کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌م سیناریۆیه‌ی ئه‌ردۆگان زۆر ئاشكرایه‌

Wednesday, 16/11/2022, 20:22


كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كه‌ی ئه‌سته‌نبول زۆر غه‌شیمانه‌ جێبه‌جێ كرا، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ و پێش ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی دیاریكراو بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كان دانێن، ئه‌ردوگان به‌ خۆی و وه‌زیری نێوخۆی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ هاتنه‌ سه‌رشاشه‌ و یه‌كسه‌ر په‌كه‌كه‌ و هه‌په‌گه‌یان تۆمه‌تبار كرد و ئه‌وه‌نده‌ به‌ شپره‌زه‌یی ده‌ركه‌وتن، یاریه‌كه‌یان چۆن به‌ منداڵانه‌ ده‌ستی پێكرد به‌ زۆر نه‌زانیش مه‌رامه‌كانیان ئاوا به‌ كتوپری بۆ هه‌مووان ده‌رخست.
ئه‌مه‌یان بۆ چی بوو؟
*بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌چێت ئه‌ردوگان بۆ هه‌لێك ده‌گه‌رێت كه‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن گه‌رم بكات و  ئاراسته‌كان له‌سه‌ر خراپی باری ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی توركیا به‌ره‌و خاڵێك ببات كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانی نه‌بێت، كه‌چی ئه‌م سیناریۆیه‌ی به‌سه‌قه‌تی جێبه‌جێكرد و به‌ پێچوانه‌وه‌ بۆی ده‌كه‌وێته‌وه‌.
*به‌ تۆمه‌تباركردنیی هه‌ده‌په‌ به‌ هاوكاریكردنی له‌ لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌، به‌نیازه‌ له‌ هه‌ده‌په‌ بدات و له‌و بازنه‌یه‌دا بوار بۆ قوتاربونی خۆی له‌و ته‌نگژانه‌دا بدۆزێته‌وه‌ و ده‌نگه‌كانی هه‌ده‌په‌ش كه‌م بكاته‌وه‌.
*گرنگترین ئامانجی ئه‌ردوگان، هه‌وڵی ئاڵاوسانی ئابووری و دابه‌زینی نرخی لێره‌ له‌ بیر خه‌ڵك بباته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیش بێت خه‌لچك سه‌رقاڵ بن و ئه‌ویش رێستێك بكات و ده‌رفه‌تێكی كورتمه‌ودا بۆ داپۆشینی ئه‌و قه‌یرانه‌ به‌رده‌وامه‌ی بدۆزێته‌وه‌، هه‌ر نه‌بێت تاوه‌كو هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی نوێ ته‌واو بێت، سوودێكی لێ ببینێت.
* بۆ زیاتر فشار خستنه‌ سه‌ر سوریا و ناچاركردنی بۆ گفته‌وگۆ له‌ كاتێكدا كه‌ زۆر پێویستی پێیه‌، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه‌ تۆمه‌تباری بكات به‌وه‌ی ناتوانێت سنوری خۆی بپارێزێت و له‌وێوه‌ تیرۆریستان دزه‌ ده‌كه‌ن، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئه‌م تۆمه‌ته‌ی بكاته‌ هۆكاری زیاتر مانه‌وه‌ی لایه‌نگرانه‌ \ئیسلامیه‌كانی له‌ سوریا.
*وا بۆ خه‌ڵك بسه‌لمێنێت كه‌ توانایه‌كی موخابه‌راتی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ و زوو تاوانباران ده‌دۆزنه‌وه‌ و توانای خۆیان بۆ لایه‌نگران و  بۆ خه‌ڵكی توركیا به‌گشتی ده‌رده‌خه‌ن، وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌زانێت كه‌ ئه‌و سیناریۆیه‌ پێشتر وێنه‌شی گیراوه‌ و ته‌نانه‌ت پێش جێبه‌جێكردنی كرده‌وه‌كه‌ ئاماده‌ كراوه‌ بۆ خستنه‌به‌رچاوی خه‌ڵك.
* ئه‌ردۆگان ئه‌و قسانه‌ی خۆی بسه‌لمێنێت كه‌ تیرۆر ماوه‌ و ئه‌و به‌رگه‌ی لێگرتووه‌ و مانه‌وه‌ی له‌ سوریا بۆ له‌ناوبردنی تیرۆره‌ و پێویسته‌ وڵاتان یارمه‌تی بده‌ن.
* ترسی له‌ زیاتر لاربوونه‌وه‌ی وه‌زعه‌كه‌ی خۆیه‌تی نه‌ك وه‌كو رژێمی ئێران ئه‌میش گڵۆڵه‌ی بكه‌وێته‌ لێژی و ئیسلامیه‌ سیاسیه‌كه‌ی توشی تێهه‌ڵدان بێت، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌م ده‌ستپێشخه‌ر بێت بۆ گرتنه‌به‌ری رێكاری سه‌ربازی و سیاسی پێش هه‌ر جموجوڵێك.
* ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌، كه‌ ئه‌ردوگان له‌م كاته‌دا به‌و تۆمه‌تانه‌ی فشار بخاته‌ سه‌ر سوید و فنله‌ند بۆ كاراكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌یان و زوو دیپۆرتكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ كاریگه‌رانه‌ له‌مه‌ر سیاسه‌تی ئۆرپا.
بۆیه‌، ئه‌گه‌ر به‌ خۆی بزانێت یان نا، ئه‌م سیناریۆیه‌ی وه‌ك رۆژی رووناك لای هه‌مووان ئاشكرایه‌ و زۆر به‌ روونی دیاره‌ و بۆ ناچێته‌ سه‌ر و ئامانجه‌ ئاشكرا و نهێنیه‌كانی بۆ ناپێكرێت و بۆ ئه‌ردۆگان  زیانی له‌ قازانجی زۆرتره‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە