

وەزاەرتی دەرەوەی عێراق راگەیندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "بە دەستەواژەی توند و دووبارە سەرکۆنەی بۆردومانەکەی ئێران دەکەن، کە لە رێگەی تۆپهاوێژ و فڕۆکەی بێفرۆکەوانەوە بۆسەر چەند ناوچەیەکی هەرێم ئەنجامیدا و بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی چەندین کەس. ئەم هەڵسوکەوتە تیژ و دوژمندارییە نابێتە فاکتەری دۆزینەوەی چارەسەر و پاراستنی سەقامگیری و ئەم دەستێوەردانانەی ئێران سنوری سەروەری عێراق و ئاسایشی خەڵکەکەی تێپەڕاندووە، هاوکات بەردەوامی هەڕەشەکان دەبێتە هۆی دڵەراوکێ و بەرزبوونەوەی ئاستی نیگەرانی. هەر لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: وەزارەتی دەرەوەی عێراق رێکاری دبلۆماسی ئاستی باڵا دەگرێتەبەر، ئەمەش لە پێناو پاراستنی سەرەوەری عێراق و بەرزکردنەوەی ئاسایشی خەڵک.

٭هەڵوێستی ئەمریکا

لە بەرامبەردا وەکو هەمیشە هەڵوێستی  ئەمریکا تەنها ئیدانە کردنی هێرشەکانی ئێرانی بوو. لە بەیاننامەیەک دا کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر ڕایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکای ئەمریکا هێرشی موشەکی و درۆنی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە توندی ئیدانە دەکات. پێویستە ئێران هێرشەکانی بۆ سەر دراوسێکەی و خەڵکی عێراق بوەستێنێت. ئەمریکا هاوشانی سەرکردەکانی حکومەتی عێراقی لە بەغدا و هەرێمی کورستان ڕادەوەستێت، و ئیدانەی پێشێلکاری سەروەری عێراق دەکەین".
لەلایەکی دیکەوە (نید پرایس) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئیدانەی بۆردوومانەكانی ئێران کرد لە خاكی هەرێم و رایگەیاند، داوا لە ئێران دەكەین هێرشە دووبارەكانی رابگرێت و ئەمریکا عێراق و هەرێم دەکات.

٭ مانگرتنی گشتی

ڕۆژی سێ شەممە 15/11/202 لە شارەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان و لە زۆربەی شارەکانی ئێران، لە شارەکانی سەقز، سنە، مەریوان، مهاباد، شنۆ، بانه، دیواندەرە، کامێران، جوانڕۆ و چەند شارێکی دیکەی خەڵک بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی دووکان و بازاڕەکانیان نەکردەوە و مان گرتنی گشتیان ڕاگەیاند.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە