کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بە دوو هەرێم کردنی باشووری کوردستان، یان زێتر دابەشکردنی؟

Wednesday, 16/11/2022, 21:06


پێشەکی:

 عەبدولرەزاق شەریف، لە ١٣/١١/٢٠٢٢ وتارێکی بە ناونیشانی "هەرێمی سلێمانی، ناچاری و چارەسەر" بڵاوکردۆتەوە، کە تێیدا هانی بەدوو هەرێم کردنی باشووری کوردستان دەدات بە پشت بەستن بە هەوڵەکانی ڕابردووی مام و کاکی خۆی لە زۆنی سەوزدا و نووسیویەتی: 
یەکەم: "نەوشیروان مستەفا لەدڵسۆزیا مافی بەهەرێمکردنی پارێزگاکانی لەدەستوری عێراقدا بەوانەی کوردستانیشەوە چەسپاند، ئەو بەرامبەری ڕازیکردنی خودی بارزانی بەڵێنی پێدا، تالەژیاندا بێت بانگەشەو کاری بۆ ناکات‌و هەرواشیکرد" 
دووەم: "ئازایانە شانمان خستە ژێر مەسولیەتە مێژوییەکەوە، پرۆسەکەمان بەتەندروستی بەدادگای فیدڕاڵی گەیاند، رێگرییەکانی دەسەڵاتدارانی کورد و کەمدەستی ئێمە بوە هۆ بۆئەوەی پرۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی لەئەنجومەنی وەزیران و لەنێوان دەزگا رەسمیەکان لەبەغدا رابگیرێت."

ناوەڕۆک:

یەکەم: "نەوشیروان مستەفا لەدڵسۆزیا مافی بەهەرێمکردنی پارێزگاکانی لەدەستوری عێراقدا بەوانەی کوردستانیشەوە چەسپاند، ئەو بەرامبەری ڕازیکردنی خودی بارزانی بەڵێنی پێدا، تالەژیاندا بێت بانگەشەو کاری بۆ ناکات‌و هەرواشیکرد" 
ئەمەی نووسەر نووسیویەتی و ددانی پێ داناوە، ئەگەر زانیاریەکی ڕاست بێت، ئەمە جگە لەوەی کە کارەساتێکی مەزنە، ناڕاستگۆیی نەوشێروان مستەفا دەردەخات بەرامبەر بە هەڵوێستە سیاسییەکانی ئەو کاتی، هەروها لێپرسراوەتیەکی گەورەی مێژووی خستۆتە سەر شانی نەوشێروان مستەفا، کە جەماوەریی بزوتنەوەیی گۆڕانی ئەو کات و ئێستاش هەقیانە بپرسن، کە ئەگەر نەوشێروان وا کۆک بوو لەگەڵ بارزانی و لەژێرەوە لە فسکە فسک دابوو لەگەڵی و هەر لە ساڵی ٢٠٠٣وە بەڵێنی پێ دابوو کە بە چاک و خراپ کار نەکات بۆ بە هەرێم کردنی سلێمانی،  ئاژاوە دروست نەکات، ئەی بۆ ئەو کات ئەو ڕاستییەی بە گۆڕانخوازن نەدەگوت، بۆ ئەوەی بزانن کە نەوشێروان خاتری مەسعود بارزانی هەمیشە بەرز نرخاندووە و هەرگیز هەنگاوێکی نەناوە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەو بێت لە هەرێم و لەژێرەوە پەیمانی لەو جۆرەی بە مەسعود بارزانی داوە!؟
ئەو پاکانەیە بۆنی چی لێ دێت، کە بە پێنووسی گۆڕانخوازێک کە خۆی بە هەڵگری ڕێبازی نەوشێروان دەزانێت، تا ئێستاش بە کاکی زۆنی سەوز ناوی دەبات، ئەمڕۆ بەرامبەر بە مەسعود بارزانی دەیکات و بەبیری دەهێنێتەوە کە ئەو چاکەیەی لەبەرچاو بێت!؟  ئایا ئەمە ڕێگە خۆشکردنە بۆ دروست کردنی پردێکی پتەوی دی لەنێوان خۆیان و پیرمام؟ 
ئەو ڕاستییە ئاشکرایە کە لە باشووری کوردستاندا، هیچ هێزێک بە قەدەر بزوتنەوەی گۆڕان نەخرا خزمەت بنەماڵەی بارزانی و کوڕەکانی تاڵەبانی، هەموو دەنگی ناڕەزایی میللەتی کوردی باشووریان لەسەر خوانێکی زێرین پێشکەش بە مەسعود بارزانی و کوڕانی تاڵەبانی کرد. ئەوان بوون دەنگی نیو میلیۆن ناڕەزایی باشووریان خامۆش کرد، ئەگەر مەسعود بارزانی چاکە لەبیرچوو نەبێت، دەبێت تا هەتایی سوپاسی ئەوان بکات کە ئەو چاکە مەزنەیان دەرهەق کردوە، سەرەڕای ئەوەش ئەمڕۆ دێن ئەو جۆرە قسانە ئاشکرا دەکەن، کە لە کاتێکدا کراوە کە دەنگی ناڕەزایی کوردیی باشوور نێو شەقامەکانی تەنی بوو و بە هەزاران کەس لەسەر هەڵویستی سیاسیان نانبڕاو کرابوون؟
دووەم: "ئازایانە شانمان خستە ژێر مەسولیەتە مێژوییەکەوە، پرۆسەکەمان بەتەندروستی بەدادگای فیدڕاڵی گەیاند، رێگرییەکانی دەسەڵاتدارانی کورد و کەمدەستی ئێمە بوە هۆ بۆئەوەی پرۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی لەئەنجومەنی وەزیران و لەنێوان دەزگا رەسمیەکان لەبەغدا رابگیرێت."
دابەشکردنی هەر وڵاتێک، مانای تێکشکاندنی یەکگرتووی ئەو میللەتە و پارچە بوونی وڵاتەکەی دەگەیەنێت.  هەر میللەتێک کە لە مێژوودا نەیتوانیبێت پارێزگاری لە سنوور و خاکی وڵاتەکەی بکات و وڵاتەکەی دوچاری دابەش بوون هاتووە، بێگومان ئەوا لە ئەنجامی ناسەنگی هاوکێشەی هێز بووە لەسەر ئاستی دنیا و ناوچە و ناوەخۆ، نەک لە ئەنجامی بەرژەوەندیی تایبەتی و دابەش کردنی سامانە سەروشتیەکانی، لەنێوان ماڵ و منداڵ و کوڕ و کوڕەزاکانی سەڕۆکی حزبەکانی نێو خودی میللەتەکە.
ئەزموون و مێژووی گەلانی دنیا گەواهی ئەوە دەدەن، کە تا هەنووکە هاوکێشەی هێز سەنگی مەحک بووە، لە یەکلایی کردنەوەی کێشمە کێشمە سیاسیەکان و پرسە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان، بۆیە میللەتانی وڵات دابەشکراو هەڵبژاردەی سیاسیی و نیشتمانیی و نەتەوەیی خۆیان لە قۆناغە جیاوازەکاندا بەزەبری هێز نەتوانیوە بسەپێنن. لە دنیادا و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نمونەی زیندوو هەن کە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن وەک، دابەش بوونی کوردستان و عەرەبستان لە دوای ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا، کە لە ئاکامدا لەسەر ئاستی دنیادا زەرەرمەندی مەزن نەتەوەی کورد و عەرەب بووە. 
ئیران و تورکیا دوو زلهێزی ناوچەیین، لەچاو میللەتانی دنیای سێیەم، بەتایبەتی لەچاو میللەتێکی ژێردەستەی وەک کورد و هەرێمی باشوور کە تەنیا لە سێ پارێزگا پێکهاتووە، ئەوان خاوەن ئابوورییەکی پتە و سوپایەکی زەبەلاحن کە  لەهەموو ڕوویەکەوە بەهێزە، ئەوجاش هەردووکیان تۆقیون، لە بەرنامە و ستراتیژیەتی درێژخایەنی زلهێزەکانی دنیا، ئەوان ترسیان لە دابەش بوونی وڵاتەکەیاندا هەیە، بۆیە بزوتنەوەیی چەکداری و سیاسیی نیشتمانیی و نەتەوەیی کورد، بە مەترسیەکی مەزن لە قەڵەم دەدەن،  دەترسن ببێ بەهەوێن و سەرتایەک بۆ دابەش بوونی وڵاتەکەیان، گەلانی نێو چوارچێوەی سنووری جوگرافیایی تورکیا و ئێران، هەر یەکە داوای سەربەخۆی بکات، چارەنووسی تورکیا و ئیرانی ئەمڕۆ وەک چارەنووسی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی بێت، بۆیە ئەنقەرە و ئیران هەمیشە بە گەلانی نێو سنووری وڵاتەکەیان دەڵێن، کەمە نەتەوەکان، ناڵێن میللەتی کورد، یان بلوچ یان گەلی عەرەب و هیتر. واتە یەکگرتووی جویگرافیای سیاسی بە گرنگ دەزانن و نایەنەوێت بستێک لە خاکی نێو سنووری تورکیا و ئیرانیان لەدەست بچێت، چونکە دەزانن ئەوە هەنگاوێک دەبێت بۆ ڕووخانی پێگەی زلهێز بوونیان لە ناوچەکەدا.   
عیراق سەرەڕای ناتەبایی نێو پێکهاتە سیاسییەکانی، قەیران و ناسەقامگیری سیاسیی و ئابووریی، ناکۆکی مەزهەبی، ئەوجاش هەموویان کۆکن لەسەر پاراستنی یەک پارچەیی عیراق. دەستوریی عیراقی هەمیشە لەژێر زەبری شمشێردا نووسراوەتەوە، لەهەر قۆناغێکدا هەر یەکێک کودەتای کردبێت، یەکەم شت بەگوێرەی بەرژەوەندیی خۆی، دەستکاری دەستور و یاسایی عیراقی کردوە، واتە ئەو دەستورەی عیراقی ئەمڕۆ هەر کەسێک دەستی هەبووبێت لە نووسینەوە و داڕشتنی، ئەو پیرۆزیەی نییە وەک ئەوەی نووسەر لە وتارەکەیدا ئاماژەی پێ داوە و دەیەوێت وەک قەڵغانی قایم بۆ پاراستنی مافە نیشتمانیی و نەتەوەیەکانی میللەتی کورد پشتی پێ ببەستێت و لە کاتی تەنگانەدا بگەڕێنەوە بۆ ئەو دەستوورە ساختەیە و یاسای بەهەرێم کردنی پاریزگاکان، کلیلی ڕزگارکردنی باشووری کوردستان بێت، بەتایبەتی شاری کەرکوک هەر وەک چۆن نووسەر لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی پێ داوە! ئەزموونی ساڵی ٢٠١٧ش ئەوەی سەلماند کە کاتێک حەشدی شەعبی بەبێ بەرانگاری شاری کەرکوکیان کۆنتڕۆڵ کرد و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا سوکایەتیان بە هێما پیڕۆزەکانی نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی میللەتی کورد دەکرد، ئەی ئەو کات یاسا و دەستوریی پیرۆزی عیراقی هەر ئەوە نەبوو کە هەیە و  لەسەر دەستی مام و کاکی نووسەر لە زۆنی سەوزدا، نووسرا بوو؟ 
 ئەو دۆخەی ئەمڕۆ کە عیراق و باشووری کوردستانی تێکەوتووە، گەرەنتی نییە تا ئەزەلی هەروا بمێنیت. عیراق و کوردستان دۆخێکی کاتییە، لەژێر کۆنتڕۆلی حکومەتی عیراقی و حکومەتی هەرێمدا نییە، چارەنووسی ئەو دۆخە پەیوەستە بە بەرژەوەندیی و ئەجێندای دەرکیی و سوپای زەبەلاح نەک بەدەستور و یاسایی عیراقی! بە مانایەکی دی، حکومەتی عیراق و هەرێم تەنیا سوودمەندن لەو هەلە، تا زلهێزە ناوچەیەکان و دنیا کاریان پێیانە، ئەوان لە پاڵەوە دەلەوەرن، ئایندە ڕوون نییە چارەنووسیان چی دەبێت، وەک مەعمەر قەزافی، سەدام حوسێن یان حوسنی موبارەکیان لێ بەسەر دێت، بەڵام مێژوو و ئەزموونی ٧٠ ساڵی ڕابردوو دەیسەلمێنێت، کە سەرانی کورد لە باشووری کوردستاندا، هەمیشە لەگەڵ دەزگە هەواڵگریەکاندا ڕێککەوتن، کەی بەرژەوەندیی دەرکیی پێویستی بە ئەوان نەماوە، ئەوجا سازشیان کردوە و ڕێگەی ڕاکردنیان گرتۆتە بەر.   
سەد ساڵە شەڕی ئەوە دەکەین و بەبۆنە و بێ بۆنە دەڵێین، ئینگلیز و فەرەنسیەکان بەبێ ڕەزامەندی ئێمە، وڵاتی ئێمەیان کرد بە چوار بەش، کە لە ئەنجامدا لە نەهامەتی بەولاوە هیچی بۆ میللەتی کوردی لێ شین نەبووە. هەموو مێژوونووسان، تویژەرانی سیاسی لەسەر ئاستی دنیا و ناوچەکە و ناوەخۆدا پەنجەیان بۆ ئەوە درێژ کردووە، کە یەکێک لە  گەورەترین کۆسپ لەبەردەم پێشنەکەوتن و سەرنەکەوتنی بزاڤێ ڕزگاری و بزوتنەوە سیاسیی و چەکداریەکانی ئەو میللەتە مەسەلەی دابەش بوون و نایەکگرتووی ئەو میللەتە بووە، ئیدی ئەمڕۆ بۆ دەبێت خۆمان هەڵخەڵەتێنین، کەوا لەژێر ئەو پیکەرە کارتۆنییە سیاسیەی عیراق و هەرێمدا، دەستوریک هەیە بووە بە چەترێک کە لەژێریدا کۆببینینوە و دەبێت پشتی پێ ببەسترێت لەبەرئەوەی مافی میللەتی کوردی تێیدا مسۆگەر کراوە و لەسەر ئەو بیناغەیەش، نواتی داڕشتنی دابەش بوونێکی دی داڕێژین و دابەش بوونی کوردستان لە چوار پارچەوە بکرێت بە شەش پارچە بە پشت بەستن بە دەستووری عیراقی کە لە مەرەکەبی سەر کاغەزە بەو لاوە هیچی دی نییە!
جیاکردنەوەی هەرێمی سلێمانی و هەولێر و دهۆک لە یەکدی، چارەسەری ئەو قەیرانەی ئەمڕۆی هەرێم نییە، لە بەرژەوەندیی پرسی ڕەوای میللەتی کورد نییە، لەگەڵ کاتدا بۆشایەکی دەروونی لەنێوان کوردی هەردوو دەڤەر دروست دەکات وەک  چۆن ئەمڕۆ ئەو بۆشایە لەنێوان کوردی بەشەکانی کوردستاندا هەیە، هەروها لەمپەرێکی مەزنە لەبەردەم یەکگرتن، کە ئەمە هەمیشە خەونی دەسەڵاتدارانی تاران و ئەنقەرە بووە. بێگومان دوو هەرێمی بە پلەی یەکەم، لە بەرژەوەندیی کوڕانی تاڵەبانی و بارزانییە، هەر یەکە لە زۆنێکدا خۆی دەکات بە پاشا و مەلیک و ئەمیر، هەرچی خێروبێری هەردوو زۆن هەیە بەبێ سەرئێشە دەخەنە باخەڵیان و هەردووک لایەن سنووری جوگرافیای دەسەڵاتیان دیاری دەکەن.  
 بمانەوێت یان نا، گونجا بێت لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆ یان نا، ئەوا ڕاستییەک هەیە کە نکۆڵی لێ ناکرێت، کە ئەویش ئەوەیە، عیراق و کوردستان دوو وڵاتی جیاوازن، بەشێک لە خاکی ئەو وڵاتە بەزۆرەملێ  خراوەتە نێو سنووری عیراق، سەرانی پارتەکانی  کوردستانیش بۆ بەرژەوەندیی خۆیان قبوڵیانە و بیانوی زۆریش بۆ هەڵوێستەکانیان دەدۆزنەوە، ئەوان ڕادەکەن لە هەڵگرتنی لێپرسراوەتی مێژووی و نیشتمانیی و نەتەوەیی، ئەزموون سەلماندویەتی کە  ئەو بارە بە ئەوان هەڵناگیرێت، بۆیە پەنا بۆ دروست کردنی پەیکەری سیاسیی  کارتۆنی دەبەن، وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە سلێمانی و هەولێر و دهۆکدا بەرێوەدەچێت، لەبەرئەوە یاسای بەهەرێم کردنی پارێزگاکانی عیراق چەندێک لە بەرژەوەدنیی عیراقدا نییە، دە ئەوەندە لە بەرژەوەندیی باشووری کوردستان و پرسی ڕەوای کورد نییە، کە تەنیا سێ پارێزگایە. لەبری ئەوەدا هەقە ڕۆشەنبیرانی کورد، بە گشت نووسەران، کەسانی نیشتمانپەروەر، غەمخۆرانی پرسی ڕەوای کورد کات بەفیڕۆ نەدەن و  بیر لە ڕێگە چارەیەک بکەنەوە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆی، کۆبوونەوە لەژێر یەک ئاڵا، دامەزراندنی سوپایەکی پەروەردە کراو بە فکر و بڕوای نیشتمانی، خۆ بەهێز کردن و بوون بە قەڵغان بۆ پاراستنی بست بە بستی خاکی وڵاتەکە، نەک لکاندنی کوردستان بە وڵاتی دوژمنان و زێتر دابەش کردنی و ماف دان بە نەوەکانی داهاتوو بۆ دابەشکردنی زێتری باشووری کوردستان. مێژوو و ئەزموونی خەباتی گەلان پێمان دەڵێت  هەر میللەتێک کە خاکی خۆی لەدەست بدات ئەوا هەر بە کۆیلەیی دەمێنێتەوە.

سەرچاوە:


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە