کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەرێمی سلێمانی، ناچاری و چارەسەر

Sunday, 13/11/2022, 14:46


هەمو ئەو شەڕوشۆڕانە، پاشاگەردانی، ماڵوێرانی، مەترسی فەوت و تاریکی چارەنوسی هەرێمی کوردستان، لەپێناوی دابەشکردنی سامان و دەسەڵات و دیاریکردنی سنوری قەڵەمڕەوی پارتی و یەکێتیدایە . کێشەگەلێکی مێژویی ، سیاسی و کۆمەڵایەتیە وەک شانەی شێرپەنجە هەمو جەستەی کوردستانی داغانکردوە . پەتایەکە لەکۆنەست و دەرونی بەکۆمەڵا، هەمو کوردەکانی لەدنیادا گرتۆتەوە .
کورد هەمان ئەو کێشانەی لەسەرەتای دروستبونی دەوڵەتی عێراقەوە لەگەڵ بەغدا هەبوە ، خوێنی زیاتریشی بۆ رشتوە ! بەڵام دواجار، لەروخانی رژێمی بەعسی عێراقیدا، بەفیدراڵیکردنی عێراق، کێشەکانی شەراکەتی دەسەڵات، دابەشکردنی سامان و دیاریکردنی سنورەکەی بۆ چارەسەر خستە دەستورەوە . کەمتەرخەمی، نەزانی، بەرژەوندی حیزبی و تایبەتی نوێنەرەکانی کورد خۆیان وایکرد دوابخرێت، هەڵپەسێردرێ و بەتەواوی جێبەجێنەکرێ .
لەمێژوی بیری سیاسیدا، چەمکی فیدراڵی لەبنەڕەتدا، بۆ چارەسەرکردنی ئەو سێ کێشەیە هاتۆتە دنیای حوکمڕانیەوە کە ئێستا زۆرێک لەوڵاتانی دنیای پێشکەوتو پیادەی دەکەن، لەناوخۆی هەرێمی کوردستانیش ئێمە هەمو رێگەکانمان تاقیکردۆتەوە، هەمو شتێک رویدا، شەڕی براکان و خوێنڕشتن، تۆپبارانی شار و گوند، ئابڵوقەی ئابوری و نانبڕین، سێ ئیدارەیی، دو ئیدارەیی، دو حکومەتی و لامەرکەزی ... هەمو ئەوانەمانکردو خراپتر بو باشتر نەبو ! دواجار بەرێکەوتنێک هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی نوێ کرا، بەناو حکومەتەکان یەکیانگرتەوە و یەک کابینە پێکهات، بەڵام بە پراکتیک و ناوەرۆک کەس نازانێ ناوی چیە و چۆن وەسفدەکرێت ؟  چونکە نمونەی وەها خراپ لەمێژودا نەبوە و نیە .! رەنگە بۆ ناوچەیەک، عەشیرەتێک یان حیزب و بنەماڵەیەک سودی گەورەی گەیاندبێت، بەڵام بەمجۆرە حوکمڕانیە سەنگ و پێگەی کورد لەعێراق و دنیادا کەمبایەخ و سوک بو، تەنانەت وایکرد سەرکردەکانی حیزبە حوکمدارەکان بەپارتیەکانیشەوە، خۆیان لای بێگانە سەرزەنشتی خۆیان و مێژوی خۆیان بکەن .
ئێستا  بەئاشکرا دۆست و دوژمن گاڵتە بە قوربانیەکانی کورد دەکەن و باسی دزی و گەندەڵی حیزب و حکومەت دەکەن، مەترسی گەورە لەسەر تێکچونی تەونی کۆمەڵایەتی و ئایندەی وڵات و هاوڵاتی هەیە، پشت لەرابردوی مام و کاکی زۆنی سەوز، لەم قۆناغەدا، پارتی و شەخسی مەسعود بارزانی بەرپرسیاری یەکەمی ئەمحوکمڕانیە ناشرین و نەخوازراوەیە، خواستی کەس نیە وابێت ! بەڵام دیفاکتۆیەکە و تەنیا چارەسەریش لای ئەو زاتەیە .
 نەوشیروان مستەفا لە دڵسۆزیا مافی بەهەرێمکردنی پارێزگاکانی لەدەستوری عێراقدا بەوانەی کوردستانیشەوە چەسپاند .ئەو بەرامبەری رازیکردنی خودی بارزانی بەڵێنی پێدا کە تالەژیاندا بێت بانگەشە و کاری بۆناکات و هەرواشیکرد . بەڵام ئەبێت بارزانی ئێستا بزانێ و بەدگومان نەبێت لەوەی نەوشیروان مستەفا لە دڵسۆزیا بۆ کورد و ئایندەی کوردستان  ئەو هەنگاوەی نا، وەبیریشی بێتەوە کە پێی وت ( با مافی جیابونەوە لەنەوەکانی ئایندەمان زەوت نەکەین رەنگە من و تۆ نەمێنین با هەرکاتێک دەسەڵاتدارانی شارێکی کوردستان غەدریان لەشارێکیتری کوردستانکرد خەڵکی شاری غەدرلێکراو ئەو مافەیان هەبێت لەچوارچێوەی عێراقدا، داوای جیابونەوە و هەرێمێکی سەربەخۆ بکەن) . 
 بارزانی خۆیشی لە یاداشتەکانیدا، دەیانجار باسی دەرفەتی کۆتنتڕۆڵکردنی زۆنی سەوزدەکات و دەڵێت( نەتورکیا و نەئێران و نە عێراق و نە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان رێگەیان نەئەداین بچینە ئەودیوی خەتی دێگەڵە و هەرئەوانیش ئەو سنورەی نیوانمانیان دروستکرد ) . 
خۆ ئێستاش چ لەوبەری سەوز یان لەمبەری زەرد، هەمان ئەو دەستوەردان و گوێ لەمستیە بۆ بێگانە زیاتر بوە و کەمینەکردوە ! بۆیە پرسی گرنگ، بەرپرسیارێتی و ئازایەتیە بۆ چارەسەری بنەڕەتی ئەم دەردە کوردە . تەنیا رێگەش رێکخستنی پارێزگاکانی هەرێمە بەشێوەی فیدراڵی لەچوارچێوەی عێراق یان ناوخۆی هەرێمی کوردستانا، بۆیەکەمیان دەستوری عێراق رێگەی پێداوە و بۆئەویتریان پێویستی بەنوسینەوە و تێپەڕاندنی دەستوری هەرێمی کوردستانە . گەر ئەوەش روبدات، رێگەی بەردەمی دیارکردنی سنوری کوردستان بەکەرکوکیشەوە (عەرەب و تورکمان لەخەونی بون بەهەرێمیدا بون و کورد تائێستاش زۆرینەیە)، ئاسانتر دەکات . وەک زۆربەی دەستوری هەرێمە فیدراڵەکانی دنیاش دەتوانین بڕگەی پێکهاتنەوە و یەکگرتنی ئارەزومەندانەی هەرێمەکانیش لەئایندەیا بچەسپێنین.
ئێمە دەستەیەکی بێدەسەڵات چەند ساڵێک پێش ئێستا و لەهەستکردن بەو بەرپرسیارێتیە هەنگاوێکمان بۆ کردنەوەی ئەو دەرگایەنا، پرۆژەیەکی گشتگیرمان بۆ قۆناغی گوزەر و بۆ بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی نوسی، کارمان بۆکرد و دەشمانزانی لەلایەن هەندێ حیزب و کەسایەتیەوە کە بەرژەوەندیان لەبەردەوامی ئەو دەردە کوردەیا هەیە تەخوین دەکرێین، بەڵام داڕوخان و شەڕی براکان و عەیبدارکردنی مێژوی گەل و تێکچونی تەونی کۆمەڵایەتیمان پێ کارەساتتر بو لەو تەخوینکردنە ! بۆیە ئازایانە شانمان خستە ژێر مەسولیەتە مێژوییەکەوە ، پرۆسەکەمان بەتەندروستی بەدادگای فیدڕاڵی گەیاند، رێگرییەکانی دەسەڵاتدارانی کورد و کەمدەستی ئێمە بوە هۆ بۆئەوەی پرۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی لەئەنجومەنی وەزیران و لەنێوان دەزگا رەسمیەکان لەبەغدا رابگیرێت، بەڵام دەستوری و یاسایی بون و دروستی هەنگاوەکانی پرۆسەکە وایکردوە کە هیچ دەزگایەکی رەسمی عێراقی نەتوانێ رەتی بکاتەوە . 
ئاشکرایە تەنگژە تازەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەرهاویشتەی ئەو نەخۆشیە موزمینەی هەناوی کۆمەڵی کوردەواریە، هەردولاشیان لە بیر و هەوڵی چارەسەرێکی کاتیدا، کات بەفیڕۆ ئەدەن . ئەو بەردەوام بونەش خاک و خەڵکی هەرێم هیلاکتر و وێرانتر ئەکات . بەتایبەتی سەری پارێزگای سلێمانی ئەکات بەو قوڕەیا کە یەکێتی نیشتیمانی شێلاویەتی .
 ئازارەکان زۆرن و هی ئەوەنیە ئەو دوو حیزبە پریاسکەی سەوز و زەرد لەسەریان ببەستن و بچنە شەڕی هەڵبژاردنی ئایندەوە . پرۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگاکان، بڕیارێکی بارزانی و هیمەتی لیژنەیەکی پسپۆڕی ئەوێت ..! خۆ ئەگەر بەشیعاری پاراستنی یەکپارچەیی ئەو دوو پارێزگایەش خۆتان‌و خەڵک فریوو ئەدەن! خەتی سوری نابێت و ئەکرێت ئەکێشن! فەرمون لەڕێگەی لیژنەیەکی ریشسپی و عەشایەرەوە دەستەودامێنی بارەگای بارزانی بن، تکای لێبکەن با گوێ لەفشارو هەڕەشەی بێگانە نەگرێت. بەقیمەت یان بەهیمەت! بەتۆپزی یان بەخوایشت! پارتی تەواوی حوکمداری پارێزگای سلێمانی وەک هەولێر کۆنتڕۆڵ بکات، ئەوانیتریش وەک ئۆپزسیۆنی تەندروست کار بۆ ئایندەی دەسەڵاتدارێتی خۆیان بکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە